ئێران موشەک‌و فرۆکەی بێفڕۆکەوانی رەوانەی عێراق کردووە بۆ تۆڵەکردنەوەی سولەیمانی

4 ساڵ لەمەوپێش



‌هاوڵاتى

لەسەروبەندی یەکەم ساڵیادی کوشتنی قاسم سولەیمانی- فەرماندەی پیشووی فەیلەقی قودس- لەلایەن ئەمریکاوە، تا دێت گرژییەکانی واشنتن و تاران پەرەدەستێنێت، هەر لایەکیش هەڕەشە لەوی تر دەکات و باڵیۆزخانەی ئەمریکاش لەعێراق کەوتووەتە بەر هەڕەشەیەکی جددی، دوای ئەوەی ئێران چەندین مووشەکی رەوانەی عێراق کردووە بۆ تۆڵەکردنەوەی سولەیمانی.

لەنوێترین پێشهاتدا، ئێران چەندین موشەکی مەودا کورت و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی رەوانەی عێراق کردووەو لەدامەزراوەو بنکەی سەربازیی گروپە چەکدارییەکانی عێراق هەڵیگرتووە.

بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی ئەلقەبەسی کوەیتی، کە لەزاری چەند سەرچاوەیەکی ئێرانییەوە باسی دەکات، داغڵکردنی ئەو موشەک و کەلوپەلە سەربازییانە بۆ ئەوەیە لەچەند ئامانجێک بدرێت لەچەند هەفتەی داهاتوودا، یاخود دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئۆفیسی سەرۆکایەتی بەجێدەهێڵێت لە ٢٠ی کانونی دووەمی ٢٠٢١.

ئەمە لەکاتێکدایە ئەمریکاو ئیسرائیل چەند هەفتەیەکە نیگەرانن لەجموجوڵەکانی ئێران و رایانگەیاندووە ئێران رەنگە بەنیازی هێرشی تۆڵەکردنەوە بێت لەیەکەم ساڵیادی کوشتنی قاسم سولەیمانی کە لەلایەن فرۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکییەوە  لەفرۆکەخانەی بەغداد بەئامانج گیرا لە ٣ی کانونی دووەمی ٢٠٢٠.

گرژییەکانی واشنتن و تاران لەهەفتەی رابردووەوە قوڵتربووەوە، کاتێک کۆمەڵە موشەکێک ئاراستەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەغداد کراو بووەهۆی زیانێکی زۆری ماددی بەهاووڵاتیان و زیانێکی کەمی ماددی بەباڵیۆزخانەکە گەیاند، جگە لەبرینداربوونی سەربازێکی عێراقی.

بەپێی هەڵسەنگاندنی شانەی ئەمنی عێراق موشەکەکان هەشت موشەک بوون کەئاراستەی ناوچەی سەوز کراون، بەڵام لەهەڵسەنگاندنی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکادا موشەکەکان ژمارەیان (٢١) موشەک بووە، کە ئەمەش گەورەترین هێرشە کرابێتەسەر باڵیۆزخانەکە لە (١٠) ساڵی رابردوودا.

بەپێی وتەی جەنەراڵ کێنز مەکێنزی، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا کە بۆ واڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی قسەی کردووە، ئەم هێرشە گەورەترین هێرش بووە کەکرابێتە سەر باڵیۆزخانەکە لەساڵی ٢٠١٠ەوە.

هەواڵی بڵاوبوونەوەی ناردنی موشەک و فرۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ عێراق، دوای ئەوەدێت کە هەینی رابردوو محەمەد حیجازی، جێگری فەرماندەی فەیلەقی قودس، بەڵێنی تۆڵەکردنەوەی کوشتنی قاسم سولەیمانی دا.

لەکۆنگرەیەکی رۆژانامەوانیدا حیجازی باسی لەهێرشە موشەکییەکانی سەرەتای ئەمساڵ کرد لە ٨ی کانونی دووەمی ٢٠٢٠ بۆ سەر بنکەی عەین ئەسەد کەهێرشێکی تۆڵکردنەوە بوو بۆ لەدەستدانی سولەیمانی و رایگەیاند ئەوە تەنها «زللەیەک»ی ئێران بوو لەئەمریکا.

حیجازی وتیشی، «ئێمە دوو زللەی تریش دەدەین لەئەمریکا» بەڵام «تۆڵە بەهێزەکە» لەکاتی خۆیدا ئەنجامدەدرێت.

لەناوەڕاستی ئەم مانگەدا، عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران لەتویتێکدا رایگەیاند، «ئەوانەی فەرمانی کوشتنی جەنەڕاڵ سولەیمانییان دەرکردو ئەوانەی هێرشەکەیان ئەنجامدا دەبێت سزابدرێن، بەدڵنیاییەوە تۆڵە لەکاتی گونجاوی خۆیدا روودەدات».

هەر زوو هێرشە موشەکییەکانی یەکشەممەی رابردوو بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەغداد خرایە ئەستۆی ئێران لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە.

ترەمپ لەتویتێکدا کەوێنەی چەند موشەکێکی ئێرانی دانابوو رایگەیاند، «دەنگۆی ئەوە دەبیستین کەهێرشی زیاتر بەڕێوەیە بۆ سەر ئەمریکییەکان لەعێراق... ئامۆژگارییەکی دۆستانە بۆ ئێران: ئەگەر یەک ئەمریکی بکوژرێت، ئەوا من ئێران بەبەرپرسیار دادەنێم».

لەچەند هەفتەی رابردووشدا ژێردەریایی ئەمریکی و ئیسرائیلی بینراون لەکەنداوو مانگی رابردووش ئەمریکا فرۆکەی جەنگی زەبەلاحی بی-٥٢ی رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد.

بەرپرسانی ئیسرائیلی و ئەمریکی ئێرانیان ئاگادارکردووەتەوە کەگورزێکی کوشندەی بەردەکەوێت ئەگەر بیر لەتۆڵەکردنەوەی سولەیمانی بکاتەوە.

ئەڤیڤ کۆڤەچی، بەرپرسی هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل، لەچەند رۆژی رابردوودا رایگەیاند، «ئێمە زیاترو زیاتر دەبیستین لەبارەی هەڕەشەکانی سەر ئیسرائیل لەئێرانەوە. ئەگەر ئێران و هاوبەشەکانی.. هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل ئەوا باجێکی زۆر قورس دەدەن».

لەمانگی ئەیلولی ئەمساڵدا مایک پۆمپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، هەڕەشەی داخستنی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی کرد لەبەغداد ئەگەر عێراق هێرشەکانی میلیشیاکانی ئێران نەوەستێنێت بۆ سەر ناوچەی سەوز.

هەرچەندە هێرشەکان بۆ ماوەیەک وەستان دوای ئەوەی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەردانی ئەمریکای کردو رایگەیاند داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا داڕمانی «سیاسی و ئابوریی» دروستدەکات لەعێراقدا.

هێرشە موشەکییەکەی ئەمدواییەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا دووبارە نیگەرانی دروستکردووە لای بەرپرسانی ئەمریکا کەحکومەتی عێراقی دەسەڵاتی بەسەر میلیشیاکاندا نییە.

تەنانەت ئەگەری شەڕی ناوخۆش لەئارادایە دوای ئەوەی چەند چەکدارێکی عەسائیبی ئەهلی حەق لەگرتە ڤیدیۆیەکدا رایانگەیاند: ئێمە عەسائیبی ئەهلی حەقین، بەچەکی خۆمان شەڕی ئەمریکای داگیرکەرمان کردووەو تاوەکو ئێستاش لەبەرامبەر بەکرێگیراوانی ئەمریکا چالاکین، دەستبردن بۆ هەر موجاهیدێک دەستبردنە بۆ ئێمە، بە بەڕێز قەیس خەزعەلی دەڵێین ئێمە چاوەڕێی ئاماژەیەکین».

ئەم گرتە ڤیدیۆییە دوای ئەوە دێت کەهیزە ئەمنییەکانی عێراق پێنج کەسیان لەگروپەکە دەستیگرکرد کە تۆمەتباربوون بەئەنجامدانی هێرشە موشەکییەکانی سەر ناوچەی سەوز لەیەکشەممەی رابردوودا.

دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆییەکەو هاتنە سەر شەقامی چەند چەکدارێکی گروپەکە، مستەفا کازمی وەک دڵنیاییەک بۆ رەواندنەوەی ترسی خەڵک بەئۆتۆمبێلە تایبەتییەکەی خۆی لەگەڵ ھێزێکی ئەمنی چووە سەر شەقامەکانی بەغدادو رایگەیاند بۆ رووبەڕوونەوەی یەکلاکەرەوە ئامادەن.

لەهەفتەی رابردوودا ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس، لەسەردانێکی نهێنیدا گەیشتە بەغدادی پایتەخت و راپۆرتە هەواڵییەکان باس لەوەدەکەن لەگەڵ گروپە چەکدارەکان و بەرپرسانی حکومەتی عێراقی کۆبووەتەوە.

ئەسیل ئەلنوجەیفی، سیاسەتمەداری عێراقی و پارێزگاری پێشووتری نەینەوا، رایگەیاند کە قائانی لەسەردانەکەیدا بۆ بەغداد گڵۆپی سەوزی بۆ حکومەتی عێراقی هەڵکردووە تاهەموو ئەو گروپە چەکدارانە سەرکوت بکات، کە نابەرپرسیارانە هەوڵسوکەوت دەکەن، بەتایبەتی ئەوانەی دەستیان هەبووە لەهێرشەکەی ٢٠ی ئەم مانگەدا بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا.

شەفەق نیوزی عێراقیش بڵاویکردەوە کە قائانی لەگەڵ مستەفا کازمی کۆبووەتەوەو ئێرانی بێبەری کردووە لەهێرشە موشەکییەکان.

بەڵام لەلایەکی ترەوە ماڵپەری ئەلحورەی ئەمریکی لەڕاپۆرتێکدا لەزاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە کە قائانی لەگەڵ چوار بەرپرسی گروپە چەکدارییەکان کۆبووەتەوەو پێی راگەیاندوون لەئامادەباشیدابن بۆ هێرشی ئەمریکا.

بەپێی وتەی سەرچاوەکان، قائانی لەگەڵ قەیس خەزعەلی سەرۆکی گروپی عەسائیبی ئەهلی حەق، ئەحمەد حەمداوی فەرماندەی کەتیبەکانی حزبوڵا، ئەکرم کەعبی سەرۆکی گروپی حزبوڵای نوجەبا، هەروەها شبل زەیدی سەرۆکی گروپی ئیمام عەلی کۆبووەتەوەو پێی وتوون «لەئامادەباشیدا بن بۆ هەر هێرشێکی ئەمریکاو ئەگەر ئەمریکا هێرشی کردەسەر ئێران ئەوا دەبێت بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەعێراق بکەنە ئامانج».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار