شیروان میرزا: حکومه‌تى هه‌رێم هه‌نگاوێکى باش ده‌نێت نه‌وت راده‌ستى به‌غدا بکات

" ده‌بوو حکومه‌تى هه‌رێم له‌1ى 1ى 2021 وه‌ نه‌وتى راده‌ستى به‌غدا بکردایه‌"

4 ساڵ لەمەوپێش



ئارا ئیبراهیم
ئه‌ندامێکى لیژنه‌ى دارایى له‌ په‌رله‌مانى عێراق ده‌ڵێت:" حکومه‌تى هه‌رێم هه‌نگاوێکى باش ده‌نێت نه‌وت راده‌ستى به‌غدا بکات"، ده‌شڵێت:" له‌هه‌موو حاڵه‌تێکدا مانگانه‌ 950 ملیار دینار که‌متر ره‌وانه‌ى هه‌رێم ناکرێت".

ئه‌مڕۆ وته‌بێژى حکومه‌تى هه‌رێم رایگه‌یاند که‌ ئاماده‌ن سه‌رجه‌م مه‌رجه‌کانى به‌غدا جێبه‌جێ بکه‌ن به‌ راده‌ستکردنى نه‌وتیشه‌وه‌، له‌لایه‌ن ئه‌ندامانى کوردى په‌رله‌مانى عێراقه‌وه‌ پێشوازى له‌م هه‌ڵوێسته‌ى حکومه‌تى هه‌رێم کرا.

شیروان میرزا، ئه‌ندامى فراکسیۆنى یه‌کێتى له‌لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت:" حکومه‌تى هه‌رێم هه‌نگاوێکى باش ده‌نێت نه‌وت راده‌ستى به‌غدا بکات که‌ له‌ پرۆژه‌ى بودجه‌دا باسى ته‌سلیمکردنى 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌ به‌ کۆمپانیاى سۆمۆ ده‌کرێت، ئه‌مه‌ ئاسانکارییه‌و هه‌رێمى کوردستان به‌هێز ده‌کات و کێشه‌ داراییه‌کانى چاره‌سه‌ر ده‌کات".

ناوبراو وتیشى:" ده‌بوو حکومه‌تى هه‌رێم له‌ 1ى 1ى 2021 ئه‌و 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌یه‌ى راده‌ستى کۆمپانیاى سۆمۆى عێراقى بکردایه‌، چونکه‌ که‌ یه‌ک له‌سه‌ر دوانزه‌ى بودجه‌ خه‌رج ده‌کرێت پشکى هه‌رێم ره‌وانه‌ ده‌کرا".

شیروان میرزا باسى له‌وه‌شکرد حکومه‌تى هه‌رێم پێویسته‌ رێککه‌وتنى فه‌رمى له‌گه‌ڵ کۆمپانیاى سۆمۆ بکات پێش ده‌نگدان و په‌سه‌ندکردنى پرۆژه‌ى بودجه‌ که‌ رۆژانه‌ نه‌وته‌که‌ى راده‌ست بکات.
سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مانى عێراق بریاریدا رۆژى شه‌ممه‌ 9ى کانونى دووه‌مى 2021 گقتوگۆ له‌سه‌ر پرۆژه‌ى بودجه‌ بکات و بانگێشتنامه‌ى ئاراسته‌ى په‌رله‌مانتاران کردووه‌.

پرۆژه‌ بودجه‌ى عێراق بڕه‌که‌ى 150 تریلۆن و 50 ملیار دیناره‌و 58 تریلۆن دینار کورتهێنانى تێدایه‌ و یه‌ک به‌رمیل نه‌وت به‌ 42 دۆلار خه‌مڵێندراوه‌.

ده‌رباره‌ى ئه‌وه‌ى ژماره‌ى جیاواز له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتارانه‌وه‌ باس ده‌کرێت له‌حاڵه‌تى پابه‌ندییه‌کانى حکومه‌تى هه‌رێم به‌ بودجه‌وه‌، ئه‌و ئه‌ندامه‌ى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق وتى:" بۆخۆى پرۆژه‌ى بودجه‌ موخه‌ته‌تێکه‌و مه‌رج ئینفاقى فعلیه‌، حکومه‌تى عێراق مانگانه‌ نزیکه‌ى هه‌شت تریلۆن دینار خه‌رج ده‌کات له‌و بره‌ پشکى له‌سه‌دا 12.67ى هه‌رێم ده‌گاته‌ 950 ملیار دینارى مانگانه‌ ئه‌مه‌ش کێشه‌ داراییه‌کان به‌تایبه‌ت موچه‌ چاره‌سه‌ر ده‌کات".
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار