کانزاکانی رووباری سیروان بە«نازانستى» دەردەهێنرێن
دارەکانی سەر رووباری سیروان لەگەرمیان دەبڕدرێنەوە بۆ دەرھێنانی کانزای چەوو لم، باڵندەکانیش کۆچ دەکەن
4 ساڵ لەمەوپێش
ھاوڵاتی، دیمەن ئیسماعیل
دەیان کارگەی چەوو لم لەسەر رووباری سیروان لەناوچەی گەرمیان بوونەتە هۆکارى وێرانبوونى رووبارەکە، ئەگەرچی بەرپرسانی ناوچەکە وەکو سەرچاوەیەکی داھات سەیری دەکەن، بەڵام ژینگەپارێزی دەڵێت بەشێوەی «نازانستی» دەردەھێنرێن.
بەرپرسانی ناوچەکە ھۆکاری مانەوەی کانەکان لەسەر رووبارەکە بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە بەلابردنى غەسالەکان یان دوورخستنەوەیان، زیانى ئابورى هەیە، دەڵین ئەو کارە دەبێتەهۆى گرانبوونى چەوو لم.
ماوەی چەند رۆژێکە دەنگی ناڕەزایەتی لەناوچەکە دروستبووە لەسەر شێوازی دەرھێنانی کانزاکانی چەوو لم لەسەر رووبارەکە کەبوونەتە ھۆی گۆڕینی ئاڕاستەی ئاوی رووبارەکەو بڕینەوەی دارو کۆچکردنی باڵندەکان.
دەنگە ناڕەزایەتیەکان داوادەکەن ناوچەکە بکرێت بەگەشتوگوزارو ژینەگەکەی بپاریزرێت و سەوزاییەکانی تێکنەدرێت. بۆ ئەم مەبەستە کەمپینێک لەناوچەکە راگەیانراوە.
چالاکوان ئەیاد محەمەد دانیشتووى کەلارەو لەو کەمپینەدا بەشدارە بە هاوڵاتى وت «غەسالەکان رووباری سیروانیان وێرانکردووە، پابەندى رێنماییەکان نابن، ئەمە لەلایەک، لەلایەکى تریشەوە دارەکان بڕاونەتەوە کاریگەرى خراپى دروستکردووە، رووبارى سیروانیان بەرەو لەناوچوون بردووە».
وتیشى «داوامان لەلایەنى پەیوەندیدار کردووە بۆ لابردنى غەسالەکان، دووربخرێنەوە بۆ شوێنێکى تر، ئەگەر زیادەڕەوى دەکەن سزاى قورس بدرێن، هەروەها یاساکان توندتر بکرێتەوە».
ھەروەھا وتی «ئەمە زۆرى تێناچێت بۆ حکومەت، نازانین بۆ سزایەکى ئەوتۆ نادرێن، یاسا رێگەنادات یان بەرپرس و کەسى گەورە لەپشتیانەوەیە؟».
سەرچاوەکانی رووبارى سیروان لە باشورو رۆژھەڵاتی کوردستانەوە ھەڵدەقوڵێن، ئەو بەشەى لەعێراقە درێژییەکەى نزیکەى (٤٢٠) کیلۆمەترەو بەناوچەی گەرمیاندا تێدەپەڕێت و لەخواروی بەغدا دەڕژێتە رووبارى دیجلە.
عەبدولموتەلیب رەفعەت، بەڕێوەبەر لەبەڕێوەبەرایەتى ژینگەو سەرچاوەکانى ئاو لەگەرمیان بۆ هاوڵاتى وتى «ئەگەر ئەم رووبارە لەشوێنێکى تر بوایە دەکرایە شوێنێکى گەشتوگوزار، زۆرى غەسالەکان لەو شوێنە بوونەتە هۆى کۆچکردنى بەشێکى زۆرى زیندەوەران، جۆرى ئاوەکەشى تێکداوەو کاریگەرى لەسەر تەندروستى مرۆڤ هەیە، کەمى سەوزاییش لەلایەکەوە کەڕێژەى سەوزایى زۆر کەمە 5%ە»
بەپێى ئامارى بەڕێوەبەرایەتى نەوت و کانزاکانى گەرمیان لەدەربەندیخانەوە تاوەکو باشوری کەلار (٢٧) کارگەى چەوو لم لەسەر رووبارەکە هەیە، مۆڵەتى یاساییان هەیەو کاردەکەن.
یادگار فەتاح، بەڕێوەبەرى نەوت و کانزاکانى گەرمیان بۆ هاوڵاتى وتى «بەهەموو شێوەیەک پشتگیرى هەموو جۆرە کەمپینێک دەکەین بۆ پاراستنى رووبارى سیروان، ئەگەر لەدەرەوەى سنوورى خۆیان کاربکەن یان بڕێکى زۆر مەواد هەڵگرن، بەپێى یاساى رێکخستنى وەبەرهێنانى کانزایى، سزا دەدرێن».
ھەموو کانێک مۆڵەتى یاسایى پێدەدرێت بەو مەرجەی چەند فەرمانگەیەک رەزامەندی لەسەر دەربڕن، کەئەوانیش بریتین لەبەڕێوەبەرایەتیەکانی دارستان و پاوان، ئیدارەى گەرمیان، قایمقامیەت، ژینگەو سەرچاوەکانى ئاو، شارەوانى، نەوت و کانزاکان.
ھەندێک لەوانەی مۆڵەتیان وەرگرتووە دارەکان دەبڕنەوە یان گڕی تیبەردەدەن، بۆ ئەوەی رووبەرێکی زۆر چەوو لم دەربێنێت.
یادگار فەتاح وتى «ئێمە وەکو بەڕێوەبەرایەتیەکەمان لەساڵى رابردووەوە لیژنەکەمان (٣٢) کانى چەوو لمیان سزاداوە، بەپێى یاسا کاریان نەکردووە، کارى بڕینەوەى دارو تێکدانى ژینگەى رووبارى سیروانیش لایەنى تر هەریەکەو یاساى خۆیان بەسەردا جێبەجێ بکەن».
بەپێى یاساکان لەنەوت و کانزاکاندا ئەو چاڵانەى هەڵدەکەندرێت، دەبێت بەڕێژەى 50% پڕبکرێنەوە، ئەگەرچى رووبارەکە چاڵى زۆرى تێدایەو بەشێکیان کۆنن تاوەکو ئێستا پڕ نەکراونەتەوە.
بەوتەى ئەو بەڕێوەبەرە لابردنى غەسالەکان یان دوورخستنەوەیان، زیانى ئابورى هەیە، دەبێتەهۆى گرانبوونى چەوو لم لەشوێنەکانى تر چوار قات دەفرۆشرێت.
دورەید سەلیم، وتەبێژى ژینگەپارێزى گەرمیان بۆ هاوڵاتى وتى «ئێمە سەرچاوەیەکى سروشتیمان هەیە، خۆى لەچەوو لم دەبینێتەوە، بەشێوەیەکى نازانستى دەردەهێندرێت، ئەم میکانیزمە مەترسى هەیە، پەیوەندى بەلایەنى پەیوەندیدار هەیە، دەبێت هەر کەسەو لەلایەن خۆیەوە، هەوڵى بۆبدات تاوەکو ئەم تێکدانە راگرێن».
وتیشى «ئەم زیادەڕەوییە بەردەوامە تاوەکو ئێستاش، نووسراوى فەرمیمان ئاراستەى ئیدارەى گەرمیان کردووە، هەندێک خاڵمان خستۆتە بەرچاو، بەشێکى تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە، لە ١٤/٦ەوە لایەنى پەیوەندیدار بەم بابەتە ئاگادارکردۆتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا کۆبوونەوە نەکراوە».
بەپێى ئامارى دەستەى ژینگە لەگەرمیان رێژەى سەوزایى 5%ە کە بەپێى ستانداردى جیهان پێویستە ١٥% کەمتر نەبێت.
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی گەرمیان وتی «سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان دەسەڵاتی تەواوەتی پێبەخشیوین تاڕێوشوێنی پێویست بگرینەبەر لەگەڵ ئەو شوێن و کەسانە کەزیادەڕۆیی دەکەن».
یادگار فەتاح باسی لەوەشکرد لەسەر راسپاردەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، سەردانی مەیدانییان بۆ سەر رووباری سیروان کردووەو دوو کارگەی چەوولم-یان سزاداوە.
وتیشی «بڕیاریشمانداوە بەتوندترین شێوە سزای دارایی بۆ ئەو زیادەڕۆکارانە بنووسین، بەجۆرێک لەبەرامبەر هەر مەترێک زیادەڕۆییدا پارەی سێ مەتریان لەسەر بژمێرین».
بڕیارە کۆبوونەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی گەرمیان «لەنزیکترین» کاتدا ئەنجامبدرێت سەبارەت بەو کێشەیە، ئەوەش بەپێی وتەی هونەر مەحمود عەزیز بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی گەرمیان.
هونەر مەحمود وتی «گرنگە شێوازو میکانیزمی پێدانی مۆڵەت و کارکردن بگۆڕدرێت، بەشێوەیەک بێت لەبەرژەوەندی خەڵک و رووبارەکە بێت».
رووباری سیروان لەزنجیرە چیاکانی زاگرۆس لەڕۆژھەڵاتی کوردستانەوە لەنزیک شاری سنەوە ھەڵدەقوڵێت، پاشان لەنێوان ھەورامانەوە دێتە باشووری کوردستان، چەند جۆگەیەکی تریش لەناو ھەرێمی کوردستانەوە دەڕژێنە رووبارەکە، دواتر لەباشووری شاری بەغدادی پایتەختی عێراقەوە دەڕژێتە رووباری دیجلەوە.
سیروان درێژییەکەی لەھەردوو دیوی کوردستان و عێراقدا دەگاتە (٤٤٥) کم. چەندین شاری دەکەونە سەر لەوانە دەربەندیخان، کەلار، باعقوبە.
دوو بەنداوی لەسەر دروستکراوە کە بەو هۆیەشەوە دوو دەریاچەی دروستکردووە دەریاچەی دەربەندیخان و دەریاچەی حەمرینن. ئاوی رووبارەکە بۆ ئاودێری و راوەماسی بەکاردەھێنرێت سەرەڕای دەرھێنانی چەوو لم تێیدا، بەڵام وەکو گەشتوگوزار تائێستا سوودی لێ نەبینراوە.