ئەگەر داعش تاوانی بەرامبەرت ئەنجامداوە لەم رێگەیەوە سکاڵا بکە

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

'یونیتاد'، تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ برەودان بە بەرپرسیارڕاگرتنی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) بەرامبەر تاوانەکانی، مەکۆیەکی نوێی سەر ئینتەرنێتی کردۆتەوە بۆ وەرگرتنی شایەتی لە رزگاربووان و شایەتحاڵانەوە.

وتەبێژێکی کۆمسیۆنی سەربەخۆی باڵای مافەکانی مرۆڤی عێراق، عەلی بەیاتی وتی ئەو مەکۆ ئینتەرنێتیە دووەمین قۆناغی کاری تیمەکەیە.

یەکەم قۆناغ تایبەت بوو بەکۆکردنەوەی بەڵگە، لەڕێی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی قوربانیانی داعش کەئەوکاتەی گروپەکە حوکمی ناوچەیەکی بەرفراوانی دەکرد لەباکور و خۆرئاوای عێراق، کوژران.

عەلی بەیاتی وتی "ئەو مەکۆیە مەبەستی کۆکردنەوەی شایەتییە لە رزگاربووانی داعشەوە لەگەڵ ئەو شایەتحاڵانەی لەناوچەکانی ژێردەستی داعشدا دەژیان لەوکاتەدا".

وتیشی لەکاتێکدا بەگەڕخرا کەتیمەکە نەیدەتوانی بەهەموو قوربانییەکان بگات، بەتایبەتی لەکاتی پەتای ڤایرۆسی نوێی کۆرۆنا (کۆڤید-19).

مەکۆکە بۆ بەکارهێنان ئاسانەو ناونیشانە ئینتەرنێتیەکەی بڵاوکراوەتەوە لەسەر ماڵپەری ھاوڵاتی، لەم لینکەدا بەئاسانی دەستت پێی رادەگات.

پێگەکە هەندێک خانەی بۆشایی تێدایە بۆ نووسینی شایەتی و بەکارهێنەران دەتوانن نووسراوی تێدا بڵاوبکەنەوە.

لەهەندێک حاڵەتدا تیمە نێودەوڵەتیەکە سەردانی مەیدانیی شایەتەکان دەکەن یان راستەوخۆ پەیوەندییان پێوە دەکەن.

عەلی بەیاتی وتی "ئەگەری ئەوە هەیە شایەتیی گرنگ بەمەکۆکە بگات، چونکە بۆ شایەتحاڵەکان ئاسانە دەستیان بە مەکۆکە رابگات و پێویست ناکات خۆیان بەگەشتەوە خەریک بکەن تا لێدوانەکە بەشێوەیەکی راستەوخۆ بدەن".

سەرەڕای گرنگی مەکۆکە، هەندێک رزگاربووی داعش گومانیان دەربڕیوە لەسودمەندبوونی و ئاماژەیانکردووە بە نەبوونی ئاشنایی بەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و لاوازیی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت لەعێراق.

دانیشتوویەکی پارێزگای زیقار، بەناوی محەمەد زەیدی کە رزگاربوویەکی کوشتاری کەمپی سپایکەرە کە تیایدا داعش زیاد لە هەزارو (500) راهێنراوی فڕۆکەوانی سەربازیی عێراقی کوشت، وتی ناوی مەکۆ نوێکەی نەبیستووە.

بەگەڕخستنی مەکۆکە لەمیدیادا بەشێوەیەکی بەرفراوان رووماڵ نەکراو محەمەد پێیوانییە بابەتەکە گەیشتبێتە شەقام.

بەڕێوەبەری دەزگای شەهیدانی زیقار، موهەنەد عەبدولحسەین وتی "مەکۆ ئینتەرنێتیەکە رەنگە بەسوودبێت بۆ ئەوانەی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتیان هەیە و دەزانن چۆن پەیوەندی تەکنەلۆژی بەکاربهێنن".

بەڵام نیگەران بوو لەوەی رەنگە بەسوودنەبێت بۆ سەدان شایەتحاڵ کە لەکەمپەکانی ئاوارەکاندا دەژین و هیچ خزمەتگوزاریەکی ئینتەرنێت یان دەستڕاگەیشتن بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی نییە، وەک کۆمپیوتەر یان ئامێرە زرنگەکان.

پێشنیاری کرد "گەر تیمە نێودەوڵەتیەکە دەیەوێت بەڵگەی راستەقینە و گرنگی بەدەستبگات، دەبێت پەیوەندیبکات بەکاربەدەستانی ناوچەکە و بەڕێوبەرێتیە متمانەپێکراوەکانەوە، لەنێویاندا دەزگای شەهیدان."

وتیشی "دەزگای شەهیدانی زیقار چەردەیەک بەڵگەنامە و بەڵگەی هەیە دەربارەی تاوانەکانی داعش، هەروەک دەزگای دژە تیرۆریزم و دەزگا عێراقیەکانی دیکە کەشەڕی گروپەکەیان کردووەو زانیارییان کۆکردۆتەوە دەربارەی تاوانەکانی".

هەروەها جەختیکردەوە لەپێویستی بە لێکۆڵینەوە لەئەندامانی داعش لەزیندانەکانی عێراقدا کە دەستبەسەرن بەهۆی تاوانی تیرۆریستییەوە، چونکە دەکرێت ناوی سەرکردەکانی گروپەکە بدەن کە لەنێو وڵاتدا یان لە دەرەوەن.

موهەنەد عەبدولحسەین وتی "تیمە نێودەوڵەتیەکە پێویستە هەوڵی بەدەستهێنانی یارمەتی بدات لەدادگاکانی لێکۆڵینەوەی تاوانی عێراقەوە".

تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی بەبڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکانی ژمارە 2379ی 2017 پێکهات، بەمەبەستی پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی عێراق بۆ بەرپرسڕاگرتنی داعش بەرامبەر تاوانەکانی دژی عێراقیەکان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار