ئیسرائیل باوکی ئەتۆمیی ئێران دەکوژێت

تیرۆر گورزێکی گەورە دژی ئێران

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

تیرۆری رەش کۆماری ئیسلامی ئێران رەش دەکات

دوای ئاشکرابوونی پەرەسەندنی چالاکیی بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێران نزیکەی (10) زانای بواری فیزیاو ئەتۆم لەو وڵاتە کوژراون کەدوایین نموونەیان کوشتنی موحسین فەخری زادە بوو کە بەپێشکەوتووترین پلانی تیرۆر لەجیهاندا لەقەڵەمدەدرێت و دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی بەگەورەترین گورز دژی کۆماری ئیسلامی ئێران هەژمار دەکرێت چونکە بەپێی ئەو زانیارییانەی کەمیدیاکانی ئێران ئاشکرایان کردووە بەچەکی ئۆتۆماتیک و لەڕێگەی مانگی دەستکردووە ئەو زانایە کوژراوەو زنجیرەی ئەم کوشتنانە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەتیرۆری رەش ناوی دەهێنرێت و بەرپرسانی وڵاتەکە راستەوخۆ ئەمەریکاو ئیسرائیل و بەریتانیا تۆمەتباردەکەن و ئەو سێ وڵاتە بەسێ گۆشەی رەش ناوزەد دەکەن.

کوشتنی فەخری زادە بەتیرۆری کەسی پێنجەمی باڵادەستی نێو بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەقەڵەمدەدرێت کە بەباوکی موشەکی و ئەتۆمیی ئێران دەناسرێت، بۆیە ئەم رووداوە بەگورزێکی کوشندەی دیکە دژی کۆماری ئیسلامی هەژمار دەکرێت کەپێشبینی دەکرێت کاردانەوەی توندی لێبکەوێتەوە.

دەستپێکردنی کوشتنی زانایانی ئەتۆمیی

تەلەفیزیۆنی ئێن بی سی (NBC) ئەمەریکا ئاشکرای کردووە لەساڵی (2007) چوار زانای ئەتۆمیی لەلایەن رێکخراوی موجاهیدنی خەلقی ئێران کە نەیاری کۆماری ئیسلامی ئێرانن، کوژراون و ئەمە دەستپێکی ئەو زنجیرە تیرۆرانەیە کە دژی زانایانی ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستیپێکردووە و لەساڵی (2010) تا (2012) شەش زانای ئەتۆمیی ئێران کراونەتە ئامانج و تەنها یەک کەسیان رزگاری بووەو کۆماری ئیسلامی ئێران دانی بەوەداناوە کە لەو دوو ساڵەدا پێنج زانای بواری ئەتۆمیی کوژراوەو تیرۆر کراون.

ئەو تەلەفیزۆنەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەکردووە کوشتنی موحسین فەخری زادە کە رۆژی هەینی (27/11/202) لەشارۆچکەی ئابسەرد لەتاران روویدا درێژکراوەی ئەو زنجیرە بەئامانجگرتنانەیە کە بووەتەهۆی کوشتنی زانایانی ئەتۆمیی ئێران.

سێگۆشەی رەش

ئیلی کوهن، وەزیری هەواڵگریی ئیسرائیل لەلێدوانێکیدا رۆژی هەینی و حەوت رۆژ دوای کوشتنی فەخری زاد رایگەیاند: بەهۆی کوشتنی موحسین فەخری زادە، خەویان لەچاوی زاناکانی دیکەی ئێران زڕاندووەو مەرگ چاوەڕوانی ئەو کەسانە دەکات کە دەبنەهۆی هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل و ناوچەکە و جیهان.

ئەم لێدوانەی کوهن بەگرتنە ئەستۆی کوشتنی زانا ئەتۆمییەکانی ئێران بەتایبەت فەخری زادە لەقەڵەمدەدرێت، بەڵام هیچ کاتێک ئیسرائیل بەوشێوەیە بەئاشکرا کوشتنی هیچ زاناو پسپۆڕێکی ئەتۆمیی ئێرانی لەئەستۆ نەگرتووەو ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کەکۆماری ئیسلامی ئێران بەبێ بەڵگە بانگەشەی ئەوەی نەکردووە کە (ئەمەریکا، ئیسرائیل، بەریتانیا) راستەوخۆو ناڕاستەوخۆ دەستیان لەکوشتنی زاناکانیدا هەیەو بەسێگۆشەی رەش ناوی هێناون.

دەزگای هەواڵگریی ئێران (ئیتلاعات) رایگەیاندووە؛ ئەو چەکە ئۆتۆماتیکەی کە لەڕێگەی مانگی دەستکردەوە موحسین فەخریی پێ تیرۆرکراوە لەلایەن ئەمەریکاوە دروستدەکرێت و هەر ئەمەش ئاماژەیە کە ئەمەریکا هاوشێوەی رابردوو دەستی لەو تیرۆرەدا هەیە.

بەڵگەی ئێران بۆ تۆمەتبارکردنی بەریتانیا لەتیرۆری زانا ئەتۆمییەکانی ئەوەیە، کە لەڕابردوودا چەند هاووڵاتییەکی بەڕەگەزنامە بەریتانیی بەتۆمەتی سیخوڕی لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی وڵاتەکەی دەستگیرکردووە و دانیان بەوەدا ناوە کەدەستیان هەبووە لەکوشتنی زانا ئەتۆمییەکاندا، بەڵام رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاشکرایان کردووە ئەو دانپێدانانە لەژێر فشاردا بووەو دووربون لەڕاستییەوە.

ئیسرائیل ئەزموونێک لەتیرۆری ئەتۆمیی

ئیسرائیل بڕوای وایە ئەگەر کۆماری ئیسلامی  ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمیی، دەبێتە گەورەترین هەڕەشە بۆسەر وڵاتەکەی، لەو چوارچێوەیەدا دەستی لەهیچ هەوڵێک بۆ راگرتنی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران نەپاراستووەو بەئاشکرا رایگەیاندووە هەر کەسێک ببێتە هەڕەشە بۆسەر وڵاتەکەی، دەیکاتە ئامانج، بۆیە هەمان رێگەی لەدژی زانا ئەتۆمییەکانی عێراق لەسەردەمی سەددام حسێن-دا گرتەبەرو ژمارەیەک زانای ئەتۆمیی عێراق بەدەستی سیخوڕەکانی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) لە فەڕەنساو چەند وڵاتێکی عەرەبی و ئەوروپا تیرۆر کران.

مۆساد مێژوویەکی دورودرێژی لەکوشتنی زانایانی بواری ئەتۆمیی و موشەکیی وڵاتانی (ئەڵمانیا، میسر، عێراق، ئێران) هەیەو گۆڤاری (ئەتلانتیک) لەساڵی (2012)دا راپۆرتێکی سەبارەت بەکوشتنی ژمارەیەک لەزاناکانی ئەو وڵاتانە بەدەستی مۆساد بڵاوکردووەتەوەو نووسیویەتی لەساڵی (1963) لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی دامۆکلس (Operation Damocles) وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بەهەوڵەکانی میسر بۆ پەرەپێدانی بواری موشەکیی، زانایەکی ئەڵمانیی بەناوی ئەتتو سکۆرتسێنی لەو وڵاتە لەڕێگەی پۆستکردنی پاکەتێکی بۆمبیی کوشت و دواتریش بەهەمان شێوە چەند پاکەتێکی پۆستیی بۆ ژمارەیەک زانای موشەکیی میسر رەوانە کردو پێنج زانای میسری کوشت.

مۆساد لەساڵی (1979) دوای ئەوەی عێراق گەشەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەستپێدەکات، هەوڵەکانی بۆ راگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەو وڵاتە دەخاتەگەڕو لەساڵی (1980) یەحیا ئەلمەشەد، زانای ئەتۆمیی و بەڕێوەبەری گەشەی بەرنامەی ئەتۆمیی عێراق لەهوتێلێک لەڕێگەی ژنێک لەبەرگی خزمەتکاری هوتێلەکەدا دەکوژێت کەدەوترێت ئەو ژنە، تسیبی لیڤنی بووە کە ئەوکات کاراکتەرێکی سەرەکی بووە بۆ بەئامانجگرتنی زانا ئەتۆمییەکانی عەرەب و بەتایبەت عێراق، لیڤنی لەساڵی (2006) تا (2009) وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بوو.

ئەگەرچی مۆساد بەکوشتنی یەحیا ئەلمەشەد گورزێکی کاریگەری لەعێراق دابوو، بەڵام دەستبەرداری کوشتنی زانا ئەتۆمییەکانی عێراق نەبوو لەڕێگەی تەقینەوە لەکۆمپانیایەک لەوڵاتی ئیتاڵیا ژمارەیەک زانای دیکەی عێراقی کوشت و دواتر دوو زانای دیکەی ئەو وڵاتەی ژەهراوی کردو گیانیان لەدەستدا.

ئەم هەوڵانەی مۆساد سەلمێنەری ئەوەیە کەئیسرائیل توانایەکی تایبەتی هەیە بۆ لەناوبردن و بەئامانجگرتنی ئەو کەسانەی بەجۆرێک لەجۆرەکان دەبنە مەترسیی بۆسەر بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی و لەو چوارچێوەیەشدا سڵ لەکوشتنی کەس ناکاتەوە ئەگەر ئەڵمانی و یان ئێرانی بێت، بۆیە کوشتنی موحسین فەخری زادە کەبەڕێوەبەری گەشەپێدانی بەرنامەی موشەکیی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بووە بەئامانجێکی گرنگی مۆساد هەژمار کراوە.

فەخری زادەی سوپای پاسداران

موحسین فەخری زادە لەدایکبووی ساڵی (1957) لەپارێزگای ئەسفەهان لە ئێران بووە و هەندێک میدیاو راگەیاندنی وڵاتەکەی زیاتر پێگە زانستییەکەی بڵاودەکەنەوە، لەکاتێکدا یەکێک بووە لەفەرماندە سەرەکییەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران و بەڕێوەبەری گەشەپێدانی بەرنامەی موشەکیی ئەو سوپایە بووە لەوڵاتەکەی کە رەنگە هەر ئەمەش وایکردبێت ئیسرائیل بیری لەکوشتنی کردبێتەوە .

گۆڤاری (فۆڕن پۆڵسی) بڵاویکردووەتەوە فەخری زادە خاوەنی بڕوانامەی ماستەر بووە لەبواری ئەندازیاری ئەتۆمی و بەپێنجەم کەسی بەهێزی ئێران لەقەڵەمدەدرێت و ناوی لەلیستی ئەو بەرپرسانەی ئێراندا بووە کەساڵی (2007) لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بەنەتەوەیەکگرتووەکانەوە سزایان بەسەردا سەپاوەو گەشتی دەرەوەیان لەژێر چاودێریدا بووە، ئەو بەمەبەستی گەشەپێدانی بەرنامەی موشەکی و ئەتۆمیی وڵاتەکەی هاوڕێ لەگەڵ حەسەن تارانی مۆقەدەم یەکێک لەفەرماندەکانی سوپای پاسداران لەشەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران، سەردانی کۆریای باکور دەکەن و لەنزیکەوە سێیەم تاقیکردنەوەی بۆمبی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە لەنزیکەوە دەبینن و چاودێریی ئەو تاقیکردنەوە ئەتۆمییە دەکەن.

فەخری زادە جگە لەوەی دەیان ناوەندی زانستیی تایبەت بەفیزیاو بایۆلۆژیی لەزانکۆکانی ئێران دامەزراندووە، لەساڵی (2011) ناوەندی پەرەپێدان و تووێژینەوەی بەرگریی (سپند)ی لەوەزارەتی بەرگریی و پشتیوانیی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دامەزراند کەئەرکی ئەو ناوەندە پەرەپێدانی بەرنامەی موشەکیی و سەربازیی وڵاتەکەیەتی.

دوو مانگ پێش تیرۆرکردنی فەخری زادە، (ئەنجومەنی نیشتیمانی بەرگریی ئێران) کە سەر بەڕێکخراوی موجاهیدنی خەلقی ئێرانە ئاشکرای کرد: دوو دامەزراوەی ئەتۆمیی ئێران لەباشوری تاران و شاری ئابادە لەپارێزگای فارس-ی ئەو وڵاتە بەسەرپەرشتیی موحسین فەخری زادەو ناوەندی (سپند) چەکی ئەتۆمیی تێدا تاقیدەکرێتەوە.

ساڵی (2010) رۆژنامەی گاردیەن-ی بەریتانی نووسی: گومان دەکرێت فەخری زادە بەرپرسی سەرەکیی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بێت و ساڵی (2012) رۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵ-ی ئەمەریکا فەخری زادەی بەمامۆستای بۆمبی ئەتۆمیی ئێران لەقەڵەمداو ساڵی (2014) رۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئەوی بە ئۆپنهایمەر(Julius Robert Oppenheimer)ی ئێران ناوبرد، چونکە ئۆپنهایمەر یەکەم زانای بەرهەمهێنی بۆمبی ئەتۆمیی ئەمەریکایە لەسەردەمی دووەم جەنگی جیهانی، سەرەڕای هەموو ئەمانە زۆربەی بەرپرسانی ئێران لەکاتی کوژرانی فەخری زادەدا هەوڵیاندا ئەو وەک مامۆستایەکی زانکۆو زانایەکی بایۆلۆژی لەقەڵەم بدەن، بەڵام عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لەپرسەنامەیەکدا دانی بەوەدا نا کەئەو پسپۆڕی بواری ئەتۆمیی وڵاتەکەی بووە.

بیانوی ئێران بۆ کشانەوە لەڕێککەوتنی ئەتۆمیی

دوای کوشتنی فەخری زادە، پەرلەمانی ئێران جارێکی دیکە پرۆژەو پلانی کشانەوەی لە رێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان وڵاتەکەی و وڵاتانی (5+1) هێنایەوە ناو دانیشتنەکانیەوەو دوای چەند رۆژ تاووتوێکردن، پلانەکە بە دوو خاڵی سەرەکی و بەپەلە وەک یاسا پەسندکرا کە لەماوەی یەک مانگدا حکومەت ناچاردەکات پیتاندنی یۆرانیۆم لە (120) کیلۆگرامەوە بۆ نزیکەی هەزارو (500) کیلۆ بەرزبکاتەوە، لەکاتێکدا بەپێی رێککەوتنی ئەتۆمی دەبێت رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران لە (300) کیلۆ کەمتر بێت، هەر ئەمەش ناکۆکیی لەنێوان بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا دروست کردووە، چونکە محەمەد باقر قاڵیباف سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاندوە بەرزکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم بووە بە یاساو حکوت ناچارە جێبەجێی بکات و ئەمە دەبێتە هەنگاوێک بۆ بەردەوامبوونی رێگەو رێبازی موحسین فەخری زادە، لەبەرامبەردا حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاندووە سەرجەم ئەندامانی تیمی حکومەت دژی بەرزکردنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراون لەوڵاتەکەیان و ئەم کارە دەبێتەهۆی ئەوەی نەتوانن دانوستان و گفتوگۆ لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی بەتایبەت لەگەڵ ئەمەریکا بکەن، هاوکات ئیسحاق جیهانگیری، جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری رایگەیاندووە نابێت پەرلەمان بەهیچ بیانوویەکەوە دەستوەردان لەپرسی ئەتۆمیی وڵاتەکەدا بکات، چونکە بەپێی دەستوری ئێران ئەو پرسە لەژێر بڕیارو فەرمانی عەلی خامنەیی، رێبەری وڵاتەکەو ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی ئێراندایە.

لەلایەکی دیکەوە محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە ئەو یاسایەی پەرلەمان هاوشێوەی کشانەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لەڕێککەوتنی ئەتۆمی دەبێتەهۆی پەراوێزکەوتنی وڵاتەکەمان.

کوشتنی فەخری زاد لەئێران بووەتە مایەی پەرەسندنی ململانێکانی نێوان حکومەت و پەرلەمان و هاوکات ناکۆکیی بەرپرسانی بۆ تۆڵەسەندەوە زەق کردووەتەوە.

ئێران بەدوای گۆڕەپانی تۆڵەوەیە

ئەگەرچی باڵیۆزو نوێنەری هەمیشەیی ئێران لەنەتەوەیەکگرتووەکان لەنامەیەکدا بۆ بەڕێوبەری نووسینگەی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لەڤیەننا داوای کردووە تیرۆری موحسین فەخری زادە، زانا ئەتۆمییەکەی ئێران، لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە ئیدانە بکرێت و کۆماری ئیسلامی ئێران دەیەوێت سکاڵای یاسایی لەدژی ئیسرائیل تۆمار بکات، بەڵام زۆرینەی بەرپرسانی سەربازیی و فەرماندەکانی سوپای پاسداران پەیامی توند بڵاودەکەنەوەو راستەوخۆ هەڕەشە لەئیسرائیل دەکەن.

عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێرانی سەبارەت بەکوژرانی موحسین فەخری زادە، لەپەیامێکدا وتی: پیرۆزبایی شەهیدبوون لەو زانایە دەکەم چونکە ئەمە پاداشتی خودایە بۆ ئەوو هاوکات سەرەخۆشی لەهەموو کەسوکارو خەڵکی ئێران دەکەم بۆ لەدەستدانی زانایەکی پایەبەرز، دەبێت بە زووترین کات هەموو رێگایەک بگیرێتەبەر بۆ دۆزینەوەو تۆڵەسەندنەوە لەهۆکارو بکەرانی ئەو تاوانەو پێویستیشە رێگەی زانست و پیشەیی ئەو زانایە بەردەوام بێت.

عەلی شەمخانی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای نیشتیمانی ئێران دوای کوشتنی فەخری زادە رایگەیاند: پێشتر گومانمان هەبووە کەئیسرائیل هەوڵی کوشتنی ئەو زانا ئەتۆمییە دەدات، چونکە لە رابردوشدا هەوڵی تیرۆکردنی دراوە بەڵام هەوڵەکە پووچەڵکرایەوە، بۆیە کارەکە پێشبینیکراو بوو ئێران وەڵامی گونجاوی دەبێت.

رۆژنامەی (کەیهان) کە سەر بەتوندڕەوکانی باڵی محافزکارو بەزمانحاڵی سوپای پاسداران لەقەڵەمدەدرێت، دوای کوشتنی فەخری زادە، بەناونیشانی (کاتی ئەوە هاتووە هێرش بکەینەسەر بەندەری حەیفا) نووسیویەتی: بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران پێشتر چەندجارێک وتوویانە ئەگەر ئیسرائیل هەڵەبکات هێرش دەکەینەسەر حەیفا لەو وڵاتە، بۆیە لەئێستادا کە ئاماژەکانی تیرۆرکردنی موحسین فەخری زادە، زانای بواری ئەتۆمیی و بەرگریی ئێران دەریدەخەن تەلئەبیب دەستی لەو تیرۆرەدا هەبووە، کاتی ئەوەیە کۆماری ئیسلامی ئێران هێرشی موشەکیی بکاتەسەر حەیفا لەئیسرائیل.

کەیهان جەختی لەوە کردووەتەوە وەڵامدانەوەی تیرۆری فەخری زادە نابێت هاوشێوەی موشەکبارانەکەی ئێران بۆسەر بنکەی (عەین ئەسەد)ی هێزەکانی ئەمەریکا لەعێراق بێت کەزیانێکی ئەوتۆی لێنەکەوتەوە، بەڵکو دەبێت بەندەری حەیفا لەئیسرائیل بەتەواوەتی لەناوبچێت بۆ ئەوەی هێرش و تیرۆرەکان لەدژی کۆماری ئیسلامی ئێران کۆتایی پێبێت و رابگیرێن.

عەلی رەبیعی، وتەبێژی حکومەتی ئێران لەوتارێکدا بۆ رۆژنامەی (ئێران) نووسیویەتی تیرۆری قاسم سولەیمانی و موحسین فەخری زادەو تیرۆرکردنی زانایانی ئەتۆمیی وڵاتەکەمان لە (10) ساڵی رابردوودا ئەنجامی ئەو سەرکەوتن و شانازییەیە کە لەبواری زانست و سیاسەت و ستراتیژیدا بەدەستمان هێناوەو ئامانج لەتیرۆری کوێرو زیرەکانە، تێکدانی ئاسایشی دەروونیی کۆمەڵگە و بێهیواکردنی خەڵک و سەرلێشواندنی ستراتیژیی ئێرانە، بەڵام مێژوی (40) ساڵی رابردووی کۆماری ئیسلامی ئێران پیشانیداوە ئەو تیرۆرانە ئەنجامی پێچەوانەی هەبووەو هاوکات کۆماری ئیسلامی بەو ئەزموونەی کە هەیەتی، کات و شوێنی جوگرافیایی وەڵامدانەوەو تۆڵەکردنەوە بەوردیی لێکدەداتەوەو ناکەوێتە داوی ئەو پیلانەی دوژمنان بەتایبەت ئەمەریکا و ئیسرائیل کەدەیانەوێت ئێران دەستبەجێ و لەناوچەکەدا یان لەو گۆڕەپانەی ئەوان دەستنیشانیان کردووە کاردانەوەی هەبێت، ئەو تیرۆرە بێ وەڵام نابێت، بەڵام لەگۆڕەپان و کاتێکدا کەئێران بۆ یارییەکە دیاریی دەکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار