عادل نورى: له‌به‌ر شه‌ش په‌رله‌مانتار نیسابى یاسایى ته‌واو نه‌کرا

" فراکسۆنه‌کانى پارتى و یه‌کێتى شاندى باڵایان پێکهێنابوو بۆ په‌شیمانکردنه‌وه‌ى په‌رله‌مانتاران "

6 ساڵ لەمەوپێش



ئارا ئیبراهیم
سه‌رۆکى لیژنه‌ى به‌دواداچون بۆ راستییه‌کانى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ئاشکراى ده‌کات که‌ 159 په‌رله‌مانتار به‌شدار بوون له‌ کۆبونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران و ته‌نها شه‌ش په‌رله‌مانتار بهاتایه‌ته‌ کۆبونه‌وه‌وه‌ نیسابى یاساییان ته‌واو ده‌کرد بۆ هه‌موارکردنه‌وه‌ى چواره‌مى یاساى هه‌ڵبژاردنه‌کان بۆ ئه‌وه‌ى له‌سه‌دا سه‌دى ده‌نگه‌کان هه‌ژمار بکرێنه‌وه‌.

عادل نورى، سه‌رۆکى لیژنه‌ى به‌دواداچون بۆ راستییه‌کانى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له‌لێدوانێکدا بۆ سایتى هاوڵاتى، رووداوه‌کانى ئه‌مڕۆى ئاشکرا کرد و وتى" ئێمه‌ توانیمان 159 په‌رله‌مانتار کۆبکه‌ینه‌وه‌ و ته‌نها شه‌ش په‌رله‌مانتار کاره‌که‌مانى په‌خست بۆ ئه‌وه‌ى که‌ هه‌موارى چواره‌مى یاساى هه‌ڵبژاردنه‌کان بکرێت تا سه‌دا سه‌دى ده‌نگه‌کان هه‌ژمار بکرێنه‌وه‌، به‌ڵام فراکسۆنه‌کانى پارتى و یه‌کێتى شاندى باڵایان پێکهێنابوو بۆ په‌شیمانکردنه‌وه‌ى په‌رله‌مانتاران و په‌رله‌مانتاریان ده‌کریوه‌ تا به‌شدار نه‌که‌ن".

ناوبراو جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه‌، له‌رێگه‌ى پارێزه‌ره‌وه‌ تانه‌یان له‌ بڕیاره‌که‌ى دادگاى فیدڕاڵى داوه‌ که‌ له‌ بڕگه‌یه‌کدا ده‌ڵێت هه‌ژمارکردنه‌وه‌ى سه‌دا سه‌دى ده‌نگه‌کان و له‌ بڕگه‌یه‌کى تردا باسى هه‌ژمارکردنه‌وه‌ى ئه‌و سندوقانه‌ ده‌کات که‌ سکاڵایان له‌سه‌ره‌، وتیشى" ئه‌وه‌ى دادگاى فیدڕاڵى کردویه‌تى پێچ لێدانه‌و ئێمه‌ واز له‌و مافه‌ ناهێنین و داوا ده‌که‌ین هه‌ژمارکردنه‌وه‌ى سه‌دا سه‌دى ده‌نگه‌کان بکرێت یا هه‌ڵبژاردنه‌کان هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌".

سه‌رۆکى لیژنه‌ى به‌دواداچون بۆ راستییه‌کانى هه‌ڵبژاردن باسى له‌وه‌شکرد، ئه‌مڕۆ له‌ کۆبونه‌وه‌ى راوێژکارى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق سه‌عید کاکه‌یى راپۆرتى خۆى خوێنده‌وه‌و شاهیدیدا له‌سه‌ر ساخته‌کارییه‌کان به‌هه‌موو ورده‌کارییه‌که‌یه‌وه‌" وه‌ک سه‌رۆکى لیژنه‌ى به‌دواداچونى راستییه‌کان راپۆرتى خۆم خوێنده‌وه‌و داواى هه‌ژمارکردنه‌وه‌ى سه‌دا سه‌دى ده‌نگه‌کانم کرد یا هه‌ڵبژاردن هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌".

ده‌رباره‌ى ئه‌و سندوقانه‌ى سکاڵایان له‌سه‌ره‌ تا چه‌ند گۆڕانکارى له‌ ژماره‌ى کورسى و ده‌نگى لایه‌نه‌کان ده‌کات، عادل نورى وتى" ئه‌گه‌ر به‌وردى خۆمان چاودێرى نه‌که‌ین له‌وه‌شدا جارێکى تر فێڵ ده‌کرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌وردى چاودێرى کۆى پڕۆسه‌که‌ بکه‌ین و چاودێرى لایه‌نه‌کان ئاماده‌بن گۆڕانکاریی رووده‌دات له‌ ژماره‌ى ده‌نگى لایه‌نه‌کان".

هاوکات، ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه‌ که‌ راسته‌ ئه‌م خوله‌ى په‌رله‌مان کاتژمێر 12ى شه‌و کۆتایى دێت، به‌ڵام له‌رێگه‌ى تانه‌کانیانه‌وه‌ داواى هه‌ژمارکردنه‌وه‌ى سه‌دا سه‌دى ده‌نگه‌کان ده‌که‌ن و ده‌ستبه‌ردارى نابن.

سبه‌ى 1/7/2018 به‌ته‌واوى کاره‌کانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق کۆتایى پێدێت و حکومه‌تى عێراقیش ده‌بێته‌ حکومه‌تى کاربه‌رێکه‌ر.
دانیشتنه‌ راوێژکارییه‌که‌ى ئه‌مڕۆ به‌سه‌رپه‌رشتى ئارام شێخ محه‌مه‌د، جێگرى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ئه‌نجام دراو تێیدا راپۆرتى ساخته‌کارییه‌کان له‌لایه‌ن سه‌رۆکى لیژنه‌ى به‌دواداچون بۆ راستییه‌کانى هه‌ڵبژاردن خوێندرایه‌وه‌.

هه‌روه‌ها سه‌عید کاکه‌یى، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى کۆمسیارانى هه‌ڵبژاردنه‌کانى عێراق له‌ کۆبونه‌وه‌که‌دا شاهیدى ساخته‌کارییه‌کانیدا و وتى" ئه‌و ئه‌نجامانه‌ى که‌ بڵاوکرانه‌وه‌ له‌لایه‌ن کۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردنه‌کانه‌وه‌ به‌ مه‌به‌ست بووه‌و ئامانجدار بووه‌ بۆ ساخته‌کارییه‌کان".

جه‌ختى له‌ ساخته‌کارى گه‌وره‌ى هه‌ڵبژاردنه‌کانى 12ى ئایارى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران کرده‌وه‌و چه‌ندین ورده‌کارى له‌سه‌ر ساخته‌کارییه‌کان بۆ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران ئاشکرا کرد.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار