ئه‌ردۆغان و کازمی گفتوگۆیان له‌سه‌ر هه‌نارده‌ى نه‌وت کردووه‌

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى
باڵیۆزى عێراق له‌ تورکیا ئاشکراى کرد که‌ سه‌رۆکوه‌زیرانى عێراق و سه‌رۆک کۆمارى تورکیا له‌ کۆشکى سه‌رۆکایه‌تى ئه‌و وڵاته‌ له‌ ئه‌نقه‌ره‌ى پایته‌خت کۆبوونه‌وه‌ و تێیدا، دۆسیه‌ى هه‌نارده‌کردنى نه‌وت و پرسى ئاو پاراستنى سنوره‌کانیان کردووه‌.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 17ى کانونى یه‌که‌مى 2020، حه‌سه‌ن جه‌نابى باڵیۆزى عێراق له‌ تورکیا رایگه‌یاند:"مسته‌فا کازمى سه‌رۆکوه‌زیرانى عێراق له‌ سه‌ردانه‌که‌یدا دۆسییه‌کانى ئه‌منى و تیرۆر و دزه‌کردنى تیرۆرستان له‌ سنوره‌کانى نێوان هه‌ردوو وڵات و ئۆپراسیۆنه‌  سه‌ربازییه‌کانى  په‌یوه‌ست به‌ تیرۆرى له‌گه‌ڵ تورکیا تاوتوێ کردووه‌".

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد باس له‌ به‌هێزکردنى لیژنه‌کان و به‌تایبه‌تى لیژنه‌ى باڵاى هاریکارى ستراتیژى و لیژنه‌ى ئابورى هاوبه‌ش به‌سه‌رۆکایه‌تى وه‌زیرى نه‌وت و وزه‌ى هه‌ردوو وڵات تاوتوێ کراون به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر هاورده‌کردنى نه‌وتى خاو.

هاوکات، جه‌نابى جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ که‌ چالاکترکردنى ئاڵوگۆڕه‌ بازرگانى وئابورییه‌کان که‌ له‌ ئێستادا ده‌گاته‌ 16 ملیار دۆلارى ساڵانه‌ زیاتر په‌ره‌ى پێ بدرێت له‌گه‌ڵ دۆسییه‌ى هاریکارى له‌بوارى ئاو و سنوره‌کان.

له‌لایه‌کى دیکه‌وه‌، نوسینگه‌ى مسته‌فا کازمى، سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق له‌راگه‌یه‌ندراوێکدا ئه‌وه‌ى خستۆته‌روو له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌ى ئه‌مڕۆیدا له‌گه‌ڵ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆک کۆمارى تورکیادا گفتوگۆیان له‌باره‌ى به‌هێزکردنى هاریکارى ئابورى و ئه‌منى و په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان به‌غداد و ئه‌نقه‌ره‌ کردووه‌.

هه‌روه‌ها له‌ راگه‌یه‌نراوه‌که‌دا هاتووه‌:" گفتوگۆ له‌باره‌ى په‌یوه‌ندیه‌کانى نێوان دوو وڵات و رێگاکانى به‌هێزکردنى له‌ چه‌ندین بواردا و خسته‌نه‌ڕووى چه‌ندین بابه‌تى گرنگ و په‌یوه‌ست به‌ په‌یوه‌ندییه‌کانیان کردووه‌".

نوسینگه‌ى کازمى ئه‌وه‌شى روونکردووه‌ته‌وه‌ که‌ باس له‌ رێگاکانى به‌هێزکردنى هاریکارییه‌ ئابوورییه‌کانى نێوان به‌غداد و ئه‌نقه‌ره‌ کراوه‌ و داواکرا کۆمپانیا تورکییه‌کان له‌ عێراق ده‌ست به‌ وه‌به‌رهێنان بکه‌ن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار