ھەرێم: بەداوای لێبوردنەوە سەردانی وەزیری دەرەوەی یۆنان بۆ ھەولێر بەهۆی کێشەی تەکنیکیەوە هەڵوەشایەوە

وەزیری دەرەوەی یۆنان لەبەغدا رایگەیاندبوو توركیا هۆكاری ئاڵۆزییەكانی ناوچەكەیە

3 ساڵ لەمەوپێش



ھاوڵاتی

ئەو سەردانەی بڕیاربوو ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی یۆنان بۆ هەرێم لەچوارچێوەی گەشتەكەیدا بۆ عیراق ئەنجامبیدات هەڵوەشایەوە و فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەش داوای لێبوردنی کرد بەھۆی ئەوەی سەردانی وەزیری دەرەوەی یۆنان بۆ ھەولێر "بەهۆی کێشەی تەکنیکیەوە" هەڵوەشایەوە.

نیكۆس دندیاس، وەزیری دەرەوەی یۆنان ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی تشرینی یەكەم بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە عێراق و لە بەغداد لەگەڵ فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوە كۆبووەوە.

بەپێی ئەجێندای كارەكانی بڕیاربوو وەزیرەكەی یۆنان پاش كۆتایی هاتنی كارەكانی لە بەغداد، بگاتە هەولێر و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان كۆببێتەوە.

بەڵام فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم بڵاویكردەوە، "بەداوای لێبوردنەوە سەردانی وەزیری دەرەوەی یۆنان بۆ هەرێمی کوردستان بەهۆی کێشەی تەکنیکی فڕۆکەکەیان هەڵوەشایەوە".

پێش نیوەڕی ئەمڕۆ دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی یۆنان، لە كۆنگرەیەكی هاوبەشدا فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ڕاگەیاند، "یۆنان بۆ دابینكردنی 50%ی پێداویستییە نەوتییەكانی پشت بە عێراق دەبەستێت ئەمەش وایكردووە پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابورییەكانی نێوان ئەم دوو وڵاتە گرنگ بێت".

لای خۆیەوە نیكۆس دندیاس، وەزیری دەرەوەی یۆنان باسی لەو لێكتێگەیشتنەكرد كە لەنێوان هەردوو وڵاتەكە واژووكراوە، كە زیاتر پەیوەستە بە پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابورییەكانی نێوانیان.

لە بەشێكی وتەكانیدا وەزیرە یۆنانییەكە ئاماژەی بەوەكرد، توركیا هۆكاری ئاڵۆزییەكانی ناوچەكەیە ڕاشیگەیاند، "توركیا ئالۆزی لە قەرەباغ، سوریا و ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دروست دەكات"

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار