هۆگر شاڵى بریکارى وه‌زاره‌تى کاره‌با : سوتەمنیش زیاد بکرێت ناتوانین کارەبا زیادبکەین

6 ساڵ لەمەوپێش



سازدانى: ‌هاوڵاتی

هۆگر شاڵى، بریکارى وه‌زاره‌تى کاره‌با له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ ‌هاوڵاتی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات ئه‌گه‌ر وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌کان غاز و گازوایلیشیان بۆ دابین بکه‌ن له‌توانایاندا نییه‌ ئه‌و بڕه‌ زۆره‌ى کاره‌با بگوازنه‌وه‌، چونکه‌ پێویستیان به‌ دروستکردنى هێڵى 400 که‌یڤى هه‌یه‌ بۆ ناوه‌ندى وێستگه‌کانى کاره‌با و چاککردنى تۆڕه‌کانى دابه‌شکردنى کاره‌با.

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش ئاشکرا ده‌کات که‌ له‌ئێستادا ته‌نها دوو هه‌زارو 750 مێگاوات کاره‌با به‌رهه‌م ده‌هێنن و له‌توانایاندایه‌ له‌مانگى ته‌موزدا 12 کاتژمێر کاره‌با دابین بکه‌ن.

‌هاوڵاتی: باسله‌وە ده‌کرێت له‌ مانگى ته‌مووزدا ته‌نیا هه‌شت کاتژمێر کاره‌باى نیشتمانى بده‌ن به‌ هاوڵاتیان، له‌کاتێکدا که‌ نزیکه‌ى سێ هه‌زار مێگاوات کاره‌با هه‌یه‌، ئایا ناتوانن کاتژمێره‌کانى کاره‌با زیاتر بکه‌ن؟

هۆگر شاڵى: له‌مانگى ره‌مه‌زانى پیرۆز و رۆژانى جه‌ژندا 2750 مێگاوات کاره‌با به‌رهه‌م هێنراوه‌ له‌کاتێکدا خواست له‌سه‌ر کاره‌با ( 3911 ) مێگاوات کاره‌با بووه‌، به‌هۆى له‌بارى که‌ش و هه‌وا به‌و بڕه‌ کاره‌بایه‌ش به‌ تێکڕا زیاتر له‌ 16-18 کاتژمێر کاره‌باى نیشتمانى دراوه‌ به‌هاوڵاتیان و کاتژمێره‌کانى دیکه‌ش له‌ ڕێگه‌ى موه‌لیده‌ ئه‌هلییه‌کانه‌وه‌ کاره‌با دابین کرا، واتا وه‌زاره‌تى کاره‌با له‌و مانگه‌ پیرۆزه‌دا توانى به‌سه‌رکه‌وتوویى کاره‌با دابین بکات و رێگه‌ى نه‌دات کوژانه‌وه‌ى گشتى و ناوچه‌یى له‌ سیسته‌مى کاره‌با روو بدات، له‌ ئێستادا که‌ پله‌کانى گه‌رما به‌شێوه‌یه‌کى خێرا رووى له‌هه‌ڵکشان کردووه‌و خواستى به‌کارهێنانى کاره‌با بۆ چوار هه‌زار و 500 بۆ پێنج هه‌زار مێگاوات به‌رزبووه‌ته‌وه‌ له‌توانادا نابێت به‌و بڕه‌ کاره‌با به‌رهه‌مهاتووه‌ى پێشوو هه‌مان بڕه‌ کاره‌با بدرێته‌ هاوڵاتیان، هه‌ربۆیه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ین به‌هاوکارى وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتیه‌کان بڕه‌ غازى پێویست بۆ وێستگه‌کانى به‌رهه‌مهێنانى کاره‌با زیاد بکه‌ین و 12 کاتژمێر کاره‌با بده‌ین به‌هاوڵاتیان.

سه‌باره‌ت به‌ زیادکردنى به‌رهه‌مهێنانى کاره‌با که‌ له‌م قه‌یرانه‌ داراییه‌دا بودجه‌و پاره‌یه‌کى زۆرى ده‌وێت و حکومه‌ت ئه‌وله‌وییه‌تى گرنگترى هه‌یه‌ به‌ تایبه‌تى بۆ دابینکردنى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتیه‌کان له‌گه‌ڵ کۆمپانیاى دانا غاز به‌رنامه‌یه‌کیان له‌به‌رده‌ستدایه‌ بۆ زیادکردنى به‌رهه‌مهێنانى غازى سروشتی، هیوادارین ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ به‌ زووترین کات سه‌ربکه‌وێت و تواناى به‌رهه‌مهێنانى کاره‌باى زیاترمان هه‌بێت.

هاوڵاتى: باسى وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتیه‌کانت کرد، پێتوانییه‌ تێکه‌ڵکردنى ئه‌م دوو وه‌زاره‌ته‌ له‌ ئێستادا ته‌نها به‌ناو بۆته‌ یه‌ک، چونکه‌ ده‌وترێت ئه‌وه‌ى ئه‌م دوو وه‌زاره‌تى یه‌کخستووه‌ له‌رووى ئیدارییه‌وه‌ نییه‌ به‌ڵکو ته‌نیا له‌رووى پێدانى گازوایل و غازه‌وه‌یه‌ بۆ وێستگه‌کان؟

هۆگر شاڵى: من خۆم پاڵپشتى یه‌کگرتنى ئه‌و دوو وه‌زاره‌ته‌ ده‌که‌م له‌ناو یه‌ک وه‌زاره‌تى نوێ دا ئه‌مه‌ له‌زۆربه‌ى وڵاتانى پێشکه‌وتووى دنیا وایه‌، حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانیش هه‌مان بیرۆکه‌ى هه‌یه‌ و ته‌نانه‌ت هه‌نگاوى بۆ نراوه‌ ئه‌وه‌ى ماوه‌ته‌وه‌ ته‌نیا پێویستى به‌خۆئاماده‌کردن و گۆڕانکارى له‌ یاساکانى هه‌ردوو وه‌زاره‌ته‌.

هاوڵاتى: ده‌وترێت هاوڵاتیان نزیکه‌ى 300 ملیار دینار قه‌رزارى کاره‌بان ئایا ناتوانن له‌گه‌ڵ حکومه‌تى هه‌رێم هه‌ماهه‌نگى بکه‌ن له‌ پاشه‌که‌وتى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران پاکتاوى ئه‌و قه‌رزانه‌ بکه‌ن؟

هۆگر شاڵى: ئه‌م بیرۆکه‌یه‌ زۆر باس کراوه‌ ئێمه‌ش پاڵپشتیمان کردووه‌، به‌ڵام مه‌سه‌له‌ى پاشه‌که‌وتى موچه‌ و پێدانى کرێى کاره‌با به‌ پاشه‌که‌وته‌که‌ى موچه‌ له‌رێگه‌ى میکانیزمێکى دیاریکراوه‌وه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتى وه‌زاره‌تى کاره‌با نییه‌و له‌ده‌سه‌ڵاتى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و وه‌زاره‌تى داراییه‌، ئێمه‌ ته‌نیا له‌ ده‌سه‌ڵاتماندایه‌ ئه‌و قه‌رزانه‌ بۆ هاوڵاتیان بکه‌ینه‌ قیست.

هاوڵاتى: له‌هه‌رێمى کوردستان هه‌ریه‌ک له‌ کۆمپانیاکانى کارو قه‌یوان و سه‌رمایه‌دار ئه‌حمه‌د ئیسماعیل وێستگه‌ى کاره‌بایان هه‌یه‌، ته‌نانه‌ت ده‌وترێت له‌ 90%ى به‌رهه‌مى کاره‌با لاى که‌رتى تایبه‌ته‌ پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئایا کۆمپانیاى دیکه‌ رێگه‌ى پێده‌ده‌ن له‌به‌رهه‌مهێنانى کاره‌با به‌شدار بێت؟

هۆگر شاڵى: وه‌زاره‌تى کاره‌با له‌ ئێستادا له‌ هه‌ردوو سێکته‌رى که‌رتى تایبه‌ت و حکومى به‌ بڕى پێنج هه‌زار مێگاوات کاره‌با یه‌که‌ى به‌رهه‌مهێنانى له‌به‌رده‌ستدایه‌، به‌ڵام به‌هۆى قه‌یرانى دارایى و خراپى هێڵه‌کانى گواستنه‌وه‌ى کاره‌با له‌ئێستادا ئه‌گه‌ر وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتیه‌کان غازو گازوایلى پێویستیشمان بۆ دابین بکات ئێمه‌ له‌تواناماندا نییه‌ ئه‌و بڕه‌ کاره‌با زۆره‌ بگوازینه‌وه‌ ئه‌مه‌ پێویستى به‌دروستکردنى هێڵی400 کیڤى و وێستگه‌کانى ناوه‌ندى 400 کیڤى و چاککردنى تۆڕه‌کانى دابه‌شکردنى کاره‌با هه‌یه‌، هه‌ربۆیه‌ له‌م حاڵه‌ته‌دا دانانى وێستگه‌ى نوێى به‌رهه‌مهێنانى کاره‌با پێویست نییه‌.

هاوڵاتى: که‌واته‌ له‌توانادا نییه‌ ئه‌و پلانه‌ى وه‌زاره‌تى کاره‌با له‌به‌رده‌ستیدایه‌ بۆ ساڵی 2020 تاوه‌کو ئاستى به‌رهه‌مهێنانى کاره‌با به‌رزبکاته‌وه‌و ماوه‌کانى پێدانى کاره‌با زیاد بکات له‌کاتى خۆیدا جێبه‌جێى بکات ؟

هۆگر شاڵى:  قه‌یرانى دارایى و شه‌ڕى داعش و بڕینى به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێم له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ زیانێکى گه‌وره‌ى له‌ جێبه‌جێکردنى هه‌موو پلان و ماسته‌رپلانى وه‌زاره‌تى کاره‌با گه‌یاند، کاره‌با سێکته‌رێکه‌ به‌ به‌رده‌وام پێویستى به‌ نۆژه‌نکردنه‌وه‌و پرۆژه‌ى نوێ و ته‌کنه‌لۆژیاى تازه‌ هه‌یه‌، هه‌موو پرۆژه‌یه‌کى کاره‌باش پاره‌و کاتى پێویسته‌ ئه‌مه‌ کاڵایه‌ک نییه‌ له‌بازاڕه‌ جیهانییه‌کان هه‌بێت و راسته‌وخۆ بکڕدرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌م قه‌یرانه‌و دواکه‌وتن و پاشه‌که‌وتکردنى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران توانیمان رۆژه‌ سه‌خته‌کان تێپه‌ڕێنین و چاوه‌ڕوانى باشبوونى دۆخه‌که‌و جێبه‌جێکردنى چه‌ند پرۆژه‌یه‌کى گرنگین له‌وانه‌ پرۆژه‌ى سیسته‌مى زیره‌ک که‌ چه‌ند بوارێکى گرنگ له‌خۆده‌گرێت له‌وانه‌ دانانى پێوه‌رى زیره‌ک، که‌ هۆکارى سه‌ره‌کى ده‌بێت بۆ کۆنتڕۆڵکردن و که‌مکردنه‌وه‌ى کاره‌باى به‌فیڕۆچوو، هاوکات دابه‌شکردنى کاره‌با به‌دادوه‌رى به‌سه‌ر هاوڵاتیاندا ئه‌مه‌ش سودمه‌ندى سه‌ره‌کى هاوڵاتیانه‌.

هاوڵاتى: ده‌وترێت خه‌رجیه‌کى زۆر بۆ کڕینى گازوایل ده‌چێت بۆ نه‌کراوه‌ به‌غاز که‌ له‌ 50%ى نرخه‌که‌ى که‌متره‌؟

هۆگر شاڵى: وه‌زاره‌تى کاره‌با یه‌کێک له‌و هه‌نگاوانه‌ى که‌ جێبه‌جێى کردووه‌ به‌هاوکارى وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتیه‌کان ئه‌وه‌ بوو به‌رهه‌مهێنانى کاره‌باى له‌ گازوایله‌وه‌ گۆڕى بۆ غاز و به‌مه‌ش پاره‌یه‌کى زۆر بۆ بودجه‌ى حکومه‌ت گه‌ڕایه‌وه‌، ته‌نانه‌ت زۆربه‌ى ئه‌و یه‌کانه‌ى له‌تواناشدا نییه‌ له‌م کاته‌دا غازى بۆ دابین بکرێت رامانگرتووه‌، به‌هۆى نه‌بوونى بودجه‌و قه‌یرانى دارایى و کێشه‌ى ته‌کنیکى گواستنه‌وه‌ى کاره‌باى به‌رهه‌مهێنراو.

هاوڵاتى: له‌ پارێزگاى سلێمانى له‌چه‌ند قه‌زاو ناحیه‌ک کاره‌باى نیشتمانى کراوه‌ته‌ 20 ئه‌مپێڕى و جۆزه‌، له‌مه‌شدا هاوڵاتیان 50 بۆ 80 هه‌زاریان لێوه‌رگیراوه‌، که‌ به‌پێى زانیارییه‌کانى هاوڵاتى کۆى ئه‌و پاره‌یه‌ 7 بۆ 8 ملیار دیناره‌ له‌کاتێکدا پێوه‌رى زیره‌ک داده‌نرێت و ئه‌و پرۆژه‌یه‌ ده‌ڵێن شکستى هێناوه‌ ئایا قه‌ره‌بووى ئه‌و که‌سانه‌ ده‌که‌نه‌وه‌؟

هۆگر شاڵى: وه‌کو وه‌زاره‌تى کاره‌با به‌هیچ شێوه‌یه‌ک پشتگیرى دانانى جۆزه‌ى 20 ئه‌مپێڕیمان نه‌کردووه‌، ئه‌م بیرۆکه‌یه‌ له‌سه‌ر داواکارى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى کاره‌باى سلێمانى بووه‌و به‌راشکاوى من و براده‌رانى ته‌کنیکى له‌وه‌زاره‌ت پێمان راگه‌یاندوون ئه‌مه‌ چاره‌سه‌ر نییه‌.

هاوڵاتى: تا چه‌ند هاوڵاتیانى کوردستان له‌به‌کارهێنانى کاره‌با هۆشیارن؟

هۆگر شاڵى: به‌ڵێ هاوڵاتیانى کوردستان هۆشیارن له‌به‌کارهێنانى کاره‌با، ته‌نانه‌ت هاوکارییه‌کى باشى وه‌زاره‌تى کاره‌بایان کردووه‌ به‌وه‌ى شاره‌زاییه‌کى باشیان له‌و فشارو پاڵه‌په‌ستۆیه‌ هه‌یه‌ که‌ له‌وه‌رزه‌کانى هاوین و زستان ده‌که‌وێته‌ سه‌ر شانى وه‌زاره‌تى کاره‌باو کارمه‌ندانى، هه‌ر بۆیه‌ ئێمه‌ سوپاسى هاوڵاتیان ده‌که‌ین و هیوادارین هاوڵاتیان هاوکارى و هه‌ماهه‌نگى به‌رده‌وامیان هه‌بێت له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى کاره‌با به‌ مه‌به‌ستى پێشخستنى کاره‌کان و که‌مکردنه‌وه‌ى کاره‌باى به‌فیڕۆچوو.

هاوڵاتى: تاچه‌ند هه‌ماهه‌نگى له‌نێوان وه‌زاره‌تى بازرگانى و کاره‌با هه‌یه‌ بۆ هێنانى ئامێره‌ کاره‌باییه‌کان؟

هۆگر شاڵى: یه‌کێک له‌کێشه‌کانى کاره‌با هێنانى ئه‌و هه‌موو ئامێره‌ کاره‌باییه‌ یه‌ که‌ به‌ ئه‌مپێڕێکى زۆر کار ده‌کات یاخود له‌رووى هونه‌رى و کوالێتییه‌وه‌ لاوازه‌، ئه‌مه‌ش کێشه‌ى له‌زۆر به‌کارهێنانى کاره‌با بۆ دروستکردوین، به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى له‌لاى وه‌زاره‌ته‌ ئه‌م حاڵه‌ته‌ پێویستى به‌ به‌رزکردنه‌وه‌ى ئه‌داى ده‌زگاکانى کۆنترۆڵ کوالێتى هه‌یه‌، که‌ ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندى به‌ وه‌زاره‌تى بازرگانییه‌وه‌ هه‌یه‌.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار