شێخ جەعفەر مستەفا بۆ هاوڵاتی: ئێستاش ده‌رگای یه‌کێتی بۆ به‌رهه‌م ساڵح کراوه‌یه
6 ساڵ لەمەوپێش
سازدانی: بنار هیدایەت
شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا، ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت ده‌رگایان کراوه‌یه بۆ گفتوگۆ و وتوێژ، له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م ساڵح سه‌رکرده‌ى دیاری پێشوو حزبه‌که چ به گه‌ڕانه‌وه‌ى بێت بۆ ناو یه‌کێتى یان به‌ستنى هاوپه‌یمانێتى بێت له‌گه‌ڵ یه‌کێتى.
شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا که هاوکات به‌رپرسی هێزه‌کانى 70ی سه‌ر به یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستانه، له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ى هاوڵاتی، تیشکده‌خاته سه‌ر چه‌ند پرسێکى سیاسی و سه‌ربازی هه‌رێمى کوردستان، له‌گه‌ڵ دۆخی ناوخۆی حزبه‌که‌ی.
هاوڵاتی: له ئێستادا جۆرێک له تیرۆر و رفاندن و تۆقاندنی کوردانی ناوچه دابڕێنراوه‌کان و خانه‌قین له ئارادایه، ئه‌مه له‌م کاته‌دا بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
شێخ جه‌عفه‌ر: تیرۆر و رفاندن و کوشتن له‌و ناوچانه و له‌عێراق به‌تایبه‌تی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رهه‌ڵدانی گروپه تیرۆریستییه‌کان له‌دوای رووخانی رژێمی سه‌دام حسێنه‌وه، ئه‌و کوشتن و رفاندنه زیاتر بوو، به‌تایبه‌تیش دوای هاتنی داعش و داگیرکردنی ناوچه‌یه‌کی زۆر له‌و ناوچانه‌ى سوننه نشینن توانی جێی پێی خۆی به‌هێزبکات، به دڵنیاییه‌وه ئه‌و رووداوانه زیادیکردووه له‌کاتێکدا بۆشاییه‌کی ئه‌منی زۆر دروستبووه، هێزه عێراقییه‌کان وه‌کو پێویست نه‌یانتوانییوه ئه‌و بۆشاییه نه‌هێڵن، دوای ئه‌وه‌ى هێزه‌کانی پێشمه‌رگه له‌دوای رووداوه‌کانی 16 ی ئۆکتۆبه‌ر کشانه‌وه دواوه له‌و ناوچانه بۆشاییه ئه‌منییه‌که زیاتربوو، پێشتر هێزه‌کانی پێشمه‌رگه توانیبویان هێڵێکی به‌رگری به‌هێز درووستبکه‌ن و هاوڵاتیانی ئه‌و ناوچانه‌ش هاوکارییان بوون، به‌ڵام له‌دوای کشانه‌وه‌ى پێشمه‌رگه هێزه‌کانی عێراق نه‌یانتوانی وه‌کوو پێویست ئه‌و بۆشاییه ئه‌منییه پڕبکه‌نه‌وه و پارێزگاری له‌سه‌ر و ماڵی هاوڵاتیان بکه‌ن، هه‌روه‌ها گروپه‌کانی حه‌شدی شه‌عبی له‌و ناوچانه بوونیان هه‌یه و ئه‌وانیش چه‌ندین جۆرن، هه‌ندێکیان بێ سه‌رو به‌رن و کاری نه‌شیاویان کردووه، ته‌نها داعش نیه خه‌ڵک ده‌کوژێت و خه‌ڵک ده‌فڕێنێت، به‌ڵکو ئه‌گه‌ر به‌راوردێک بکه‌ین هه‌ندێک له‌و گروپانه‌ى حه‌شد کاره‌کانیان له‌رووی کوشتن و بڕینی هاوڵاتیان له‌داعش خراپتره، ئه‌و کێشانه‌ى باست کرد ده‌یگه‌ڕێنینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى پێشمه‌رگه کشاونه‌ته‌وه و سوپای عێراق خاوه‌نی مه‌رکه‌زی بڕیار نیه و حه‌شدی شه‌عبی له‌و شوێنانه بوونیان هه‌یه.
هاوڵاتی: پێتان وانیه داعش جۆره به‌هێزبوونه‌وه‌یه‌کی به‌خۆیه‌وه بینیوه له‌و ناوچانه، یاخوود پلانێک دژی کورد له‌ئارادایه؟
شێخ جه‌عفه‌ر: ئێمه پێمان وانیه داعش بێهێز بووبێت، به‌ڵکو هێزی خۆی ماوه له‌و ناوچانه، له‌و هێرشانه‌ى عێراق کردی بۆ ئازادکردنه‌وه‌ى ئه‌و ناوچانه داعش هیچ لێدانێکی به‌رنه‌که‌وت به‌ڵکو پاشه‌کشه‌ى کرد و خۆیان شارده‌وه و دواتر خۆیان ده‌رخسته‌وه و ئێستا له‌و ناوچانه به‌به‌راورد به پێشتر زۆر به‌هێزترن له‌رووی ژماره و چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی و چالاکی تیرۆریستییه‌وه، چالاکی داعش له ناوچه کوردنشینه‌کان زیاتره و به‌گشتی چالاکییان هه‌یه و ده‌یانه‌وێت کورد بکوژن و بیانفڕێنن، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه له‌و ناوچانه هیچ هێزێکی لێ نیه تا به‌رگریی له‌ناوچه نشینییه‌کان بکات.
هاوڵاتی: ئه‌گه‌ر هه‌یه شه‌ڕی کورد و داعش ده‌ستپێبکاته‌وه؟
شێخ جه‌عفه‌ر: شه‌ڕی کورد له‌گه‌ڵ داعش و تیرۆر ته‌واو نه‌بووه، داعش و تیرۆر له‌هه‌ر شوێنێک بێت ئێمه وه‌کوو هێزی پێشمه‌رگه‌ى کوردستان به‌ئه‌رکی سه‌رشانی خۆمانی ده‌زانین شه‌ڕی ئه‌وانه بکه‌ین، چونکه داعش دوژمنی سه‌ره‌کی ئازادی و دیموکراسی و مرۆڤایه‌تییه، بۆیه شه‌ڕکردنی ئێمه له‌گه‌ڵ تیرۆر و داعش تا بوونیان هه‌بێت به‌رده‌وام ده‌بێت.
هاوڵاتی: که‌واته داعش مه‌ترسی له‌سه‌ر هه‌رێمی کوردستان ماوه؟
شێخ جه‌عفه‌ر: داعش مه‌ترسی له‌سه‌ر هه‌موو شوێنێک هه‌یه، به‌ڵام له‌هه‌ندێک شوێن که‌متر و له‌هه‌ندێک شوێن زیاتر، به‌تایبه‌تی هه‌رێمی کوردستان هێزی پێشمه‌رگه و پۆلیس و ئاسایشی به‌هێزی هه‌یه، هه‌روه‌ها هاوڵاتیانی کوردستان هاوکاری ته‌واوی هێزه ئه‌منییه‌کانن بۆیه داعش مه‌ترسی له‌سه‌ر هه‌رێم که‌متره.
هاوڵاتی ماوه‌یه‌که دیارده‌ى کوشتن به‌چه‌ک زیادیکردووه، به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی هه‌ولێر به‌هاوڵاتی راگه‌یاند زۆربوونی چه‌ک بۆ دروستکردنی ئه‌و هێزه خۆبه‌خشانه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ شه‌ڕی داعش دروستبوون، ئه‌و هێزانه له‌ژێر چاودێری ئێوه‌دان، ئایا کۆنترۆڵکردنیان ئاسانه؟
شێخ جه‌عفه‌ر: ئه‌و تۆمه‌تانه بدرێته پاڵ هێزی خۆبه‌خش شتێکی باش نیه، به‌ڕاستی هێزه خۆبه‌خشه‌کان هێز و پشتیوانییه‌کی گه‌وره بوون بۆ هێزه‌کانی پێشمه‌رگه و له‌شه‌ڕی دژی تیرۆر شه‌هید و برینداریان هه‌یه، بڵاوه‌کردنی چه‌ک له‌کوردستان به‌درێژایی کات ورده ورده زیادیکردووه، له دوای رووخانی عێراق ئه‌و چه‌کانه‌ى له جبه‌خانه‌کانی سوپای عێراقدا بوون ده‌ست پێشمه‌رگه و ده‌ستێکی ئه‌مین نه‌که‌وت زیاتر له‌سه‌دا نه‌وه‌دی ده‌ست خه‌ڵکی دیکه که‌وتووه به‌کورد و عه‌ره‌ب و تورکمان و ته‌واوی دانیشتوانی عێراقه‌وه، ئه‌م دیارده‌یه‌ش هه‌یه زۆربه‌ى دیارده‌ی کوشتنه‌کان کۆمه‌ڵایه‌تییه نه‌ک دیارده‌یه‌کی تیرۆریستی و سیاسیی، له‌به‌ر ئه‌وه به‌ش به‌حاڵی خۆم به‌وه‌ی ده‌زانم ده‌سه‌ڵاتداران له‌هه‌موو لایه‌ک به‌عێراق و ده‌وروبه‌ره‌وه نه‌یانتوانیوه کۆنترۆڵی نه‌مانی دیارده‌ى چه‌ک بکه‌ن که له‌ناو خه‌ڵکدایه، بۆیه هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی به‌هێزه‌کانی خۆبه‌خشه‌وه نیه.
هاوڵاتی: که‌واته چۆن کۆنترۆڵی دیارده‌ى نه‌مانی چه‌ک ده‌کرێت؟
شێخ جه‌عفه‌ر: به دڵنیاییه‌وه ئێستا حکوومه‌تی هه‌رێم له‌رێی پۆلیس و ئاسایشه‌وه و پێشمه‌رگه‌ش هاوکارییان ده‌بێت، له‌زۆربه‌ى شار و شارۆچکه‌کان ئه‌و چه‌کانه‌ى بێ مۆڵه‌تن ده‌ستگیر ده‌کرێت، هه‌روه‌ها ئه‌و که‌سانه‌ى تاوانیان کردووه له‌لایه‌ن هێزه‌کانی ناوخۆوه ده‌ستگیرده‌کرێن، ده‌توانرێت ورده وه‌رده ده‌ست به‌سه‌ر بارودۆخه بگیرێت ناڵێین له‌سه‌دا سه‌د به‌ڵام چاره‌سه‌ری ده‌کرێت.
هاوڵاتی: له‌ئێستادا دواین هه‌وڵه‌کان بۆ یه‌کخستنه‌وه‌ى هێزه‌کانی پێشمه‌رگه گه‌یشت به‌کوێ؟
شێخ جه‌عفه‌ر: ئه‌وه په‌یوه‌ندی به وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌وه هه‌یه، تیمی هاوپه‌یمانان له‌وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه به‌رنامه‌ى خۆیان هه‌یه بۆ چاکسازی له‌ناو هێزه‌کانی پێشمه‌رگه و ئێمه‌ش هاوکار و یارمه‌تیده‌ریان ده‌بین له‌گه‌ڵ هه‌نگاوه‌کانی ئه‌وان یه‌ک له‌دوای یه‌ک بۆ یه‌کخستنه‌وه‌ى هێزی پێشمه‌رگه ئێستا له ناو وه‌زاره‌ت ده‌ست به‌کاربوون.
هاوڵاتی: به‌پێی پێشبنییه‌کان ئه‌و یه‌کخستنه‌وه‌یه چه‌ند کاتی ده‌وێت؟
شێخ جه‌عفه‌ر: نازانم کاته‌که‌ى چه‌نده، تیمه‌کانی هاوپه‌یمانان سه‌رقاڵن به‌گه‌رمی و به‌وردی به‌جدی له‌گه‌ڵ لیژنه‌کانی ناو وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه خه‌ریکی ئه‌و بابه‌ته‌ن.
هاوڵاتی: هاوکارییه‌کانی ئه‌مه‌ریکا بۆ پێشمه‌رگه له‌چ ئاستێکدایه و ئێستا به چ مه‌رجێک هاوکاری پێشمه‌رگه ده‌کات.
شێخ جه‌عفه‌ر: ئه‌مه‌ریکا هیچ مه‌رجێکی نیه بۆ هاوکاریکردنی هێزی پێشمه‌رگه، بۆ له‌مه‌ودا هاوکارییه‌کانی بۆ هێزی پێشمه‌رگه باشتر ده‌بێت و به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌تایبه‌ت هه‌تا وه‌کوو داعش و تیرۆر مابێت به‌رده‌وام ده‌بن له‌هاوکاری پێشمه‌رگه.
هاوڵاتی: پێشتر هه‌وڵێک هه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ى پێشمه‌رگه بخرێنه سه‌ر سیسته‌می وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق، ئه‌و هه‌وڵه چی به‌سه‌رهات؟
شێخ جه‌عفه‌ر: هێزی پێشمه‌رگه ده‌بێت به‌شێک بێت له‌سیسته‌می به‌رگری و نیشتیمانی عێراق، به‌ڵام دیاره عێراق وه‌کو پێویست ئه‌و کاره‌یان جێبه‌جێنه‌کردووه.
هاوڵاتی: له چاوپێکه‌وتنێکی پێشتری رۆژنامه‌ى هاوڵاتی جه‌بار یاوه‌ر ده‌ڵێت چوار ساڵه ئاگاداری بوودجه‌ى هێزه‌کانی حه‌فتا و هه‌شتا نین، ئێوه هیچ ئاگادارییهکتان هه‌یه؟
شێخ جه‌عفه‌ر: من نازانم مه‌به‌ستی چی بووه، بوودجه‌ى یه‌که‌ى حه‌فتا و هه‌شتا له‌وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌وه ده‌چێته په‌رله‌مان و له په‌رله‌مان ته‌سدیق ده‌کرێت، هه‌روه‌ک چۆن هه‌ردوو هێزه‌که مل که‌چن بهبریارهکانهوه، ئه‌و میزانیانهى دانراوه دیاره بۆچی سه‌رفده‌کرێت و هه‌موو میزانیانهکان دیاره، میزانییه‌ى هه‌ردوو یه‌که‌که له وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌وه ساڵانه ده‌چێته په‌رله‌مان و وه‌زاره‌تی دارایی ئه‌و میزانییه ته‌سه‌روفاتی پێوه‌ده‌کات.
هاوڵاتی: ماوه‌یه‌که میدیای یه‌کێتی بایه‌خدانێکی زۆر به ئێوه ده‌دات، ئایا ئه‌مه بۆ په‌راوێزخستنی هه‌ندێک سه‌رکرده‌ى سه‌ربازی ناو حزبه‌که‌ت نیه؟
شێخ جه‌عفه‌ر: من ئه‌ندامی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستانم، دوێنێ و ئه‌مرۆ و به‌یانیش هه‌ر ئه‌ندامی ئه‌م حزبه ده‌بم، من پێم وانیه شتێکی شازی به‌و جۆره روویدابێت ئه‌و جیاوازییه به‌روونی ببینرێت.
هاوڵاتی: دۆخی ئێستای یه‌کێتی له‌چاو چه‌ند مانگی رابردوو و ساڵی رابردوو چۆنه؟
شێخ جه‌عفه‌ر: دۆخی ئێستای یه‌کێتی زۆر زۆر باشه و هه‌نگاوی باش نراوه، ئه‌گه‌ر به‌راورد بکه‌ن دۆخی پێشتری یه‌کێتی له‌پێش هه‌ڵبژاردنه‌کان دۆخێکی خراپ بوو، ناحه‌زان چاوه‌ڕێی شتێکی خراپیان لێ ده‌کرد، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا هه‌نگاوه‌کان بۆ رێکخستنه‌وه‌ى ناو ماڵی یه‌کێتی ده‌ستی پێ‌کرد، له‌داهاتوو باشتر ده‌بێت و له‌سه‌ر گۆڕه‌پانه سیاسییه‌که هه‌نگاوه‌کان بۆ یه‌کگرتوویی ناوخۆی یه‌کێتی ده‌ستپێده‌کات.
هاوڵاتی: هۆکاری ئه‌و باشییهى یه‌کێتی که تۆ باسی ده‌که‌یت بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
شێخ جه‌عفه‌ر: یه‌کێتی له‌بناغه‌وه به‌هێزه، رێکخستنێکی پته‌وی هه‌یه، کادیری نه‌وعی هه‌یه، پێگه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ری به‌هێزی هه‌یه، ده‌یان هه‌زار پێشمه‌رگه‌ى له‌سه‌نگه‌ری به‌رگریدایه، ده‌یان هه‌زار شه‌هید و که‌مئه‌ندامی هه‌یه، یه‌کێتی ئومێدی ئه‌وه‌ی هەیه وڵات به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی ببات، له‌به‌ر ئه‌وه هه‌ندێک گرفت هه‌بوو له‌ئاستی سه‌رکردایه‌تی و ئه‌و گرفتانه‌ش چاره‌سه‌رکراون.
هاوڵاتی: بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان یه‌کێتی چۆن به‌شداری ده‌کات و خۆی ئاماده‌کردووه؟
شێخ جه‌عفه‌ر: ئێمه پێمان وایه ئه‌و مێژووه‌ى یه‌کێتی هه‌یه‌تی له‌سه‌ر گۆڕه‌پانه‌که له‌رووی به‌رگرییه‌وه و له‌رووی خه‌باته‌وه ئه‌و مێژووه هیچ حزبێکی دیکه‌ى کوردستان نیه‌تی، بۆ ده‌بێت ئومێدمان نه‌بێت و هاوڵاتیان ده‌نگ به‌یه‌کێتی نه‌ده‌ن؟ ئه‌گه‌ر هیچ حساب نه‌کرێت، چوار ساڵه یه‌کێتی کوردستان ده‌پارێزێت له‌شه‌ڕی داعش، رێگه‌مان نه‌دا بچوکترین کاره‌سات به‌سه‌ر ناوچه دابڕێنراوه‌کان بێت، ئه‌گه‌ر یه‌کێتی نه‌بوایه کوردستانیش وه‌کو موسڵ و دیاله و تکریت کاول و وێران ده‌بوو، ئه‌گه‌ر هاوڵاتیان ئه‌و حسابه بۆ یه‌کێتی بکه‌ن ده‌نگمان پێده‌ده‌ن.
هاوڵاتی: دروستکردنی هه‌ندێک هێزی تازه به‌ر له‌هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مانی عێراق هیچ کاریگه‌ری له‌سه‌ر یه‌کێتی هه‌بوو؟
شێخ جه‌عفه‌ر: هه‌ر حزبێکی تازه له‌سه‌ر گۆڕه‌پانه‌که دروست بێت به‌شی خۆی خه‌ڵکی هه‌یه و خه‌ڵکی لێ کۆده‌بێته‌وه. ئه‌م میلله‌ته هه‌مووی نابێت به‌یه‌کێتی و پارتی و شیوعی و ئیسلامی، بۆیه هه‌ر گروپێک دروستبێت به‌شی خۆی خه‌ڵکی له‌گه‌ڵ ده‌بێت و کاریگه‌ری خۆی ده‌بێت.
هاوڵاتی: هیچ هه‌وڵێک هه‌یه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى به‌رهه‌م ساڵح بۆ ناو ریزه‌کانی یه‌کێتی؟
شێخ جه‌عفه‌ر: مه‌سه‌له‌ى کاک به‌رهه‌م ئێمه پێمان ناخۆش بوو که ئه‌و کاره‌ى کرد، ئێستاش ده‌رگای یه‌کێتی کراوه‌یه بۆ گفتوگۆ و وتوێژ، چ بۆ هاوپه‌یمانێتی بێت چ بۆ گه‌ڕانه‌وه بێت ئه‌وه که‌وتۆته سه‌ر خۆی، هیچ هه‌وڵێکی یه‌کێتیشم نه‌بیستووه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى.
هاوڵاتی: کۆنگره‌ى یه‌کێتی رۆژ به‌رۆژ دواده‌خرێت، هۆکاری نه‌به‌ستنی کۆنگره چییه؟
شێخ جه‌عفه‌ر: ئه‌وه په‌یوه‌ندی بهحزبهکهوه هه‌یه، یه‌کێتی خۆی بڕیار ده‌دات که‌ى کۆنگره ده‌به‌ستێت، یاخود ئه‌و پرسانه‌ى له‌ناو کوردستان هه‌یه له‌بار نیه بۆ ئه‌و پرسه، ئه‌وه ئیشی یه‌کێتی خۆیه‌تی، ئیشی خه‌ڵک نیه ته‌داخول بکات له‌کاروباری حزبه‌کان که‌ی کۆنگره ده‌به‌ستێت و که‌ى کۆنگره نابه‌ستێت.
هاوڵاتی له‌کۆنگره سکرتێر داده‌نرێت یاخود هاوسه‌رۆکی بۆ یه‌کێتی؟
شێخ جه‌عفه‌ر: ئه‌وه کۆنگره بڕیاری له‌سه‌ر ده‌دات، ناتوانم وه‌کوو شه‌خسێک بڕیاری له‌سه‌ر بده‌م، ئه‌ندامانی کۆنگره له‌سه‌ر ئه‌و پرسه بڕیاری له‌سه‌ر ده‌ده‌ن.