8ى مارس له‌نێوان توندوتیژى به‌رانبه‌ر ژنان‌و داواکارییه‌ سیاسییه‌کانیاندا

«که‌مکردنه‌وه‌ى توندوتیژى له‌به‌رامبه‌ر ژنان کارى رێکخراوه‌کان نیه‌، به‌ڵکو کارى حکومه‌ته‌«

3 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حهسهن

چالاکوانان و رێکخراوهکانى ژنان ئاماژه بهوه دهدهن کهمکردنهوهى توندوتیژى لهبهرامبهر ژنان کارى رێکخراوهکانى ژنان نییه، بهڵکو بهئهرکى حکومهتى ههرێمى دادهنێن. وهزارهتى کارو کاروبارى کۆمهڵایهتى حکومهتى ههرێمى کوردستان رایگهیاند:» تائێستا لهزۆر شوێن و بواردا ژنان سهرزهنشت و ژێرچهپۆک دهکرێن و بهبیانوى شهرهف و ناوزڕاندنهوه ههڕهشهیان لێدهکرێت و زۆرجار وهک کاڵا مامهڵهیان پێوه دهکرێت».

 لهڕاگهیهندراوێکدا، وهزارهتى کارو کاروبارى کۆمهڵایهتى حکومهتى ههرێم رایگهیاند، زیاتر لهسهدهیهکه خهڵکى لهههموو شوێنێکى جیهان، یادى رۆژى جیهانى ئافرهتان دهکهنهوه« تائێستا لهزۆر شوێن و بواردا ژنان سهرزهنشت و ژێرچهپۆک دهکرێن و بهبیانوى شهرهف و ناوزڕاندنهوه ههڕهشهیان لێدهکرێت و دوردهخرێنهوه بهبیانوى دابونهریتى کۆمهڵایهتى و پهراوێزدهخرێن، زۆرجار وهک کاڵا مامهڵهیان پێوه دهکرێت».

وهزیرێکى حکومهتى ههرێم: مافى ژنان تهنیا بهدهستهێنانى پۆست نیه

ئهمهل جهلال، سهرۆکى دهستهى گهشتوگوزارى حکومهتى ههرێم لهلێدوانێکدا به‌‌هاوڵاتى وت»لهم کابینهیه بهشدارى ژن زۆر زیاتره، بهڵام بهدیهێنانى مافهکانى ژنان تهنیا خۆى لهبهدهستهێنانى پۆست و بهشداریکردنى ژن نیه، بهڵکو ههموو ئەو بهرنامهو پرۆگرامانهى لهبانگهشهى ههڵبژاردن قسهى لهسهردهکرێت پێویسته بهکردارى ههنگاوى بۆ بنرێت».

ناوبراو باسى لهوهشکرد لهکابینهى نۆیهمى حکومهتى ههرێمدا سێ پۆستى وزارى و سێ پۆستى بریکار وهزیرو ژمارهیهک راوێژکار و بهڕێوهبهرى گشتى بهر ژنان کهوتووه.

ئهمهل جهلال پێشیوابوو بۆ پاراستنى ژنان و سهقامگیربوونى ئاسایشى کۆمهڵایهتى و خێزانى و پاراستنى ماف و ئازادییهکانى ژنان پێویست دهکات باس لهیهکسانى بکهن، وتیشى:»ئهو ژنانهى دهگهنه بهرپرسیارێتى دهبێت بڕوایان بهئهوه ههبێت گهیشتنى ئهوان بهرپرسیاریهتیهکە قورستر دهکات بهرامبهر بهپیاوان، بۆ ئهوهى بتوانن گۆڕانکارى ریشهیى بکهن و ژینگهى کوردستان پاکبکرێتهوه لهتوندوتیژى بهرامبهر ژنان».

لهپهرلهمانى کوردستان ژنان سهرۆک و جێگرى دووهم و لهسهدا 30% زیاترى پهرلهمان پێکدههێنن، لایهنهکانیش پابهندکراون که لهههر چوار کورسى پهرلهمان دهبێت کهسێکیان لهژنان بێت.

شادى نهوزاد، ئهندامى لیژنهى مافى ژنان لهپهرلهمانى کوردستان، لهلێدوانێکدا بۆ هاوڵاتى، ئهوهى خستهڕوو کۆمهڵێک کێشهى زۆریان ههیه لهڕووى یاساییهوهو پێوستیان بهههموارکردنهوهى یاساو دهرچواندنى یاساى نوێ ههیه تا لهو رێگهیهوه رێگرى لهتوندوتیژییهکان بکرێت.

ههروهها وتیشى:» لهناو پهرلهماندا کاردهکهین ههر یاسایهک رهههندێکى جێندهرى ههبێت لیژنهى داکۆکى کردن لهمافى مرۆڤ ئهندام بێت تیایدا تابتوانین لهڕووى یاساییهوه بنهمایهکى پتهو دابنێین لهڕووى جیاوازى جێندهریهوهو یهکسانى جێندهرى بپارێزرێت».

ئهمڕۆ دووشهمه 8ى ئازار/مارس، پهرلهمانى کوردستان دانیشتنى ئاسایى خۆى بهڕێوهدهبات و لیژنهى مافى ئافرهتان یاداشتێکى دهبێت لهسهر سهردانهکانیان بۆ لهنزیکهوه ئاگاداربوون لهکهیس و بارودۆخى ژنان له رێکخراوهکان.

لهئێستادا لهههرێمى کوردستان زیاتر له (100) رێکخراوى داکۆکیکردن لهژنان بوونیان ههیهو بهردهوام رێژهى توندوتیژییهکان بهرانبهریان زیاد دهبێت.

چالاکوانێکى رێکخراوهکانى ژنان و راوێژکارى بهرههم ساڵح سهرۆک کۆمارى عێراق بۆ کاروبارى ژنان دهڵێت:»رێکخراوهکان تهنیا کاریان گهیاندنى خزمهتگوزارییهو ئهرکیان کهمکردنهوهى توندوتیژییهکان نییه«.

خانم رهحیم، لهلێدوانێکدا به‌‌هاوڵاتى وت:» کوردستان بهو حوکمهى کهسایهتى و رێکخراوهکان یاسای باشمان ههیه، بهڵام لهدهرچوونیهوه تائێستا کێشه لهجێبهجێکردنیاندایه، بۆیه کهمکردنهوهى توندوتیژى بهرامبهر ژنان کارى رێکخراوهکان نیه، بهڵکو کارى حکومهت و دامودهزگاکانهو رێکخراوهکان تهنیا کارى گهیاندنى خزمهتگوزارییه«.

لهبارهى رۆژى 8ى مارسهوه، خانم رهحیم باسى لهوهکرد  ههموو رۆژهکان تهنیا رهمزین بۆ گڕوتیندان بهو ههوڵانهى کهههیه بۆ رێزگرتن لهخهباتهکان و پهیمان تازه کردنهوهو وشیارکردنهوهى خهڵکانه لهمافهکانى مرۆڤ و ژنان.

ناوبراو جهختى لهوهشکردهوه که بهشدارى ژنان، پهیوهندى بهکهڵچهرى پیاوسالارییهوه ههیه کهژنان ئهو پێگهیهیان پێ نهدراوهو پێیانوایه زیاتر پێویسته لهماڵهوه بێت «بهشدارى ژنان زۆر گرنگه لهکایه سیاسییهکاندا، بهڵام ئایا ئیرادهى سیاسى ههیه کهژنان بهڕاستى کاربکهن».

سکرتێرى یهکێتى پیاوان له رۆژى 8ى مارسدا دهڵێت:» توندوتیژییهکان بهرامبهر پیاوان بهردهوام لهزیادبووندایه

بورهان عهلى، سکرتێرى یهکێتى پیاوان، لهلێدوانێکدا بههاوڵاتى وت» لهگهڵ زۆربوونى داواکارى خێزان و بهرهوپێشچوونى کۆمهڵگه توندوتیژییهکان بهرامبهر پیاوان زیادهکات، چونکه پیاوان دووجار توندوتیژییان بهرامبهر دهکرێت، جارێک لهدهرهوه لهکاتى پهیداکردنى بژێویى بۆ خێزانهکهى و جارێکیش لهماڵهوه«.

سکرتێرى یهکێتى پیاوان پێشیوابوو لهههموو کۆمهڵگایهکدا توندوتیژى ههیهو بهرامبهر پیاوان و ژنانیش دهکرێت، ناڵێم سهد لهسهد نیهو راست نیه، بهڵام لهوانهیه بهو رادهیه نهبێت که باسدهکرێت.

له‌باره‌ى رێکخراوه‌کانى ژنان و کارکردنیانه‌وه‌ سکرتێرى یه‌کێتى پیاوان وتى»هه‌ندێکیان هه‌ڵقوڵدراوى کێشه‌کانى ژنانن و کاریان کردووه‌، به‌ڵام هه‌ندێکیان ئه‌وه‌نده‌ى بۆ پله‌و پۆست و پاره‌ کاریان کردووه‌ ئه‌وه‌نده‌ بۆ ژنان کارناکه‌ن که‌جه‌وهه‌رى ئیشه‌کانه‌و ئه‌وه‌ندەى وه‌ک نوینه‌رى حزب کارده‌که‌ن، ئه‌وه‌نده‌ وه‌ک توێژى ژنان کارناکه‌ن».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار