هه‌رێم چاوه‌ڕێى به‌غدایه بۆ راگه‌یاندنى لیستى موچه‌ى نیسان
سێشه‌ممه‌ى داهاتوو لیستى موچه‌ى مانگى نیسان راده‌گه‌یه‌ندرێت به‌لێبڕينى له‌سه‌دا 21% موچه دابه‌ش ده‌کرێت
4 ساڵ لەمەوپێش
ئارا ئیبراهیم
جێگرى سه‌رۆکى لیژنه‌ى دارایى له په‌رله‌مانى کوردستان ده‌ڵێت، هه‌فته‌ى داهاتوو حکومه‌تى هه‌رێم کۆبونه‌وه ئه‌نجام ده‌دات و لیستى موچه راده‌گه‌یه‌ندرێت.
هێڤیدار ئه‌حمه‌د، جێگرى سه‌رۆکى لیژنه‌ى دارایى له په‌رله‌مانى کوردستان له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت:" هه‌فته‌ى داهاتوو ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێک کۆبونه‌وه ئه‌نجام ده‌دات و دواتر لیستى موچه راده‌گه‌یه‌ندرێت".
ناوبراو وتیشى:" بڕیاره به‌غدا 320 ملیار دیناره‌که بنێرێت که له‌سه‌دا 42.6%ى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانه‌و حکومه‌تى هه‌رێمیش له‌سه‌دا 57.4%که‌ى دیکه‌ى له‌داهاتى نه‌وت و ناوخۆ دابین ده‌کات".
هێڤیدار ئه‌حمه‌د ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه که پاره‌که‌ى به‌غدا تا ئه‌و کاته ده‌گات و ده‌ست به‌دابه‌شکردنى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینان ده‌کرێت.
بڕیاره رۆژى یه‌کشه‌ممه‌ى داهاتوو پاره‌که‌ى به‌غدا که 320 ملیار یدناره له‌رێگه‌ى بانکى ناوه‌ندى عێراق له هه‌ولێر بخرێته سه‌ر هه‌ژمارى وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى حکومه‌تى هه‌رێم.
به‌پێى به‌دواداچونه‌کانى هاوڵاتى که له وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى حکومه‌تى هه‌رێم ده‌ستى که‌وتووه، رۆژى سێشه‌ممه‌ى داهاتوو لیستى موچه‌ى مانگى نیسان راده‌گه‌یه‌ندرێت به‌لێبڕينى له‌سه‌دا 21% موچه دابه‌ش ده‌کرێت و یه‌که‌م وه‌زاره‌تیش ته‌ندروستى ده‌بێت.