«کە مردم پارەی گۆڕەکەم مەدەن‌و بمکەن بەداھۆڵ»

4 ساڵ لەمەوپێش



گۆڕستانێک لەسلێمانی کە مردوو ناشتن تێیدا کرا بەپارە، لەژێر فشاری ھاووڵاتیاندا ھەڵوەشایەوە بەڵام ھێشتا وەکو نوکتە لەسەر زاری خەڵکیدا ماوەتەوە.

ھاوڵاتی، لاڤین مەحمود

گۆڕستانێک لەسلێمانی کەمردوو ناشتن تێیدا کرا بەپارە لەسەرەتای ئەم مانگەدا، تووڕەیی خەڵکی بەدوای خۆیدا ھێنا، دواتر لەژێر فشاردا بڕیارەکە ھەڵوەشێنرایەوە بەڵام ھێشتا ئەو نوکتانە لەسەر زاری خەڵکیدا ماون کە وەکو کاردانەوەی بڕیارەکە لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پارەیان سەند.

ئەوەش لەکاتێکدا کەخەڵکی زۆر تووڕەن بەھۆی دواکەوتنی مووچەو لێبڕینی مووچەوە کەبارگرانی بۆ خەڵکی دروستبووەو ئیشوکار نەماوە بۆ کاسبکاران، زیادکردنی ھەر بڕەپارەیەک تووڕەیی بەدوای خۆیدا دەھێنێت.

یەکێک لەو نوکتانەی کە بڵاوبۆتەوە، وێنەی داھۆڵێکە، کەسێک نووسیویەتی «ئەگەر مردم ئاوا وشکم بکەن لەبەر خۆر بەڵام پارە مەدەن بەگۆڕ کڕین ئەمە وەسیەتی منە».

بڕیارەکە لەلایەن شارەوانیەوە دراوە بەجۆریک بۆ ھەر گۆڕێک (260) ھەزار دینار وەردەگیرێت، (١٥٠ھەزار ) بۆ گۆرھەڵکەنەکە‌‌و (١١٠ھەزار) بۆ کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت کە رووننەکراوتەوەتەوە چۆن ئەو تەندەرەی پێدراوە.

ئەو گۆڕستانەی کەدراوە بەکۆمپانیایەک بەگرێبەست موڵکی شارەوانییە، لەسەر ئەرکی شارەوانی سلێمانی سیاجی گۆڕستانەکە لەکۆتایی ساڵی ٢٠٠٦ تەواو کراوە، تەواوی موڵکەکە شارەوانی کڕیویەتی.

بەپێی (یاسای بەڕێوەبەرایەتی شارەوانییەکان) شارەوانی بەرپرسەو ئەرکێتی خەڵکی ھەژارو نەدار کەمردوویان لێ بمرێ، خۆی ھەڵسێ بەخاکسپاردنی بەبێ بەرامبەر نەک پارەیان لێوەربگیرێت.

حاکم قادر حەمەجان، سەرۆکی پێشووتری شارەوانی سلێمانی داوا لەشارەوانی سلێمانی دەکات ئەو گرێبەستەی لەگەڵ کۆمپانیایەک کردوویانە بۆ بەخاکسپاردنی مردوو بەپارە، هەڵبوەشێننەوە، چونکە بەپێی یاسا ئەنجامدانی ئەو کارە بەبێ بەرامبەر ئەرکی شارەوانییەو دەشڵێت: ئەو گۆڕستانەی کەئێستا دراوە بەکۆمپانیایەک بەگرێبەست موڵکی شارەوانییە.     

حاکم قادر حەمەجان، سەرۆکی پێشووتری شارەوانی سلیمانی کەئێستا ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتییە، وتی «داواکارین مردوو بەپارە بەخاک نەسپێرێت کەئەمە عورف و عادات و تەقالیدی شارەکەمان بووە.»    

ژمارەیەک لەڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ھەفتەی رابردوو سەردانی پاریزگای سلێمانیان کردو داوای ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەیان کرد، کە بەشێکیان رێکخراوەکانی ژنان بوون. بڕیارەکە بووە پرسێکی رای گشتی و چەند رۆژێکە لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان قسەوباسی لەسەر دەکرێت، دواتر لەژێر فشاردا بڕیارەکە ھەڵوەشێنرایەوە. 

ھەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە لێدوانێکیدا بە ھاوڵاتی وت «ئێمە چ لەسەر ئەو پێشنیازانەی کاتی خۆی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ھەمان بووە، چ بەو تێڕوانینانەی لەپارێزگا ھەمان بووە، چ بەداخوازی خەڵک، چ بەداخوازی یەکێتی زانایانی ئایینی لقی سلێمانی، چ بە ئامادەبوون و ھاتن و پێشنیازەکانی رێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنی داوامان  لەشارەوانی کردووەو پشتیوانی ئەو نووسراوەی شارەوانی دەکەین بەھەڵوەشاندنەوەی ئەو گرێبەستە یان ھەموارکردنەوەو چاککردن و رێکخستنەوەی گرێبەستەکە بەشێوازێک لەخزمەتی ھاووڵاتیاندا بێت».

وتیشی «دەکرێت خزمەتگوزاریەکان بەشێوەیەک بێت بۆ خەڵک روونبکرێتەوە، بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە ئازیزانیان بنێژن، ھەموو کەسێک ئازادە تەرمی ئازیزانی خۆی لەگۆڕستانەکانی ناو شار یان دەرەوەی شار بەخاک دەسپێردرێت، ھیچ رێگرییەک نیە، ھیچ گۆڕستانێک داناخرێت لەو گۆرستانانەی جێگە ماون،  خەڵک ئازادە لەکوێ دەیاننێژن، ھیچ کەسێک ئیجبار ناکرێت کە لەو گۆڕستانە نوێیە تەرمی ئازیزانیان بنێژن، هەروەها نووسراوی رەسمیمان بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی  کردووە ، شارەوانی سلێمانی خەریکی دیراسەکردنی ئەو بارودۆخانەیە».

پارێزگاری سلێمانی ھەفتەی رابردوو لەگەڵ نوێنەرایەتی (١٨) رێکخراوی مەدەنی کۆووەوە، دواتر نووسراوێکیان ئاڕاستەی ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی کردو داوایان لێدەکەن ناشتنی مردوو بەپارە لاببرێت، دواتر وەزارەتی شارەوانی کارکردنی بەبڕیارەکە راگرت.

روناک محەمەد، ئەندامی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکگرتووی خوشکان کەیەکێک بووە لەشاندی تۆڕی ھاوبەشی رێکخراوەکان، بە ھاوڵاتی وت «بڕیارەکەی شارەوانی و کۆمپانیاکە بۆ دانانی نرخ بۆ ھەڵکەندنی گۆڕو رێوشوێنی ناشتنی مردوو کە ببووە مایەی نیگەرانی ھەموولایەک».

 روناک محەمەد ناوەڕۆکی گفتۆگۆکانیان لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی خستەڕوو وتی» لەمیانەی سەردانەکە باس لەڕەوش و بارودۆخ وخراپی گوزەران و ئابووری ھاوڵاتیان کرا، کەخەڵکی ھەرێمی کوردستان ئێستا لەچ بارودۆخێکدایەو گوزەرانی ھاووڵاتیان لەوپەڕی ناڕەحەتی و خراپیدایە، کەدەبوو حکومەتی ھەرێم بیر لەچارەسەرکردنی دۆخەکە بکاتەوە، نەک ئەوەندەی دیکە باری سەرشانی ھاووڵاتیان  قورستر بکات».     

وتیشی «بەڕێزیان بەڵێنی ئەوەی پێداین کەئەویش وەک پارێزگار پشتیوانمانەو پێویستە ھاووڵاتی ئازاد بێت لەوەی لەکوێ و بەچ شێوەیەک ئازیزانی خۆیان بەخاک دەسپێرن ..ھەروەھا دەنگی ئێمەو یاداشتەکەمان  بگەیەنێتە لایەنی پەیوەندیدار».

لەناو خەڵکیدا بابەتی ناشتنی مردوو وەکو کارێکی خێر تەماشادەکرێت و خەڵکی لەدەورەی تازیەبار کۆدەبنەوەو سەرەخۆشی لێدەکەن و ھەندێکیش لە گەنجەکان گۆڕەکە بۆ خاوەن مردوو ھەڵدەکەنن، بەڵام لەم ساڵانەەی دواییدا لەشارە گەورەکان خەڵکانێک پەیدابوون و ھەڵکەندنی گۆڕیان کردووە بەپیشەی خۆیان.

د.حەسەن موفتی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای فتوای ھەرێمی کوردستان وتی « پێویستە ئەو کارە بەبێ بەرامبەر ئەنجامبدرێت ئەگەر کەسیش دەستنەکەوت پێویستە شارەوانی پێی ھەڵسێت، جاران لەھەر گوندێکداو لەھەر شارێکدا خەڵکێکی خێرخواز ھەبوو، چەند کەسێک ھەڵدەستان  بەھەڵکەندنی ئەو گۆڕەو کارێکی ھەرەوەزی بوو».

د.حەسەن بە ھاوڵاتی وت «تەنانەت ئەگەر داوای پارەی کرد، دەبێت پارەی زۆر وەرنەگیرێت، عادەتەن کرێکارێک چەند سەعاتێکی دەوێت بۆ ھەڵکەندن وەک کرێی کرێکار کە (٢٥) ھەزارە، خۆی لەئەسڵدا دەبێت بێبەرامبەریش ئەو کارە بکرێت».

 وتیشی «ئێمە لەگەڵ فکرەکەداین کەگۆڕستانێک ھەبێت خزمەتگوزاری تیادا بێت بەشێوازێکی مۆدێرن، نەک وەک قەدیم بەناو چەندین گۆڕدا تێدەپەڕیت، بەڵام لەگەڵ بڕی ئەو پارەیەدا نین، ئەگەر خزمەتگوزاری تەواویشی بۆ دابینبکرێت ھێشتا ئەو بڕە پارەیە زۆرە بۆ مردوویەک».

ئەگەرچی بڕیارەکە راگیراوەو کاری پێناکرێت، بەڵام ھیشتا ئەو نوکتانەی لەسەر بڕیارەکە دەرکراون لەناو خڵکیدا دەستاودەست دەکەن.

یەکێک لەو نوکتانەی کە بڵاوبۆتەوە ئەوەیە، دەڵێن بۆیە ھەڵکەندن و ناشتنی مردوو کراوە بەپارە، چونکە لەگەڵ ناشتندا پرسیارەکانی ناو گۆڕیشی تێدایە، ئەوەش مەبەست لەوەیە کە ھەندێک بۆچوونی ئایینی ھەیە دەڵێن کەسێک کاتێک دەمرێ، دوو فریشتە لەناو گۆڕدا پرسیاری لێدەکەن بۆئەوەی بزانن بەھەشتییە یان نا.

ئەم بابەتە بەلای ھەندێک لەئایین خوازانەوە خورافەیەکەو تێکەڵی ئایین کراوە، بەڵام لەکاتی ناشتنی مردوودا ئەو مەلایەی تەڵقین دەخوێنێ ناوی فریشتەکان دەھێنێت.

دوای بڕیارەکە خەڵکانێک کە خاوەن زەوی و موڵک بوون لەڕێگەی ئەکاونتی فەیسبوکی خۆیانەوە رایانگەیاند کە زەویەکانیان تەرخاندەکەن بۆ مردوان بەخۆڕایی بیاننێژن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار