‌عێراق ڤاکسینى کۆرۆنا بۆ 300 هه‌زار که‌س هاورده‌ ده‌کات

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى
وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى عێراق رایگه‌یاند، قۆناغى یه‌که‌مى ڤاکسینى فایزه‌ر دژ به‌کۆرۆنا سه‌ره‌تاى مانگى ئازارى ساڵى داهاتو ده‌گاته‌ عێراق و دو ژه‌مه‌ ڤاکسین بۆ 300 هه‌زار که‌س دابین ده‌کرێت.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 3ى کانونى یه‌که‌مى 2020، ریاز عه‌بدولئه‌میر، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى ته‌ندروستى له‌ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى عێراق به‌تۆڕى راگه‌یاندنى عێراقى وت:" وه‌زاره‌ته‌که‌مان پێویستى به‌ 208 ملیۆن دۆلار هه‌یه‌ بۆ دابینکردنى  ڤاکسینى فایزه‌ر دژ به‌کۆرۆنا، چونکه‌ به‌نیازن 9 ملیۆن ژه‌مه‌ ڤاکسین بکڕن که‌ تێچوى هه‌ر ژه‌مه‌ ڤاکسینێک 12 دۆلاره‌".

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد، سه‌ره‌تاى مانگى ئازارى ساڵى داهاتو ده‌گاته‌ عێراق و دو ژه‌مه‌ ڤاکسین بۆ 300 هه‌زار که‌س دابین ده‌که‌ن.

نزیکه‌ى 10 مانگ دواى بڵاوبونه‌وه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆنا، کۆمپانیاى فایزه‌رى ئه‌مریکى و هاوبه‌شه‌کانى داوایانکرد ئیداره‌ى ده‌رمان و چاره‌سه‌رى ته‌ندروستى ئه‌مریکا مۆڵه‌تیان پێبدات بۆ تاقیکردنه‌وه‌ى ڤاکسینێک دژ به‌کۆرۆنا، دواى تاقیکردنه‌وه‌شى له‌سه‌ر 40 هه‌زار که‌س له‌چه‌ندین وڵاتى جیهان کاریگه‌رى ڤاکسینه‌که‌ گه‌یشتوه‌ته‌ 95%.، ئه‌وه‌ش به‌رێژه‌یه‌کى به‌رز تۆمار کراوه‌ بۆ دڵنیابونه‌وه‌ى ته‌واو له‌به‌کارهێنانیدا.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار