سزادراوانی بادینان بۆ لیژنەی مافی مرۆڤ: لەژێر فشاردا دانپێدانانمان پێكراوە

رۆژنامەنووسە سزادراوەكانی بادینان باری تەندروستییان ناجێگیرەو چاوەڕوانی بڕیاری دادگای پێداچوونەوە دەكەن

4 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حەسەن

جێگری سەرۆكی لیژنەی داكۆكیكردن لەمافی مرۆڤ لەپەرلەمان ئاماژە بەوەدەدات  سزادراوانی بادینان ئەوەیان دووپاتكردەوە كە لەژێر فشاردا دانپێدانانیان پێكراوەو دەشڵێت:»پەیمانمان بەزیندانییەكان داوە داواكارییەكانیان ببەینە پەرلەمان و ئەنجومەنی دادوەری».

ماوەی زیاتر لەهەفتەیەكە بارودۆخی دەروونی و تەندروستی زیندانیانی بادینان ناجێگیرەو پارێزەران و كەسوكاری داوادەكەن شوێن و پێداویستی تەندروستییان بۆ دابینبكرێت تاكاتی بڕیاری دادگای پێداچوونەوە، كە بڕیارە لەم مانگەدا بڕیاری كۆتایی لەبارەوە بدرێت.

جێگری سەرۆكی لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لەمافی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەدات وەك لیژنەكەیان سەردانی سزادراوانی بادینانیان كردووەو دەشڵێت:» پێیان راگەیاندین لەژێر فشاردا دانپێدانانیان پێكراوە».

گوڵستان سەعید، جێگری سەرۆكی لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لەمافی مرۆڤ، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «ئێمە وەك ئەركی خۆمان سەردانی زیندانیانمان كردووەو بارودۆخمان بینیون كەشوێنیان زۆر خراپەو  تووشی نەخۆشی پێست بوون و  خواردنیان باش نیەو رێگەنادرێت سەیری كەناڵە هەواڵییەكان بكەن و رێگەی پەیوەندیكردنیان نیەو كەسوكاریان ناتوانن سەردانیان بكەن و شوێنی خەوتنیان خراپە».

ناوبراو باسی لەوەشكرد:» یەكێك لەزیندانیەكان دوو خێزانی هەیەو حەوت منداڵی هەیە، تەنیا مووچەیەكی هەیە ئەوەشیان بڕیوەو هەموویان خۆیان بەزوڵملێكراو دەزانن، دەیانویست دادگای پێداچوونەوە عەدالەت بێت».

گوڵستان سەعید جەختی لەوەكردەوە راپۆرتی خۆیان ئامادە كردووەو دەیدەینە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و وتیشی:»پەیمانمان پێداون داواكانیان بگەیەنینە ئەنجومەنی دادوەری و كەسوكاریان بتوانن سەردانیان بكەن و پەیوەندییان پێوە بكرێت».

نوێنەری كەسوكاری زیندانیانی بادینان دەڵێت:»باری تەندروستی گیراوەكان خراپە، داوا دەكەین زوو بەهانایانەوە بچن«.

ئەیهان سەعید نوێنەری زیندانیانی بادینان ئەوەشی خستەڕوو خواردنیان كەم و خراپەو كێشیان زۆر زۆر دابەزیوە، پێداویستی سەرەتاییان پێنادەن و تەنانەت كتێب، پێنووس و وەرەقەشیان لێ قەدەغەكراوە.

ئەیهان سەعید دەشڵێت:»شەڕی دەروونی لەگەڵ زیندانیان دەكرێت و رێگەنادرێت هەموو هەفتەیەك پەیوەندی بەكەسوكاریانەوە بكەن، بەمەش دەروونی زیندانییان باش نیە».

هاوسەری رۆژنامەنووس شێروان شێروانی جەختلەوە دەكاتەوە كەڕێگەنادەن بچین بیانبینین، كە ئەوەی بە»ناعەدالەتی و زوڵم» وەسف كرد.

رووگەش جەباری، هاوسەری رۆژنامەنووس شێروان شێروانی لەلێدوانێكدا بە‌هاوڵاتی وت:» بڵاوكردنەوەی دەنگی من و شێروان لەلایەن برایەكیەوە وایكرد زیاتر سزای بدەن و تەنانەت رێگەی نادەن هەفتانە جارێك پەیوەندیمان پێوە بكات».

رووگەش داوای سەردانی هاوسەرەكەی دەكات لەزیندانداو دەڵێت:» رێگەنادەن من و منداڵەكان بچین بیانبینین، كەئەمە زۆر ناعەدالەتی و زوڵمە لەئێمەی دەكەن».

رۆژنامەنووسێك ئاماژە بەوە دەدات كە لەگەڵ ئەوەی رۆژنامەنووسانی بادینان سزادراون، لەزیندانەكانی ئاسایشدا هێڵدراونەتەوە.

نیاز عەبدوڵڵا، رۆژنامەنووس، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: « ئێمە بەدەر لەم كەیسانە كەیسی تریشمان هەیە كە لەلایەن هێزی دەمامكدارەوە رفێندراون و بێسەروسوێن كراون، بۆیە ئەمانە بەتەواوی پێچەوانەی یاسایەو بڕیارەكان تەنیا حزبی و سیاسین».

ناوبراو ئەوەشی ئاشكراكرد «لەحاڵەتی سزاداندا پێویستە هیچیان لەئاسایش نەمێنن، لەگەڵ ئەوەدا كە تائێستا سزادراوانی بادینان ماونەتەوەو مامەڵەشیان خراپە لەگەڵیاندا».

نیاز عەبدوڵڵا، جەختی لەوەكردەوە»حكومەت بڕیاری داوە ئەم كەسانە سزا بدات، بۆیە گوێ لەكەس ناگرێت و چاوەڕێی بڕیاری دادگای پێداچوونەوەیە».

لەلایەكی دیكەوە، بەشدار محەمەد، پارێزەری شێروان شێروانی، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: « ئێمەش وەك پارێزەران ناتوانین بیانبینین و قسەیان لەگەڵ بكەین، كە ئەمە تەواو پێچەوانەی یاسایە».

پارێزەری شێروان شێروانی ئەوەی دووپاتكردەوە كەهەموو بەڵگەكانیان كۆكردووەتەوەو داویانەتە دادگای پێداچونەوە، بۆیە ئێستا چاوەڕێی بڕیاری دادپەروەرن لەوبارەیەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار