ئارام قادر: گۆڕان و کۆمه‌ڵ یه‌کلیستییان بۆ په‌رله‌مانى  کوردستان ره‌تکرده‌وه‌

6 ساڵ لەمەوپێش



ئارا ئیبراهیم. سلێمانى
ئه‌ندامێکى دامه‌زرێنه‌رى هاوپه‌یمانى بۆ دیموکراسى و دادپه‌روه‌ریى رایگه‌یاند هه‌ریه‌که‌ له‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و کۆمه‌ڵى ئیسلامى، یه‌کلیستیان بۆ په‌رله‌مانى کوردستان ره‌تکرده‌وه‌.


ئارام قادر: ئه‌ندامى دامه‌زرێنه‌رى هاوپه‌یمانى بۆ دیموکراسى و دادپه‌روه‌ریی، له‌ چاوپێکه‌وتنێکیدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ى هاوڵاتى که‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ وتى " ئێمه‌ وه‌ک هاوپه‌یمانى جه‌ختمان له‌ یه‌ک لیستى کرده‌وه‌و به‌ باشترین بژارده‌مان زانیوه‌، به‌ڵام هه‌ریه‌که‌ له‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و کۆمه‌ڵى ئیسلامى له‌گه‌ڵ یه‌کلیستى نه‌بوون و  پاساوى خۆیان هێناوه‌ته‌وه‌"


وتیشى "بایکۆتى پرۆسه‌ى هه‌ژمارکردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌کانیان کردووه‌، چونکه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا بوون سه‌رجه‌م سندوقه‌کان هه‌ژمار بکرێته‌وه‌، له‌کاتێکدا زیاتر له‌ 500 سندوق سکاڵاى له‌سه‌ر بووه‌، به‌ڵام ته‌نها 186 یان هه‌ژمار ده‌کرێنه‌وه‌"


جه‌ختیله‌وه‌شکرده‌وه‌ "ئه‌وه‌ى که‌ ده‌یزانین له‌ هه‌ژمارکردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌کان گۆڕانکارییه‌کى ئه‌و تۆ روونادات، چونکه‌ ئه‌م هه‌ژمارکردنه‌وه‌ى ده‌نگانه‌ پێچه‌وانه‌ى بڕیارى په‌رله‌مانى عێراق و دادگاى فیدڕاڵیه‌"

هاوڵاتى: بۆچى چوار لایه‌نه‌که‌ نه‌یانتوانى ببنه‌ یه‌ک لیست بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانى په‌رله‌مانى کوردستان؟


ئارام قادر: ئێمه‌ وه‌کو هاوپه‌یمانى له‌ سۆنگه‌ى ئه‌و دیدگایه‌ى هاوپه‌یمانى له‌سه‌ر بنیادنراوه‌، له‌چوارچێوه‌ى ئه‌و بیروبۆچونه‌ى هاوپه‌یمانى دروستبوو وه‌کو قه‌واره‌یه‌کى هه‌ڵبژاردن، ئێمه‌ جه‌ختمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌کرده‌وه‌ که‌ هاوپه‌یمانى بنکه‌ فراوان پێکبێت له‌هه‌رێمى کوردستاندا و چه‌ترێکى سیاسى درووست بێت، بۆ ئه‌و لایه‌نه‌ چاکه‌خوازانه‌ى که‌ له‌ هه‌رێمى کوردستان، خوازیارن پڕۆسه‌ى بندیانانه‌وه‌ به‌ ئه‌نجام بگه‌یه‌نن و گۆڕانکارى ریشه‌یى دروست بێت.

 

یه‌کێک له‌و قۆناغانه‌ى که‌ هه‌وڵى جیدیماندا پاش ئه‌وه‌ى ئه‌وه‌ى ساخته‌کارى و ته‌زویرێکى زۆر له‌ ده‌نگه‌کانى هاوڵاتیان کرا و ئیراده‌ى هاوڵاتیانى کوردستان زه‌وتکرا، له‌چوارچێوه‌ى ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ى که‌ بۆ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ئه‌نجامدراوه‌، ئێمه‌ جه‌ختمان له‌سه‌رئه‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ پێویسته‌ ئه‌م هێزانه‌ له‌یه‌ک لیستدا کۆببنه‌وه‌ و ئێستاش قه‌ناعه‌تمان وایه‌ که‌ باشترین بژارده‌ بۆ ئه‌و لایه‌نانه‌، بریتى بوو له‌ یه‌ک لیستى.


‌هاوڵاتى:هۆکارى ئه‌وه‌ى نه‌بوون به‌ یه‌ک لیست بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان، تا چه‌ند په‌یوه‌ندى به‌ ئێوه‌ وه‌ هه‌بووه‌ وه‌ک هاوپه‌یمانى؟  


ئارام قادر: له‌راستیدا ئه‌و لایه‌نانه‌ى تر هه‌ریه‌که‌و پاساوى خۆى هێنایه‌وه‌ که‌ ناتوانن له‌م سات و وه‌خته‌دا ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ به‌ئه‌نجام بگه‌یه‌نن، ئێمه‌ رێز له‌ بڕیارى ئه‌و حیزبانه‌ ده‌گرین.
‌هاوڵاتى: باس له‌وه‌ ده‌کرێت ئێوه‌ وه‌ک هاوپه‌یمانى و یه‌کگرتوو که‌ ئێستا له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ هاوپه‌یمانى کردووه‌ له‌گه‌ڵ یه‌ک لیستى بوون، به‌ڵام گۆڕان و کۆمه‌ڵ ره‌تیانکردۆته‌وه‌؟


ئارام قادر: به‌ڵێ ته‌بعه‌ن هه‌ر لایه‌نه‌ پاساوى خۆى هێناوه‌ته‌وه‌، دیدو بۆچونى خۆى ده‌ربڕیوه‌، ئێمه‌ ئێستاش قه‌ناعه‌تمان وایه‌ که‌ یه‌ک لیستى باشترین بژارده‌یه‌ بۆ هه‌رێمى کوردستان، بۆ گۆڕانکارى و یه‌ک فراکسیۆنیش له‌به‌غدا باشترین بژارده‌یه‌ بۆ داهاتوو، به‌ڵام ئێمه‌ رێز له‌ ئیراده‌ و بڕیارى ئه‌و حیزبانه‌ ده‌گرین، مه‌رج نییه‌ له‌ئێستا یه‌ک لیست بین، به‌ڵام له‌قۆناغه‌کانى داهاتوودا له‌ پرۆژه‌یه‌کدا پێکه‌وه‌ بین. ئێمه‌ وه‌ک هاوپه‌یمانى جه‌ختمان له‌ یه‌ک لیستى کرده‌وه‌و به‌ باشترین بژارده‌مان زانیوه‌، ئه‌وه‌ پاساوى ئه‌و لایه‌نانه‌یه‌ به‌ باشتریان زانیوه‌ به‌جیا به‌شدارى هه‌ڵبژاردنه‌کانى په‌رله‌مانى کوردستان بکه‌ن.


هاوڵاتى:ئایا ده‌بنه‌ یه‌ک فراکسیۆن له‌ داهاتوودا؟


ئارام قادر: ده‌توانرێت پاش هه‌ڵبژاردن ببینه‌ یه‌ک فراکسیۆن له‌ په‌رله‌مانى کوردستاندا، یه‌کێکه‌ له‌ بژارده‌کان و ئه‌گه‌رێکى کراوه‌یه‌ له‌به‌رده‌ماندا.


هاوڵاتى: ئایا هه‌ژمارکردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌کان له‌چوار چێوه‌ى یاساکاندا بووه‌، ئه‌گه‌ر گۆڕانکارى روونه‌دات بایکۆتى پرۆسه‌ى سیاسى ده‌که‌ن؟


ئارام قادر: ئه‌وه‌ى که‌ ده‌یزانین وپێشبینى بۆده‌که‌ین گۆڕانکارییه‌کى ئه‌و تۆ روونادات، چونکه‌ ئه‌م هه‌ژمارکردنه‌وه‌ى ده‌نگانه‌ پێچه‌وانه‌ى بڕیارى په‌رله‌مانى عێراق و دادگاى فیدڕاڵیه‌. ئێمه‌ جه‌ختمان له‌سه‌رئه‌وه‌ کرده‌وه‌  هه‌ژمارکردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌کان بۆ هه‌موو سندوقه‌کانى ده‌نگدانبێت، به‌شێوه‌یه‌کى شه‌فافانه‌ بێت به‌چاودێرى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان بێت و قه‌واره‌ سیاسییه‌کان بێت، ئه‌و هه‌ژمارکردنه‌وه‌یه‌ بۆچه‌ند سندوقێکى که‌م پێچه‌وانه‌ى هه‌موو رێساو یاساکانى خۆشیانه‌. ئه‌وه‌ى که ‌سکاڵاى لایه‌نه‌کانى له‌سه‌ره‌ زیاتره‌ له‌ 500 سندوق، به‌ڵام ئه‌وه‌ى هه‌ژمار ده‌کرێته‌وه‌ 186 سندوق هه‌ژمار ده‌کرێنه‌وه‌. ئێمه‌وه‌کو هاوپه‌یمانى بایکۆت یه‌کێکه‌ له‌و بژاردانه‌ى که‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان بیرى لێ ده‌که‌نه‌وه‌ و به‌ڵام تا ئێستا له‌چوارچێوه‌ى قسه‌کرندایه‌.
هاوڵاتى: ئه‌گه‌ر یه‌کێتى له‌سلێمانى چه‌ند هه‌زار ده‌نگێک که‌م بکات و ببێته‌ هۆى له‌ده‌ستدانى کورسیه‌ک ئه‌و کورسییه‌ بۆ چ لایه‌نێک ده‌بێت؟


ئارام قادر: زۆرترین ده‌نگ که‌ بۆکورسییه‌ک ماوه‌ته‌وه‌ بۆ کۆمه‌ڵى ئیسلامییه‌، ئه‌گه‌رببێته‌ دووکورسى ئه‌وه‌ بۆپارتى دیموکراتى کوردستانه‌و سێیه‌م بۆ هاوپه‌یمانییه‌.
هاوڵاتى : ئایا پێکه‌وه‌ وه‌ک چوار لایه‌نه‌که‌ بڕیار ده‌ده‌ن بچنه‌ به‌غدا یاخود به‌جیا؟


ئارام قادر: به‌دڵنیاییه‌وه‌ تائێستاش له‌گفتوگۆداین پێکه‌وه‌ هه‌م بۆپه‌رله‌مانى کوردستان هه‌م بۆ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، ده‌مانه‌وێت پێکه‌وه‌ بڕیاربده‌ین به‌س تا نه‌گه‌ینه‌ ئه‌نجام و هه‌ژمارکردنه‌وه‌کان ته‌واو نه‌بێت، نازانین. ئایا ئه‌و کاته‌ هه‌رلایه‌نه‌ بۆخۆى بڕیار ده‌دات یان پێکه‌وه‌ بڕیار ده‌ده‌ین.


هاوڵاتى:پارتى و یه‌کێتى داوا ده‌که‌ن پێکه‌وه‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵتان بکرێت پێکه‌وه‌ وه‌ک کورد بچنه‌ به‌غدا؟


ئارام قادر: یه‌ک هه‌ڵوێستى له‌ به‌غدا به‌نده‌ به‌ بارودۆخى سیاسى و چاکسازى له‌هه‌رێمى کوردستاندا، په‌یوه‌سته‌ به‌و پێداچونه‌وه‌و ساخته‌کارییانه‌ى  ده‌ست تێوه‌ردان که‌ له‌هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراقدا کراوه‌، ئێمه‌ خوازیارین ئه‌و یه‌ک ده‌نگى و یه‌ک هه‌ڵوێستییه‌ به‌ئه‌نجام بگیرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌کى کرده‌یى به‌ ئه‌نجام ده‌گه‌یه‌نرێت که‌ له‌کوردستان بتوانین سیستمى دیموکراسى و ئاڵوگۆڕى ده‌سه‌ڵاته‌کان بکرێت، به‌ڵام له‌کاتێکدا له‌ چه‌ندین شوێندا قۆرغکارى حیزبى و ده‌ست تێوه‌ردان له‌هه‌موو جومگه‌کاندا له‌هه‌رێمى کوردستاندا ده‌کرێت و به‌رجه‌سته‌ بووه‌، ئه‌وه‌ له‌مپه‌رێکى گه‌وره‌یه‌ که‌ یه‌ک ده‌نگى له‌ به‌غدا دروست نه‌بێت.


هاوڵاتى: شێخ جه‌عفه‌ر له‌ چاوپێکه‌وتنێکى رۆژنامه‌ى ‌هاوڵاتى ده‌ڵێت: ده‌رگا کراوه‌یه‌ بۆ به‌رهه‌م ساڵه‌ح، ئایا ده‌چێته‌وه‌ ناو یه‌کێتى یاخود نا؟


ئارام قادر: ئه‌وه‌  جگه‌ له‌ قسه‌و پروپاگه‌نده‌ هیچ شتێکى تر نییه‌. پێش ئه‌وه‌ى کاک دکتۆر به‌رهه‌م به‌یاننامه‌ى راگه‌یاندنى هاوپه‌یمانى بڵاوبکاته‌وه‌، ئه‌و وتى وتییانه‌ زۆر بوو. له‌کاتى هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردنه‌کانیشدا هه‌ر پڕوپاگه‌نده‌ ده‌کرا، ئێستاش هه‌مان پروپاگه‌نده‌ بڵاوده‌کرێته‌وه‌، ئه‌و بابه‌ته‌ بۆ ئاوه‌ژووکردنى راستییه‌کانه‌  له‌ سه‌ر مه‌یدانى سیاسى هه‌رێمى کوردستان.


هاوڵاتى: هیچ په‌یوه‌ندیه‌ک له‌نێوان هاوپه‌یمانى و یه‌کێتى هه‌یه‌ له‌ئێستادا؟


ئارام قادر: ئێمه‌ گفتوگۆ  له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌نێکى سیاسى ره‌تناکه‌ینه‌وه‌، خوازیارین له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان له‌سه‌ر پرسى چاکسازى و گۆڕانکارى و بارودۆخى خه‌ڵکى هه‌رێمى کوردستان به‌ره‌و خۆشگوزه‌رانى ببه‌ین، به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئێمه‌ گفتوگۆ و لێکتێگه‌شتن یه‌کێکه‌ له‌ رێگا یاساییه‌کانى ئێمه‌.


‌هاوڵاتى:ده‌وترێت ترستان هه‌یه‌ بۆ په‌رله‌مانى کوردستان ساخته‌کارى بکرێت؟


ئارام قادر: ترس هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ساخته‌کارى له‌هه‌ڵبژاردنه‌کانى په‌رله‌مانى کوردستاندا بکرێت، ئه‌م شه‌ش لایه‌نه‌ نوسراومان ئاراسته‌ى  کۆمسیۆن کردووه‌ که‌ تۆمارى ده‌نگه‌ده‌ران پاک بکرێته‌وه‌ له‌ده‌نگى مردوو و دووباره‌، بۆ ئه‌وه‌ى ده‌نگدانى تایبه‌ت و گشتى بکرێته‌ یه‌ک پاکێج. کۆمه‌ڵێک رێنمایى هه‌یه‌ که‌ که‌لێنى درووستکردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ى ساخته‌کارى دروست بکرێت چاکسازى  بکرێت له‌ رێنماییه‌کانى ده‌نگدان و ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌و داواکاریانه‌ جێبه‌جێ نه‌کرێت ترسمان هه‌یه‌ و هه‌ڵبژاردن ساخته‌کارى ده‌کرێت.


هاوڵاتى: ئایا لایه‌نه‌ عێراقییه‌کان بۆ گفتوگۆکردن له‌سه‌ر پێکهێنانى حکومه‌تى عێراق، په‌یوه‌ندییان پێوه‌ کردوون؟ 


ئارام قادر: به‌رهه‌م ساڵه‌ح نه‌ک بۆ حکومه‌تى عێراق بۆ پرسه‌ دبلۆماسییه‌کان و بۆ پرسه‌ سیاسییه‌کانى ناوچه‌که‌ و رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست کۆبونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵدا ده‌که‌ن و سوود له‌ راو بۆچونه‌کانى وه‌رده‌گرن، چونکه‌ به‌ دڵناییه‌وه‌ به‌رهه‌م ساڵه‌ح که‌سایه‌تییه‌یه‌ که‌ توانیویه‌تى په‌یوه‌ندى دبلۆماسى و باش دروست بکات له‌گه‌ڵ که‌سایه‌تییه‌  سیاسییه‌کان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار