ئەو فەرماندەیەی پاسداران کە لەسنووری سوریاو عێراق کوژرا کێ بوو؟

موسلیم شەهدان سەرپەرشتیی میلیشیاکانی سەر بەئێرانی دەکرد لەخۆرهەڵاتی سوریا لەگەڵ سێ کەسی تردا کوژرا

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

چەند سەرچاوەیەکی عێراقی و نێودەوڵەتی پشتڕاستیان کردەوە کە بەرپرسێکی سوپای پاسدارانی ئێرانی  بەناوی موسلیم شەهدان لەهێرشێکی درۆندا هەفتەی رابردوو لەسەر سنووری عێراق و سوریا کوژرا، ئەگەرچی حەشدی شەعبی ئەوە رەتدەکاتەوە.

کوشتنەکەی تەنها دوو رۆژ بوو دوای کوشتنی زانای ئەتۆمی باڵای ئێران، موحسین فەخریزادە، کە ئێران ئیسرائیل تۆمەتباردەکات بەکوشتنەکەی.

موقەدەم هیشام مستەفا سەرۆکی نوسینگەی هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی سیاسیی پارێزگای حەسەکە لەسوریا، وتی «درۆنێکی نەناسراو ئۆتۆمبیلێکی کردە ئامانج کە موسلیم شەهدانی تێدابوو، خۆی و سێ سەرنشینی تری دەستبەجێ کوشت.»

ئۆپەراسیۆنەکە لەناو سنووری سوریادا ئەنجامدرا، لەکاتێکدا کاروانەکەیان بەخاڵی پەڕینەوەی قائیم و ئەلبوکەمالدا تێدەپەڕی، کە لەعێراقەوە هاتبوون.

موقەدەم هیشام مستەفا وتی «سەرنج خرایەسەر شەهدان، کە فەرماندەیەکی باڵا بوو لەسوپای پاسداراندا، دوای ئەوەی فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسداران قاسم سولەیمانی لەهێرشێکی ئەمریکادا لەعێراق کوژرا لەکانونی دووەمی ئەمساڵدا».

مستەفا وتی «شەهدان بەرپرس بوو لەسەرپەرشتیکردنی میلیشیاکانی سەر بەئێران کە لەخۆرئاوای سوریا جێگیرکراون، لە باشوری رووباری فورات».

لەوانە میلیشیا عێراقییەکانی وەک کەتائیب حزبوڵا، حەرەکەت نوجەباو لیوای حەیدەریون؛ هێزەکانی حزبوڵای لوبنانی؛ هەروەها لیواکانی زەینەبیون و فاتمیون، کەیەکەمیان بەکرێگیراوانی پاکستانی و دووەمیان ئەفغانی لەخۆدەگرن.

وتی «شەهدان راستەوخۆ بەرپرس بوو لەچالاکییە تیرۆریستییەکانی میلیشیاکان، لەنێویاندا کوشتن و دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدانی دانیشتوانی ناوچەکان، هەروەها هەوڵدان بۆ هێنانەئارای گۆڕانی دیمۆگرافی.

موقەدەم هیشام مستەفا وتی «کوشتنی شەهدان گورزێکی تووند دەوەشێنێت لەئێران، بەتایبەتی کە ئۆپەراسیۆنەکە تەنها دوای دوو رۆژ روویدا لەتیرۆرکردنی فەخریزادە لەتاران».

وتیشی «کوشتنی شەهدان سەرلەشێوان و نیگەرانییەکی زۆری ئەمنیی هێناوەتە ئاراوە لە ریزەکانی ئەو میلیشیایانەدا کە بەدرێژایی سنووری عێراق و لە دێرەزوور و شامییە و مەیادین جێگیرکراون تا دەگاتە پایتەختی (سوریا) دیمەشق.»

هەروەها وتی «شێوازی کاری میلیشیاکان لەسەروبەری هەر هێرشێکدا پەنابردنە بۆ جێگۆڕکێ و تووندکردنەوەی ئەمنییەت لەو بنکانەی لێی جێگیرکراون، بەهەڵکەندنی خەندەق و پتەوکردنی بەربەستەکان بۆ خۆئامادەکردن بۆ هێرشی نوێ، بەڵام ئەوە نایانپارێزێت لەوەی دیسان بۆردومان بکرێن.»

بنکەکانی میلیشیاکانی سەر بەئێران لەناوچەکانی سەر سنووری عێراق و سوریا زۆر جاران دەکرێنە ئامانج لەڕێی فڕۆکەی نەناسراوەوە، کە لەجبەخانەکان و ئۆتۆمبیل و چەکداران دەدەن.

سەرچاوەکان بە کەناڵی عەرەبیەیان وت «گوێیان لەتەقینەوەیەک بووە نزیکی خاڵی پەڕینەوەی قائیم لەنێو خاکی سوریادا رۆژی یەکشەممە، بەناو راڕەوە ئەمنییەکان کە زۆرجاران لەلایەن کەتائیب حزبوڵا و میلیشیاکانی ترەوە بەکاردەهێنرێن بۆ جوڵە لەنێوان عێراق و سوریادا.»

ئێران و حەشد کوشتنەکەی رەتدەکەنەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئێران نکوڵی کرد لەکوشتنەکەی شەهدان و وتەبێژی وەزارەتەکە، سەعید خەتیبزادە، وتی وەزارەت «هیچ راپۆرتێکی پێنەگەیشتووە دەربارەی ئەو هێرشە».

میدیاکانی ئێران و زۆربەی میدیا فارسی زمانەکانی دەرەوەی وڵاتیش باسیان لەو بابەتە نەکردووە، هەروەها فەرماندەی هێزەکانی حەشدی شەعبی لەئەنبار قاسم موسڵح، نکوڵیکرد لەهێرشەکە.

بەڵام سەرچاوەیەکی حەشدی شەعبی بە سۆمەرییە نیوزی وت «حەشدی شەعبی کاریان بەوە نییە ئەو هەواڵ و رووداوە سەربازییانە بگوێزنەوە کە لەدەرەوەی کاروبارەکانی عێراقدان».

 بەڵام دوو بەرپرسی پلەبەرزی ئاسایشی عێراق بەشێوەی جیاجیا بەڕۆیتەرزیان وتووە؛ ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە لەگەڵ موسلیم شەهدان بوون، چەک و تەقەمەنیان پێبووە و بەتەمابوون بەرەو سووریا بیگوازنەوە، بەڵام پیش ئەوەی بگەنە ناو خاکی سووریا کەوتوونەتە بەر هێرشی مووشەکی.

ئەو دوو بەرپرسە پلەبەرزە ئەوەشیان وت کە گرووپە میلیشیاکانی عێراق کە سەر بەڕژێمی ئێرانن، بۆ گەڕانەوەی تەرمەکانیان هاوکارییان کردووە.

کوژرانی “موسلیم شەهدان” تەنیا چەند رۆژێک دوای کوژرانی “موحسین فەخریزادە” لەتاران روودەدات، کە ئێران ئیسرائیل بەکوشتنی “فەخریزادە” تۆمەتبار دەکات.

کاریگەری ئێران لەدەروازەکانی سوریا

چەند دەروازەیەکی نافەرمی لەنێوان سوریاو عێراق لەو ناوچەیەدا هەن، کە لەژێر کۆنتڕۆڵی کەتائیبی حزبوڵڵای عێراقدان، لەو رێگایانەوە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لەعێراقەوە دەچنە نێو سوریا.

پێشتریش چەند جارێک چەکدارانی سەر بەکەتائیبی حزبوڵڵا لەو ناوچەیە لەڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کراونەتە ئامانج، کە چەند ساڵێکە لەو ناوچەیە جێگیربوونە.

چاودێران هۆکاری رەتکردنەوەی تیرۆرکردنی فەرماندەکەی سوپای پاسدارانی ئێرانی لەلایەن فەرماندەکانی حەشدی شەعبی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە نایانەوێ لەبارەی پەڕینەوەی فەرماندە ئێرانییەکان لەعێراقەوە بەئاراستەی سوریا بێ گرتنەبەری رێوشوێنی فەرمی و یاسایی تووشی شەرمەزاری بن.

محەممەد حەبیب، نووسەرو رۆژنامەنووس وتی «پشت بەو رەتکردنەوەیەی حەشد نابەسترێت ئەگەر سەرچاوەیەکی دیکەی لەگەڵ نەبێت، لەماوەی رابردووشدا لێدوانی چەند کەسایەتییەکی نێو حەشد هاودژبوونە، حەشدیش لایەنی زۆر لەخۆدەگرێت و بەشێوەیەکی ناوەندی سەرپەرشتی ناکرێت.»

هەروەها مەعن جبوری، راوێژکاری پێشوو لەوەزارەتی بەرگریی عێراق وتی «ناوچەی سنووری نێوان عێراق و سوریا، بە یەکێک لەو خاڵە لەبارانە دادەندرێت کە سوپای پاسدارانی ئێران بۆ هاتوچۆکردن لەنێوان هەردوو وڵات بەکاریدێنن».

کاریگەریی سوپای پاسداران لەدێرەزوور

ماوەی چەند ساڵێکە سوپای پاسدارانی ئێران لەهەوڵدان بۆ راکێشانی دانیشتوانی دەێرەزوور وەکو ئهندامان بۆ نێو میلیشیاکانیان، بەزۆریش لاوان و هەرزەکاران دەکەنە ئامانج، کە لەهەژارترین خێزانەکانن یان لە بەشە گوندنشینەکانی پارێزگاکەن.

جەمیل عەبد چالاکوانێکی دێرەزوورە، وتی «پاسداران دەستیکردووە بەفراوانکردنی هەڵمەتەکانی لە چەند بەشێکی خۆرهەڵاتی پارێزگاکە وەک وەڵامێک بۆ هەڵمەتێکی روسەکان بۆ راکێشانی لاوانی ناوچەکە بۆنیو میلیشیای فەیلەقی (٥)».

باسی لەوەکرد کە راکێشەران هەژارترین خێزانەکان دەکەنه ئامانج، دایک وباوکانیش فشاریان لێدەکرێت و بەپارە هاندهدرێن بۆ ناردنی کوڕەکانیان بۆ پەیوەندیکردن بەمیلیشیاکانەوە.

موچەی دابینکراو زۆر نییەو (10) هەزار لیرەی سورییە کەدەکاتە (50 دۆلار) بهرزترینه که بدرێته راکێشراوێکی لاوی ئاسایی.

زۆربەی ئهوانه راکێشراون بۆ خزمهتکردن لەمیلیشیاکاندا لەڕێی بەشداریکردنیانەوە لە یهکهکانی دیدهوانیدا که لهلایهن ناوەندی کلتوری ئێرانی لەدێرەزوور رێکخراون.

جەمیل عەبد «ئەم یهکانهی دیدهوانی وەک پهروهرشگایهک خزمهتیان دهکردو مێشکی دیدهوانهکانیان بەئایدۆلۆژیای پاسداران دەشۆردەوەو هەندێک راهێنانی شێوازی سەربازییان پێدەکردن».

وتیشی «حزبوڵای لوبنانی وەک مۆدێلێک بهکارهاتووه بۆ ئامادەکردن و راکێشانی لاوان و ئاماژەیکرد بەوەی حزبوڵا بۆ ماوەی چەندین ساڵ هەمان شێوازی بەکارهێناوە لەهەوڵەکانی خۆیدا بۆ راکێشانی ئهندامان لەلوبنان».

پاسداران گەنجانی سوری رادەکێشێت بۆ گۆڕینی باوەڕیان

سوپای پاسدارانی ئێران بەردەوامە لەبرهوپێدانی ههژمونی خۆی لەپارێزگای دێرەزووری سوریا لەڕێگای چەندین ناوهندی کەلتوورییهوه کە لەهەرێمەکە کردوونیەتەوە.

جەمیل عەبد چالاکوانی دێرەزوور، وتی «ئەم ناوهندانه تەنیا بۆ کاری کەلتووری بەکارناهێنرێن، بەڵکو بۆ بڵاوکردنەوەی ئایدۆلۆژیای سوپای پاسداران و راکێشانی گهنجان بۆ نێو هێزەکانیشیەتی.»

هەروەها وتی «سوپای پاسداران ناوهنده کهلتووریهکانیان لەچەندین بەشی دێرەزوور کردۆتەوه کە لەژێر کۆنترۆڵیدایەو «ئۆپهراسیۆنی گەورەی ئەندام کۆکردنەوە لەژێر ناوی چالاکی کەلتووریدا ئەنجامدەدەن».

وتیشی «چالاکییە کەلتوورییەکان وانەوتنەوە لەخۆدەگرن بۆ بڵاوکردنەوەی ئایدۆلۆژیای مەزهەبگەراو سیاسیی سوپای پاسداران».

یەکێتی گەنجانی شۆڕشگێری سەر بەڕژێمی سوریا رێگای خۆشکردووە بۆ کاری ناوهنده کەلتوورییەکان.

یەکێتییەکە بەمدواییانە بانگهێشتی سەرۆکی ناوهندێکی کەلتووری کردبوو، کەهاووڵاتییەکی ئێرانییە و وانەی دهوتەوە لەبارەگای یەکێتییەکە لەشارۆچکەی جورا لهشاری دێرەزوور.

جەختیکردهوه لەپێویستی پشتیوانیکردن و بوونه ئەندام لە میلیشیاکانیداو باسیشی لەو سوودانه کردبوو کە کەسێک وەریدەگرێت لەسوپای پاسداران دوای ئەوەی دەبێتە ئەندامی لقێکی.

جەمیل عەبد وتی «ناوهنده کەلتوورییەکان دەستیانکردووە بەناردنی خوێندکاران بۆ زانکۆ ئێرانییەکان لەسەر بەخششی خوێندن، ئەولەویەتیش دراوە بەخوێندکارانی بابەتە ئایینیەکان.

وتیشی «بۆچوونەکە ئەوەیە دەرچووان بگەڕێنەوە لەئێرانەوە بۆ سوریا بۆ بڵاوکردنەوەی پرەنسیبە سیاسی و ئایینیەکانی کە سوپای پاسدارانی لەسەر دامەزراوە».

ناوهنده کەلتوورییەکان سەرنجیان لەسەر مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆو قوتابخانەکانە لەگەڵ کوڕانی سەربازانی رژێمی سوریا کە لەجەنگدا کوژراون.

جەمیل عەبد وتی «ئەمە لەژێر ناوی هاوکاری بۆ منداڵانی شەهیداندا ئەنجامدەدرێت، بەقۆستنەوەی رەوشی خراپی داراییان».

وتیشی «ناوه‌نده‌کان دیاری و پارەش دابەشدەکەن بەتایبەتی بەسەر منداڵانداو بۆنەی ئایینی دەگێڕن تا لەوکاتەدا باوەڕیان بگۆڕن».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار