‌ئینیستتوتى په‌ى: په‌لامارى هه‌شت په‌رله‌مانتارى کوردستان دراوه‌

4 ساڵ لەمەوپێش



 هاوڵاتى
ئینیستتوتى په‌ى که‌ به‌شێک له‌ ئه‌رکه‌کانى چاودێرى کاره‌کانى په‌رله‌مان ده‌کات، راپۆرتى ساڵانه‌ى خۆى بڵاوکرده‌وه‌و ئاشکراى ده‌کات که‌ له‌ماوه‌ى ئه‌مساڵه‌دا له‌8 په‌رله‌مانتار دراوه‌و په‌رله‌مانتارێکیش پارێزبه‌ندى لێسه‌ندراوه‌ته‌وه‌.
له‌ راپۆرته‌که‌ى ئه‌و رێکخراوه‌دا که‌ کۆپیه‌کى بۆ"هاوڵاتى" نێردراوه‌، تیایدا هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ژماره‌ى دانیشتن و کاتژمێره‌کانى و ژماره‌ى یاسا ده‌رکراوه‌کان و بڕیاره‌کان کراوه‌.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌کراوه‌ که‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌کان چه‌ندجار له‌و ساڵه‌دا قسه‌یان کردووه‌، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا به‌درێژایى  ئه‌مساڵ 2020 دوو په‌رله‌مانتار هیچ قسه‌یه‌کیان نه‌کردووه‌، چوار په‌رله‌مانتاریش یه‌کجار قسه‌یان له‌ دانیشتنه‌کاندا کردووه‌.
ده‌قى راپۆرته‌که‌..
په‌رله‌مانى کوردستان به‌ ژماره‌
پوخته‌ى کارو چالاکییه‌کانى په‌رله‌مانى کوردستان له‌ ساڵى 2020 ى قه‌یران و کۆرۆنادا


ساڵى 2020 له‌ جیهان به‌گشتى و له‌کوردستان به‌تایبه‌ت، ساڵى قه‌یران و نه‌هامه‌تى و گرژى و ئاڵۆزى بوو، قه‌یرانه‌کانى ئابووری، سیاسی، ته‌ندروستی، په‌روه‌رده‌یى و کۆمه‌لایه‌تى ته‌شه‌نه‌ى سه‌ندبوو، بار و گوزه‌رانى هاولاتیان سه‌خت بوو و ئه‌گه‌ر وابڕوات به‌ره‌و خراپتریش ده‌چێت، که‌شى سیاسى گرژبوو، جا چ له‌نێوان هیز و لایه‌نه‌ کوردستانیه‌کان بێت یا له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، یا له‌گه‌ل ولاتانى ده‌وروبه‌ر، ڤایرۆسى کۆڤید-19 بڕستى له‌به‌ر هاولاتیان بڕیبوو و په‌کى هاتووچۆ و کارو کاسبى خستبوو، پرۆسه‌کانى په‌روه‌رده‌و فێرکردن و خوێندنى بالا په‌کیان که‌وتبوو و تا ئێستاش ده‌ستیان پێ نه‌کردۆته‌وه‌، به‌هه‌ده‌ردانى سامان و داهاتى ناوخۆ زۆر و زۆرتر بوو له‌لایه‌ن هێزه‌ باڵا ده‌سته‌کان و کۆمپانیاو گروپه‌کانیانه‌وه‌. ئه‌مانه‌و چه‌ندان قه‌یران و بابه‌تى تر که‌ به‌رۆکى خه‌لکى کوردستانى گرتبوو، ئه‌وه‌ى ده‌بوایه‌ رۆڵى هه‌بێت و جێده‌ستى به‌سه‌ر روداوه‌کانه‌وه‌ دیار بێت په‌رله‌مانى کوردستانه‌ که‌ پێویست بوو وه‌ک له‌یاسادا هاتووه‌ مه‌رجه‌عى باڵا بێت، نه‌ک سه‌رقاڵى کارى لابه‌لا بێت.
ئێمه‌ وه‌ک (ئینستتیوتى په‌ى بۆ په‌روه‌رده‌و گه‌شه‌ پێدان) که‌ ماوه‌ى حه‌وت ساڵه‌ به‌ هاوکارى و پشتیوانى رێکخراوى سندوقى نیشتمانى بۆ پاڵپشتى دیموکراسى (NED) ى ئه‌مه‌ریکى (پرۆژه‌ى چاودێرى و هه‌لسه‌نگاندنى په‌رله‌مانى کوردستان)مان گرتۆته‌ ئه‌ستۆ و تا ئێستا (16) راپۆرتمان له‌سه‌ر بلاوکردۆته‌وه‌،به‌مه‌به‌ستى دروستکردنى فشارى مه‌ده‌نى و راسته‌ڕێ کردنى کارى په‌رله‌مانى و پێگه‌یشتنى پرۆسه‌ى دیموکراسى و هێنانه‌کایه‌ى کۆمه‌ڵێکى مه‌ده‌نى له‌ هه‌رێمى کوردستاندا، بۆ ئه‌وه‌ى رۆَڵى په‌رله‌مانى کوردستان وه‌ک خۆى و روونتر بۆ هاولاتیان بخه‌ینه‌ روو، له‌م کورته‌ راپۆرته‌دا ته‌نها به‌ ژماره‌ باس له‌ په‌رله‌مان ده‌که‌ین له‌ماوه‌ى یه‌ک ساڵى رابردوودا، که‌ ئاخۆ به‌ ئه‌رکه‌کانى خۆى هه‌ڵساوه‌ وه‌ک مه‌رجه‌عێکى باڵا، یاخود رۆڵى په‌راوێز خراوه‌و سه‌رقاڵ کراوه‌ به‌کارى لابه‌لا!؟

ئینستتیوتى په‌ى بۆ په‌روه‌رده‌و گه‌شه‌پێدان
31/12/2020
 
په‌رله‌مانى کوردستان به‌ ژماره‌
ز    بابه‌ت    ژماره‌    تێبینی
1    ژماره‌ى دانیشتنه‌کانى په‌رله‌مان که‌ ئه‌نجامدراوه‌    16    به‌پێى په‌یره‌و پێویست بوو له‌و ماوه‌یه‌دا که‌ دوو خولى گرێدانى (پایزه‌) و (به‌هاره‌) له‌خۆده‌گرێت، (70) کۆبوونه‌وه‌ى ئاسایى ئه‌نجام بدات، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌ى نائاسایى که‌ له‌کاتى پشووه‌کاندا ده‌کرێت.
2    ژماره‌ى دانیشتنه‌کانى په‌رله‌مان که‌ دواخراوه‌    4    به‌هۆى ململانێى سیاسى و لاوازى ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تیه‌وه‌ کۆبوونه‌وه‌کان دواخراون.
3    کاتژمێرى دانیشتن و کۆبوونه‌وه‌کانى په‌رله‌مان    59:00    په‌رله‌مان له‌ماوه‌ى ساڵێکدا ته‌نها په‌نجاو نۆ کاتژمێر کۆبۆته‌وه‌، له‌ڕابردوودا کۆبوونه‌وه‌ هه‌بووه‌ نیو کاتژمێر و کۆبوونه‌وه‌ش هه‌بووه‌ ده‌ کاتژمێرى خایاندووه‌، ئه‌گه‌ر وه‌ک نه‌ریتێک وه‌ریبگرین و هه‌ر کۆبوونه‌وه‌یه‌ک ته‌نها (3) کاتژمێرى بۆ دابنرێت، پێویست بوو به‌لاى که‌مه‌وه‌ له‌ماوه‌ى ئه‌م ساڵه‌دا په‌رله‌مان (210) کاتژمێر کۆ ببێته‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ کاتژمێرى کۆبوونه‌وه‌ نائاساییه‌کان ئه‌گه‌ر بکرابووایه‌.
4    ئاماده‌ نه‌بوونى ئه‌ندامان له‌ کۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مان    168    له‌ کۆى ئه‌ندامان له‌ کۆبوونه‌وه‌کاندا (168) جار ئاماده‌نوبوونى ئه‌ندامان تۆمار کراوه‌، جا به‌هۆى ئاماده‌نه‌بوونه‌که‌ به‌هۆى (غیاب)ه‌وه‌ بووبێت، یا مۆڵه‌ت یا بایکۆت، به‌لام ئه‌و ژماره‌یه‌ى به‌رده‌سته‌ ته‌نها ئاماده‌ نه‌بوونى (12) کۆبوونه‌وه‌یه‌، ژماره‌ى ئاماده‌ نه‌بوونى (4) کۆبوونه‌وه‌ى تیانیه‌ چونکه‌ له‌به‌رده‌ست نه‌بوو و سه‌رۆکایه‌تى راینه‌گه‌یاندووه‌.
سه‌باره‌ت به‌ ناوى ئه‌وانه‌ى ئاماده‌ نه‌وبوون له‌ کۆبوونه‌وه‌کان هه‌مووى له‌ پێگه‌ى پرۆژه‌ى چاودێرى په‌رله‌مان (www.payied.org) له‌به‌شى ئاماده‌نه‌بوونى په‌رله‌مانتاران هه‌یه‌.
5    ژماره‌ى پرۆژه‌ى یاسا و بریار که‌ خوێندنه‌وه‌ى بۆ کراوه‌.    9    سه‌ربارى ئه‌و کێشه‌و گرفتانه‌ى هه‌ن،سه‌ربارى بوونى که‌لێنى یاسایى له‌هه‌رێمى کوردستاندا، ژماره‌یه‌کى که‌م پرۆژه‌ یاساو بڕیار خوێندنه‌وه‌یان بۆ کراوه‌. ژماره‌یه‌ک پرۆژه‌ یاساش هه‌یه‌ ئه‌ندامان پێشکه‌شیان کردووه‌ به‌لام سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان نه‌یخستۆته‌ به‌رنامه‌ى کاره‌وه‌و خوێندنه‌وه‌ى بۆ نه‌کردووه‌.
6    ژماره‌ى یاسا که‌ په‌سه‌ند کراوه‌    5    له‌ ماوه‌ى ساڵێکدا ته‌نها ئه‌و پێنج یاسایه‌ په‌سه‌ند کراون: 
1-یاساى ژماره‌ (1)ى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى مادده‌ هۆشبه‌رو کارتێکه‌ره‌ عه‌قلیه‌کان له‌هه‌رێمى کوردستان عێراق.
2-یاساى ژماره‌ (2)ى چاکسازى له‌موچه‌و ده‌رماڵه‌و به‌خشین وئیمتیازاته‌کان وخانه‌نشینى له‌هه‌رێمى کوردستان ــ عێراق.
3-یاساى ژماره‌ (3)ى رێگریکردن له‌به‌قاچاخ بردنى نه‌وت و گاز ولێده‌رهێنراوه‌کانیان له‌هه‌رێمى کوردستان-عێراق.
4-یاساى ژماره‌ (4)ى یاساى ماف وئه‌رکه‌کانى نه‌خۆش له‌هه‌رێمى کوردستان-عێراق.
5-یاساى ژماره‌ (5)ى یاساى له‌ئه‌ستۆکردن له‌هه‌رێمى کوردستان.
7    ژماره‌ى بڕیار که‌ په‌سه‌ند کراوه‌    2    له‌ماوه‌ى ساڵێکدا ته‌نها ئه‌م دوو بڕیاره‌ په‌سه‌ند کراوه‌ که‌تایبه‌ت به‌ بابه‌تى کارگێڕى په‌رله‌مان نه‌بن:
1-بریارى ژماره‌ (1)ى سالى 2020: بریارى بۆنه‌ فه‌رمیـیه‌کانى پێکهاته‌ى تورکمان له‌هه‌رێمى کوردستان.
2-بریارى ژماره‌ (5)ى ساڵى 2020: سه‌باره‌ت به‌ چۆنیه‌تى پێشکه‌شکردنى پێشنیازه‌ یاسا و بریار له‌لایه‌ن ئه‌ندامانى په‌رله‌مانه‌وه‌
8    هه‌ڵگرتنى پارێزبه‌ندى له‌سه‌ر په‌رله‌مانتار    1    به‌پێى بڕیارى ژماره‌ (4)ى ساڵى 2020، پارێزبه‌ندى له‌سه‌ر په‌رله‌مانتار (سۆران عمر سعید) هه‌لگیراو به‌ناچارى ده‌ستى له‌کار کێشایه‌وه‌.
9    لێسه‌ندنه‌وه‌ى متمانه‌ له‌ وه‌زیر    0    هیچ وه‌زیرێک متمانه‌ى لێنه‌سه‌نراوه‌ته‌وه‌.
10    داواى پرساندنى ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران    2    له‌لایه‌ن ژماره‌ى یاسایى ئه‌ندامانه‌وه‌ (2) جار داواى پرساندنى سه‌رۆکى حکومه‌ت و جێگره‌که‌ى و وه‌زیرى دارایى کرا.
11    ئاماده‌ بوونى ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بۆ لێپرسینه‌وه‌    0    سه‌رۆکى حکومه‌ت و جێگره‌که‌ى و وه‌زیرى دارایى کاتێک بانگهێشتکران بۆ لێپرسینه‌وه‌ ئاماده‌ نه‌بوون بچنه‌ به‌رده‌م په‌رله‌مان.
12    ژماره‌ى ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران که‌ له‌لایه‌ن ئه‌ندامانه‌وه‌ داواکراون له‌ هۆلى په‌رله‌مان ئاماده‌بن    14    به‌ هۆکارى جیاو له‌کاتى جیاجیادا له‌لایه‌ن ژماره‌ى یاسایى ئه‌ندامانه‌وه‌ داواى ئاماده‌بوونى سه‌رۆکى حکومه‌ت و جیگره‌که‌ى و وه‌زیره‌کان کراوه‌.
13    ژماره‌ى ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران که‌ له‌لایه‌ن ئه‌ندامانه‌وه‌ داواکرابوون بۆ هۆلى په‌رله‌مان به‌ڵام ئاماده‌ نه‌بوون    9     نۆ له‌ ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران (سه‌رۆکى حکومه‌ت و جێگره‌که‌ى و وه‌زیره‌کان) به‌ده‌م بانگهێشت و داواکارى ئه‌ندامانه‌وه‌ نه‌چوون و له‌په‌رله‌مان ئاماده‌ نه‌بوون.
14    به‌شدارى وه‌زیر له‌ دانیشتنه‌کانى لیژنه‌    16    له‌ کۆى (23) ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ، له‌ماوه‌ى ساڵێکدا (16) جار وه‌زیر له‌ کۆبوونه‌وه‌ى لیژنه‌کان وه‌ک میواندارى ئاماده‌بوون، ئه‌مه‌ له‌کاتێکدا وه‌زیر هه‌یه‌ چه‌ند جارێک ئاماده‌ بووه‌و وه‌زیریش هه‌یه‌ تا ئێستا له‌ کۆبوونه‌وه‌ى هیچ لیژنه‌یه‌ک ئاماده‌ نه‌بووه‌.
15    ئه‌ندامى په‌رله‌مان په‌لامارى دراوه‌    8    له‌ گرژى و خۆپیشاندانه‌کاندا هه‌شت په‌رله‌مانتار په‌لامار دراون.
16    په‌سه‌ندکردنى بودجه‌    0    حه‌وت ساڵه‌ بودجه‌ى هه‌رێمى کوردستان له‌په‌رله‌مان په‌سه‌ند نه‌کراوه‌.
17    ژمێره‌ى کۆتایی    0    نۆ ساڵه‌ ژمێره‌ى کۆتایى نه‌چۆته‌ په‌رله‌مانى کوردستانه‌وه‌.
18    ژماره‌ى پرسیارى ئه‌ندامان له‌ حکومه‌ت    به‌رده‌ست
نیه‌    ژماره‌ى پرسیارى ئه‌ندامان به‌رده‌ست نیه‌، چونکه‌ سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان شه‌فاف نیه‌و ئه‌و داتایانه‌ ناخاته‌ به‌رده‌ست، به‌لام به‌پێى وته‌ى ئه‌ندامان و خودى سه‌رۆکى په‌رله‌مانیش زۆرینه‌ى پرسیاره‌کانى ئه‌ندامان له‌لایه‌ن حکومه‌ته‌وه‌ وه‌لام نادرێنه‌وه‌. بۆ نمونه‌ سه‌رۆکى په‌رله‌مان له‌ کۆبوونه‌وه‌ى رۆژى 1/3/2020ى په‌رله‌ماندا وتی:"له‌ئێستادا زیاتر له‌ 115 پرسیارى په‌رله‌مانتاران که‌ ئاراسته‌ى ئه‌ندامانى کابینه‌ى وزاریى حکومه‌تى هه‌رێم کراون وه‌ڵامنه‌دراونه‌ته‌وه‌".
19    ژماره‌ى کۆبوونه‌وه‌ى لیژنه‌کان    165    له‌ ماوه‌ى ساڵکدا به‌هه‌ر (19) لیژنه‌ى په‌رله‌مان ته‌نها (165) کۆبوونه‌وه‌یان کردووه‌، له‌کاتێکدا به‌پێى په‌یره‌و به‌لاى که‌مه‌وه‌ پێویست بوو به‌ هه‌ر نۆزده‌ لیژنه‌که‌ له‌ماوه‌ى ئه‌م ساڵه‌دا (456) جار کۆبونه‌وه‌ بکه‌ن.
20    ژماره‌ى به‌شدارینه‌کردنى ئه‌ندامان له‌ کۆبوونه‌وه‌ى لیژنه‌کان    313    رێژه‌ى ئاماده‌نه‌بوونى ئه‌ندامه‌کان به‌به‌راورد له‌گه‌ل کۆبوونه‌وه‌کان زۆره‌، که‌ له‌ (165) کۆبوونه‌وه‌دا (313) ئاماده‌نه‌بوون تۆمار کراوه‌.
21    کۆى گشتى ئه‌ندامان که‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌کانى په‌رله‌مان قسه‌یان کردوه‌    بڕوانه‌
خشته‌که‌ى تر    بۆ ورده‌کارى ئه‌م بابه‌ته‌ بڕوانه‌ ئه‌و خشته‌ى تایبه‌ته‌ به‌ ژماره‌ى قسه‌ کردنى ئه‌ندامان، ئه‌ندام هه‌یه‌ له‌سالێکدا هیچ قسه‌یه‌کى نه‌کردووه‌.
22    راپۆرتى نوسراو له‌سه‌ر پرۆژه‌ یاساو بریار    11    به‌ هه‌موو لیژنه‌کانه‌وه‌ ته‌نها (11) راپۆرتیان له‌سه‌ر پرۆژه‌ یاساو بڕیاره‌کان نوسیوه‌.
23    راپۆرت که‌ پێویست بوو لیژنه‌کان له‌سه‌ر پرۆژه‌ یاساکان بینوسن به‌لام نه‌یان نوسیوه‌    22    پێویست بوو به‌ کۆى لیژنه‌کان له‌و ماوه‌یه‌دا (33) راپۆرت بنوسن و پێشکه‌شى سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مانى بکه‌ن، به‌لام ته‌نها (11) راپۆرتیان نوسیوه‌و (22) راپۆرتیان پشتگوێ خستووه‌.
24    راگه‌یه‌نراوى پیرۆزبایى ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان سه‌باره‌ت به‌ بابه‌تى جیاجیا ده‌ریکردووه‌    93    ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان وه‌ک راگه‌یه‌نراو له‌سه‌ر ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى خۆیو له‌ راگه‌یاندنه‌کاندا (93) جار پیرۆزبایى له‌ جه‌ژنه‌کانى سه‌رى سال و ره‌مه‌زان و قوربان و جه‌ما و رۆژى ئالا و جه‌ژنه‌کانى تر و پیرۆزبایى دامه‌زراندنى حزب و رێکخراوه‌کان و بابه‌تى ترى له‌م جۆره‌ى کردووه‌.
25    راگه‌یه‌نراوى پرسه‌نامه‌ى ده‌سته‌ى  سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان سه‌باره‌ت به‌ کۆچى دوایى که‌سانى جیاجیا    76    ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان وه‌ک راگه‌یه‌نراو له‌سه‌ر ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى خۆى و له‌ راگه‌یاندنه‌کاندا (76) جار پرسه‌و سه‌ره‌خۆشى له‌ هه‌ندێک له‌و که‌سایه‌تیانه‌ى کۆچى دواییان کردووه‌.
26    راگه‌یه‌نراوى ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان سه‌باره‌ت به‌ کێشه‌ى (PKK) و هێرشى تورکیا    4    ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان وه‌ک راگه‌یه‌نراو له‌سه‌ر ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى خۆى و له‌ راگه‌یاندنه‌کاندا (3) راگه‌یه‌نراوى تایبه‌تى به‌ (PKK) ده‌رکردووه‌ که‌ هه‌ریه‌ک له‌و راگه‌یاندنانه‌ ته‌عبیر له‌ رایى یه‌کێک له‌ئه‌ندامانى ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تى ده‌کات، ره‌نگدانه‌وه‌و تێڕوانینى حزبه‌کانیانى تیادا دانراوه‌. یه‌ک راگه‌یه‌نراویش سه‌باره‌ت به‌ هێرش و په‌لامار و بۆردومانى تورکیایه‌ بۆ هه‌رێمى کوردستان.
27    راگه‌یه‌نراوى ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان سه‌باره‌ت به‌ سوتاندنى باره‌گاى پدک له‌ به‌غدا    1    ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان وه‌ک راگه‌یه‌نراو له‌سه‌ر ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى خۆى و له‌ راگه‌یاندنه‌کاندا (1) راگه‌یه‌نراوى تایبه‌تى سه‌باره‌ت به‌ سوتاندنى باره‌گاى پارتى دیموکراتى کوردستان له‌ به‌غدا ده‌رکردووه‌.
28    ئه‌و به‌لێنانه‌ى سه‌رۆکى په‌رله‌مان و سه‌رۆکى فراکسیۆنه‌کان به‌ خه‌ڵکى کوردستانیاندا جێبه‌جێى بکه‌ن    141    به‌پێى کۆبوونه‌وه‌کانى ده‌ستپێکى هه‌ردوو خولى به‌هاره‌و پایزه‌ له‌ رۆژانی(1/3/2020) و  (2/9/2020)، سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان و سه‌رۆکى فراکسیۆنه‌کان له‌ کۆبوونه‌وه‌ به‌لێنى جێبه‌جێکردنى به‌ڵێن گه‌لێکیان دا که‌ ۆى له‌ (141) خاڵ ده‌بینیه‌وه‌، به‌لام که‌مترینیان لێ‌ جێبه‌جێ‌ کراوه‌، که‌ گرنگترینیان بریتى بوون له‌:
-کاراکردنه‌وه‌ى لیژنه‌ى ده‌ستوور.
-هێنانى بودجه‌ى (2020) بۆ په‌رله‌مان.
-گه‌ڕانه‌وه‌ى پاشه‌که‌وتى مووچه‌ به‌ یاسا.
-فره‌کردنى سه‌رچاوه‌کانى داهات.
-دڵنیایى کۆمه‌ڵایه‌تى و ته‌ندروستی.
-چاره‌نوسى فه‌رمانبه‌رانى گرێبه‌ست.
-دامه‌زراندنى یه‌که‌مى زانکۆکان.
-یاساى خانه‌نشینى هێزه‌کانى ئاسایشى ناوخۆ.
-وه‌به‌رهێنان.
-ده‌روازه‌ سنورییه‌کان.
-پاراستنى به‌رهه‌مى خۆماڵی.
-ئه‌نجومه‌نى ده‌رمان و خۆراک.
-رێکخستن و فرۆشتنى هاورده‌کردنى لێده‌رهێندراوه‌کانى نه‌وت.

خشته‌ى ژماره‌ى به‌شدارى ئه‌ندامان له‌قسه‌ کردنیان له‌نێو هۆڵى په‌رله‌مان له‌ماوه‌ى ساڵى 2020 دا

ز    ژماره‌ی
ئه‌ندامى په‌رله‌مان    ژماره‌ى قسه‌کردنى ئه‌ندامان
له‌ کۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مان له‌ ساڵێکدا
1    ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ى هیچ قسه‌یه‌کیان نه‌کردووه‌    (2) په‌رله‌مانتار
2    ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ى (1) جار قسه‌یان کردووه‌    (4) په‌رله‌مانتار
3    ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ى (2) جار قسه‌یان کردووه‌    (10) په‌رله‌مانتار
4    ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ى (3) جار قسه‌یان کردووه‌    (8) په‌رله‌مانتار
5    ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ى (4) جار قسه‌یان کردووه‌    (11) په‌رله‌مانتار
6    ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ى (5) جار قسه‌یان کردووه‌    (8) په‌رله‌مانتار
7    ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ى (6) جار قسه‌یان کردووه‌    (11) په‌رله‌مانتار
8    ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ى (7) جار قسه‌یان کردووه‌    (3) په‌رله‌مانتار
9    ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ى (8) جار قسه‌یان کردووه‌    (6) په‌رله‌مانتار
10    ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ى (9) جار قسه‌یان کردووه‌    (7) په‌رله‌مانتار
11    ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ى (10) جار قسه‌یان کردووه‌    (6) په‌رله‌مانتار
12    ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ى (11) جار قسه‌یان کردووه‌    (9) په‌رله‌مانتار
13    ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ى (12) جار قسه‌یان کردووه‌    (5) په‌رله‌مانتار
14    ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ى (13) جار قسه‌یان کردووه‌    (1) په‌رله‌مانتار
15    ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ى (14) جار قسه‌یان کردووه‌    (2) په‌رله‌مانتار
16    ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ى (16) جار قسه‌یان کردووه‌    (3) په‌رله‌مانتار
17    ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ى (17) جار قسه‌یان کردووه‌    (1) په‌رله‌مانتار
18    ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ى (18) جار قسه‌یان کردووه‌    (1) په‌رله‌مانتار
19    ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ى (19) جار قسه‌یان کردووه‌    (2) په‌رله‌مانتار
20    ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ى (20) جار قسه‌یان کردووه‌    (2) په‌رله‌مانتار
21    ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ى (21) جار قسه‌یان کردووه‌    (1) په‌رله‌مانتار
22    ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ى (23) جار قسه‌یان کردووه‌    (1) په‌رله‌مانتار
23    ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ى (24) جار قسه‌یان کردووه‌    (1) په‌رله‌مانتار
24    ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ى (27) جار قسه‌یان کردووه‌    (1) په‌رله‌مانتار
25    ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ى (30) جار قسه‌یان کردووه‌    (1) په‌رله‌مانتار
26    ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ى (36) جار قسه‌یان کردووه‌    (1) په‌رله‌مانتار
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار