هەوڵی کڕینی پەیجەکان دەدرێت بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق

«میدیای کڕدراو» وەکو زاراوەیەکی نوێ کەسەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەکاریهێنا، پەل بۆ عێراقیش دەهاوێت

4 ساڵ لەمەوپێش



 

 

سامان مەجید

 

لایەنە سیاسییەکانی عێراق پێش دەستپێکردنی هەڵبژاردنەکان هەوڵی کڕینی چەند پەیجێک دەدەن کەملیۆنان هەواداریان هەیەو نرخی هەندێک لەوانە تائێستا لەمامەڵەکردندا گەیشتووەتە ملیۆنێک دۆلار.

ماڵپەری عەرەبی ئەلجەدید کەبارەگاکەی لە لەندەنە بڵاویکردەوە، چەند هێزێکی سیاسی سەرقاڵی کڕین و بەکرێگرتنی پەیجەکانی فەیسبوکن و مامەڵەی کڕینی هەندێکیان گەیشتووەتە ملیۆنێک دۆلار، راپۆرتەکە باس لەوە دەکات دیاردەکە لەهەرێمی کوردستانیشدا بەربڵاوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە شەممەی رابردوو رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کورستان رایگەیاند میدیای کڕاو لەکوردستان زاڵە کەزۆرینەیان سۆشیال میدیان، بەڵام میدیای ئازاد و ئەهلی لەپاشەکشەدایە.

بەپێی راپۆرتەکەی عەرەبی ئەلجەدید دەیان لاپەڕە لەفەیسبوک لەعێراق کەزیاتر لەملیۆنێک لایکیان هەیە لەژێر هەڕەشەی کڕیندان، کەزۆرینەیان  لەڕووی سیاسی و حزبییەوە پەیوەندییان بەهیچ لایەنێکەوە نییەو مێژووی دامەزراندنیشیان دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی (10) ساڵ یان کەمتر، ئەو پەیجانەش دوورن لەبژاردەی نەتەوەیی و تائیفی، بەڵکو بژاردەیەکی مەدەنییان هەیە و لایەنگری خۆپیشاندانی جەماوەریین و کەیسەکانی گەندەڵی و دیمەنی ناشیرینی حزبەکانی دەسەڵات دەخەنەڕوو.

نموونەی ئەو پەیجانەش کە لەئێستادا ئەو لایەنە سیاسییانە دەیانەوێت بەهەر جۆرێک بێت بیانخەنە ژێر رکێفی خۆیان، بریتین لە «الخوة النظيفة»، «شكو ماكو»، «بغداد»، «عراقي كومنت»، «السليمانية» و»ستيفن نبيل» و چەند پەیجێکی تر کەڕۆژانە باس لەڕووداوو هەواڵەکان دەکەن، ئەو پەیجانە لەماوەی مانگەکانی رابردوودا پشتگیریی تەواوی خۆپیشاندەرانیان کردووە لەهەموو عێراق.

شوجاع خەفاجی بەڕێوەبەری پەیجی «الخوة النظيفة« کە زیاتر لەسێ ملیۆن هەواداری هەیەو لەساڵی ٢٠١٢ەوە دامەزراوە، بەعەرەبی ئەلجەدیدی راگەیاندووە کەپەیجەکە تائێستاش لەلایەن کوتلە سیاسییەکانەوە داواکاری بۆ فرۆشتن پێشکەش دەکرێت، بەڵام جەختی لەوە کردووەتەوە کەئەوان بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ حزبەکاندا مامەڵە ناکەن.

 لەو بارەیەوە سەرچاوە سیاسییە عێراقییەکان لەبەغدا بۆ رۆژنامەکەیان ئاشکراکردووە، «ژمارەیەک لەخاوەنی ئەو لاپەڕانە لە فەیسبوک لەماوەی رابردوودا دانوستانیان لەگەڵدا کراوە، لەلایەن  کوتلەیەکی سەر بەسەرۆک وەزیرانێکی پێشوو (بەبێ ئەوەی ناوی بهێنێت) لەگەڵ یەکێک لەو پەیجە بەناوبانگانە کەوتووەتە مامەڵە بۆ ئەوەی بیکڕێت تا یەک ملیۆن دۆلاریشی پێداوە، هاوکات کوتلەیەکی تری سەرکردەیەکی سیاسی  کە لەئێستادا کوتلەیەکی تایبەت بەخۆی پێکهێنا سەرقاڵی هەمان مامەڵەیە». 

راپۆرتەکە باس لەوەدەکات دوای ئەوەی دانوستانەکانی ئەوسەرکردەیە لەگەڵ پەیجێکی فەیسبوکدا شکستی هێنا بەمەبەستی کڕینی، لەئێستادا ئەو دوو لایەنە نزیکبوونەتەوە لە رێکەوتنی کرێی مانگانە بەرامبەر پێشکەشکردنی چالاکی حزبەکەی و لێدوانی سەرکردە جۆراوجۆرەکانی لەڕێی هەمان پەیجەوە.

بەگوێرەی راپۆڕتی  رۆژنامەکە،» ژمارەیەک بەرپرسی ئەو لاپەڕانە لەڕاستیدا چوونەتە ناو دانوستان لەگەڵ کوتلەکەدا سەبارەت بەنرخ یان جۆری ئەو ناوەڕۆکەی کەبڕیارە  دابینی بکەن ئەگەر سنوورداربێت بەکرێی مانگانە».

ئەم دیاردەیەش ماوەی چەند ساڵێکە لەهەرێمی کوردستان سەریهەڵداوەو ئەو پەیجانەی کەخۆڕسکانە دروستبوون دواتر لەلایەن هێزە سیاسییەکانەوە کڕدراون و دژی نەیارەکانیان بەکاردەهێنرێن.

هەر لەم بارەیەوە شەممەی رابردوو رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، جۆرێک لەمیدیای «کڕدراو» پەیدابووە کە «بە پارەی سیاسییەکان و پارەی گەندەڵی و دزراو ئاراستە دەکرێن و پەیام ئاراستە دەکات و لەمیدیای ئازاد زاڵترە».

وتەکانی رێواز فایەق لەمیانی وتارێکی هات کەپێشکەشیکرد لە رێوڕەسمێکدا کەسەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنووسان رێکیسخستبوو لەبارەی پێشێلکارییەکان دژی رۆژنامەوانان و دەزگاکانی راگەیاندن لەهەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.

لەسەر راپۆرتی پێشلێکارییەکان کەسەنتەری میترۆ خستیەڕوو، رێواز فایەق رایگەیاند، «ئەو ئامارانەی ئێستا گوێمان لێبوو دەلالەتێکی مەترسیداری پاشەکشەی ئازادی رادەربڕینە بەشێوەیەکی گشتی و ئازادی راگەیاندنە بەشێوەیەکی تایبەتی».

رێواز فایەق وتی «میدیای حزبەکان ناسراون، منی هاووڵاتی، منی وەرگر کەقسەیەک لە تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان وەردەگرم، وا وەریدەگرم کەئەمە سیاسەتی گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، لە رووی دەروونی و فیکرییەوە خۆم ئامادەکردووە کەدەکرێت لەناو ئەو پەیامە میدیاییە دیدگای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ببینم.. بۆ نموونە شتێکم کە لەکوردستان تیڤییەوە گوێ لێدەبێت، خۆم ئامادەکردووە کە ئەوە تێڕوانینی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانە بۆ سێکتەرێکی دیاریکراو».

هەروەها وتی کە جۆرێکی دیکە لەمیدیا هەن کە بەناڕاستەوخۆ پاڵپشتی دەکرێن «بۆ نموونە» رووداو، K24، کوردسات و کەناڵی دیکەش، ئەمەش بەناڕاستەوخۆ دەزانم پەیامی کێیە پێم دەگات، وەکو وەرگرێک ئامادەم بۆ وەرگرتنی ئەو پەیامە بە رووپۆشەوە».

هەروەها وتی «ئێستا جۆرێکی دیکە لەمیدیا هەیە، میدیای کڕدراو، کە نە هی حزبەکانە، نە سێبەری حزبەکان و نە ئازادیشە، ئەو میدیایە لەنێو میدیای ئەلیکترۆنی بە پارەی سیاسییەکان و پارەی گەندەڵی و دزراو ئاراستە دەکرێن، پەیام ئاراستە دەکات و لەمیدیای ئازاد زاڵترە، ئێستا ئەوان زاڵترن، کەسایەتیی ناشرینت بۆ جوان دەکەن، کەسایەتییەک کە هیچ تاوانێکی نییە بۆتی ناشیرین دەکەن، وردە وردە خەریکە ئەمە دەبێتە بەشێک لە نەریت و کاردانەوە دروستدەکات».

وتیشی «میدیای ئازادو ئەهلی لەپاشەکشەدایە.. بەپاشەکشەکردنی ئەو میدیایە سێکتەرەکانی دیکەش دەکەونە پاشەکشە».

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان داوا لەوانە دەکات کە «میدیای ئازاد» بەڕێوە دەبەن و دەڵێت «یەک دیراسەی دۆخی میدیای ئازاد بکەن، (10) ساڵ پێش ئێستا لەگەڵ ئێستا، بزانن میدیای سیاسییە گەندەڵەکان زاڵترە یان ئەوەی ناوی میدیای ئازادە».

کڕینی پەیجەکان لەکوردستان بۆ چەند ساڵێک لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، بەجۆرێک هاووڵاتی ئاسایی تا رادەیەکی باش دەتوانێت بیانناسێتەوە لەبەرژەوەندی چ حزبێک، یان چ کەسایەتییەک کاردەکەن.

 بەپێی راپۆرتەکەی عەرەبی ئەلجەدید کڕینی پەیج تەنها لەعێراقدا سەریهەڵنەداوە، بەڵکو هەرێمی کوردستانیشی گرتۆتەوە.

ئەندامێکی  پەرلەمانی کوردستان لەشاری هەولێر کەنەیویستووە ناوی ئاشکرا بهێنرێت بە عەرەبی ئەلجەدیدی راگەیاندووە حزبێکی سەرەکی لەشاری سلێمانی لەگەڵ پەیجێکی کوردی کەزیاتر لە  ملیۆنێک لایەکی هەیە  گەیشتوونەتە ڕێککەوتن، ئەو پەیجەش لەکاتی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لەمانگی 11ی ساڵی رابردوودا لەشارەکانی سلێمانی و رانیە و هەڵەبجەدا رۆڵی هەبووەو پشتگیریی ناڕەزایەتییەکانی ئەو دەڤەرەی کردووە. 

پەرلەمانتارەکە باسی وردەکاری رێکەوتنەکەی نەکردووە، بەڵام روونیکردووەتەوە یەکێک لەبەرپرسانی ئەو پەیجە لەکاتی خۆپیشاندانەکانی سلێمانیدا دەستگیرکراوەو دواتر ئازادکراوە.

کڕینی پەیجە کاریگەرەکان لەلایەن حزبەکانەوە لەکاتێکدایە بڕیارە لەمساڵدا هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت، لەکاتێکدا عێراق و هەرێمی کوردستان بەدۆخێکی سیاسی و ئابوریی ناجێگریدا تێدەپەڕن.

 لەکۆی (230) حزب کەناوی خۆیان تۆمارکردووە بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق، تەنیا (29) حزب مافی ئەوەی هەبووە لەهەڵبژاردەکانی مانگی حوزەیران بەشداری بکات و بڕواتە ململانێکەوە.

بەپێی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ژمارەی دەنگدەرانی عێراق (25) ملیۆن و (139) هەزار کەسە، تائێستا (13) ملیۆن کارتی بایۆمەتری دەنگدان بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشکراوە، هەروەها لەسەرتاسەری عێراقدا هەزارو  (74) بنکە دیاری کراوە بۆ ئەوەی هاووڵاتییان کارتی بایۆمەتری دەنگدان نوێبکەنەوە.

جەمانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند وەزارەتی دەرەوەی عێراق بانگهێشتنامەی بۆ (59) باڵیۆزخانەی وڵاتانی عەرەبی و (19) وڵاتی بیانی ناردووە تا لەڕێگەی تیمی خۆیانەوە چاودێریی هەڵبژاردنەکانی عێراق بکەن.

زیاتر لە (٣٠) کەناڵی ئاسمانی عێراقی و (٦٠) وێبسایت و (١٢) رادیۆو دەیان پەیجی سەر بەحزبەکان و میلیسشاکان لەعێراقدا هەن و زاڵن بەسەر رای گشتیدا و هەوڵی کڕینی پەیجە سەربەخۆکانیش دەدەن، ئەوە سەرەڕای ئەوەی لەهەرێمی کوردستان لەم چەند ساڵانەی دواییدا بەهۆی ململانێکانەوە ژمارەی میدیاو پەیجی سەر بەحزبەکان لەهەڵکشاندایە.

مانگی رابردوو مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پشتیوانیکردنی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ ئازادی راگەیاندن لەعێراق.

 رۆژێک دواتر کونسوڵخانەی ئەمریکا لەهەولێر رایگەیاند، پشتیوانی وتەکانی مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەکەن لەبارەی ئازادیی راگەیاندن، کونسوڵخانەی ئەمریکا رایگەیاند «دەنگی خۆی دەخاتە پاڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ پشتیوانیکردنی ئازادیی راگەیاندن لەهەرێمی کوردستانی عێراقدا».ئِ

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار