چوار لایه‌نه‌که‌ بۆ بەغدا بڕیارى هاوبه‌ش دەدەن

هاوپه‌یمانى فه‌تح و سائیرون: له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى یه‌کێتى و پارتیش گفتوگۆ ده‌که‌ین

6 ساڵ لەمەوپێش



سه‌روه‌ر خه‌لیل. ئارا ئیبراهیم

وته‌بێژى هاوپه‌یمانى فه‌تح و سائیرون ده‌ڵێت، گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى یه‌کێتى و پارتیش ده‌که‌ن بۆ پێکهێنانى حکومه‌تى  نوێی عێراق، چوار لایه‌نه‌ ناڕازییه‌که‌ى هه‌رێمیش چاوه‌ڕوانى یه‌کلایی بوونه‌وه‌ى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنن تا پێکه‌وه‌ بڕیارێکى هاوبه‌ش بده‌ن.


له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى هه‌ژمارکردنه‌وه‌ى به‌شێک له‌ سندوقه‌کانى ده‌نگدان به‌ده‌ست به‌رده‌وامه‌ و تائێستا ته‌نها له‌ هه‌ردوو پارێزگاى که‌رکوک و سلێمانى ته‌واوبووه‌، قه‌واره‌ براوه‌کانى هه‌ڵبژاردنى 12ى ئایار گفتوگۆکانیان ده‌ستپێکردووه‌ بۆ پێکهێنانى گه‌وره‌ترین فراکسیۆن بۆ پێکهێنانى حکومه‌تى نوێی عێراق.


ئه‌حمه‌د ئه‌سه‌دی، وته‌بێژی هاوپه‌یمانی فه‌تح له‌لێدوانێکدا بۆ ‌هاوڵاتى ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد، له‌دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌کانی 12ی ئایاره‌وه‌ هه‌وڵه‌کانیان بۆ پێکهێنانی گه‌وره‌ترین کوتله‌ی په‌رله‌مانی ده‌ستپێکردووه‌و سه‌ردانه‌که‌شیان بۆ هه‌ولێر ته‌واوکه‌ری ئه‌و سه‌ردانه‌یه‌ که‌ پێشتر پارتی و یه‌کێتی بۆ به‌غدا ئه‌نجامیاندابوو، "هه‌رچه‌نده‌ تائێستا هیچ بڕیارێک له‌سه‌ر گه‌وره‌ترین قه‌واره‌ى په‌رله‌مانى نه‌دراوه‌"


وتیشى "ئێمه‌ له‌ هه‌ولێر له‌گه‌ڵ یه‌کێتى و پارتى گفتوگۆمان کردووه‌ و له‌داهاتووشدا له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى یه‌کێتى و پارتیش کۆده‌بینه‌وه‌، هه‌موو هێزێک به‌پێی قورسایی خۆی نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵک ده‌کات، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر یه‌ک کورسیشی به‌ده‌ستهێنابێت".


له‌دواى هه‌ڵبژاردنى 12ى ئایاره‌وه‌ تا ئێستا چه‌ندین هاوپه‌یمانى له‌نێوان لایه‌نه‌ براوه‌کاندا پێکهێنراوه‌، به‌ڵام تا ئێستا هیچ کامیان سه‌رکه‌وتوو نه‌بوون بۆ دروستکردنى گه‌وره‌ترین کوتله‌ى په‌رله‌مانى و پێکهێنانى حکومه‌ت.


محه‌مه‌د جاسم سه‌رکرده‌ له‌ هاوپه‌یمانی سائیرون که‌ موقته‌دا سه‌در سه‌رکردایه‌تى ده‌کات به‌ ‌هاوڵاتى وت "به‌حوکمی ئه‌وه‌ی پارتی و یه‌کێتی زۆرترین کورسییان هه‌یه‌ له‌ناو هێزه‌ کوردستانییه‌کان، بۆیه‌ بایه‌خی لایه‌نه‌کان له‌سه‌ر ئه‌و دوو حزبه‌یه‌"


وتیشى "سائیرون په‌یوه‌ندی و لێکتێگه‌یشتنی باشی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کانی ده‌ره‌وه‌ى یه‌کێتى و پارتى و مه‌یلیان به‌لاى هاوپه‌یمانى سائیروندا هه‌یه‌".

چوار لایه‌نه‌که‌: پێکه‌وه‌ بڕیار ده‌ده‌ین


چوار لایه‌نه‌ ناڕازییه‌که‌ى هه‌رێمى کوردستان که‌ پێکهاتوون له‌ (گۆڕان، هاوپه‌یمانى، کۆمه‌ڵ، یه‌کگرتوو) که‌ ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌که‌یان ره‌تکردووه‌ته‌وه‌ ده‌ڵێن، تا ئه‌نجامه‌کانى هه‌ڵبژاردن پاش هه‌ژمارکردنه‌وه‌ جارێکى تر رانه‌گه‌یه‌ندرێت بڕیار له‌سه‌ر به‌شداریکردن یاخود بایکۆتى پڕۆسه‌ى سیاسى ناده‌ن.


رێبوار که‌ریم مه‌حمود وته‌بێژى هاوپه‌یمانى بۆ دیموکراسى و دادپه‌روه‌رى، به‌ ‌هاوڵاتى وت "تا ده‌نگه‌کان یه‌کلانه‌بێته‌وه‌  گفتوگۆ ناکه‌ین له‌سه‌ر پێکهێنانى حکومه‌تى عێراق، گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌کانى هه‌ڵبژاردن ده‌کرێت، ئێمه‌ ئه‌نجامه‌کانمان پێ قبوڵ نییه‌".


جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ که‌ وه‌ک چوار لایه‌نه‌که‌ به‌و ئاراسته‌یه‌ ده‌ڕۆن که‌ بڕیارى هاوبه‌ش بده‌ن «به‌چوون و  به‌ مانه‌وه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى حکومه‌تى عێراق کارى هاوبه‌ش ده‌که‌ین».
ئه‌و چوار لایه‌نه‌ ناڕازییه‌ له‌ ئێستادا له‌ چاودێریکردنى پڕۆسه‌ى هه‌ژمارکردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌کان به‌ده‌ست کشاونه‌ته‌وه‌ و پڕۆسه‌که‌ به‌ «ناشه‌فاف» ناوده‌به‌ن.


عه‌بدوره‌زاق شه‌ریف، ئه‌ندامى جڤاتى نیشتیمانى گۆڕان به ‌‌هاوڵاتى وت "ئه‌گه‌ر گۆڕانکارى له‌ ده‌رئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌کان نه‌کرێت و  نه‌بێته‌ هۆى ئه‌وه‌ى حه‌قى ده‌نگده‌ر  بگه‌ڕێته‌وه‌، وه‌کو بزوتنه‌وه‌ى گۆران  که‌ ره‌ئى زۆرینه‌ى گۆڕانه‌ به‌شدارى ناکه‌ین له‌ پرۆسه‌ى سیاسى عێراق و   ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌راندا".


وتیشى "هه‌تا ئیعتراف به‌ ئه‌نجامه‌کان نه‌که‌ین ئێمه‌ به‌شدارى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ناکه‌ین و تا ئێستاش ئێمه‌ ئیعترافمان نه‌کردووه‌".


عه‌بدولڕه‌زاق شه‌ریف باسى له‌وه‌شکرد، گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عێراقییه‌کاندا نه‌کردووه‌ "گفتوگۆکردن له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌کان ده‌بێت، زۆرینه‌ى گۆڕانیش له‌گه‌ڵ به‌شدارى کردندا نییه‌"


لاى خۆشیه‌وه‌،  قاسم گه‌ڵاڵى به‌رپرسى ده‌زگاى هه‌ڵبژاردنى یه‌کگرتوو، بۆ ‌هاوڵاتى رونکرده‌وه‌ که‌ پڕۆسه‌ى هه‌ژمارکردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌کان بۆ درێژه‌پێدانى ئه‌و ساخته‌کارییانه‌ بوو که‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا ئه‌نجام دراوه‌و  ئه‌وان له‌گه‌ڵیدا نین تا گفتوگۆ له‌سه‌ر پێکهێنانى حکومه‌تى عێراق بکه‌ن.


وتیشى "چوار لایه‌نه‌که‌ پێکه‌وه‌ بڕیار ده‌ده‌ن ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بچینه‌ به‌غداش وه‌ک یه‌ک فراکسیۆن ده‌چین، به‌ڵام جارێ هیچ شتێک روون نییه‌".

"بۆ پێکهێنانی کابینه‌ی نوێی حکومه‌ت دوو ره‌وت ململانێ ده‌که‌ن"


محه‌مه‌د جاسم سه‌رکرده‌که‌ى هاوپه‌یمانى سائیرون باسى له‌وه‌کرد، بۆ پێکهێنانی کابینه‌ی نوێی حکومه‌ت دوو ره‌وت ململانێی یه‌کتر ده‌که‌ن.


رونیشیکرده‌وه‌، ره‌وتی یه‌که‌م ئه‌و لایه‌نانه‌ن که‌ پشت ده‌به‌ستن به‌‌دابه‌شکاریی تائیفی، خێڵگه‌ریی و نه‌ته‌وه‌گه‌ریی، ره‌وتی دووه‌میش ده‌یه‌وێت پرسی دابه‌شکاریی تائیفی و نه‌ته‌وه‌یی وه‌لاوه‌ بنێن و له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی حکومی رێککه‌وتن بکه‌ن..


سه‌رکرده‌که‌ى هاوپه‌یمانى سائیرون جه‌ختیشیکرده‌وه‌، ئێستا ململانێکه‌ له‌نێوان ئه‌و دوو ره‌وته‌ تونده‌ "ئه‌گه‌ر ره‌وتی یه‌که‌م که‌ ده‌وڵه‌تی قانون و فه‌تح و هاوپەیمانەکانیانە نوێنه‌رایه‌تی ده‌که‌ن سه‌ربکه‌وێت، ئه‌وه‌ فاتیحا‌ له‌سه‌ر عێراق ده‌خوێنرێت، به‌ گه‌ل و خاک و حکومه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ره‌وتی دووه‌م که‌ سائیرون و وه‌ته‌نییه‌و حیکمه‌ و نه‌سر نوێنه‌رایه‌تی ده‌که‌ن سه‌رکه‌وت، ئه‌وه‌ هه‌نگاوێکه‌ له‌سه‌ر رێگه‌ی راست."

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار