خەونی تورکیا بۆ باڵادەستبوون بەسەر کورد نزیکە لە لەناو چوون
چەند بەرپرسێکی سعودیە و ئیمارات و ئوردن دروستکردنی هێزێکی سووننیان پێشکەش بە کوردی رۆژئاوا کردوە.
6 ساڵ لەمەوپێش
ئەلمۆنیتەر - هاوڵاتی
رێککەوتنی ئەمریکا و تورکیا لەبارەی مەنبج، ئەگەری نزیککردنەوەی کورد و سووریای نزیک کردەوە ئەمەش لەو کاتەوە دەستیپێکرد، کاتێک تورکیا هێرشی کردە سەر عەفرین و جیا لە ئەسەد کەس بەهانایەوە نەچوو.
بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا، بۆ ئاژانسی ئاڕ تی رووسی لە ٣١ی مانگی پێنج وتی »ئێمە دەرگای گفتوگۆمان لەگەڵ هێزەکانی سووریا دیموکرات(هەسەدە) کردۆتەوە ئەمەش لەبەر زۆرینەی ئەوان سوورین و وڵاتی خۆیان خۆشدەوێت.»
کوردەکانیش روویان لە ئەسەد کردووە و پێیان راگەیاندووە کە ئەوان سووریا دابەش ناکەن و چاوەڕێی ئەوەن کە ئەسەد چیان پێشکەش دەکات.
رووسیاش لای خۆیەوە پشتی لە کوردەکان کرد کاتێک رێگای بە تورکیا دا بچنە ناو خاکی سووریا و شاری عەفرین داگیر بکەن، ئەمەش جارێکی دیکە وای لە کوردەکان کرد کە زیاتر لە ئەسەد نزیک ببنەوە و مەرجیشیان بۆ دانووستان نەبێت.
پێشنیاری چەند وڵاتێکی عەرەبی بۆ یارمەتیدانی کوردانی رۆئاوا
بەڵام رەنگە کوردەکان بەو جۆرەی تورکیا دەیەوێت بێ ماڵ و پشتگیری نەبن. نزیک بوونەوە لە سووریا رەنگە هەندێک دەستکەوتی بۆ کورد هەبێت و لە تازەترین گۆڕانکاریشدا، چەند بەرپرسێکی سعودیە و ئیمارات و ئوردن سەردانی هێزە کوردییەکانیان کردوە و داوای دروستکردنی هێزێکی سووننیان پێشکەش کردووە، بەجۆرێک هەر چەکدارێکی ئەو هێزە نوێیە مانگانە ٢٠٠ دۆلار لەو هێزە عەرەبیانە وەردەگرێت.
ئێران بۆ دژایەتی پەکەکە ناچێتە پاڵ تورکیا
ئێران رەتیکردەوە یارمەتی تورکیا بدات لە هێرشکردنە سەر پەکەکە، سەرەڕای ئەوەی تورکیا وای نیشاندەدات ئێران هاوکاری دەکات بۆ ئەو کارە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لە لێدوانێکیدا رایگەیاندبوو کە ئەوان پشتگیری ئێرانیان هەیە بۆ هێرشکردنە سەر پەکەکە و ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدەن، بەڵام چۆنیەتی ئۆپەراسیۆنەکە هێشتا دیارینەکراوە.
ئەنقەرە و تاران پێکەوە کاریان کردو تاکو شکست بە ریفراندۆمی کورەکانی هەرێمی کوردستان بهێنن، ئەمەش لای هەندێک کەس هیوای ئەوەی دروستکرد، هەماهەنگی هەردوو وڵاتانی تورکیا و ئێران دروستبێت بۆ زیاتر هێرشکردنە سەر پەکەکە.
بەڵام فەرماندە عبدولفازیل شێکارچی، وتەبێژی سوپای ئێران، لە بارەی یارمەتی تورکیا بۆ سەر هێزەکانی پەکەکە لە قەندیل وتی «کۆماری ئیسلامی ئێران بڕوای وایە، چالاکی سەربازی لە سنووری وڵاتێکی دیکە بە بێ رەزامەندی وەرگرتن دژی شەرعیەتی حکوومداریە، جا بەبیانووی جەنگی تیرۆریش بێت. ئێران هەرگیز پشتگیری کارێک ناکات کە سەروەری خاکی وڵاتێکی دراوسێ پێشێل بکات».
تاران خۆی لە هەردوو وڵاتانی سووریا و عێراق هەژموونی سەربازی هەیە، بەڵام لەلایەن حکومەتی هەردوو وڵات رێگەیان پێدراوە و پێشوازیان لێکراوە، ئەنقەرەش دەڵێت ئەو دوو وڵاتە بەهۆی بوونی یەپەگە و پەکەکە کۆنتڕۆڵیان لەدەستداوە بۆ ئەوان بژاردەی دیکەیان نییە جیا لە هێرشکردن نەبێت.
بەڵام ئەمانە سوودی نەبوو و ئێران نەچووە پاڵ تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر پەکەکە، لە کاتێکدا باڵی پەکەکە هەیە شەڕی دژی حکوومەتی ئێران دەکات.
لای خۆشیەوە بەغداد نیگەرانە لە هێرشەکانی تورکیا و چەند جارێکیش داوای کردوە بارەگای سوپای تورکیا لە شارۆچکەی باشیقە نەمێنێت بەڵام تورکیا بە بیانووی هەڕەشەی پەکەکە لەو ناوچانە، بارەگاکەی هێشتۆتەوە و گوێی بە داواکەی حكوومەتی عێراق نەداوە.
رەنگە دوژمنی هاوبەش ئێران و تورکیای لە یەک نزیککردبێتەوە وەک ریفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستانی عێراق، بەڵام ئەگەر بە شێوەیەکی درێژخایەن تەماشا بکەین، سیاسەت و رێڕەوی تورکیا و ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جیاوازی هەیە ئەمەش دواجار ئەو دوو هێزە دەکاتە دوو بەرەی دژ بەیەک
ئەم دوورییەی نێوان ئێران و تورکیاش رەنگە هیوای تورکیا بۆ لەناوبردنی پەکەکە کز بکات.
هەوڵەکانی رووسیا و کاریگەری لەسەر تورکیا
رووسیا لە ئێستادا وەک دەردەکەوێت دەیەوێت رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەجۆرێک لێبکات کە هەردوو سعوودیە و ئێران تیایدا باڵا دەست بن، بەم کارەش رەنگە
تورکیا نەتوانێت بەو جۆرەی دەیەوێت رەفتار بکات.
لە کۆبوونەوەی نێوان ڤلادمیر پوتین و شا محەمەد بن سەلمانی شازادەی جێنشینی سعودییە باس لەوە کراوە کە تاران کارەکانی وەک خۆی بکات، بەڵام سعودیەش ئاگاری ئەو کارانە بێت.
ئەمە جۆرە هاوبەشیەی ئێران و سعودیەش رەنگە هاوسەنگی هێز لە ناوچەکە بگۆڕن.
بردنەوەی ئۆردوگان مانای چی دەگەینێت بۆ تورکیا؟
بە بردنەوەی زۆرینەی دەنگەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، زیاتر رەگی دەسەڵات دادەکوتێت، بەجۆرێک لە جاران بەهێزتر دەبێت، ئەگەریشی هەیە گرێبەستی دەسەڵاتەکەی بۆ 10 ساڵی دیکە درێژبکاتەوە.