خەونی خومەینی بۆ ریفۆرم لەئێران

ریفۆرمخوازه‌کان ده‌یانه‌وێت حه‌سه‌ن خومه‌ینى کاندید بکه‌ن بۆ پۆستى سه‌رۆک کۆمارى ئێران

4 ساڵ لەمەوپێش



 

 

هاوڵاتى

 

خومەینی بۆ ریفۆرم لەئێران دەگەڕێتەوە

 

نزیکەی پێنج مانگی ماوە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری و ترسی گەورەی باڵی ریفۆرمخوازی کۆماری ئیسلامی ئێران کەمبوونەوەی ئاستی بەشداریی خەڵکە لەهەڵبژاردنەکان و بەدەستەوەگرتنی هەموو جومگەکانی دەسەڵات لەلایەن باڵی محافزکاری ئەو وڵاتەوەیە، بۆیە ریفۆرمخوازان لەهەموو دەرگایەک دەدەن کە بەناوی خەونی زیندووکردنەوەی ریفۆرمەوە سەرکەوتنی خۆیان مسۆگەر بکەن و لەوە زیاتر نەکەونە پەراوێزی دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامییەوە، بۆ ئەم مەبەستەش جارێکی دیکە پەنایان بۆ قاپیی خومەینی و خانەوادەکەی بردووە و دەیانەوێت لە رێگەی کاندیدکردنی حەسەن خومەینی کوڕەزای روحەڵڵا خومەینی، دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی خۆیان لەو هەڵدێرەی چاوەڕوان دەکرێت دەرباز بکەن، لەکاتێکدا محافزکاران بەم پلانەی ریفۆرمخوازانیان زانیوەو دوور نییە بەو دەسەڵاتانەی هەیانە، ریفۆرمخوازان و خومەینی پێکەوە بەرەو هەڵدێر پەلکێش بکەن و خەونی ئەو باڵە بۆ هەمیشە لەگۆڕ بنێن و سەرجەم دەسەڵاتەکانی دامەزراوەکانی ئێران بۆ خۆیان یەکلایی بکەنەوە.

خەونی خومەینی و نەوەکەی

روحەڵڵا خومەینی، کە ناوی تەواوی (سەید روحەڵڵا موسەوی خومەینی)یە و بە (ئەیەتوڵا خومەینی) و (ئیمام خومەینی) ناوی دەهێنرێت، یەکێک بووە لەمەرجەعەکانی شیعە لەئێران کە ساڵی (1902) لەدایکبووە و رەچەڵەکی خێزانەکەی بۆ (ئیمام حسێن کوڕی ئیمام عەلی) دەگەڕیتەوە، بۆیە پێشگرەی سەید بۆ هەمو بنەماڵەکەی و خومەینی بەکارهاتوە، ئەو دوای رووخانی سیستمی پاشایەتی لەو وڵاتە  لەساڵی (1979) لە راپرسییەکدا (کۆماری ئیسلامی) دامەزراندو تاکۆتایی تەمەنی واتە تاساڵی (1989) رێبەری ئەو کۆمارە بووە.

خومەینی دوو کوڕو سێ کچی بووە، مستەفا خومەینی کوڕە گەورەی خومەینی کە بە راوێژکارو یاریدەدەری سەرەکیی باوکی وەسف دەکرا لەساڵی (1977) لەنەجەف دەمرێت و بە خاکدەسپێردرێت، ئەحمەد خومەینی کە کوڕی دووەمی خومەینی بووە ئەویش هاوکارو پشتیوانی باوکی بووە بە بەردەوامی لەلوبنان و فەڕەنساو عێراق هاوکاریی باوکی کردووە و تادامەزراندنی کۆماری ئیسلامی تەنها باڵی باوکی بووە لەپەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییە نێودەوڵەتییەکاندا کە لەساڵی (1995) لە رووداوێکی گوماناویدا بەهۆی وەستانی دڵەوە  لەتەمەنی (49) ساڵیدا دەمرێت، بەڵام باڵی توندڕەوی کۆماری ئیسلامی لەدەزگای هەواڵگریی ئەو وڵاتە بەهۆکاری مەرگی ئەحمەد خومەینی دەزانرێت و تائێستاش گومان لە مەرگی دەکرێت، ئەحمەد خومەینی سێ کوڕی لەدوای خۆی جێهێشتووە کە تەنها حەسەن خومەینی وەک چالاکێکی بواری سیاسەت دەناسرێت و ئەمەش وایکردووە بە (یادگاری ئیمام) ناوبهێنرێت.

زۆبەی ئەندامانی خێزانی خومەینی کێشەیان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی توندڕەوی کۆماری ئیسلامی ئێران هەیەو بەبەردەوامی رەخنە لەدامەزراوەکان و شێوازی دەسەڵاتداریی دەگرن و توندڕەوەکان و محافزکاران تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە لەڕێبازی خومەینی و دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی ئێران لایانداوەو تەنانەت زارا خومەینی، کچی دووەمی خومەینی کەخۆی سەرۆکی کۆمەڵەی ژنانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە و خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە فەلسەفەی ئیسلامی و تاکاتی خانەنشینبوونی لەزانکۆی تاران وانەی وتووەتەوە. بەپشتیوان و پاڵپشتی سەرەکیی سەرکردەکانی ریفۆرمخوازان و بزوتنەوەی سەوز لەقەڵەم دەدرێت و لەچەند نامەیەکدا بۆ عەلی خامنەیی، رێبەری ئێستای کۆماری ئیسلامی ئێران داوای لێکردووە فشارەکان لەسەر ریفۆرمخوازان کەم بکرێنەوە و نووسیویەتی: وەک خوشکێک هۆشداریی دەدەم و داوات لێدەکەم نەبیتە هۆکارێک بو لێکترازانی زیاتر لەگۆڕەپانی سیاسیی کۆماری ئیسلامی ئێراندا.

لەگۆڕی خومەینییەوە بۆ گۆڕەپانی سیاسەت

حەسەن خومەینی لەساڵی (1972) لەشاری قوم کە بەشارێکی ئایینی و ناوەندی شیعە لەئێران دەناسرێت لەدایکبووە و کوڕی ئەحمەد خومەینی و کوڕەزای روحەڵڵای خومەینییە، ئەو ئەندامی دەستەی ئەمینداری زانکۆی ئەهلی ئیسلامی لەئێران و هاوکات لەگەڵ خوێندنی ئاکادیمی سەرقاڵی خوێندنی ئایینی بووەو زیاتر لە (18) ساڵ کاتی خۆی بۆ قوڵبوونەوە لەخوێندنی ئایین تەرخان کردووەو وەک مامۆستایەکی ئایینی وانە دەڵێتەوەو هاوکات لەسەر وەسیەت و راسپاردەی باوکی و بەئیمزای عەلی خامنەیی ئەرکی پارێزگاری و خاوەندارێتیی گۆڕو (مەزاری خومەینی) و ناوەندی رێکخستن و بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی خومەینیی باپیری لەئەستۆیە، ئەو لەساڵی (1986) تاساڵی (1989) بەشداریی بەرەی جەنگی وڵاتەکەی کردووە لەدژی عێراقی سەردەمی سەددام حسێن و رووبەڕووبوونەوەی مەترسییە سەربازییەکانی سەر ئێران.

لەچالاکییە سیاسییەکانیدا بە بەردەومی پشتیوانی لەسەرکردەکانی ریفۆرمخوازانی وەک هاشمی رەفسنجانی و محەمەد خاتەمی و ناتق نوری و حەسەن رۆحانی کردووەو تەنانەت پشتیوانیی و هاوخەمیی خۆی بۆ سەرکردەکانی بزوتنەوەی سەوز بەسەرکردایەتی میرحسێن موسەوی دەربڕیوەو ئەمەش وای کردووە زۆرجار لەلایەن توندڕەوەکانی محافزکارانەوە هێرش بکرێتە سەری و رەخنەی لێبگیرێت.

نەوەی خومەینی لەساڵی (2015) بەئامادەبوونی لەناوەندی تۆمارکردنی کاندیدەکانی پێنجەمین خولی ئەنجومەنی دەستەبژێری رێبەری (مەجلیسی خوبرەگان)، بووە جێگەی سەرنج، بەڵام بە بیانووی بەشدارنەبوونی لەخولی تاقیکردنەوەی ئاستی زانستی ئیسلامیی ئەنجومەنەکە، رێگەی پێنەدرا خۆی کاندید بکات و لەهەڵبژاردنەکاندا بەشدار بێت کەپێدەچێت پشتیوانییەکانی بۆ بزوتنەوەی سەوزو بەرەی ریفۆرمخوازان هۆکارێک بێت بۆ ئەو رێگرییە.

ئەگەرچی حەسەن خومەینی شارەزایە لەبواری کۆمەڵناسی و ئایین و چەند کتێب و نووسینێکی لەو بوارانەدا هەیە، بەڵام تا ئێستا بەشدارییەکی بەرچاوی لەگۆڕەپانی سیاسی و حزبیی لە ێران نەبووە، بۆیە لەماوەی رابردوودا بەچەند لێدوانێک رایگەیاند: ئەگەر پێویست بکات بێدەنگی دەشکێنم، چونکە دەسەڵاتدارانی ئێران تەنها ئەو بەشانە لە وەسیەت و راسپاردەی خومەینی جێبەجێ دەکەن کە لەبەرژەوەندیی خۆیانەو ئەو بەشەی کە پەیوەندیی بەپابەندبوون بە رێبازی کۆماری ئیسلامی و رەوشتی ئیسلامی و مرۆڤایەتییەوەیە لەلایەن بەرپرسان و دەسەڵاتدارانەوە حاشای لێدەکرێت.

نەوەی خومەینی و کوڕی خامنەیی

بەهۆی تەمەن و تەندروستیی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران زۆرجار باسی جێگرەوەی خامنەیی دەکرێت کە بەهۆی بڵاوبوونەوە و هەڵواسینی وێنەی موجتەبا خامنەیی، کوڕی عەلی خامنەیی بەیەکەوە لە تاران-ی پایتەختی ئێران گومان دەکرێت بڵاوبوونەوەی ئەو وێنانە ئامادەکردنی موجتەبا خامنەیی بێت بۆ جێگرەوەی باوکی، کەئەمەش کاردانەوەی لێکەوتەوە و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و دەزگای هەواڵگریی ئەو وڵاتە رایانگەیاند؛ بڵاوبوونەوەی ئەو وێنەو پۆستەرانە کارێکی نەخوازراوی کۆمەڵێک فریودراو بووە، لەبەرامبەردا کۆمەڵێک میدیا و راگەیاندنی نزیک لە ریفۆرمخوازان بەبیانوی بڵاوبوونەوەی ئەو وێنەو پۆستەرانەوە پرسی جێگرەوەی خامنەییان وروژاندو ئاماژەیان بەناوی عەلی ئەکبەر ویلایەتی، حەسەن رۆحانی و حەسەن خومەینی کردووە کە بەهێزترین بژاردەن بۆ جێگرەوەی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، چونکە بەپێی لێکدانەوەکان ئەو سێ کەسە هەموو تایبەتمەندییەکی بوون بە رێبەر لەو کەسانەدا بەهێزەو مەرجە یاسایی و دەستورییەکانیشیان هەیە، بەڵام موجتەبا خامنەیی ئەو مەرجانەی تێدا نییە کەبیانەوێت بیکەن بەجێگرەوەی باوکی.

سەید حەسەن خومەینی و دەستی بەتاڵی ریفۆرمخوازن

حەسەن خومەینی بە رەسمی سەر بەهیچ حزب و لایەنێک نییە، بەڵام بە نزیکترین کەسی محەمەد خاتەمی، سەرۆک کۆماری پێشوترو یەکێک لەسەرکردەکانی ریفۆرمخوازان لەئێران لەقەڵەم دەدرێت و ئەمە وای کردووە گومانەکان بۆ خۆپاڵاوتنی ئەو بە مەبەستی بەشداریی لەهەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی وڵاتەکەی بەهێز بێت، لەلایەکی دیکەوە ئەو وەک کەسایەتیی سەرەڕای ریفۆرمخوازان پیدەچێت لەلایەن (هێڵی ئیمام) و محافزکارە میانڕەوەکانی ئێرانەوە بۆ سەرکەوتن و بوون بەسەرۆک کۆمار پشتیوانیی لێبکرێت و بژاردەیەکی بەهێزی ریفۆرمخوازنە بۆ بەشداریی لەهەڵبژاردنەکان و زیندوکردنەوەی ریفۆرم لەئێران، بەڵام زۆربەی میدیاو لایەنەکانی سەر بەباڵی توندڕەوی محافزکاران بەدوری دەزانن ئەنجومەنی چاودێریی کۆماری ئیسلامی متمانە بەخومەینی ببەخشن و رێگەی بدەن ببێتە کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆماری داهاتووی ئێران.

بەپێی یاسای ژمارە (115)ی دەستوری ئێران هەر کەسێک کەبیەوێت خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری بپاڵێوێت و متمانەی پێبدرێت بۆ کاندیدبوون، دەبێت « بە ڕەچەڵەک ئێرانی و توانای بەڕێوەبردن و پلاندانانی هەبێت، رابردوو پێشینەی باش و ئەمانەت پارێزو بەئیمان بێت،  دیندارو بڕوادار بێت لەسەر بنەماکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەپێی ئایینی رەسمی وڵات»، بۆیە لەسەر بنەمای ئەم یاسایە محافزکاران رایانگەیاندووە کە حەسەن خومەینی هیچ ئەزموونێکی لەبەڕێوبردن لەدامەزراوە رەسمییەکان تەنانەت لەشارەوانییەکی شارۆچکەیەکی بچووکی ئێراندا نییە، بۆیە ئەگەری رەتکردنەوەی کاندیدبوونی لەلایەن ئەنجومەنی چاودێریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە زۆر بەهێزە.

لەبەرامبەردا رۆژنامەکانی (شەرق) و (ئیعتیماد) و (ئارمانێ میللی) لە بابەت و هەواڵە رۆژنامەوانییەکانیاندا ئاماژەیان بەگەڕانەوەی بیروباوەڕی روحەڵڵا خومەینی، دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ کاندیدبوونی حەسەن خومەینی کردووەو لێدوانەکانی ئەویان سەبارەت بە رەخنەگرتن لەسەر سیستمی کۆماری ئیسلامی لەو وڵاتە بڵاوکردووەتەوە.

رۆژنامەی (ئیعتیماد) سەر بە ریفۆرمخوزان بەناونیشانی (هیوای خەڵک و نیگەرانیی توندڕەوەکان) نووسیویەتی «نزیکەی پێنج مانگی ماوە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئێران و گومان دەکرێت ریفۆرمخوازان حەسەن خومەینی، کوڕەزاو نەوەی روحەڵڵا خومەینی، دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی لەئێران وەک کاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆماریی لەوڵاتەکە بناسێنن. کە ئەمە وایکردووە رۆژنامەکانی سەر بەباڵی توندڕەوی محافزکاران بەبەردەوامی هێرش بکەنەسەر ئەم کەسایەتییەی کە بە (یادگارو نەوەی ئیمام) لەئێران دەناسرێت».

«کاندیدبوونی نەوەی ئیمام دەتوانێت بەشێک لەو بۆشاییە فکرییانەی کەئێستا لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەیە پڕ بکاتەوەو هاوکات نەمان و کاڵبوونەوەی هزری (ئیمام خومەینی) قەرەبوو بکاتەوە و ببێتە مایەی بووژاندنەوەی هزری هاوسەنگیی لە سیاسەت و بەڕێوبردنی وڵاتدا کە بەشێک بوو لەتایبەتمەندییەکانی باوک و باپیری، بۆیە بە یەکلابوونەوەی کاندیدبوونی دەتوانێت ببێتە هۆی گەڕانەوەی هیوا بۆ خەڵک و بەهێزکردنی پێگەی ریفۆرمخوازن لەئێران».

لەپەل و پۆ کەوتنی کاندیدەکانی ریفۆرمخوازان

لە رابردوودا محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەو ئیسحاق جیهانگیری، جێگری سەرۆک کۆمار بەبژاردەی بەهێزی ریفۆرمخوازانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ کاندیدی ئەو لایەنە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار لەقەڵەم دەدارن، بەڵام جیهانگیری لەچەند لیدوانێکیدا رایگەیاندووە مەبەستی نییە خۆی بۆ ئەو پۆستە کاندید بکات، وەک کاندیدی هیچ لایەنێک لەهەڵبژاردنەکاندا بەشداریی بکات.

لەلایەکی دیکەوە زەریف کە ئاستێکی جەماوەریی بەهێزی هەبووە چەند جارێک رایگەیاندووە کە ئەو پسپۆڕی و شارەزایی لەدیپلۆماسی و سیاسەتی نێودەوڵەتییەو پێناچێت خۆی کاندید بکات، بەڵام ئەگەر پێویست بکات و ناچار بکرێم ئەو کارە دەکەم، هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی دەنگۆی ئەوەی کە زەریف بڕیاریداوە خۆی کاندید بکات، لەلایەن محافزکارانەوە بەتوندی رەخنەی لێگیراو چەند رۆژیک دوای  دەنگۆکە بەبیانوی پێشێلکردنی یاساکانی کۆماری ئیسلامی و گفتوگۆی نهێنی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا، لەلایەن پەرلەمانی ئێرانەوە کە زۆرینەی رەهای بەدەستی محافزکارانەوەیە بانگێهێشت کراو تۆمەتبار کرا بەوەی کە هەفتەیەک دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی لەلایەن ئەمەریکاوە ئەو بەنهێنی دانیشتن و گفتوگۆی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا کردووە.

زەریف دوای لێپرسینەوەی توند لەلایەن پەرلەمانەوە هۆشداریی پێدرا کە بەکارتی زەرد ناودەهێنرێت، بۆیە پەرلەمان لە رۆژێکدا دوو کارتی زەردی بە رووی پیاوی دیپلۆماسی ئێراندا بەرز کردەوە، کە ئەمەش بەتۆمارێکی دیکەی مێژوویی لەسیاسەتی کۆماری ئیسلامی ناو دەهێنرێت.

وەزیری دەرەوەی ئێران لەدانیشتنی رۆژی سێشەممەی رابردووی پەرلەمانی ئێران کە تایبەت بوو بەلێپرسینەوە لێی، وتوویەتی: ئەو کۆبوونەوە نهێنییە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵ و نیوێک پێش تیرۆری سولەیمانی، کاری دەزگای دیپلۆماسی ئاڵۆزەو پێویستی بەهاوکاریی سەرجەم دامەزراوەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران هەیە، من تەنانەت لەگەڵ سەددام حسێن، سەرۆکی حزبی بەعس لەعێراق دانیشتووم و گفتوگۆم کردووە لەکاتێکدا ئەمەم پێخوش نەبووە، بەڵام راسپێردراوم و ئەرکدار کراوم بەو کارە.

شارەزایانی سیاسیی ئەو تۆمەت و لێپرسینەوانە لە زەریف بەهۆکاری ناکۆکیی دوو باڵی محافزکارو ریفۆرمخوازی کۆماری ئیسلامی ئێران لەقەڵەمدەدەن، چونکە پێدەچێت زەریف خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری لەئێران کاندید بکات، بۆیە محافزکاران لە رێگەی پەرلەمانەوە فشارەکانیان دژی ریفۆرمخوازان زیاتر دەکەن، ئەمەش وایکرد کەوەزیری دەرەوە لەلایەن ژمارەیەک پەرلەمانتارەوە تۆمەتبار بکرێت بەوەی کەدوای کوشتنی قاسم سولەیمانی، ئامادەیی خۆی بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمەریکا دووپاتکردووەتەوەو بەنهێنی دیداری لەگەل بەرپرسانی ئەمەریکا هەبووە.

کۆتایی خەونی ریفۆرم لەئێران

لەئێستادا زۆرینەی رەهای پەرلەمان بەدەست باڵی محافزکارەوەیە کە خامنەیی بە رێبەرو پێشەوای بێ ئەملاوئەولای خۆیان دەزانن و هاوکات دەزگای دادوەریی ئەو وڵاتەش بەدەست ئەو باڵەوەیە، تەنها کابینەی لاوازو بێدەسەڵاتی حکومەت لەدەست ریفۆرمخوزانی کۆماری ئیسلامیدایەو سەرجەم دامەزراوە سەرەکییەکانی ئەنجومەنی چاودێری، ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی، ئەنجومەنی دەستەبژێر (نوخبەگانی رێبەری) ئەو وڵاتە زۆرینەی لەدەستی باڵی محافزکاردایەو ئەو باڵە خۆیان بۆ بەدەستەوەگرتنی حکومەت و سەرکەوتنی یەکێک لەکاندیدەکەیان لەهەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی ئامادە کردووەو ژمارەیەکی زۆری کاندیدیان ناساندووە کەوەک (پاسێک کاندید) ناویان دەهێنرێت، لەبەرامبەردا گرەوی گەورەی باڵی ریفۆرمخواز هاندانی خەڵکە بۆ بەشداریی بەرچاو لەهەڵبژاردنەکانداو مەبەستیانە لە رێگەی خومەینی و خانەوادەکەیەوە ئەو گرەوە ببەنەوە کەشارەزایان بەپێی دۆخی قەیراناویی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئێران پێشبینی دەکەن ئاستی بەشداریی خەڵک لەهەڵبژاردنەکای سەرۆک کۆماریی داهاتووی ئەو وڵاتە کەم بێت.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار