مەکتەبی سیاسی یەکێتی ڕاگەیەندراوێکى بڵاودەکاتەوە

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەبۆنەی رۆژی شەهیدی یەکێتی ئه‌مڕۆ هه‌ینى 20ى تشرینى دووه‌مى 2020، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتوە،" لەشۆری نوێدا یەکێتی نەك هیوا و ئومێدی بەخشیەوە بە گەلەكەمان، بەڵکو لەشێوازی تێکۆشاندا رەچەشکێنی کرد، لە خانەی زێرینی شەھادەتیشدا داھێنانی مەزنی کرد بەجۆرێ کە لەخۆڕا نییە کۆمەڵانی خەڵک ناوی حزبی شەھیدانیان لە یەکێتییەکەی مام ناوە."

دەقی بەیاننامەکەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان:

بەیاننامەی مەكتەبی سیاسی یەكێیتی نیشتمانیی كوردستان 
بۆ ڕۆژی شەهیدی یەكێتی

جەماوەری شەھیدپەروەری كوردستان!
كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان!
ئەمرۆ رۆژی شەھیدی یەکێتی و شۆرشی نوێ، رۆژی سەردانەواندن بۆ  یادوبیرەوەری گیانبازانی نیشتمانە کە رۆح وگیانی خۆیان بەخشی بە رزگاری وڵات و پارێزگاری لە خەڵک و خاکی کوردستان لە ھەموو وێستەگەکانی تێکۆشاندا، لەدەستپێکی موقاوەمەتی زیندان تا شۆرشی نوێ و نەبەردییەکانی، تا راپەرین و رزگاری یەکجارەکی لە رژێمی دیکتاتۆری و شۆڤێنی بەعس، بۆ وێستگەی بەرەنگاری ھەڕەشەی تیرۆرستان بەھەموو رەنگ و دەمامکە جیاوازەکانییانەوە. لەم تۆمارە پر سەروەرییەدا یەکێتی نەك هیوا و ئومێدی بەخشیەوە بە گەلەكەمان، بەڵکو لەشێوازی تێکۆشاندا رەچەشکێنی کرد، لە خانەی زێرینی شەھادەتیشدا داھێنانی مەزنی کرد بەجۆرێ کە لەخۆڕا نییە کۆمەڵانی خەڵک ناوی حزبی شەھیدانیان لە یەکێتییەکەی مام ناوە.
كاروانی شەهیدانی یەكێتی بێكۆتایین و كە ئاور لە ڕابردوو دەدەینەوە وێنە و سەرەوەری و قارەمانێتی زیاتر لە بیست هەزار شەهید دەبینین. رۆڵە ئازا و چاونەترسەكانی یەكێتی لە زیندان و سەنگەر و خەباتی نهێنی و چالاكی ناوشارەكاندا، بوون بە نمونەی بەرزی شۆڕشگێڕی ، بە پێوە و بە شکۆ و سەربەرزییەوە ، شەهیدبوون و بەخوێن و فرمێسک مێژووییەکی زیاتر لە چلوپێنج ساڵیەیان نەخشاند
  لەم رەوتە قوربانیدەرەدا ، هێشتا زۆر نەبوو شۆڕشی نوی و خەباتی یەكێتی دەستی پێكردبوو، كاتیك شەهیدانی سەركردە (شیهاب شێخ نوری، ئەنوەر زۆراب، جەعفەر عەبدولواحید)، كە لە زیندانی بەعسیە فاشیەكاندا بوون، بێ‌ سڵەمینەوە، چوونە بەردەم پەتی سێدارەو دروشمە مەزنەكەی "كەم ژیان، كەڵ ژیان"یان كردە سەرمەشقی شەهیدبوون ‌وبە ئازایەتی‌و جوامێریان وزەو تینیان دایەوە بە شۆڕش‌و بەھەوق بوونە سەردەقشکێنانی شەھادەت و گیانبازی ، هەر بۆیە ڕۆژی 21/11ی هەموو ساڵێك لە مێژووی گەلەكەماندا وەك ڕۆژی شەهیدانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تۆماركراوە و ھەموو ساڵێک ئەم یادە حزبی و میللییە دەبێتە بۆنەی دووپاتکردنەوەی بەڵێن و وەفا بۆ رێبازی شەھیدانی کوردایەتی و کوردەواری.
 لە ڕۆژژمێری ساڵدا، ڕۆژێك شك نابەین یاد و بیرەوەری شەهیدبوونی قارەمانێكی یەكێتی تێدا نەبێت، سەنگەری نەبەردی و کونجی زیندان و شەقام و شارو گوندێك نییە لەم وڵاتەدا کە رۆڵەیەكی خۆنەویستی یەكێتی سەروەریەكی تێدا تۆمار نەكردبێت و خوێن و خاکی ئاوێتەی خۆشەویستی کوردستان نەبووبێت.
ئەمڕۆ رۆژی هەموو شەهیدانی یەكێتی وشۆرشی نوێ و گەلەکەمانە  بێ جیاوازی، رۆژی شەهیدانی سەنگەر و شەهیدانی فەرماندە و  سەركردەکانی مەیدانی ئاوەدانی نەبەردییەکان، شەھیدانی چالاكی رێكخستنەکان  و شەهیدانی ئەشكەنجە و سێدارە، شەهیدانی گۆڕغەریب و گومناو و بێسەروشوێن ، شەهیدانی ژن و مناڵ و شەهیدانی كیمیاباران و ئەنفال و جینۆساید و شەهیدانی كەمینە ئاینی و نەتەوەییەكانی وڵاتەکەمانن كە لەریزەکانی یەكێتی و شۆڕشی نوێدا گیانیان بۆ ئازادی و سەرفرازی كوردستان و گەلەكەمان لەدژی بەعسییە فاشیستەکان بەخشی، ڕۆژی ئەو شەهیدانەیە، كە كوردستان و مرۆڤایەتیان لە دڕندەیی داعشە تیرۆریستەكان پاراست و خوێنی ئاڵیان بەسەر گڵ و بەردی كەركوك و خانەقین و خورماتوو و گوڵاڵە و مەخمورو و شەنگال تا حەمرینی بە جێما. 
گەلی كوردستانی تێكۆشەر!
بنەماڵە شەھیدپەروەکان لە خوشک و برا، دایکو باوک، ھاوسەر و کچ و کوڕ و نەوەی شەھیدەسەربەرزەکانی یەکێتییەکەتان ، ئێمە وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان،  هەموو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری كوردستان و كوردایەتی، بەبێ‌ جیاوازی بە شەهیدی خۆمان ، بەشەھیدی كوردستانیان دەزانین‌و بە تاجە گوڵینەی وەفا و ئەمەكداریەوە لە ئاست  گلكۆكانیاندا سەری رێزو نەوازش دادەنەوێنین، خۆشمان بە خزمەتكاری خێزان‌و كەسوكارە سەربەرزەكانیان دەزانین بێ درێغ لە خزمەتی یادگارە شیرینەکانیاندا  دەمێنینەوە.
   شەهیدەكانمان بۆ كۆمەڵێك ئامانجی پیرۆز گیانی خۆیان بەختكرد، كە بەشێك لەو ئامانجانە بەدیهاتوون‌و زۆریشی هێشتا ماون ‌و پێویستیان بە خەبات ‌و قوربانیانی زیاتر هەیە بۆ بەدیهاتنیان.، بۆیە بە پێویستی دەزانین وەبیر هەموولایەكی بهێنینەوە،  بەتایبەتی  دامەزراوە رەسمییەکان لە پەرلەمان‌و حكومەتی هەرێمی كوردستان كە هەموومان قەرزارباری لەدەستدانی ژیانی هاوڕێ‌و هاوسەنگەرە شەهیدەكانمانین، خێزان‌و كەسوكارە سەربەرزەكانیان ئەمانەتن لە ئەستۆی هەموومان کە دەبێت  هەنگاوی كردەیی زیاتر و زیاتر بنرێت بۆ دابینكردنی ژیانێكی سەربەرزو شەرفمەندانە بۆیان و درێخی نەكرێ‌ لە خزمەتكردنیان. 

   لەم ڕۆژە پیرۆزەدا دووپاتی دەكەینەوە، یەكریزی نیشتمانیی و چارەسەركردنی كێشەكانی حوكمڕانی و كێشە سیاسیەكان بەگیانی بەرپرسیارێتی و ئەنجامدانی چاكسازی ڕاستەقینە و بەگژاچوونەوەی گەندەلی و باشكردنی ژیان و گوزەرانی خەڵك و بوژانەوەی ئابوری كوردستان، وەفادارییە بۆ شەهیدەكان و رێزگرتنیشە لەو ئامانج و ئاواتە پیرۆزانەی لەپێناویدا شەهیدبوون. 
 یەکێتی وەك هێزێكی نیشتمانی دەربەست و بەرپرسیار ، وەک یەکێتی ڕاپەراندنی ئەركە سەختەكان ، یەکێتی بیست هەزار شەهید و هەزاران قارەمان و تێكۆشەری تری كاروانی خەبات، بۆ بەدیهێنانی ئامانجە پیرۆزەكان و مافە نەتەوەیی و دیموكراسیەكانی گەلی كوردستان، بێپەروا لە هەموو مەیدانەكانی خەباتدا بەردەوام دەبێت.  
لەرۆژی شەھیدانی حزبی شەھیداندا:
-    سڵاو لە رۆحی بەرزەفڕی سەرۆك و  ڕابەری مێژوویی و  ڕابەری شۆڕشی نوێ‌‌ و كوردایەتیمان سەرۆك مام جەلال
-    سڵاو لە شەهیدانی یەكێتی‌و هەموو شەهیدانی كوردو كوردستان.
-    سڵاو لە كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان.

مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
20/11/2020

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار