چوار لایه‌نه‌که‌ بایکۆتى پڕۆسه‌ى چاودێرى کردنى هه‌ژمارى ده‌نگه‌کانیان کرد

6 ساڵ لەمەوپێش



ئارا ئیبراهیم
که‌مێک پێش ئێستا هه‌ریه‌ک له‌ هاوپه‌یمانى، گۆڕان، یه‌کگرتوو و کۆمه‌ڵ بایکۆتى پڕۆسه‌ى جیاکردنه‌وه‌ى ده‌ستى ده‌نگه‌کانى سلێمانیان کرد، وته‌بێژى هاوپه‌یمانى ده‌ڵێت:" چاودێره‌کانى ئه‌و چوار لایه‌نه‌ مه‌گه‌ر به‌ دوربین سه‌یرى جیاکردنه‌وه‌و هه‌ژمارکردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌کان بکه‌ن".

ئه‌مه‌ش له‌کاتێکدایه‌ به‌یانى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 9ى ته‌مووز، پرۆسه‌ى جیاکردنه‌وه‌ى ده‌ستى ده‌نگه‌کان  بۆ نزیکه‌ى 200 سندوق له‌ ساحه‌ى ئاشتى له‌ گه‌ڕه‌کى رزگارى شارى سلێمانى ده‌ستیپێکرد.

قاسم گه‌ڵاڵى، به‌رپرسى ده‌زگاى هه‌ڵبژاردنى یه‌کگرتوو له‌لێدوانێکدا به‌ سایتى هاوڵاتى"ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ژماردنه‌وه‌ى هه‌موو سندوقه‌کانى ده‌نگدان بوون که‌ سه‌رجه‌میان هه‌ژمار بکرێنه‌وه‌، وه‌ک ئه‌وه‌ نه‌کرا ده‌بوو سه‌رجه‌م ئه‌و سندوقانه‌ى تانه‌ و سکاڵاى له‌سه‌ر هه‌ژماربکرێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ش نه‌کراوه‌ بۆیه‌ بایکۆتمان کردووه‌".


هاوکات، رێبوار که‌ریم، وته‌بێژى هاوپه‌یمانى بۆ دیموکراسى و دادپه‌روه‌رى له‌لێدوانێکدا هۆکاره‌کانى بایکۆتى پڕۆسه‌که‌ى ئاشکرا کرد که‌ یه‌کێکیان ئه‌وه‌یه‌ پێچه‌وانه‌ى برٍِیارى کۆمسیۆن پڕۆسه‌که‌ ده‌ستى پێکردووه‌.

رێبوار که‌ریم وتی"به‌پێچه‌وانه‌ى بریاره‌که‌ى په‌رله‌مانى عێراق‌و بڕیارى کۆمسیۆنى تازه‌ پڕۆسه‌که‌ ده‌ستى پێکردووه‌ که‌ ده‌بێت سه‌رجه‌م ئه‌و سندوقانه‌ى سکاڵا و تانه‌ى له‌سه‌ره‌ هه‌ژمار بکرێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وان ته‌نها ژماره‌یه‌کى که‌م هه‌ژمار ده‌که‌نه‌وه‌ که‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵیدا نین".

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ له‌ کۆى 3200 سندوق ته‌نها جیاکردنه‌وه‌ى ده‌ستى بۆ نزیکى 230 سندوق ئه‌نجام ده‌درێت، له‌و ژماره‌یه‌ش 188 سندوقى ده‌نگدانى گشتییه‌، جگه‌ له‌و سندوقانه‌ له‌نێوان 35 سندوق تا 40 سندوقى ئه‌و جۆره‌ سندوقانه‌یه‌ که‌ به‌ " نازحین " ناسراون.
رێگه‌ نادرێت رۆژنامه‌نووسان و  میدیاکاران که‌لوپه‌لى رۆژنامه‌وانى وه‌ک کامێراو کاغه‌ز و قه‌ڵه‌م به‌رنه‌ ساحه‌که‌وه‌و ته‌نیا رێگه‌ به‌ خۆیان ده‌ده‌ن بچنه‌ ژوره‌وه‌ که‌ ئه‌مه‌ش نیگه‌رانى میدیاکارانى لێکه‌وتوه‌ته‌وه‌.

کۆمسیۆن ژماره‌یه‌ک کارمه‌ندى کوردى کۆمسیۆنى پارێزگاى که‌رکوک که‌ 32 کارمه‌ندن هێنراون بۆ به‌شداریکردن له‌ جیاکردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌کان، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ک کارمه‌ندى کۆمسیۆنى سلێمانى و 30 کارمه‌ندى دادگاى سلێمانیش به‌شدارى جیاکردنه‌وه‌که‌ ده‌که‌ن.

ناوبراو هۆکارى دووه‌مى بۆ ئه‌وه‌ گه‌رانده‌وه‌ که‌ رێگه‌یان نه‌داوه‌ چاودێرى لایه‌نه‌کان له‌ نزیکه‌وه‌ ئاگادارى پڕۆسه‌که‌ بکه‌ن"چاودێره‌کانمان مه‌گه‌ر به‌ دوربین سه‌یرى جیاکردنه‌وه‌و هه‌ژمارکردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌کان بکه‌ن، ئه‌م عه‌مه‌لییه‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵیدا نین".
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار