بەغدا ٤٦ مەرزی نافەرمی هەرێم دادەخات

6 ساڵ لەمەوپێش



زەیتون ڕەسوڵ

بە فەرمانی حکومەتی عێراق ٤٦ مەرزی لاوەکی لە سنووری پارێزگاکانی هەولێرو سلێمانی دادەخرێن و دەیان هەزار کەس بەوهۆیەوە بێکاردەبن کە سێ هەزار کەسیان دەکەونە سنووری ئیدارەی راپەرینەوەو پێنج هەزار کەسیشیان دەکەونە سنووری پێنجوێنەوە.

بڕیاری داخستنی ئەو مەرزانە دوای ریفراندۆم و روداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەرەوە دراون و لە چەند مانگی رابردووشدا جێبەجێکراون بەبێ ئەوەی بە شێوەیەکی فەرمی باس بکرێن، بەپێی چەند نوسراوێکی فەرمی کە دەست هاوڵاتی کەوتووە، حکومەتی عێراق لە رێگەی هیزەکانی پاسەوانی سنوورەوە دایخستوون و ٢٥ مەرزو رێچکەیان دەکەوێتە سنوری سلێمانیەوە. ٢١ مەرزو رێچکەی دیکەشیان دەکەوێتە سنووری پاریزگای هەولێرەوە.

ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان بە هاوڵاتی راگەیاند «بەپێی ئەو لیستەی کە دراوە بە پاسەوانی سنوور، ناوی ٤٦ شوێن داراوە کە دابخرێن، بەڵام هەموویان مەرز نین بەشێکی زۆریان ڕێچکەن بەشیکیشیان مەرز بوون و ئێستا داخراون».

«بەهۆی داخستنی ئەو مەرزانەوە

تەنها لە سنووری پێنجوێن پێنج هەزار کەس بێکاربوون»

زانا عەبدولروحمان قایمقامی پێنجوێن بە هاوڵاتی وت «بەهۆی داخستنی ئەو مەرزانەوە، تەنها لە سنووری پێنجوێن پێنج هەزار کەس بێکاربوون».

هەروەها جەوهەر ڕەسوڵ بەڕێوەبەری گومرگی ڕاپەڕین بە هاوڵاتی وت «داخستنی ئەو مەرزانە لە لایەنی ئابووری و ئەمنی سیاسی زەرەرێکی زۆر لێداوین زیاتر لە سێ هەزار کاسبکار لەو مەرزانە بێکار بوون، داهاتی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان لەسەدا۵٠ کەمیکردوە».

ربما تحتوي الصورة على: ‏‏‏‏سماء‏، و‏‏شجرة‏، و‏نشاطات في أماكن مفتوحة‏‏‏ و‏طبيعة‏‏‏

لە سنووری پشدەر دوو مەرزی لاوەکی هەن، ئەوانیش مەرزی قندۆڵ و زەڵێن، هەزاران کەس لەم دوو مەرزە دوای داخستنیان بێکاربوون و هێشتا بارخانەکان پڕن لەو کاڵایانەی کە پێش داخستنیان کاسبکاران ئامادەیان کردبوو بۆ ئەوەی هەناردەی ئێرانی بکەن.

چالاک مستەفا، کە خاوەنی بارخانەیەکی مەرزی قندۆڵە بە هاوڵاتی وت «لەسەرەتای شوباتی ئەمساڵەوە مەرزی لاوەکی قندۆڵ داخراوە، تەنانەت بەڕێگای قاچاخیدا کۆڵبەرەکان ڕێگایان پێنادرێت بارەکانیان ئاودیوی سنوری ئێران بکەن، ساڵانە ئێران بە هۆکاری جۆرا و جۆر ئەو مەرزە لاوەکییانە دادەخات و لە هەوڵی ئەوەدایە بەیەکجاری ئەو مەرزانە دابخات و کاری کۆلبەری پەک بخات» .

چالاک وتیشی «بەداخستنی ئەو مەرزە چەندین کۆمپانیا زەرەر مەند بوون هەروەها بەشێکی زۆری ئۆتۆمبیلە بارهەڵگرەکانیش بێکار بوون».

ربما تحتوي الصورة على: ‏‏نشاطات في أماكن مفتوحة‏‏

ئەمە لە کاتێکدایە بەشێکی زۆری ئەو گوندنشینانە بژێوی ژیانیان لەسەر ئەو مەرزەیە. پێنج بارخانەی تایبەت بە کۆڵ و بار لە قندۆڵ هەن، هەر بارخانەیەکیش 16 کەس کاریان تێدا دەکات و ئێستاش 120 تەن کەلوپەلی کەڵەکەبووی لێ ماوەتەوە.

سەردار عەلی، 22 ساڵ، گوندنشینیکی قندۆڵە و دەرچووی زانکۆیە تا پێش داخستنی مەرزەکە، تەنها ڕێگایەک بۆ پەیداکردنی بژیوی ژیانی حەماڵی کردن بوو لەو مەرزە.

سەردار بە هاوڵاتی وت «سەڕەڕای سەختی کارەکەمان و دەستکەوتنی داهاتێکی کەم، کە رۆژانە تهنها بڕی 15 هەزار دیناری حەماڵی بوو دەمانتوانی دریژە بە ژیانبدەین و بژێویمان دەستخەین بەڵام داخستنی مەرزەکە هەموو هیواکانمانی لەگەڵ خۆی بردوو تاکە رێگایەک لە ئێستادا بیر لیبکەینەوە ڕیگایی هات و نەهاتی هەندەرانە».

مەرزی قندۆڵ بەدووری 41 کم دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی قەڵادزێ، رۆژانە چەندین کەل و پەلی جۆراوجۆری تیدا ڕەوانەی ئێران دەکرێت، وەکو جوانکارى و پاککەرەوە و پۆشاک و دایبى منداڵان وپێداویستیەکانى ناوماڵ و کەلوپەلى ئافرەتان و پیاوانە و جل و بەرگ و شوشەوات و شتى ناوماڵ و تیڤاڵ.

زۆربەی ئەو بارانە بە وڵاخ باردەکرێن بۆ ئێران، بەو پێیەی مەرزەکان فەرمی نین و ئێرانیش نایەوێت هەندێک کاڵا بەشیوەی فەرمی هەناردەی وڵاتەکەی بکات.

سەرەتا کاسبکارەکان کاڵاکانیان دەبەنە مەرزەکە

دواتر لە بارخانەکان دایدەنێن و بۆ هەر شەوێک مانەوە بڕێک پارە دەدەن

سەرەتا کاسبکارەکان کاڵاکانیان دەبەنە مەرزەکە، دواتر لە بارخانەکان دایدەنێن و بۆ هەر شەوێک مانەوە بڕێک پارە دەدەن بەپێی زۆرو کەمی بارەکەیان، پاشان لەگەڵ کۆڵبەر یان خاوەن وڵاخەکان رێکدەکەون و بارەکان دەبەنە ئێران و رادەستی کڕیارەکانی دەکەن.

بەڵام لەو کاتەوەی کە مەرزەکە داخراوە لە سەرەتای بەهاری ئەمساڵەوە، ئەو بارانەی لە بارخانەکان کەوتوون، خاوەن بارخانەکان پارەیان لێ وەرناگرن، بەڵام زۆرێک لە بارەکان زیانیان پێ گەیشتووە بەهۆی ئەوەی لە بارانی زۆری بەهاردا ئاوچۆتە ناو هەندێک لە بارەکانەوە.

ئەو وڵاخانەی لەو مەرزەدا بەکار دەهێنرێن بۆ بارکردن، بریتین لە ئەسپ و گوێدرێژ، هەندێک لەو وڵاخانە هی هەردولان. بارەکان بە وڵاخەکان دەگوێزرێنەوە بە بەرچاوی پاسداری ئێران، ئیرانیش لەباری هەر بارێکی وڵاخ پارەی خۆی وەردەگرێت.

جەوهەر ڕەسوڵ بەرێوبەری گومرگی ڕاپەڕین بە هاوڵاتی وت «بەبڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق سەرجەم مەرزە لاوەکییەکانی هەرێمی کوردستان داخران، بەڵام ئەو بڕیارە تەنها لەسنووری پارێزگای سلێمانی کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. لەلایەن پاسەوانی سنورەوە مەرزەکانی ئێمەش کەوتنە ژێر ئەو بڕیارەوە و بەداخراوی مانەوە هەموو هەوڵەکانمان بۆ کردنەوەیان دووبارە بێئەنجام بووە».

بەڕێوبەری گومرگی ڕاپەڕین سەبارەت بە نوسراوەکان دەڵێت «ئەونوسراوانە ئاماژەیان بەوە کردبوو کە پاسەوانی سنوری هەڵسێت بە رێگریکردن لە بە قاچاخبردنی کاڵا نەوەک داخستنی مەرزەکان، بەڵام لەکاتی ناردنی بۆ وەزارەتی ناوخۆ بوو بە داخستن ئەگەرچی ئەساسی بڕیارەکە داخستن نەبووە».

ئەمەش لەکاتێکدایە ئەو بڕیارە بۆتە هۆی زیادبوونی قاچاخی لەو سنوورانەداو ژمارەی کۆڵ و باری قاچاخ دوای ئەو بریاری داخستنی مەرزە نافەرمیەکان زیادیان کردوە.

عەمید فەخرەدین عەبدوڵا فەرماندەى لیواى سێى پاسەوانى سنوورى سلێمانى ئاماژە بەوەدەکات کە دوای روداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر ئەو مەرزانە کەوتوونە دەست حکومەتی عێراق و هێزەکانی پاسەوانی سنوریش کە سەر بە حکومەی فیدراڵین بە فەرمانی ئەوان دایانخستوون.

عەمید فەخرەدین بە هاوڵاتی وت «بەشێوەیەکی گشتی بەپێی سیاسەتی نێودەوڵەتی شتێک بەناوی مەرزی نافەرمی، لە سلێمانی مەرزی پەروێزخان و باشماخ هەیە، چەند مەرزێکیتر هەبوو کە نافەرمی بوو دوای ئەوەی سنوور کە وتەوە دەستی مەرکەز، عێراق سوور بوو لەسەر داخستنی ئەو مەرزانە و لیژنەیەکیان نارد بۆ ئە مەبەستە».

بەرپرسانی ئیدارەی راپەرین لە چەند مانگی رابردودا هەوڵیکی زۆریان داوە بۆ کردنەوەی مەرزەکان بەو پێیەی ژیانی هەزاران خێزانیان لەسەرە، بەڵام هەوڵەکان بێئاکام بوون.

بەکر بایز، قائیمقامی قەزای قەڵادزێ بە هاوڵاتی وت «ئێمە وەکو بەڕێوەبەرایەتیمان لە ئیداری ڕاپەرین لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی و پاسەوانی سنور و هەموو بەرێوبەرایەتیەکانی سنورەکە هەوڵی زۆرمان داوە بۆ ئەوەی لە ڕیگای وەزارەتی ناوخۆی کوردستان و بەغداوە بۆ کردنەوەی ئەو مەرزانە بەڵام تا ئێستا هیچ دەرئەنجامێکی ئەرێنی نەبووە، هەرچەندە ئێستا دەنگۆیەک هەیە کە لەتەنیشت ئەو مەرزە لاوەکیانە کهناڵێک بۆ کۆڵبەری بکرێتەوە بۆ ئەمەش چاوەرێی ڕەزامەندی ئێران دەکەین».

داخستنی مەرزەکان لە لایەک زیانی بە کاسبکاران گەیاندوە، لە لایەک داهاتی گومرگی سنوورەکەی کەمترکردووەتەوە.

ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان، بە هاوڵاتی وت «هەموو ئەو بارانەی سنوورەکان گومرگ کراون، بەشێکی زۆری هاوردە بووە، چونکە ئێمە هەناردەمان کەمە».

وتیشی «لەدوای رووداوەکانی ئەو دوایەوە عێراق دەیەوێ چەند مەرزێک دیاری بکات کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیدابێ، بەڵام سروشتی تۆبۆگرافی کوردستان وادەخوازێ کە ئەو مەرزانە هەبن».

بە تەنها دانیشتوانی هەرێمی کوردستان زەرەرمەندی داخستنی ئەو مەرزانە نەبوون، بەڵکو کوردانی رۆژهەڵاتیش کە لەو ناوچەیەدا کاریان کردەوە دوچاری زیان بوون.

یەکێک لەو کاسبکارانەی کە زەرەرمەند بووە لە داخستنی مەرزەکان عەلی محەمەدە کە بە نائومێدیەوە ڕێگای مەهابادی گرتەوەبەر بۆ لای خێزانەکەی کە چوار ساڵ لەمە پێش بەجێی هێشتبوون.

عەلی تەمەنی ٦٠ ساڵەو داوایکرد ناوەکەی بە خوازراو بنوسریت نەوەکو لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لێپرسینەوەی لەگەڵ بکریت لەسەر قسەکانی، بە ‌هاوڵاتی وت «ناچاربووم روو لەم مەرزانە بکەم بۆ کاسبی کردن بۆئەوەی بژێوی ژیانی خیزانەکەم دابین بکەم و خەرجی چارەسەرکردنی هاوسەرەکەم پەیدا بکەم کە توشی شێرپەنجە بووە، چوارساڵ لێیان دورکەوتمەوەو شەو و رۆژم خستە سەر یەک، بەڵام ئێستا کە مەرزەکان داخراون، گەڕاومەتەوە لای خێزانەکەم و بێکار دانیشتووم».

ربما تحتوي الصورة على: ‏‏شخص واحد‏، و‏‏‏حصان‏ و‏نشاطات في أماكن مفتوحة‏‏‏‏

 

ربما تحتوي الصورة على: ‏‏‏‏‏سماء‏، و‏سحاب‏‏، و‏‏سيارة‏، و‏نشاطات في أماكن مفتوحة‏‏‏ و‏طبيعة‏‏‏

ربما تحتوي الصورة على: ‏‏‏٤‏ أشخاص‏، و‏‏نشاطات في أماكن مفتوحة‏‏‏

ربما تحتوي الصورة على: ‏‏‏‏شخص أو أكثر‏، و‏‏أحذية‏، و‏سماء‏‏‏ و‏نشاطات في أماكن مفتوحة‏‏‏

ربما تحتوي الصورة على: ‏‏شخص واحد‏، و‏‏‏حصان‏ و‏نشاطات في أماكن مفتوحة‏‏‏‏

ربما تحتوي الصورة على: ‏‏‏‏‏شخص أو أكثر‏، و‏حصان‏‏، و‏‏جبل‏، و‏‏سماء‏، و‏نشاطات في أماكن مفتوحة‏‏‏‏ و‏طبيعة‏‏‏

ربما تحتوي الصورة على: ‏‏‏‏شخص أو أكثر‏، و‏حصان‏‏ و‏نشاطات في أماكن مفتوحة‏‏‏

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار