ئێران لەبەرداشی دوو سەرۆکدا؛ بەرەو لێواری هەڵدێر

4 ساڵ لەمەوپێش



 هاوڵاتى

سزا نێودەوڵەتییەکانی سەر ئێران و قەیرانە ئابورییەکان، ئەو وڵاتەی گوشیوەو کەوتووەتە ژێر گەورەترین فشاری سیاسی و نێودەوڵەتیی مێژویی خۆیەوە، لەگەڵ ئەم دۆخەدا قەیرانی حوکمڕانیی لەو وڵاتە بەدژایەتی و ململانێی ئاشکرای نێوان سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی پەرلەمان بووەتە قەیرانێکی گەورەتر کەئێرانی تالێواری هەڵدێڕ بردووە، چونکە ئەو دوو سەرۆکایەتییە لەدۆخێکی زۆر هەستیاری وڵاتەکەیاندا سەرقاڵی سەپاندنی هەیمەنەی خۆیانن بەبێ گوێدانە پێگەی سیاسەتی نێودەوڵەتی و دۆخی ناوخۆیی وڵاتەکەیان، حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران بەئاشکرا رایگەیاندووە نابێت پەرلەمان دەستوەردان لەکاروباری حکومەتدا بکات و لەبەرامبەردا محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمان پرۆژە یاسای پەسندکراوی پەرلەمانی بۆ هەڵگرتنی سزا نێودەوڵەتییەکانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە کەپێچەوانەی رێوشوێنە ئیداری و حوکمڕانییەکانە، هاوکات قاڵیباف دژی بودجەی حکومەت وەستاوەتەوەو ئەمەش وای لە رۆحانی کردووە کەزیاتر توڕە ببێت و بەپێی میدیاکانی ئێران سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە پێچەوانەی رابردوو شمشێری بۆ شەڕ راکێشاوە.

رۆحانی؛ سیاسەت بەمێزەرو عەباوە

«رۆحانی خومەینی دەکات بەئیمام»

حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران کە لەلایەن ریفۆرمخوازانی ئەو وڵاتەوە پشتیوانی لێدەکرێت و لەشارۆچکەی (سورخە) لەپارێزگای سمنان لەدایک بووەو ئێستا تەمەنی (72) ساڵەو ناوی ئەو پێشتر حەسەن فەرەیدون بووەو دوای ئەوەی خوێندنی ئاینی لەشاری (قوم) خوێندووەو گەیشتووەتە پلەی ئاینیی موجتەهیدو نازناوەکەی لەساڵی (1961) بە رۆحانی واتە کەسی ئاینیی گۆڕیوە، ئەو بەیەکێک لەهەوادارانی سەرسەختی روحەڵڵا خومەینی، دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی ئێران لەقەڵەمدەدرێت و رۆحانی یەکەم کەس بووە کە لەڕێوڕەسمێکدا لەساڵی (1977) خومەینی وەک (ئیمام) لەقەڵەمدەدات و خومەینی دەکاتە خاوەنی هەمیشەیی پێشگرەی ئیمام و تەنانەت لەدەستوری ئێراندا وەک ئیمام خومەینی ناوی دەهێنرێت، رۆحانی لەساڵی (1972) چووەتە زانکۆی تاران و لەبواری (یاسا)دا خوێندویەتی و دواتر چووەتە بەریتانیا و لەساڵی (1995) پلەی دکتۆرای لەیاسای دەستوریدا بەدەستهێناوە، ئەو توانیویەتی لەپێنج خولی پەرلەمانی وڵاتەکەیدا بەشدار بێت و جێگری سەرۆکی پەرلەمان بووە لەخولی چوارەم و پێنجەم، وەک خۆی دەڵێت ئەزموونی (20) ساڵی لەبواری پەرلەماندا هەیە، لەسێ خولی چوار ساڵەشدا نوێنەری تاران بووە لە(ئەنجومەنی دەستەبژێرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران)، ئەو لە ساڵی (1989) بۆ ساڵی (2005) ئەندامی (ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانیی) وڵاتەکەی بووە، هاوکات لەساڵی (1992) تا (2013) سەرۆکی (ناوەندی توێژینەوەی ستراتیژیی ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران) بووەو ساڵی (2013) دوای خۆکاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماریی، توانی (18) ملیۆن دەنگ لەهەڵبژاردنەکانی وڵاتەکەیدا بەدەستبهێنێت و شکست بە محەمەد باقر قاڵیباف بهێنێت کە بەشەش ملیۆن دەنگ، سێیەم جاری بوو کەخۆی بۆ بەدەستهێنانی ئەو پۆستە کاندید کردبوو.

رۆحانی جارێکی دیکە لەساڵی (2017) خۆی بۆ سەرۆک کۆماریی خولی دوانزەیەم لەکۆماری ئیسلامی ئێران کاندید کردو توانی بەبەڵێنی بەردەوامبونی رێککەوتنی ئەتۆمیی و باشکردنی دۆخی ئابوریی زیاتر لە (23) ملیۆن دەنگ واتە (57%)ی دەنگەکان بەدستبهێنیت و  جارێکی دیکە ئەو پۆستە مسۆگەر بکاتەوە کەسەرکەوتنی دوناڵد ترەمپ لەهەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە (2016) و کشانەوەی واشنتۆن لەڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی (5+1) بەفەرمانی ترەمپ بووە هۆی ئەوەی رۆحانی هیچ یەک لەبەڵێنەکانی بۆ جێبەجێ نەکرێت و ئەمە وایکرد لایەنی محافزکارانی کۆماری ئیسلامی ئێران کەخۆیان بەدژی رێککەوتنی ئەتۆمیی لەقەڵەمدەدا هەلەکە لەبەرژەوەندیی خۆیان بقۆزنەوەو لەهەڵبژارنەکانی ئەنجومەنی شورای ئیسلامی ئێران (پەرلەمان ) لەسەرەتای (2020) سەرکەوتن بەدەستبهێنن و بەمسۆگەرکردنی (221) کورسی لەکۆی (272) کورسی، پەرلەمانی ئێران بەتەواوەتی بدەستەوە بگرن و تەنها (20) کورسی پشتیوانی رۆحانی و باڵی ریفۆرمخوازن بۆ لایەنگرانی مایەوەو ئەمە وایکرد هەڵوێستی پشتیوانەکانی حکومەت و لایەنگرانی ریفۆرمخواز لەپەرلەمانی ئێران بەتەواوەتی لاواز بێت و تەنانەت ململانێکان گەیشتە ئەوەی لەپەرلەمانی ئێران داوای لەسێدارەدانی رۆحانی دەکرا بەهۆی ئەو قیرانە ئابورییەی رووبەڕووی وڵاتەکە بووەتەوە، بۆیە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لەچەند لێدوانێکدا داوایکرد پەرلەمان و حکومەت ناکۆکییەکانیان زەق نەکەنەوەو نەبنە هۆی ئاڵۆزی و لاوازیی وڵاتەکە و دڵخۆشیی دوژمنان.

قاڵیباف سەربازێکی سەرکوتکار

محەمەد باقر قاڵیباف، لەدایکبووی ساڵی (1961) لەپارێزگای خوراسان-ە لەئێران، باوکی کوردو دایکی فارس-ە، بەڵام هیچ کات ئاماژەیەکی تایبەتی بەکوردبوونی خۆی یان باوکی لەژیانی سیاسی و تایبەتیدا نەکردووە تەنها ئەو لەساڵی (1978) وەک ئەندامێکی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەرکوتی نەیارە کوردەکانی کۆماری ئیسلامی رووی لە رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە و لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی ئێران و عێراق لەساڵی (1980) بووەتە یەکێک لەفەرماندەکانی بواری هەواڵگریی ئەو جەنگە لەئێران و دواتر لەتەمەنی (29) ساڵیدا پلەی (عەمید)ی پێبەخشراو بووە گەنجترین فەرماندەی سوپای پاسدارن لەو سەردەمەداو لەساڵی (2004) بووەتە فەرماندەی ناوەندی بونیادنانی (خاتەمولئەنبیا) سەر بەسوپای پاسداران، ئەو کەخاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لەبواری جوگرافیای سیاسیی، لەساڵی (1997) بەبڕیاری خامنەیی دەکرێتە فەرماندەی گشتیی هێزە ئاسمانییەکانی سوپای پاسداران و لەساڵئ (1999) بۆ مەبەستی تاقیکردنەوەی فڕۆکەوانیی ئەیرباس رووی لەفەڕەنسا کردووەو لە ئێستاشدا بە رەسمی ئەندامی تیمی فڕۆکەوانانی کۆمپانیای فڕۆکەوانیی (ئێران ئەیر)ی وڵاتەکەیەتی و ساڵی (2000) بە بڕیاری عەلی خامنەیی بووە فەرماندەی گشتی هێزەکانی پۆلیسی ئێران و رۆڵی باڵای هەبوو لەنوێکرنەوەی هێزەکانی پۆلیسی وڵاتەکەی و نوێترین چەک و کەرەستەی سەردەمییانەو پێشکەوتووی بۆ پۆلیسی ئێران دابینکردو ئەو هێزانە لەسەردەمی قاڵیبافدا زیاترین دەوریان هەبوو لەسەرکوت و گرتنی رۆشنبیران و رۆژنامەوانان و تەنانەت قاڵیباف دانی بەوەدا نا کەساڵی (2009) وەک پۆلیسێک بەسواری ماتۆڕەوە دژی خۆپیشاندەران و ناڕەزایەتییەکان وەستاوەتەوەو هێرشی کردووەتە سەر خۆپیشاندەران، قاڵیباف لەساڵی (2005) تا (2017) سەرۆکی شارەوانیی تارانی پایتەختی وڵاتەکی بووە، کە هەر لەو ماوەیەدا زیاترین دۆسیەی گەندەڵیی لەسەر تۆمار کراوەو تۆمەتبارە بەکڕینی هەزاران دۆنم زەوی بەنرخی هەرزان و نیوەی نرخ و زیاتر لەدوو هەزار دۆسیەی گەندەڵی لەسەر تۆمار کراوەو تۆمەتبارە بەدامەزراندنی نایاسایی (13) هەزار کەس لەپێناو سەرکەوتن لەهەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی لەئێران و قەرزاربوونی بەبڕی سێ هێندەی بودجەی شارەوانیی تاران کەدەکاتە نزیکەی سێ ملیار دۆلار.

ئەو لەساڵی (2015) بووەتە ئەندامی ئەنجونی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و لەساڵی (2020) خۆی بۆ خولی  یانزەیەمی پەرلەمانی وڵاتەکەی لەسەر لیستی محافزکاران کاندید کردو بووە پەرلەمانتارو بە (230) دەنگ بووە شەشەمین  سەرۆکی پەرلەمانی کۆماری ئیسلامی ئێران.

ململانێ لەگەڵ رۆحانی یەخەی وەزیرەکانی گرتووە

لەهەڵمەتی بانگەشەی کاندیدەکانی پۆستی سەرۆک کۆماری لەساڵی (2013)و لەگفتوگۆیەکی تەلەفیزیۆنیدا قاڵیباف بە رۆحانی وت ئەوکاتەی تۆ لەگەڵ فڕانسۆ میتران سەرۆکی فەڕەنسا سەرقاڵی قاوە خواردنەوە بووی، ئێمە بەموشەکەکانی دروستکراوی ئەو وڵاتە لەشەڕی نێوان عێراق و ئێران دەکراینە ئامانج، کە لەبەرامبەردا رۆحانی وتی من شارەزای کاروباری سەربازیی نیم و کاری سیاسی و دیپلۆماسی دەکەم و وەک تۆ ناتوانم خەڵک سەرکوت بکەم، ئەم گفتوگۆیە بووە هۆی دروستبونی بریسکەی ئاگرێک لەنێوان رۆحانی و قاڵیباف و لەئێستاشدا کە رۆحانی سەرۆک کۆمارەو قاڵیباف سەرۆکی پەرلەمان ئەو ئاگرە زیاتر پەلی هاویشتووەتە بەڕێوبردنی وڵاتەکەوەو تائێستا پەرلەمان بەسەرۆکایەتی قاڵیباف داوای لێپێچنیەوەی لەزۆربەی وەزیرەکانی کابینەی رۆحانی کردووەو بیژەن زەنگە، وەزیری نەوت بەدەنگی زۆرینەی پەرلەمانتارن کارتی زەردی بەڕوویدا بەرز کراوەتەوەو لەلێواری لێسەندنەوەی متمانە دەربازی بوو، هاوکات محەمەد جەواد زەریف دوای چەند جارێک بانگهێشتکردن لەپەرلەمان لێپرسینەوەی لێکراو تەنانت پەرلەمان ئاڵۆزیی تێکەوت و وەڵامەکانی زەریف سەبارەت بە رێککەوتنی ئەتۆمیی رەتکرایەوەو لەئێستادا پەرلەمان داوای لێپێچینەوەو لێسەندنەوەی متمانە لەوەزیری کشتوکاڵ و وەزیری دارایی حکومەتەکەی رۆحانی دەکات، لەکاتێکدا حکومەتەکەی رۆحانی تەنها شەش مانگی ماوە.

پەرلەمان پلانەکانی حکومەت رەتدەکاتەوە

پێشتر حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاندبوو هاوکاریی مادیی حکومەت بۆ (60) ملیۆن هاووڵاتیی ئێران بەمەبەستی دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیان تەرخاندەکات، بەڵام پەرلەمان رەتیکردەوەو رایگەیاند ناکرێت ئەو بڕە زۆرە پارە بۆ هاووڵاتیان دابین بکرێت و ئەمە زیانی گەورە بەئابوریی وڵاتەکە دەگەیەنێت، بۆیە جارێکی دیکە رۆحانی رایگەیاند کەحکومەتەکەی بۆ ماوەی چوار مانگ، مانگانە (100) هەزار تمەن بۆ (30) ملیۆن کەسی دانیشتوی ئێران تەرخان دەکات و قەرزی یەک ملیۆنی کەدەکاتە (40) دۆلار بۆ (10) ملیۆن خێزان دابین دەکات کە لەماوەی (30) مانگدا وەردەگیرێتەوەو ئەمەش وەک پشتیوانییەکی حکومەتە بۆ بژێویی خەڵک لەسەردەمی کۆرۆناداو هەنگاوی دیکەش بەڕێوەیە کەئەو پلانەش دوای دوو هەفتە تاووتوێکردن و رەخنەگرتنی پەرلەمان پەسندکرا.

بودجە و پەرلەمان و حکومەت

حکومەت لەڕەشنووسی بودجەی ساڵی (2021) ویستی قەرەبووی خستنەخوارەوەی فرۆکە گەشتیارییەکەی ئۆکرانیا لەسندوقی گەشەی نیشتیمانیی ئێران رادەستبکات کەدەگاتە نزیکەی (200) ملیۆن یۆرۆ، بەڵام پەرلەمان ئەو بڕگەیەی لەبودجەی رەتکردەوەو هاوکات سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاند پێچەوانەی بانگەشەکان، حکومەت لەبودجەی ساڵی داهاتوو پشتی بەفرۆشتنی نەوت بەستووەو ئەمە لادانە لەبەڵێنەکانی حکومەت، چونکە ئەگەر نەتوانێت ئاستی فرۆشی نەوت بگەیەنێتە زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیلی رۆژانە ئەوا تووشی کورتهێنانی بودجە بەڕێژەی زیاتر لە (10) ملیار دۆلار دەبینەوە، بۆیە پەرلەمان نەشتەرگەریی بۆ بودجەی حکومەت دەکات.

شەڕی ئاماری پەرلەمان و حکومەت

بەپێی تووێژینەوەی پەرلەمانی ئێران ئاستی بێکاریی لەوڵاتەکەدا گەیشتووەتە (24%)، لەکاتێکدا دامەزراوەی ناوەندی ئاماری ئێران ئاستی بێکاریی بە (9.8%) بڵاوکردووەتەوە کەجیاوازیی ئەم دوو ژمارەیە زیاترە لەدوو هێندە، بەڵام بەزمانێکی سادە دەکرێت بووترێت ژمارەکەی پەرلەمانی ئێران لەڕاستییەوە نزیکە، چونکە بەچاوخشاندێکی خێرا کەبەرزبوونەوەی هەڵاوسان گەیشتووەتە (46%)، دەردەکەوێت بێکاریی لەوڵاتەکەدا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، چونکە بەرزبوونەوەی ئاستی بێکاری و ئاستی هەڵاوسان پەیوەندیی راستەوخۆیان بەیەکترەوە هەیە.

هاوکات هەر بەپێی راپۆرتێکی ناوەندی تووێژینەوەکانی پەرلەمانی ئێران؛ حکومەت لەساڵی رابردوودا بۆ چارەسەری کورتهێنانی بودجە، بەبڕی (80) هەزار ملیار تمەن یان (80) ترلیۆن، پارەی نوێی چاپکردەوە کە بەپێی خەمڵاندنەکان بەدۆلار بەنرخی سیستمی حکومەت (نیما) دەکاتە زیاتر لەحەوت ملیار دۆلار، لەکاتێکدا کورتهێنانی بودجەی حکومەت لەنێوان ساڵانی (2019 بۆ 2020) زیاتر بووە لە (131) هەزار ملیار تمەن، چونکە حکومەت لەسەر بنەمای فرۆشتنی رۆژانەی نەوت بودجەی داڕشتووەو سزاکانی ئەمەریکا بووەتە هۆی رێگریی لەفرۆشتنی ئەو بڕە نەوتەی حکومەت کە بەبەهای (448) هەزار ملیار تمەن پێشبینی کردبوو.

پەرلەمان رێککەوتنی ئەتۆمیی هەڵدەوەشێنێتەوە

پەرلەمانی  ئێران بەبیانوی پابەندنەبوونی وڵاتانی (5+1) بە رێککەوتنی ئەتۆمیی و تیرۆری موحیسن فەخری زادە، زانای ئەتۆمی و بەرپرسی گەشەی بەرنامەی موشەکیی ئەو وڵاتە، پەسندکردنی پرۆژە یاسایەکی دوو خاڵیی بەپەلەی بۆ زیادکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم راگەیاند کەدەبێت حکومەت بەپێی ئەو پرۆژە یاسایە لەماوەی یەک مانگدا پیتاندنی یۆرانیۆم لە (120) کیلۆوە بۆ زیاتر لە هەزارو (500) کیلۆگرام زیادبکات و ئەمەش پێچەوانەی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران و وڵاتانی جیهانەو ئەگەر ئەو پرۆژە یاسایە جێبەجێ بکرێت هەموو سزا نێودەوڵەتییەکان دژی ئێران چالاک دەکرێتەوەو ئەمە راستەوخۆ ناڕەزایەتیی و کاردانەوەی حەسەن رۆحانی، ئیسحاق جیهانگیری، جێگری یەکەمی سەرۆک کۆمارو محەمەد جواد زەریف وەزیری دەرەوەو عەلی رەبیعی، وتەبێژی حکومەتی لێکەوتەوە، بەڵام لەنوێترین پەیامدا قاڵیباف رایگەیاند پرۆژە یاساکەی بەپێی دەسەڵاتەکانی خۆی خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، چونکە حکومەت ئامادە نەبووە ئەو پڕۆژە یاسایە بخاتە بواری جێبەجێکردنەوەو ئەمەش پێشێلکردنی دەستوری وڵاتەکەیە لەلایەن حکومەتەوە.

پەرلەمان و حکومەت میدیاکان بەخۆیانەوە سەرقاڵ دەکەن

زۆربەی میدیاکانی ئێران بووەتە گۆڕەپانی ململانێکانی حکومەت و پەرلەمان و لەو چوارچێوەیەدا رۆژنامەی (ئیبتیکار) نزیک لەڕیفۆرمخوازان بەناونیشانی (بازاڕی تانەو تەشەر لەنێوان حکومەت و پەرلەماندا گەرمە) نووسیویەتی: ململانێی پەرلەمان و حکومەت بەردەوامەو رۆژانە لایەنی جیاوازی ئەو ململانێیە دەردەکەوێت، محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمان و پەرلەمانتاران لەلایەک و حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆمارو تیمی حکومەت لەلایەکی دیکەوە بەتانەو تەشەرەوە وەڵامی یەکتری دەدەنەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە کەدۆخی ئابوریی وڵاتەکە خراپەو ژیان و بژێویی خەڵک لەژێر فشاری ئابوریدایە، بەڵام پێناچێت بەرپرسان ئامانجێکی دیکەیان جگە لەشکستی یەکتر هەبێت.

بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەکە پەسەندکردنی دوو پرۆژە یاسای تایبەت بەکشانەوە لە رێککەوتنی ئەتۆمیی لەلایەن پەرلەمانەوە بووەتەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاو پێویستییە سەرەکییەکانی بژێویی و کاریگەرییەکی خێراو خراپی لەسەر ئابوریی هەیە، بۆیە رۆحانی لەلێدوانێکدا وتی: دەستی هەموو ئەوانەی دەیانەوێت خزمەت بەخەڵک بکەن ماچ دەکەم، بەڵام رێگەبدەن ئەوانەی زیاتر لە (25) ساڵە ئەزموونی سیاسی و دیپلۆماسییان هەیە بەهێمنی سەرقاڵی ئەو رێککەوتنە ئەتۆمییە بن، لەبەرامبەردا قاڵیباف لەدیدارێکی تەلەفیزیۆنیدا وتی: حەوت ساڵە چاوەڕوانی هەنگاوی حکومەتین و پڕۆژە یاسای ئێمە بۆ کشانەوە لە رێککەوتنی ئەتۆمی نەبووە، وتمان چونکە لایەنی بەرامبەر پابەندی رێککەوتنەکە نەبووە ئێمەش ئاستی پابەندبوونەکەمان بەو رێککەوتنەوە کەمبکەینەوە.

لەلایەکی دیکەوە رۆژنامەی (ئارمانێ میللی) کەزمانحاڵی حکومەتە نووسیویەتی: پرۆژە دوو خاڵییەکەی پەرلەمانی ئێران بۆ کشانەوەی بەپەلەی حکومەت لە رێککەوتنی ئەتۆمیی، بووە بەیاساو لەلایەن ئەنجومەنی چاودێریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پەسند کراوە، بەڵام حکومەت دژی ئەو یاسایە نامەی بۆ ئەحمەد جەننەتی، سەرۆکی ئەنجومەنی چاودێریی  ناردووەو لەبەرامبەردا محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لەنامەیەکدا بۆ حەسەن رۆحانی، داوای کردووە حکومەت لەیەک مانگدا دەبێت یاسای پەرەپێدانی بواری ئەتۆمیی جێبەجێ بکات وەک ئاماژەیەک بۆ پابەندنەبوونی لایەنەکانی ناو رێککەوتنەکە.

بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەکە پڕۆژەو پلانی پەرلەمان دوای تاووتوێکردنی لەلایەن ئەنجومەنی چاودێریی کۆماری ئیسلامی ئێران دوو رەخنەی لێگراوەو بۆ چاکسازیی رەوانەی پەرلەمان کراوەتەوە ئەو مۆڵەتەی دراوە بەحکومەت لەیەک مانگەوە بووە بەدوو مانگ و پەسند کراوە، بەڵام حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران و سەرجەم ئەندامانی تیمی حکومەت دژی ئەو یاسایەن.

ئیسحاق جیهانگیری، جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێران لەنامەیەکدا بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی چاودێری کۆماری ئیسلامی ئێران داوای کردووە پەرلەمان دەستوەردان لەپرسی ئەتۆمیی وڵاتەکەیدا نەکات، چونکە بەپێی دەستورو بەبڕیاری عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، پرسی ئەتۆمی رادەستی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی کراوەو سەرەکیترین پرسی ئاسایشی وڵاتەکەیە.

جیهانگیریی وتوویەتی: لەپرسی ئەتۆمیی ئێراندا تەنانەت حکومەت ناتوانێت بڕیاری یەکلاکەرەوە بدات و هەندێک جار حکومەتیش تەنها راپۆرت لەسەر ئەو بابەتە بۆ ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی دەنێرێت و بڕیار لای ئەنجومەنەکەیە، بۆیە ئەو پڕۆژەیەی پەرلەمان بۆ زیادکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم وەک دەستوەردانێکی نەگونجاوەو پێویست ناکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار