ئەمریکاو ئەوروپا، ئەردۆغان بەسزا دەتۆقێنن

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

لەدوو بەرەوە تورکیا تەنگی پێهەڵچنراوەو سزای قورسی ئابوری چاوەڕێی دەکات بەجۆرێک رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی وڵاتەکەی ترساندووەو داوای «دیالۆگ و دانوستان» دەکات لەگەڵ سزا سەپێنەرەکان – ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا.

لە هەینی رابردوو، ١١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٠، ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا بەدەنگی (٨٤) ئەندام (سیناتۆر)ی ئەنجومەنەکە پرۆژەیاسای بەرگری نیشتمانی ٢٠٢١ی تێپەڕاندو لەبڕگەیەکیدا سەپاندنی سزا دیاری دەکات بەسەر تورکیادا بەهۆی کڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێس-٤٠٠ی رووسی.

لەڕۆژی بوون بەیاساوە، دەبێت لەماوەی (٣٠) رۆژدا سزا بسەپێنرێت بەسەر ئەنقەرەدا لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە کەپێشتر چەندین جار ڤیتۆی لەسەر سزا سەپاندن بەسەر تورکیادا کردبوو بەهۆی نزیکی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەردۆغاندا.

بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ لەمێژە داوای سەپاندنی سزا دەکەن بەسەر ئەنقەرەدا کاتێک لەتەمموزی ٢٠١٩ یەکەمین پارچەکانی سیستمەکەی پێگەشت، کە واشنتن پێیوایە سیستەمەکە دەکرێت بەکاربهێنرێت بۆ کۆکردنەوەی زانیارییە نهێنییەکانی فڕۆکەی ئێف-٣٥ی ئەمریکی.

بەپێی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ رووسیا ئەنجامی داوە، تورکیا دوو ملیار و (٥٠٠) ملیۆن دەدات بە مۆسکۆ لەبەرامبەر کڕینی سیستەمەکەدا  کە پێیوایە سیستمەکە پێویستییەکی هەنوکەییە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ململانێ سەربازییانەی لەدەوروبەری وڵاتەکەیدا هەن و رایگەیاندووە هاوپەیمانەکانی بەئەمریکاشەوە لەناتۆ نەیانتوانیوە جێگرەوەیەکی بۆ دابین بکەن – وەک سیستەمی بەرگری پایتریۆتی ئەمریکی - کە لایان قبوڵکراو بێت.

لە راپۆرتێکی تایبەتی ئاژانسی رۆیتەرز هاتووە، سزاکە ئاژانسی دابینکردنی بەرگری تورکیاو سەرۆکی ئاژانسەکە دەگرێتەوە کە ئیسماعیل دەمیرە.

بە پشتبەستن بەوتەی دوو بەرپرسی ئەمریکی، رۆیتەرز باسی لەوەش کردووە ئەمجارە دۆناڵد ترەمپ خۆی راوێژکارەکانی راسپاردووە بۆ سزا سەپاندن بەسەر ئەنقەرەدا.

تۆڕی میدیای بلۆمبێرگ لە راپۆرتێکیدا بڵاویکردووەتەوە دۆناڵد ترەمپ رەزامەندی خۆی دەربڕیوە لەسەر پاکێجێکی سزا کە لەلایەن مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوە، پێشنیاری بۆ کراوە بۆ سەپاندنی سزا بەسەر تورکیادا، بەڵام باس لەوە نەکراوە سزاکان چی لەخۆدەگرن.

بەپێی وتەی سەرچاوەکانی بلومبێرگ، سزاکان لەمیانی یاسای (رووبەڕووبونەوەی نەیارەکانی ئەمریکا لەڕێی سزاوە) یاخود کورتکراوەکەی (کاتسا)وە دەسەپێنرێت، کە هەمان یاسایە تێیدا سزای جۆراوجۆر بەسەر ئێراندا سەپێنراوە لەماوە چوار ساڵی دەسەڵاتی ترەمپدا.

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵانە لیرەی تورکی لەسەدا ١.٥٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینی کە لەمساڵدا زیاتر لەسەدا (٢٥) بەهای خۆی لەدەستداوە.

تەنها رۆژێک پێش پەسەندکردنی پرۆژەیاسەکەی کۆنگرێس، یەکێتی ئەوروپاش  بڕیاریدا سزای ئابوری بەسەپێنێت بەسەر ئەنقەرەدا لەبەر دەرهێنان و بەدواداگەڕانی گازی سروشتی لەدەریای سپی ناوەڕاست.

ماوەی چەند مانگێکی زۆرە گرژی لەنێوان یۆنان و تورکیا دروستبووە لەسەر مافی دەرهێنانی گازی سروشتی و تورکیا چەندین جار کەشتی ناردووە بۆ بەشی «قوبرسی تورکی»  کە ئەسینا و یەکێتی ئەوروپا پێیانوایە سەرپێچییەو سنوربەزاندنی خاکی قوبرسە.

تورکیا باس لەوە دەکات لەو ناوچەیەدا کار دەکات کەدەکەوێتە بەشی خۆیەوە کە قوبرسی تورکی مافی هەیە تێیدا.

بڕیارە لەچەند هەفتەی داهاتوودا جۆزێپ بۆریڵ، سەرۆکی کاروباری دەرەوەی یەکێتییەکە، ناوی ئەو کەس و کۆمپانیا تورکیانە ئاشکرا بکات کە سزاکە دەیانگرێتەوە.

سزاکان بریتین لەقەدەغەکردنی گەشت و بلۆککردنی چەند سەرمایەیەکی تورکی کە فەرەنسا و یۆنان پێیانوایە سزایەکی سووکە و داوای سزای سەختتریان کرد.

«ئەوروپا توانستی خۆی دەرخستووە بۆ بەرەنگاری تورکیا بە سەپاندنی سزا تا ئەوەی دەستهەڵبگرێت لەکردەوە تاکلایەنەکانی لەدەریای سپی ناوەڕاست. ئێمە مانگی تشرینی یەکەم هەلێکماندا بەتورکیاو پەیوەندیمان پێوەکردو مەرجمان بۆ دانان، بەڵام بە کۆی دەنگ تێبینی ئەوەمان کرد تورکی بەردەوام لەکردەوە تووندەکانی»، ئیمانیۆل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا وای وت.

دوابەدوای بڕیاری یەکێتییەکە، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە بەیاننامەکەیدا رایگەیاند رێکارەکان «لایەنگریی پێوە دیارەو نایاسایین»، جگە لەوەی دەبێت برۆکسل وەک «هەماهەنگکارێکی راستگۆ» هەڵسوکەوت بکات لەناکۆکییەکەدا.

هەروەها ئەوەش هاتووە کە یەکێتییەکە پیویستە بە «ژیری» مامەڵە لەگەڵ کێشەکە بکات نەک گوێ لە داخوازییەکانی یۆنان بگرێت.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا دوابەدوای هەواڵەکە لەکۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ بەرپرسانی پارتەکەی وتی: «ئێمە پەیوەندی رەگداکوتاوی سیاسی و ئابوریمان هەیە لەئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا کەناکرێت هیچ لایەکیان فەرامۆشی بکەن یان لەدەستی بدەن. هیچ کێشەیەک نییە کە لەڕێی دیاکۆگ و هەماهەنگییەوە چارەسەر نەکرێت».

سزاکانی یەکێتی ئەوروپا تەنها سەرەتایەو لەمانگی ئازاری ٢٠٢١ جۆزێپ بۆڕێڵ سزای فراوانتر رادەگەیەنێت دوای ئەوەی یەکێتییەکە دانوستان لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریکا دەکات.

ئەنجێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا دوابەدوای بڕیاری یەکێتییەکە رایگەیاند تاووتوێی قەدەغەی ناردنی چەکیان کردووە لەگەڵ ئەوەی چۆن لە لوتکەی ناتۆ باس بکرێت، هەروەها رایگەیاند «دەمانەوێت هەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەمریکا بکەین دەربارەی تورکیا».

جۆو بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، چەندینجار جەختی لەوە کردووەتەوە لەبەرامبەر تورکیاو ئەردۆغاندا تووند دەبێت و سەرپێچییەکانی ئەنقەرە فەرامۆش ناکات.

یەکێتی ئەوروپاو ناتۆ لەپلانیاندایە لوتکەیەک رێکبخەن لەگەڵ جۆو بایدن دوای ئەوەی لەکانونی دووەمی ٢٠٢١ دەسەڵات دەگرێتە دەست.

بەپێی  ئاماری ئاژانسی یۆرۆستات-ی سەر بەیەکێتی ئەوروپا، لەساڵی ٢٠١٨دا یەکێتییەکە بە بەهای (٥٤) ملیۆن و (٥٣) هەزار دۆلار چەکی هەناردەی تورکیا کردووە کەمووشەکیش لەخۆدەگرێت، بەڵام فرۆشتنی فرۆکەی جەنگی بەوڵاتەکە دەگاتە نزیکەی چەند ملیار یۆرۆیەک.

پەیمانگەی توێژینەوەی ئاشتی نێودەوڵەتی ستۆکهۆڵم بڵاویکردووەتەوە ئەمریکا، ئیتاڵیا، هەروەها ئیسپانیا یەکەمی ریزبەندییان گرتووە لەهەناردەکردنی چەک بۆ تورکیا.

چەندین وڵاتی ئەوروپی وەک فینلەندا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، ئیسپانیا، هەروەها سوید لەتشرینی یەکەمی ٢٠١٩ رێککەوتن لەسەر ئەوەی فرۆشتنی چەک کەم بکەنەوە یان رایبگرن بەتورکیا، بەڵام نەیانتوانی بەکۆی یەکێتییەکە بڕیار بدەن لەسەر بابەتەکە.

بڕیاری ئەو وڵاتانە دوای ئەوە دێت کەتورکیا پەلاماری رۆژئاوای کوردستانی دا لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩و چەندین ناوچەی ژێردەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)یان داگیرکرد.

وڵاتانی ئەوروپی کە ئەندامیش نین لە رێکخراوی ناتۆ، لەسەر چەندین بابەتی تریش نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە لەمەڕ کردەوەکانی تورکیا وەک دەستتێوەردانی ئەنقەرە لەجەنگی ناوخۆیی لیبیاو سوریا هەروەها کڕینی سیستەمی بەرگری ئێس-(٤٠٠) لە رووسیا.

ئەوروپییەکان باس لەوە دەکەن سیستەمی بەرگری ئێس- (٤٠٠) لەگەڵ سیستەمی بەرگری ناتۆدا ناگونجێت و دەبێتە هۆی پێدانی زانیاری رێکخراوکە بە رووسیا.

«سزا خۆی لەخۆیدا کۆتایی نییە ئەگەر تورکیا بەردەوام بێت لەکردەوە تووندەکانی. چاوەرێ دەکرێت تورکیا رێبازی خۆی بگۆڕێت و وادیارە ئەوروپا  یەکگرتووەو پشتگیری یۆنان و قوبرس دەکات»، کیریاکۆس میتسۆتاکیس، سەرۆک وەزیرانی یۆنان وای وت.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار