عومه‌رى سه‌ید عه‌لى گۆڕان ده‌کات به‌دووبه‌شه‌وه
"گۆڕان به‌یاننامه‌یه‌ک له‌سه‌ر هه‌ڵوێستى شه‌ش په‌رله‌مانتاره‌که‌ى بڵاوده‌کاته‌وه"
4 ساڵ لەمەوپێش
ئارا ئیبراهیم
جارێکی تر هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تى فراکسیۆنی گۆڕان له په‌رله‌مانی کوردستان کێشه‌ی تێکه‌وت و عومه‌ر سه‌ید عه‌لى له‌گه‌ڵ دانانى (گوڵستان سه‌عید یان شاخه‌وان ره‌ئوف) دایه بۆ سه‌رۆکایه‌تى فراکسیۆنه‌که و شه‌ش ئه‌ندامیان هه‌موو ده‌ستوه‌ردانێکى به‌رپرسانى گۆڕان ره‌تده‌که‌نه‌وه.
له نووسراوێکدا که ئیمزای شه‌ش په‌رله‌مانتارى گۆڕ‌انى له‌سه‌ره هاتووه: "ئێمه ئه‌ندامانى فراکسیۆنى گۆڕان له په‌رله‌مانى کوردستان سه‌رجه‌م ئه‌و هه‌واڵ و ده‌نگۆیانه ره‌تده‌که‌ینه‌وه سه‌باره‌ت به هه‌ڵبژاردنى ده‌سته‌ى نوێى سه‌رۆکایه‌تى فراکسیۆن و کۆى پڕۆسه‌که نا ده‌ستوورییه".
ئه‌و په‌رله‌مانتارانه که بریتین له (جه‌لال محه‌مه‌د، ئاشنا عه‌بدوڵا، شیرین ئه‌مین، شایان کاکه ساڵح، دابان محه‌مه‌د و عه‌لی حه‌مه ساڵح) ده‌ڵێن: "هه‌موو ده‌ستوه‌ردانێکى به‌رپرسانى گۆڕان له هه‌ر ئاستێک‌دا بێت ره‌تده‌که‌ینه‌وه".
راشیانگه‌یاندووه که پێداگرین له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنى پێشوومان که هه‌ریه‌که له دابان محه‌مه‌د، سه‌رۆکى فراکسیۆن، ئاشنا عه‌بدوڵا، جێگرى سه‌رۆک و جه‌لال محه‌مه‌د، بڕیارده‌رى فراکسیۆنى گۆڕان".
به‌پێى به‌دواداچونه‌کانى هاوڵاتى که له دوو په‌رله‌مانتارى ناو فراکسیۆنه‌که ده‌ستى که‌وتووه، جه‌ختله‌وه ده‌که‌نه‌وه که عومه‌ر سه‌ید عه‌لى، له‌گه‌ڵ دوو ئه‌ندامى خانه‌ى راپه‌راندن ده‌یانه‌وێت (گوڵستان سه‌عید) که رۆژى 21ى ئه‌یلول به هه‌ڵبژاردن ده‌رچووه‌و به‌پێى ده‌ستورى بزوتنه‌وه‌که هه‌ڵبژێردراوه که(ئه‌گه‌ر دوو که‌س کاندید بن ده‌نگه‌کانیان وه‌ک یه‌ک بێت، ژنه‌که پێش ده‌خرێت) کۆتایى پێبێت و هه‌ڵبژاردنى پێشتر که دابان محه‌مه‌د هه‌ڵبژێردراوه به ره‌تکراوه هه‌ژمار بکرێت، ئه‌مه‌ش کێشه‌ى له‌ناو خانه‌ى راپه‌راندن و فراکسیۆنى گۆڕان دروست کردووه‌و بوون به دووبه‌شه‌وه.
ئه‌ندامێکى جڤاتى نیشتمانى گۆڕان که نه‌یوست ناوى بهێندرێت، بۆ هاوڵاتى ئه‌وه‌ى دووپاتکرده‌وه که"رێکخه‌رى گشتى نه‌ده‌بوو هه‌ڵبژاردنى پێشترى سه‌رۆکى فراکسیۆن هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه".
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد، باشترین چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه که هه‌ڵبژاردن بۆ سه‌رۆکى فراکسیۆن دووباره بکرێته‌وه یان"ئه‌و ماوه‌یه‌ى خولى په‌رله‌مان که ماوه بکرێته دوو به‌شه‌وه، ماوه‌یه‌ک دابان محه‌مه‌د سه‌رۆکایه‌تى فراکسیۆن بکات و ماوه‌که‌ى دیکه گوڵستان سه‌عید بێت"، ئه‌مه‌شى وه‌ک پێشنیار له‌رێگه‌ى ئه‌ندامێکى خانه‌ى راپه‌راندنه‌وه گه‌یاندووه‌ته عومه‌ر سه‌ید عه‌لى، رێ:خه‌رى گشتى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان.
بڕیاره ئه‌مڕۆ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ره‌تى ئه‌و نامه‌یه‌ى شه‌ش ئه‌ندامى فراکسیۆنه‌که‌ى بداته‌وه و ئه‌وانه‌ى پابه‌ند نه‌بن له‌رێگه‌ى"لیژنه‌ى ئینزباتى گۆڕان"، مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌کرێت.
ژوورى حکومه‌ت و په‌رله‌مان به‌هاوبه‌شى ژوورى هه‌ڵبژاردنى گۆڕان بڕیاره په‌یامه‌که‌یان بڵاوبکه‌نه‌وه، چونکه نامه‌ى ئه‌و شه‌ش ئه‌ندامه‌ى فراکسیۆن"عومه‌ر سه‌ید عه‌لى" توره کردووه.
بڕیاره له‌و په‌یامه‌دا جه‌خت له ده‌ستورى گۆڕان بکرێته‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و لیژنه دوو که‌سییه یاساییه‌ى که سه‌رپه‌رشتى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆکى فراکسیۆنه‌که‌یان کردووه.
له دواى ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌ى عه‌لى حه‌مه ساڵح، سه‌رۆکى فراکسیۆنى گۆڕان له سه‌رۆکایه‌تى فراکسیۆنه‌که، ده‌سته‌ى نوێى سه‌رۆکایه‌تى فراکسیۆن هه‌ڵبژێردرا، به‌ڵام ئه‌م ده‌سته‌یه له‌ناو به‌رپرسانى باڵاى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان ره‌تکرانه‌وه و ئه‌مه‌ش نیگه‌رانى ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ى لێکه‌وتووه‌ته‌وه.