هاوڵاتى ورده‌کارى پرۆژه‌ بودجه‌ى هه‌رێم بڵاوده‌کاته‌وه‌

بڕه‌که‌ى 14 تریلۆن دیناره‌و کۆتایى ئه‌م مانگه‌ ده‌گاته‌ په‌رله‌مانى کوردستان

4 ساڵ لەمەوپێش



ئارا ئیبراهیم
پڕۆژه‌ خه‌مڵێندراوى بودجه‌ى 2021ى هه‌رێم بڕیاره‌ رۆژى دووشه‌ممه‌ى داهاتوو بگاته‌ حکومه‌تى هه‌رێم و له‌ماوه‌ى که‌متر له‌ دوو هه‌فته‌دا ره‌وانه‌ى په‌رله‌مان بکرێت و بڕه‌که‌ى 14 تریلۆن دینار ده‌بێت.

دواى فشاره‌کانى فراکسیۆنه‌ جیاوازه‌کانى په‌رله‌مانى وکوردستان و لیژنه‌ى دارایى حکومه‌تى هه‌رێم بڕیاریدا بۆ 2021 پڕۆژه‌ى بودجه‌ى هه‌بێت.

به‌پێى به‌دواداچونه‌کانى هاوڵاتى، حکومه‌تى هه‌رێم مه‌به‌ستییه‌تى هه‌فته‌ى ئاینده‌ پشکى هه‌رێم له‌ بودجه‌ى عێراق یه‌کلابکرێته‌وه‌ تا پێش ناردنى بۆ په‌رله‌مانى کوردستان له‌سه‌ر بنه‌ماى داهاته‌کان که‌ له‌به‌غداوه‌ بۆ هه‌ولێر ره‌وانه‌ ده‌کرێت رێکبخرێته‌وه‌.

ئه‌ندامێکى لیژنه‌ى دارایى ده‌ڵێت:" پڕۆژه‌ى بودجه‌که‌ بڕه‌که‌ى 14 تریلۆن دینار ده‌بێت ئه‌گه‌ر رێککه‌وتن له‌گه‌ڵ عێراق بکرێت و چاکسازى به‌رده‌وام بێت کێشه‌ داراییه‌کان بۆ ئه‌مساڵ چاره‌سه‌ر ده‌بن".

به‌ڵێن ئیسماعیل، ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى له‌ په‌رله‌مانى کوردستان له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت:"پڕۆژه‌ى بودجه‌ى ئه‌مساڵ بڕیاره‌ 15ى شوبات بگاته‌ حکومه‌تى هه‌رێم و به‌شى یاسایى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران پێداچونه‌وه‌ى پێدا ده‌کات و دواى په‌سه‌ندکردنى بریاره‌ کۆتایى ئه‌م مانگه‌ بگاته‌ په‌رله‌مانى کوردستان و ئه‌وله‌ویه‌تیش بۆ کاره‌کانى په‌رله‌مان گفتوگۆى بودجه‌که‌ ده‌بێت".

ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد، پڕۆژه‌ بودجه‌ى 2021ى هه‌رێم بڕه‌که‌ى 14 تریلۆن دیناره‌ و کورتهێنانى تێدایه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر حکومه‌تى هه‌رێم و عێراق رێککه‌وتن بکه‌ن کورتهێنان به‌ته‌واوى تێیدا که‌مده‌بێته‌وه‌.

به‌ڵێن ئیسماعیل باسى له‌وه‌شکرد، سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌کان راپۆرتى خه‌رجى و دارایى خۆیان داوه‌ته‌ وه‌زاره‌تى دارایى ته‌نها وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌کان نه‌بێت "ئه‌ویش له‌ دوو تا سێ رۆژى دیکه‌ راپۆرتى خۆى ته‌سلیمى وه‌زاره‌تى دارایى ده‌کات و ئه‌وانیش پرۆژه‌که‌ ده‌به‌نه‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران".

له‌باره‌ى ئه‌گه‌رى رێککه‌وتن له‌نێوان حکومه‌تى هه‌رێم و عێراق، د‌وخى ئابوورى باشتر ده‌بێت، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ که‌ ئه‌وه‌ى ئه‌وله‌ویه‌تى حکومه‌تى هه‌رێمه‌ رێککه‌وتنه‌ له‌گه‌ڵ حکومه‌تى عێراق، وتیشى:"ئه‌گه‌ر هه‌رێم رێککه‌وتن له‌گه‌ڵ عێراق بکات دۆخى ئابوورى بۆ ئه‌مساڵ زۆر باش ده‌بێت، له‌هه‌مانکاتدا پێویسته‌ ئه‌و بڕیارانه‌ى له‌باره‌ى چاکسازى ده‌رکراون به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى به‌ ده‌روازه‌ سنورییه‌کانه‌وه‌ هه‌یه‌ بۆ رێگرتن له‌ قاچاغچێتى و کۆکردنه‌وه‌ى داهات وه‌ک خۆى جێبه‌جێ بکرێت".

"ئه‌گه‌ر داهاته‌کانى هه‌مووى به‌ شێوه‌یه‌کى شه‌فاف کۆبکرێته‌وه‌و رێگرى له‌ گه‌نده‌ڵییه‌کان بکرێت به‌شى موچه‌و پڕۆژه‌کانى وه‌به‌رهێنان ده‌کات"، به‌ڵێن ئیسماعیل وا ده‌ڵێت
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار