مەسرور بارزانی: سەردانەکەی کازمی بە هەنگاوێکی ئەرێنی دەبینین

راگەیەنراوی کۆبوونەوەی ئۆنلاینی ئەنجومەنی وەزیران ھیچ ئاماژەیەکی تێدا نییە بۆ پێدانی مووچەی مانگی چوار

4 ساڵ لەمەوپێش



ھاوڵاتی

ئەنجومەنی وەزیران ئەمڕۆ چوارشەممە  کۆبوویەوە بەلام بەپێی راگەیەنراوی کۆبوونەوەکە ھیچ ئاماژەیەکی تێدانیە بۆ پێدانی مووچەی مانگی چوار.

بەپێێ راگەیانراوەکە مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیران رایگەیاند سەردانی مستەفا کازمی بۆ هەرێمی کوردستان "هەنگاوێکی ئەرێنیە" بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

وتیشی "کێشەکان تەنیا مووچە و شایستەی دارایی ھەرێم لە بودجە نییە، بەڵکو جيا لە کێشەکانی پەیوەست بە بودجە و نەوت، ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم و ماف و شایستە دەستوورییەکانی دیکەی ھەرێم و پێشمەرگە، چەند تەوەرێکی دیکەی ناکۆکییەکانە لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی".

ھەروەھا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران پوختەیەکی ئەنجامی دوا سەردانی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و ڕێرەوی بەڕێوەچوونی دانوستانەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی سەبارەت بە بودجە و وزە خستەڕوو. ئاماژەشی بەوەدا کە گفتوگۆکان بەو ئاراستەیە بەردەوامن، کە رێککەوتنێکی درێژخایەنی لێ بەرهەم بێت.

پاشان ھەر یەک لە وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری دانوستان و سەرۆکی دیوان و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، پوختەی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵی بۆ ساڵی 2020 خستەڕوو، کە لە ڕۆژی 14 ی ئەیلوولی 2020 لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پەسەند کرا و رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران کرا. تیشکیان خستە سەر ئەو ماددە و بڕگانەی پڕۆژەکە کە پەیوەنديیان بە ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی بنەماکانی ستراتیجی گشتی بودجەی فیدراڵیی عێراق کرا بۆ ساڵەکانی 2021 تا 2023 کە لیژنەیەکی باڵای بۆ پێکهێنراوە و هەرێمی کوردستانیش تێیدا بەشدارە، لەم تەوەرەشدا وەزیری پلاندانان ڕوونکردنەوەی پێویستی پێشکەش کرد و ئەنجومەنی وەزیرانیش وەزارەتەکانی ڕاسپارد، کە ھەماھەنگی لە گەڵ ھەردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری و پلاندانان بکەن بۆ ئەو مەبەستە، تا ھەرێمی کوردستان بەشدارییەکی کاریگەری هەبێ لە داڕشتنی ستراتیجیەتی بودجەی فیدڕاڵی بە ئاراستەی دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار