ئه‌ندامێکى کۆمه‌ڵه‌ى گه‌ردونناسى ته‌کساس: خۆرگیرانى ته‌واو له‌هه‌رێمى کوردستان رووده‌دات

6 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى
ئه‌ندامێکى کۆمه‌ڵه‌ى گه‌ردونناسى ته‌کساس درێژترین مانگ گیران له‌م سه‌ده‌یه‌ ڕووده‌دات و هه‌ساره‌ى مه‌ریخ زۆر نزیک ده‌بێته‌وه‌ له‌ گۆى زه‌وى و بۆ چه‌ند ڕۆژێک ده‌بێته‌ چواره‌م دره‌وشاوه‌ترین ته‌نى ئاسمان له‌ دواى خۆر، مانگ، ڤینۆس، ئه‌وه‌ش ئاشکرا ده‌کات که‌ له‌ کوردستان نیمچه‌ مانگ گیران یه‌کسه‌ر له‌ دواى کاتژمێر نۆى شه‌و ده‌ستپێده‌کات، دوایى ده‌بێته‌ مانگ گیرانى ته‌واو.

لوقمان حه‌وێز، ئه‌ندامى کۆمه‌ڵه‌ى گه‌ردونناسى ته‌کساس له‌ هه‌ژمارى تایبه‌تى خۆى له‌ فه‌یسبووک، ڕایگه‌یاند:"دوو دیارده‌ى گه‌ردوونى سه‌رنجڕاکێش ڕووده‌ده‌ن، که‌ له‌ کۆتایى ئه‌م مانگه‌ ڕووده‌ده‌ن، ئه‌وانیش یه‌کێکیان بریتیه‌ له‌ ڕوودانى درێژترین مانگ گیران له‌م سه‌ده‌یه‌، ئه‌وى تریش نزیک بوونه‌وه‌ى هه‌ساره‌ى مه‌ریخه‌ له‌ گۆى زه‌وى به‌ شێوه‌یه‌ک دره‌وشانه‌وه‌که‌ى به‌شێوه‌یه‌کى زۆر به‌رچاو زیاد ده‌کات".

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شى ئاشکرا کردووه‌ که‌ "مانگ گیرانه‌که‌، له‌ ئێواره‌ى ڕۆژى هه‌ینى 27 ى ته‌مموزى ئه‌مساڵ 2018 ده‌ست پێده‌کات، له‌ کوردستان نیمچه‌ مانگ گیران یه‌کسه‌ر له‌ دواى کاتژمێر نۆى شه‌و ده‌ستپێده‌کات، دوایى ده‌بێته‌ مانگ گیرانى ته‌واو، تێکڕاى ماوه‌ى مانگ گیرانه‌که‌ پتر له‌ چوار کاتژمێر ده‌خایه‌نێت، له‌و چوار کاتژمێره‌ یه‌ک کاتژمێر و 43 خوله‌ک مانگ به‌ته‌واوى ده‌گیرێت، ئه‌مه‌ش به‌ درێژترین مانگ گیرانى ئه‌م سه‌ده‌یه‌ داده‌نرێت”.

 

دیارده‌ى مانگ گیران دیارده‌یه‌کى سروشتیه‌ و هیچ کاریگه‌ریه‌کى خراپى له‌سه‌ر ژیان یان گۆى زه‌وى نیه‌، ئه‌مه‌ش ڕووده‌دات کاتێک گۆى زه‌وى ده‌که‌وێته‌ سه‌ر یه‌ک هێڵ له‌ نێوان خۆر و مانگ، له‌و کاته‌دا زه‌وى به‌رى تیشکى خۆر ده‌گرێت و سێبه‌رى زه‌وى ده‌که‌وێته‌ سه‌ر مانگ، به‌مه‌ش مانگ نیمچه‌ تاریک هه‌ڵده‌گه‌ڕێت، ڕه‌نگه‌که‌ى سوور باوێکى زۆر تاریک ده‌رده‌که‌وێت، له‌و کاته‌دا مانگ گیرانى ته‌واو ڕووده‌دات.


لوقمان حه‌وێز،ئه‌وهێماى بۆ ئه‌وه‌ش، دیارده‌ى دووه‌م نزیکبوونه‌وه‌ى هه‌ساره‌ى مه‌ریخه‌ له‌ گۆى زه‌وى به‌ ڕاده‌یه‌ک دره‌وشانه‌وه‌ى له‌ ئاسمان له‌ دره‌وشانه‌وه‌ى هه‌ساره‌ى جوپیته‌ر (موشته‌ری) زیاتر ده‌بێت، "هه‌ساره‌ى مه‌ریخ له‌کاتى سوڕانه‌وه‌ى به‌ده‌ورى خۆر له‌سه‌ر خولگه‌که‌ى له‌ دوورترین خاڵیدا دووریه‌که‌ى له‌ گۆى زه‌وى ده‌گاته‌ نزیکه‌ى 401 ملیۆن کیلۆمه‌تر، له‌ نزیکترین خاڵیشیدا دووریه‌که‌ى ده‌گاته‌ 54.6 ملیۆن کیلۆمه‌تر".

هاوکات، ئه‌و ئه‌ندامه‌ى کۆمه‌ڵه‌ى گه‌ردونناسى ته‌کساس مه‌ریخ له‌ نێوان 27 ى ته‌مموز تاوه‌کو 31 ى ته‌مموزى ئه‌م مانگه‌ دووریه‌که‌ى ده‌بێته‌ 57.6 ملیۆن کیلۆمه‌تر، ئه‌مه‌ش واى لێده‌کات دره‌وشانه‌وه‌ى به‌ڕاده‌یه‌کى زۆر به‌رچاو زیاد بکات، له‌ ڕاستیدا دووریه‌که‌ى له‌ به‌روارى 28 ى ئابى ساڵى 2003 له‌ گۆى زه‌وى گه‌یشته‌ نزیکه‌ى 55.7 ملیۆن کیلۆمه‌تر، ئه‌مه‌ش نزیکترین خاڵ بووه‌ له‌ گۆى زه‌وى له‌ ماوه‌ى 60 هه‌زار ساڵى ڕابردوودا.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار