هاورده‌کردنی ئۆتۆمبێلی ده‌ستی دوو بەهۆی پشکنینەوە که‌میکردوه‌

6 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی
کڕیاران و خاوه‌نی پێشانگاکانى ئۆتۆمبێل، ساڵانی رابردوو به‌تامه‌زرۆییه‌وه‌ چاوه‌ڕوانى کاروانى ئه‌و بارهه‌ڵگرانه‌یان ده‌کرد که‌ له‌سنوره‌کانه‌وه‌ سه‌دان ئۆتۆمبێلى ده‌ستى دووى وڵاتانی ئه‌مریکاو ئه‌وروپایان ده‌گواسته‌وه‌ بۆ کوردستان، به‌ڵام ئێستا بارودۆخه‌که‌ جیاوازتره‌و به‌هۆی بڕیارێکی وه‌زاره‌تی دارایى حکومه‌ته‌وه‌ که‌متر ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ ده‌هێنرێنه‌ کوردستان به‌ به‌راورد به‌ساڵانی پێشتر. 

له‌پاڵ ئۆتۆمبێلی نوێ‌ و کیلۆمه‌تر سفردا، ده‌یان پێشانگای ئۆتۆمبێل، ساڵانه‌ هه‌زاران ئۆتۆمبێلى ده‌ستی دوو له‌ وڵاتى ئه‌مه‌ریکاو ئه‌وروپاوه‌ له‌رێگای ئیماراته‌وه‌ هاورده‌ى هه‌رێمى کوردستان ده‌که‌ن و ده‌یفرۆشن، پێشتر ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ ده‌هێنرانه‌ کوردستان و دواتر پشکنینیان بۆ ده‌کرا، به‌ڵام له‌سه‌ره‌تای مانگی پێنجی ئه‌مساڵه‌وه‌ به‌بڕیارێکی وه‌زاره‌تی دارایى حکومه‌تی هه‌رێم، ده‌بێت ئه‌و ئوتومبێلانه‌ له‌سه‌ر مه‌رزه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کان پشکنینیان بۆ بکرێت، ئه‌گه‌ر ده‌رچوو ئه‌وکات بهێنرێته‌ ناوخۆی کوردستان. 

محه‌مه‌د عه‌زیز، ته‌مه‌ن 55 ساڵ خاوه‌نی پێشانگایه‌کی ئۆتۆمبێله‌و ماوه‌ی 10 ساڵه‌ سه‌رقاڵی کڕین و فرۆشتن ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌یه‌ که‌ ده‌ستی دوون و له‌ده‌ره‌وه‌ هاورده‌ ده‌کرێت، ئه‌و له‌باره‌ی جۆرو کوالێتیه‌کانیه‌وه‌ به‌ ‌هاوڵاتی وت «ئه‌وانه‌ ئێمه‌ هاورده‌یان ده‌که‌ین، سوکه‌ ده‌عمێکی کردوه‌ یان پارچه‌یه‌ دووانی بۆیاخه‌و له‌وڵاتانی ئه‌وروپاو ئه‌مریکا به‌کاری ناهێنن، به‌ڵام بۆ هه‌رێمی کوردستان کێشه‌ی نیه‌و خواستی له‌سه‌ره‌و نرخه‌که‌شی به‌راورد به‌ ئۆتۆمبێله‌ کیلۆمه‌تر سفره‌کان نرخیان هه‌رزانتره‌«.

 به‌وته‌ی محه‌مه‌د عه‌زیز، پێشتر مانگانه هەزارو‌ 500 بۆ دوو هەزاری هاورده‌کردوه‌، به‌ڵام ئێستا رێژه‌که‌ی که‌متربۆته‌وه‌ بۆ نیوه‌ به‌هۆی به‌رده‌وامی قه‌یرانی دارایى و ئه‌و رێکاره‌ نوێیانه‌ی که‌ گیراونه‌ته‌به‌ر بۆ هاورده‌کردنی، ئه‌و نایشارێته‌وه‌ پێشتر ده‌یان ئۆتۆمبێلی کوالێتی خراپ هاورده‌کراوه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی پشکنینی بۆ نه‌کراوه‌. 

ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تی باشماخ له‌سنوری پارێزگای سلێمانی، یه‌کێکه‌ له‌وخاڵه‌ سنوریانه‌ی که‌ بازرگانه‌کان ئۆمبێلی ده‌ستی دووى لێوه‌ هاورده‌ده‌که‌ن، به‌پێی ئامارێکی ئه‌و ده‌روازه‌یه‌ له‌ماوه‌ی شه‌ش مانگی ئه‌مساڵدا،٣٥ هەزارو 600 ئۆتۆمبێلی ده‌ستی دوو هاورده‌ کراوه‌.

شاخه‌وان ئه‌نوه‌ر، به‌رێوه‌به‌ری گومرگی باشماخ، به ‌‌هاوڵاتی وت «له‌سه‌ره‌تا مانگی پێنجه‌وه‌ ئێمه‌ کار به‌بڕیارێکی وه‌زاره‌تی دارایى ده‌که‌ین و ئوتومبێلی ده‌ستی دوو له‌مه‌رزه‌کان پشکنینی بۆ ده‌که‌ین له‌رێگه‌ی لیژنه‌یه‌کی هاتوچۆو کوالێتی کۆنترۆڵ و گومرگه‌وه‌، ئه‌گه‌ر له‌مه‌رجه‌کان ده‌رچوو ئه‌وکات رێگه‌ پێدانی بۆ ده‌که‌ین». 

له‌به‌رانبه‌ر پشکنینی هه‌ر ئۆتۆمبێلێکیشدا، بری 100 هه‌زار دینار وه‌رده‌گیرێت، سه‌باره‌ت به‌جۆری مه‌رج و پشکنینه‌کانیش، به‌رپرسه‌که‌ی گومرگی باشماخ ده‌ڵێت «ده‌بێت سه‌یاره‌که‌ وه‌رگه‌راو و بڕاوه‌ نه‌بێت و ئێرباگی نه‌ته‌قیبێت و ئه‌ی بی ئێسه‌که‌ی کاربکات له‌گه‌ڵ هه‌ندێک مه‌رجی دیکه‌«. 

هه‌رچه‌نده‌ ته‌نها دوومانگه‌ کار به‌و سیسته‌مه‌ نوێیه ده‌کرێت، به‌ڵام 97 ئۆتۆمبێل له‌ پشکنینه‌کانی مه‌رزی باشماخ ده‌رنه‌چوون و گه‌رێندراونه‌ته‌وه‌ بۆ وڵاتی سه‌رچاوه‌که‌یان. بۆ وه‌رگرتنی رای به‌رپرسانی هاتوچۆ، سه‌باره‌ت به‌و بڕیاره‌ نوێیه‌، هاوڵاتی په‌یوه‌ندیکرد به‌ وته‌بێژی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی هاتوچۆی سلێمانیه‌وه‌، به‌ڵام ناوبراو ئاماده‌نه‌بوو هیچ لێدوانی له‌سه‌ربدات.

 به‌ڵام رائید فازڵ حاجی، وته‌بێژى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پۆلیسى هاتووچۆى هه‌ولێر سه‌باره‌ت به‌کاریگه‌رییه‌کانی ئه‌و بریاره‌ نوێیه‌ وتی «ئێمه‌ زۆر ئاگاداری ورده‌کاریه‌کانی ئه‌و بڕیاره‌نین، چونکه‌ ئه‌وه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌گومرگ و مه‌رزه‌کانه‌وه‌، ئێمه‌ وه‌ک هاتوچۆ پشت به‌و پشکنینانه‌ش نابه‌ستین که‌ له‌مه‌رزه‌کان ده‌کرێت بۆ ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ی هاورده‌ده‌کرێن».

 ناوبراو وتیشی «هه‌ر ئۆتۆمبێلێکی کیلۆمه‌تر سفربێت، چه‌ند مه‌رجێکی هاوتوچۆ ده‌یگرێته‌وه‌ که‌ سه‌یرکردنی ژماره‌ی شانسی و بۆیاخ و هه‌ندێک شتی سه‌ره‌تایین، ئه‌وانه‌شی که‌ ده‌ستی دوون و هاورده‌ ده‌کرێت، جگه‌ له‌مه‌رجه‌کانی هاتوچۆ ده‌بێت پشکنینی هه‌زه‌یان بۆ بکرێت بزانین براوه‌ نیه‌و گێرو ئێرباگ و ئه‌ی بی ئێس و تایه‌و لایت و ئه‌وانه‌یان ته‌واوه‌ ئه‌وکات تابلۆیان پێده‌ده‌ین». 

به‌رپرسه‌که‌ی هاتوچۆ ئه‌وه‌شی خسته‌روو که‌ تا یه‌کی حه‌وتی ئه‌مساڵ رێگه‌ به‌هاورده‌کردنی ئۆتۆمبێلی مۆدیل 2016و 2017و 2018 ده‌ده‌ن، به‌ڵام له‌دوی یه‌کی حه‌وته‌وه‌ ده‌بێت هه‌ر ئۆتۆمبێلێکی هاورده‌کراو مۆدیله‌که‌ی له‌سه‌روی ساڵی 2017 بێت، ئه‌وکات تابلۆی ده‌درێتێ‌.

به‌پێی ئاماره‌کانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى هاتووچۆى هه‌رێمى کوردستان، له‌ ساڵى 2016دا 47 هه‌زار و 700 ئۆتۆمبێل هاورده‌ى هه‌رێمى کوردستان کراون، ساڵى 2017ش، 79 هه‌زار ئۆتۆمبێل هاورده‌کراوه‌. 

له‌ پێشانگاکانى ئۆتۆمبێل ده‌یان جۆرى ئۆتۆمبێل هه‌ن که‌ به‌شێکیان چه‌ند پارچه‌یه‌کى بۆیاخ کراوه‌، یاخود کێشه‌ى ته‌کنیکییان هه‌ن، به‌ڵام نرخه‌کان به‌ به‌راورد به‌ ئۆتۆمبێلى کیلۆمه‌تر سفر، نزیکه‌ى دوو تاوه‌کو 10 هه‌زار دۆلار هه‌رزانترن.

خاوه‌نی پێشانگاکان و ئه‌وانه‌ی کاری کڕین و فرۆشتن ده‌که‌ن ده‌ڵێن به‌هۆى به‌رده‌وامی قه‌یران و دواکه‌وتنی موچه‌وه‌ زۆربه‌ی کات دووکانه‌کانیان به‌چۆلى ده‌بینرێن، محه‌مه‌د عه‌زیزی خاوه‌ن پێشانگا وتی «به‌راورد به‌ ساڵانی رابردوو مانگانه‌ له‌سه‌دا 50ى کڕیارم له‌ ده‌ستداوه‌، هه‌ندێک له‌وکۆمپانیایانه‌ی هاورده‌کردنى ئۆتۆمبێلیش به‌هۆی زۆرى کرێى و نه‌بوونی بازاڕه‌وه‌ ناچاربوون پێشانگاکانیان دابخه‌ن».

به‌شێوه‌یه‌کی گشتی له‌سه‌ر شه‌قامه‌کان و ده‌ره‌وه‌ی پێشانگاکان کڕین و فرۆشتن به‌ ئۆتۆمبێلى کۆرى و یابانیه‌وه‌ زۆرتر ده‌کرێت ، چونکه‌ یه‌ده‌گى زۆر و هه‌رزانه‌.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار