حكومەت لەبارەی مووچەوە بەڵێنەكەی نەبردە سەر

وتەبێژی حكومەتی هەرێم"لێبڕینی مووچە لەكۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران یەكلادەبێتەوە، بەڵام مووچە بەلێبڕینی لەسەدا 21 دابەشكرا"

4 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حەسەن 

رۆژی 21ی نیسان چوارشەممەی رابردوو وتەبێژی حكومەتی هەرێم رایگەیاند كەهێشتا سیناریۆی لێبڕینی مووچە یەكلانەبووەتەوە، چونكە چاوەڕێی كۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران دەكەن، بەڵام وەزارەتی دارایی دوێنێ یەكشەممە دەستی بەدابەشكردنی مووچە بەلێبڕینی لەسەدا 21 كرد، سەرۆكی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان: نەناردنی بەشە بودجەی پێویست لەبەغداوە پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بكرێت و چاوەڕێ بكەین تا دەنێردرێت.

دوای ئەوەی 31ی ئازاری 2021 پەرلەمانی عێراق بودجەی پەسەندكرد پشكی هەرێم لەماددەی (11) جێگیر كرا كە لەبەرانبەر داهاتی (250) هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بەنرخی كۆمپانیای سۆمۆی نیشتمانی عێراق زائیدەن داهاتە نانەوتییەكان، پشكی هەرێم رەوانە بكرێت كە لەساڵەكەدا (11) ترلیۆن و (484) ملیار دینارەو مانگانە (956) ملیار دینار دەكات.

فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەڵێن هیچ بەهانەیەك بۆ لێبرینی مووچە نەماوە دوای رێككەوتن لەگەڵ بەغداو دەڵێن:» چیتر بێدەنگ نابین لەو ناهەقییە».

دیاری بەكر، فەرمانبەر لە بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری هەولێر، لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی: وتی:» لەئێستادا حكومەتی هەرێم هیچ بەهانەیەكی بۆ لێبرینی مووچەی فەرمانبەران نەماوەو پێویستە ئێمەش چیتر بێدەنگ نەبین لەو ناهەقییە».

ناوبراو وتیشی:» ئەوەی كە زۆر گرنگە هەنگاوی خەڵكە، تا بێدەنگ بین حكومەتی هەرێم لەسەر لیبڕینی مووچە بەردەوام دەبێت».

ئەو فەرمانبەرەی بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری هەولێر ئەوەشی باسكرد كە  بارودۆخ و گوزەری خەڵك لەئێستادا زۆر خراپەو خەڵك چیتر ژیانی ناڕوات بەلێبڕینی مووچەو دواكەوتنی مووچەكەی بۆیە پێویستە حكومەت بیر لەخەڵكی فەقیرو هەژار بكاتەوە.

هاوكات نازەنین عوسمان، فەرمانبەر لەبەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی، لە لێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی: هێمای بۆ ئەوەكرد لێبڕینی مووچە هیچ كات یاسایی نەبووە و حكومەت گەورەترین زوڵمی لە مووچەخۆران كردووە، بۆیە پێویستە كۆتایی پێبهێنرێت.

ئەم فەرمانبەرە دایكی سێ منداڵە وتیشی:» ئەو مووچەیەی بە دوو مانگ جارێك وەریدەگرم تەنیا بەشی پێداویستی رۆژانەم دەكات و ناتوانم لەخواردن و شتە زۆر پێویستیەكان زیاتر هیچی تری پێبكەم».

نازەنین  پێشیوابوو حكومەتی هەرێم لەئێستادا ئەو پاساوەشی نەما بڵێت رێكکەوتن لەسەر بودجەو مووچە نەكراوەو بەغدا پارە نانێرێت.

سەرۆكی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان"نەناردنی بەشە بودجەی پێویست لەبەغداوە پێویستە هەڵوەستەی لەسەربكرێت و چاوەڕێ بكەین تا دەنێردرێت و دەشڵێت:» لەهەوڵەكانمان بەردەوامین بۆ نەهێشتنی لێبڕینی مووچە"

سەرۆكی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان پێیوایە كە نەناردنی بەشە بودجەی پێویست لەبەغداوە پێویستە هەڵوەستەی لەسەربكرێت و چاوەڕێ بكەین تا دەنێردرێت و دەشڵێت:» لەهەوڵەكانمان بەردەوامین بۆ نەهێشتنی لێبڕینی مووچە».

زیاد جەبار، سەرۆكی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی: وت:» ئێمە پێشترو ئێستاش جەختمان لەوە كردۆتەوە كە لێبڕینی مووچە نایاساییە، بۆیە پێویستە حكومەت لەكاتی ئێستادا كەبارودۆخی دارایی حكومەت باش بوو دەبێت مووچەی تەواو بدات، وەك فراكسیۆنی یەكیتی ئەوەشمان راگەیاندووە كەپێویستە بەپێی ئەو داهاتەی حكومەت لەبەر دەستیدایە دەتوانێت مووچەی تەواو بدات».

ناوبراو وتیشی» ئێمە وەكو ئەركی خۆمان و ئەوەی لە پەیڕەودا هەیە ئەركی پەرلەمانتارە دەیكەین و بەردەوامیش كردوومانە، قسەشمان لەسەر ئەوە كردووە كەپێویستە حكومەت مووچە بەبێ لێبڕین دابەش بكات و كۆتایی بەلێبڕینی مووچە بێت».

زیاد جەبار ئاماژەی بەوەشكرد لەئێستادا هەنگاوەكان بۆ پێدانی یاداشت و كۆتاییهاتنی لێبڕینی مووچە كردووەو بەردەوامیش دەبن لەهەوڵەكانیان، بەڵام وتیشی:»نەناردنی بەشە بودجەی پێویست لەبەغداوە پێویستە هەڵوەستەی لەسەربكرێت و چاوەرێ بكەین تا دەنێردرێ«.

رۆژی چوارشەممە 21ی نیسان، وتەبێژی حكومەتی هەرێم باسی لەوەكرد كە تائێستا سیناریۆی لێبڕینی مووچەی یەكلانەبووەتەوە، چونكە چاوەڕێی كۆبوونەوەی داهاتوی ئەنجومەنی وەزیران دەكەن، بەڵام وەزارەتی دارایی بەلێبڕینی لەسەدا 21 دەستی بەدابەشكردنی مووچە كرد.

جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێم رایگەیاند رۆژی چوارشەممە لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند» 25ی مانگ مووچە دابەشدەكرێت،  دەستدەكرێت بەدابەشكدرنی مووچەو بەڵام تائێستا نازانرێت لیستی مووچە چۆن دەبێت، تائێستا سیناریۆی لێبڕینی مووچە یەكلانەبووەتەوە، چونكە چاوەڕێی كۆبوونەوەی داهاتوی ئەنجومەنی وەزیران دەكەین و لەسەر بنەمای داهاتەكان بڕیار دەدەین»، بەڵام وەزارەتی دارایی دوێنێ یەكشەممە بەلێبڕینی لەسەدا 21 دەستی بەدابەشكردنی مووچە كرد.

لێبڕینی مووچەی مانگی نیسان لەكاتێكدایە كەهەفتەی رابردوو دانا عەبدولكەریم، وەزیری ئاوەدانكردنەوەی حكومەتی هەرێم بۆ هاوڵاتی ئەوەی دووپاتكردەوە كە چاوەڕێی میكانزمی جێبەجێكردنی ماددەی 11ی یاسای بودجەی عێراقن كەوەفدێكی حكومەتی هەرێم دەچێتە بەغدا، وتیشی:» هەموو حكومەت لەگەڵ ئەوەدایە مووچە بەبێ لێبڕین دابەشبكات و ئەولەویەت بۆ مووچە دەبێت».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار