ئەڵقەی پەنجەی دایکێکی چاوەڕوان، چیرۆکێکی خەمناک دەگێڕێتەوە
گەنجێکی کەلار دەیەوێت دوای ١٧ ساڵ قەرەبووی قوربانییەکانی دایکی بکاتەوە، بەڵام بۆ ئەوە دەبێت قوربانی بە کوڕەکەی بدات
6 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی. شاناز حەسەن
ئەو ئەڵقەیەی کە ١٧ ساڵ لەبەومەر بوو بە چیرۆکێکی کاریگەر لە ژیانی هیوادا، دواجار بوو بە بەسەرهاتێکی سەرنجڕاکێش، ئەویش ئەو ئەڵقەیەی دایکی بوو کاتێک چەند رۆژێک پێش جەژن بۆی فرۆشت، تا پێڵاوی پێ بکڕێت و لە ناو هاوڕێکانیدا هەست بەبێ جەژنی نەکات.
هیوا قادر گەنجێکی خەڵکی کەلار کە لە بەریتانیا نیشتەجێیە و ١٧ساڵە دایکی نەبینیوە، چەند رۆژێک لەمەوبەر ڤیدیۆی کاتی گەڕانەوەی تۆمارکرد کاتێک بۆ یەکەمجار دایکی دەبینێ، ئەمەش هەرزوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستاودەستی کرد و بینەرێکی زۆری هەبوو.
هیوا وتی «چەند ساڵێک پێش ئەوەی سەفەر بکەم، جەژنێکیان پارەم پێ نەبوو پێڵاو بکڕم، دایکم زۆر ناڕەحەت بوو کە هەموو برادەرەکانم جەژنانەیان بۆ کڕدرابوو، بەڵام من هیچم نەکڕیبوو، ئیتر دایکم ئەڵقەی پەنجەی خۆی فرۆشت بۆم بۆ ئەوەی پێڵاوی پێ بکڕم، منیش بەڵێنم پێیداوە هەتا بمێنم لە ژیاندا، هەرچی بوێت بۆی بکەم».
هیوا قادر ئەوکات سەفەری کرد، تەمەنی ٢٣ ساڵ بوو بەڵام ئیستا تەمەنی بووە بە ٤٠ ساڵ. ئەو بۆ بەدەستهێنانی ژیانێکی باش بۆ خانەوادەکەی، لە ساڵی 2001 چووە دەرەوەی وڵات، وتی »دوای هەوڵێکی زۆر بە ناڕەحەتی لە 2002 گەیشتمە بەریتانیا، بە ئومێدی ئەوەی کە بتوانم بژێوی ژیانی ماڵەوەمان لە ئەستۆ بگرم»
هەروەها وتی «دووری دایکم خەمێکی گەورە بوو بۆم، تاکو زیاتر دەمامەوە زیاتر خەمم زیادی دەکرد، چونکە خۆم کردە قوربانی بۆ دایکم بە تایبەتی».
هیوا لە شاری شفێڵدی بەریتانیا نیشتەجێیە، ماوەی چوار هەفتە گەڕاوەتەوە کوردستان، یەکەم شتیش ئەنجامیدا سوپرایزێک بوو بۆ دایکی، ئەو دەڵێت دایکی ئەوەندە دیمەنەکەی بەلاوە سەیربووە کاتیک بینویەتی ئەژنۆی لە جوڵە وەستاوەو نەیتوانیوە هەستێت هەتا وەکو خۆی هەڵیساندووە.
وتی «ئیتر هەوڵدەدەم زوو زوو سەردانی دایکم بکەم، چونکە دووریم لە دایکم گەورەترین ستەمە لە خۆم و لە دایکیشم».
هیوا کاتیک قسەی دەکرد هێشتا باسی ئەو هەستەی دەکرد کە یەکەمجار دایکیی بینی، «یەکەم سات کە دایکمم بینی هەم گەنج بوومەوە و هەم نیوەی تەمەنم ڕۆی».
هیوا وتی «یەکەم جار کە دایکم منی بینی وایزانی خەوە دەیبینێت، نەیتوانی هەڵبسێت من هەڵم ساند هەر دەیوت خوایە گیان ئەمە ڕاست بێت، خوایە ئەمە چییە بۆ وام لێ دەکەن، توخوا ئەمە ڕاستە؟ تاکو تێر تێر بۆنی ملمی کرد و دەگریا، منیش زۆر لەوە ترسام شتێک ڕوو بدات».
کاتێک هیوا لە دەرەوە بووە زۆر بێ ئۆقرەیی پێوە دیاربووەو هەوڵی داوە بگەڕێتەوە، «لە دووری دایکم هەر ڕۆژەی بیرم لە شتێک دەکردەوە، زۆر ئارەزووی ئەوەم دەکرد بە شێوەیەکی جیاواز بگەڕێمەوە وەک دیارییەک پێشکەشی بکەم و وەک نمونەیەکی جوانیش بێت بۆ ئەو کەسانەی کە لە دایکیان دوورن بتوانن ئەوانیش دیارییەک پێش کەش بە دایکیان بکەن و دڵخۆشیان بکەن».
هیوا ئەو ڤیدیۆیەی کە بڵاوی کردووەتەوە گۆرانیەکی خسۆتە سەر کە بەسەر دایکدایە، وتی «دەمێک بوو هەوڵی پەیداکردنی گۆرانییەک بووم بە سەر دایکدا و کە بگونجێت لەگەڵ ڤیدیۆکەدا، بۆیە ئەو گۆرانییەم بەباش زانی و حەزم کرد دوای 17 ساڵ و بینینی دایکم بۆ یەکەمجار شتێکی لە بیر نەکراو بێت، نیشانی هەرکەسم دا شتەکەیان زۆر لا جوان و جیاواز بوو بۆیە حەزم بە بڵاوکردنەوەی کرد».
هیوا زۆرێک لەو کۆمێنتانەی خویندۆتەوە کە بۆی نوسراون و کاریان تێکردووە، وتی «لە زۆربەی کۆمێنتەکانتا زۆر کەس دورە لە دایکی یان دایکیان نەماوە نوسیبویان دەستمان کرد بە گریان ئەوەندە کاریگەر بووە هەستم بە ناخۆشی کرد کە هۆی گریانیان من بووم».
دوای ١٧ ساڵ لەگەڕانەوەی بۆ کەلار هیوا نەیتوانیوە ماڵی خۆیان بدۆزێتەوەو هاوڕیەکی بردویەتیە بەردەم ماڵی خۆیان، ئەویش ئەو هاوڕێیەی بووە کە پێش ماڵەوەیان ئاگاداری گەڕانەوەی بووە.
هیوا وتی «برادەرێکم لە فڕۆکەخانە منی هێنایەوە لە ئەگەر نا 17 ساڵ بگەڕامایە نەم دەتوانی ماڵ بدۆزمەوە، چونکە کەلار گۆڕانکارییەکی وا بەسەر هاتووە وا هەست ناکەم ئەمە ئەو کوردستانەیە کە من بەجێمهێشت هیچ شتێک لە شوێن خۆی نەماوە، چونکە من دیمەنەکانی 17 ساڵ پێش ئێستای کەلار لە مێشکمدا خەزنە».
لەکاتی گێڕانەوەی قسەکانیدا هیوا بەردەوام و خەیاڵی دەچووەیەوە لای دایکی و باسی دەکرد و دەیوت «کاتێک بومە باوک ئەو کات زیاتر زانیم کە دایک و باوک هەستیان چۆنە بەرامبەر منداڵ، بۆیە زۆرجار داوای گەردن ئازادیم دەکرد لە دایکم و ئیستاش دەڵیم دایە گیان گەردنم ئازاکە».
دواکەوتنی گەڕانەوەی هیوا بۆ کوردستان بەهۆی هەندێک کێشەی یاسایی ببوە کە هیوا تووشی بووە بەهۆی درەنگ وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی و دواتر جیابوونەوەی لە هاوسەرەکەی کە بە رەگەز لێتوانی بووە. وتی «لە لایەک ئازاری ئەو کیشانەم هەبوو، لە لایەک ئازاری ئەوەم هەبوو کە بۆ ماوەیەک نەمدەتوانی نە دایکم ببینم و نە منداڵم».
ئەگەرچی هیوا لە ساڵی 2008 مافی پەنابەریتی وەرگرت، بەڵام وەکو خۆی وتی بەهۆی چەند هەڵەیەک کە لە ناوەکەیدا هەبووە، نەیتوانیوە بگەڕێتەوە بۆ کوردستان.
لە دوای ئەوەی کە هیوا ژنی هێناو بوو بە باوک ژیانی سەختتر بوو، هەرکات هەوڵی داوە بگەڕێتەوە بۆ بینینی دایکی، دەبوو دەستبەرداری کوڕەکەی بێت. ئەمەش قورس بوە بۆی کوڕەکەی جێبێڵێت، «چونکە دەبوو یان دایکم هەڵبژێرم یان کوڕەکەم، منیش نەمدەتوانی هیچ بڕیارێک بدەم، ناچار چاوەڕوانیم هەڵبژارد».
دوای 11 ساڵ لە پێکهێنانی ژیانی هاوسەرگیریی لەدیانای بە رەگەز لیتوانی، دواجار لێی جیابوویەوەو ئێستا کوڕێکی نۆ ساڵانە و ناوی ناوە دیلان.
ئەم گەنجە بە خەمێکی زۆرەوە چیرۆکی ژیانەکەی خۆی بۆگێڕاینەوە کە لەساڵی 2005 لەگەڵ دیانا ژیانی هاوسەریان پێکهێنا، وتی «سەرەتا زۆر ئاسودە بوین تاکوو ئەوەی کە دایکی سەردانی کردین، بەڵام شتەکان لە پڕا گۆڕان ئەویش بەهۆی جیاوازی کەلتور و دینمان».