د. شایان کاکە ساڵح: فشاری کارگێڕیم خراوەتەسەر

6 ساڵ لەمەوپێش



نەجات ئەحمەد، هەولێر

د.شایان کاکە ساڵح عەسکەرى، کە پزیشکێکی پسپۆڕى شێرپەنجەیە و وێنەی خۆپیشاندانەکانی رابردووی هەولێری گرتوە، روبەڕووی مووچە بڕین و فشاری کارگێڕی بۆتەوە، وەزارەتی تەندروستی دەڵیت ناتوانن بەرگری لێبکەن ئەگەر شتەکە کارگێڕی بێت.

مانگی ئازاری رابردوو، کاتێک د.شایان لە خۆپیشاندانى نارەزایەتى فەرمانبەران لە هەولێر بەشداری کرد، هاوکات بە مۆبایلەکەى دەستیشی دیمەنى ئەو شەقامانەى دەگرت کە ساڵانیک دەوترا خۆپیشاندان تێیاندا ئەستەمە. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ئەم پزیشکە وەکو داکۆکیکارێک لە مافی مووچەخۆران بناسرێت کە ماوەی چوار ساڵە مووچەکانیان بەشێوەیەکی پچڕپچڕ دەدرێت و بەشێکیشی پاشەکەوت دەکرێت.

د.شایان لەو کاتەدا رووبەڕووی هەڕەشە بۆتەوەو سکاڵای تۆمارکردوە بەڵام هیچ کەس لەوانە دەستگیرنەکراون کە سکاڵای لەسەریان هەیە.

د.شایان وتی «زیاتر زەختى ئیدارەییم لەسەرە».

د.شایان تا ئێستا دووجار چۆتە لاى وەزیرى تەندروستى، «وەزیر لای خۆیەوە بەڵێنى ئەوەى پێداوم کە هەرچى کێشەى ئیدارەى سەر بە وەزارەتى تەندروستییە بۆ چارەسەر بکات و بەڵێنى ئەوەى پێداوم کە ئیشە ئیدارەییەکانم بۆ چارەسەربکات».

وتیشی «لەدواى ئەو دوو سکاڵایە لەگەڵ لیژنەى وەزارەتى تەندروستى پەرلەمانى کوردستان دانیشتووم و ئەوانیش بەڵێنى ئەوەیان دا کە هەوڵبدەن بۆ چارەسەرکردنى کێشە ئیدارییەکانم».

دکتۆر خاڵس قادر، وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەبارەى کەیسى دکتۆر شایان وەک فەرمانبەرێکى ئەو وەزارەتە وتى «ئەگەر هەر شتێکى نایاسایى ئیدارەى بەرامبەر کرابێت ئەوا قبووڵ ناکەین و بەڵام ئەگەر کێشەى ئیدارى فەرمانگەکەى خۆی بێت ئەوا شتێکى دیکەیە و لەچوارچێوەى بەڕێوەبەرایەتیەکەى چارەسەر دەکرێت چونکە دەوامکردن و نەکردن لاى ئەوانە، جگە لە دکتۆرە شایان خەڵکى دیکەش قەتعە راتب کراوە«.

وتیشی «مەسەلەى دادگا وەکو وەزارەت ناتوانین تەداخول بکەین، لەسەرەتاى کەیسەکەوە سەندیکاى پزیشکان وتى پارێزەرى بۆ دەگرین بۆیە پێویست ناکات وەزارەت پارێزەرى بۆ بگرێت».

د.شایان، دکتۆری گرێ و شێرپەنجەى مەمک و کۆئەندامى زاوزێى مێینەیە.ئەو یەکێکە لە پزیشکە دیارەکانى شارى هەولێر، مانگى ئازارى رابردوو کاتێک لەگەڵ خۆپیشاندەراندا چووە سەر شەقام، ئیتر جگە لە نەخۆشەکان، هەموو کەسێک ئەم ژنەیان ناسی، ئێستا د.شایان زیاتر لەوەى وەکو پزیشکێکی تایبەت بناسرێت، ئەو وەکو ژنێکى گشتی و ڕچەشکێن ناوى هەیە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار