سەرۆکی لیژنەی دارایی: چاکسازییکردن لەسەرچاوەکانی داهات لەسەر وەرەقە ماوەتەوە
4 ساڵ لەمەوپێش
ھاوڵاتی، ماردین نورەدین
لیژنەی دارایی و ئابوری لەپەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت «گەندەڵی» زۆر هەیە لەسەرچاوەی داهاتەکانی هەرێم و چاکسازییکردن لەو بوارەش تەنها لەسەر وەرەقە ماوەتەوەو بەکرداری هیچ نەکراوە.
زیاد جەبار سەرۆکی لیژنەی دارایی و ئابوری لەپەرلەمانی کوردستان بە ھاوڵاتی وت «حکومەت دەبێت دەست بەرێت بۆ سەرچاوەکانی داهات و چاکسازی تێدابکات، چونکە سەچاوەکانی داهات بەهەدەردان، گەندەڵی، زۆر زۆری تێدایە».
یاسای چاکسازی لەهەرێمی کوردستان حکومەت دەست واڵا دەکات کە سەرچاوەکانی داهات زیاد بکات و خەرجی کەم بکاتەوەو بندیوارەکان ببڕێت، بەڵام حکومەت بە نیازە لەبڕینی دەرماڵەکانەوە دەستپێبکات.
زیاد جەبار وتی «حکومەت دەبێت لەسەرچاوەکانی داهاتدا هەوڵی چاکسازیی بدات، ئەوە یاساکەی بۆ دەرچووە، یاساکەی بۆ جێبەجێ دەبێت، ئەوەی کەئێستا ماوەتەوە، بەڵام چاکسازیکردن لەسەرچاوەی داهاتدا تەنها لەکۆبوونەوەکان لەسەر وەرەقەیەکە بەعەمەلی هیچ نەکراوە».
حکومەت راپۆرتێکی ناردووەتە پەرلەمان تێیدا تایبەت بەپێداچوونەوەی دەرماڵەکان، کەتێیدا ئەوەی روونکردۆتەوە حکومەت بەنیازە لە (23) جۆری دەرماڵە، (20) یان دەستکاری بکات، ئەوانەی کە دەستکاری ناکرێن دەرماڵەکانی بڕوانامەو منداڵ و هاوسەرن.
راپۆرتەکەی حکومەت پشتی بەو گڵۆپە سەوزەی پەرلەمان بەستووە کە لەپرۆژەیاسای چاکسازیدا دەسەڵاتی دا بەحکومەت دەستکاری دەرماڵەکان بکات.
لەنێوان ئەو دەرماڵانەی کە باسکراوە دەستکاری بکرێت، (150) هەزار دینار دەرماڵەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی پەروەردەی تیدایە، هەروەها (100) هەزار دیناری ئەو مامۆستایانەی کە پلەکانیان لەپلە شەش بەرەو سەرەوەیە.
دەرماڵەکان 56%ی کۆی مووچە پێکدێنن و هەر فەرمانبەرێک 44%ی موچەی بنەڕەتیە، حکومەت لە رێگەی دەستکاریکردنی دەرماڵەکانەوە دەیەوێت بەیەکجاری فشاری مووچەخۆران لەسەر خۆی کەمبکاتەوە لەبری لێبڕین و پاشەکەوت، دەرماڵەکان دەستکاری بکات.
وەزارەتی دارایی و ئابووری لیستی دەرماڵەکانی ئامادە کردووەو بۆ لیژنەی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی بەرزکراوەتەوە، هەروەها بەڕاوێژ لەگەڵ وەزارەتەکان و رای بەڕێوەبەرایەتی ژمێریاری وەزارەتەکان و فەرمانگە جیاوازەکانی دەربارەی جۆرو بڕی دەرماڵەکان وەرگرتووە بەنووسراویان بۆ ئەنجومه نى وەزیران بەرزکراوەتەوه.
سەبارەت بەپرسی بڕینی (23) جۆر دەرماڵە، زیاد جەبار وتی «هێشتا جێبەجێنەکراوە، حکومەت دەبێت رێنمایی و تەعلیماتی پێ دەربکات بۆ ئەوەی کام دەرماڵانەیە، بەڵام تاکو ئێستا هەر قسەیە دەکرێت هێشتا نەبووەتە بڕیار ئەوە».
وتیشی «ئەم دەرماڵانە بەشێکی حکومەت وا قسەی لەسەر ئەمە ئەکات کە ناعەدالەتی تیایەو پێویستی بەڕێکخستنەوەیە، بەڵام من نازانم حکومەت نیازی چۆنەو چۆن دەیەوێ رێکیبخاتەوە، تاوەکو ئیشی لەسەر نەکات ئێمەش هیچ قسەیەکمان نیە لەسەری».
هەروەها وتی «ئەگەر ئیشی لەسەر کرد ئەوە لەو کاتەددا ئێمە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەین و چاودێری دەکەین بزانین کامەی بە ناهەق دەکرێت قسەمان دەبێت لەسەری و پرسیارمان دەبێت لەسەری، کە دەیبڕێت یان نایبڕێت تاکو ئێستا هیچ شتێکی وانییە».