داواکەی یەکێتی و پارتی رەتدەکرێتەوە
حزبە ناڕازییەکان دەڵێن مێژووییەکی «باش»یان لەگەڵ پارتی و یەکێتی نییە و ناچنە ناو هیچ رێککەوتنێکەوە کە بزانن «سەرکەوتوو» نابن.
6 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەشێک لەو لایەنانەی بەهۆی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 12ی ئایاری ئەمساڵەوە پەیوەندییەکانیان گەیشتە ئەوپەڕی خراپی، ئێستا داوای گفتوگۆ و پڕۆژەی هاوبەش دەکەن بۆ چوونە بەغدا و بەشداریکردن لە گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، بەڵام هێشتا نەبوونەتە یەک بەرە.
نوێترین ئەو داوایە، رۆژی دوشەممەی رابردوو لەلایەن پارتی و یەکێتی یەوە لە لایەنە کوردییەکان کرا، دوای کۆبونەوەی نێوانیان کە لە هەولێر بەڕێوەچوو کە تێیدا رێککەوتن لەسەر ئەوەی بە پڕۆژەیەکی هاوبەشەوە بچنە بەغدا. لەو کۆبوونەوەیەدا داوایان لە حزبەکانی تریش کرد بنچە ناو هەمان پڕۆژەیەوە، بەڵام حزبەکانی تر ئامادەنین.
پێشتریش هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری کە لەلایەن بەرهەم ساڵحەوە سەرۆکایەتی دەکرد لە راگەیەنراوێکدا داوای گفتوگۆی بێ مەرجی لەلایەنەکان کرد، بۆ تێپەڕانی دۆخی ئێستا. هاوپەیمانی کە بە یەکێک لە هێزە ناڕازییەکان ناسێنراوە، لە لایەن هێزە ناڕازییەکانی ترەوە داواکەی پشتگوێخراوە. تائیستا تەنها پڕۆژەکەی یەکێتی و پارتی ئامادەیە بۆ پێکەوە چوونەوە بەغدا.
ئەوە لەکاتێکدایە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 12ی ئایار ناکۆکی گەورەی لەنێوان ئەو لایەنانە دروستکرد، بەتایبەتی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکە کە پارتی و یەکێتی زۆرینەی کورسییەکانیان لەناو لایەنە کوردییەکاندا بەدەستهێنا و چوار لایەنی ناڕازیش کە پێکهاتوون لە (گۆڕان، هاوپەیمانی، یەکگرتوو، کۆمەڵ) ئەنجامەکانیان رەتکردەوەو داوای هەژمارکردنەوەی دەنگەکانیان کرد بەدەست.
ئەو داوا و جموجۆڵانەی ئێستا هاوکاتن لەگەڵ تەواوبوونی هەژمارکردنەوەی دەنگەکان بەدەست لە سێ پارێزگاکەی هەرێم، بەتایبەت کە بەپێی ئەنجامە نافەرمییەکان هیچ گۆڕانکارییەک لە کورسی لایەنەکان دروستنەبووە. ئەمەش لەکاتێکدایە حزبە ناڕازییەکان پێشبینییان دەکرد کورسیەکانیان بە رێژەیەکی بەرچاو زیادبکات. حزبە نارازیەکان هێشتا نایانەوێت هێڵی جیاوازیی نێوان خۆیان و یەکێتی و پارتی کاڵ بکەنەوە.
بەهزاد زێباری ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی پێیوایە، بە خوێندنەوەی رابردوو، دەردەکەوێت کە هاوهەڵوێستی و یەکبوونی لایەنە کوردییەکان بۆ چوونە بەغدا سەرناگرێت، بەو پێیەی لایەنەکان لە ئێستادا ناکۆکی زۆر لەنێوانیان هەیە.
زێباری بۆ هاوڵاتی ئاماژەی بەوەدا، کە لایەنەکان لەو بارەیەوە مێژوویەکی «باش»یان لەگەڵ پارتی و یەکێتی نییە، بەتایبەت کە ئەو دوو حزبە «بەرژەوەندی خوازن و دەیانەوێت لەو رێگەیەوە بگەن بە پلەو پۆست».
لەگەڵ ئەوەشدا ئەو بەرپرسەی یەکگرتوو جەختیکردەوە کە بڕیاری کۆتایی حزبەکەی لەسەر ئەو پرسە دەبێت لەلایەن ئەنجومەنی سیاسیەوە بدرێت کە بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لەناو یەکگرتوودا.
جگە لە وەڵامنەدانەوەی داواکەی پارتی و یەکێتی بۆ چوونە ناو پڕۆژە هاوبەشەکەیانەوە، لایەنە ناڕازییەکان تا ئێستا خۆشیان لەسەر بەرنامەو پڕۆژەیەکی هاوبەش رێکنەکەوتوون بۆ چوونە بەغدا.
سەعدی پیرە وتەبێژی یەکێتی لەدوای کۆبونەوەیان لەگەڵ پارتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، لیژنەیەکیان پێکهێناوە بۆ داڕشتنی نەخشەڕێگای دانوستانەکان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ و پێیانخۆشە سەرجەم لایەنەکانی هەرێم بەشداربن تێیدا.
لای خۆشیەوە، مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی هیوای خواست هەموو لایەنەکان بەشداری لە پڕۆژەکەیاندا بکەن تا بە «یەک تیمی بەهێز» بچنەوە بەغدا.
هەرچەندە هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری کە یەکێکە لە لایەنە ناڕازییەکان داوای گفتوگۆی بێ مەرجی لەلایەنەکان کردووە، بەڵام سێ لایەنە ناڕازییەکەی تر (یەکگرتوو، گۆڕان، کۆمەڵ) بەدوری دەزانن بزانن بچنە ناو هیچ هاوپەیمانی و پڕۆژەیەکەوە کە پارتی و یەکێتی تێدا بێت.
هاوپەیمانێتییەکە 14ی ئەم مانگە دەستپێشخەرییەکی راگەیاند، بۆ گفتوگۆ و دیالۆگێکی «بێ مەرج» لە نێوان لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بە پاراستنی بەرژەوەندی باڵای گەلی کوردستان و بە ئاراستەی چارەسەرکردنی گرفتەکان.
داواشیکردووە کوردستان بە دوور بگرێت لە شەڕی بەوەکالەت و لایەنەکان بەیەکەوە «تەگبیر» لە بارودۆخی خۆیان بکەن و بەربەستێکی نیشتمانی لەبەردەم ئەو هەڕەشەو ئاستەنگانە دروست بکەن کە رەنگە تووشی هەرێم ببنەوە.
کوێستان محەمەد ئەندامی جڤاتی گشتی گۆڕان، داواکانی پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی بەرەی هاوبەشی لایەنە کوردییەکان و ئامادەکردنی پڕۆژەی هاوبەش بە «چەواشەکاریی» ناوبردو ئاماژەی بەوەدا ئەو داوایە ئەوەندەی بۆ پۆست و پلەو پایەی حزبییە ئەوەندە بۆ یەکڕیزی لایەنەکان نییە.
وتیشی «بەخوێندنەوەی خۆم گۆڕان ناچێتە ناو هیچ پڕۆژەو بەرەیەکی لەو شێوەیەوە، بەتایبەت لەگەڵ پارتی و یەکێتی کە دەنگەکانی ئێمەیان بردووە، بەڵام بڕیاری کۆتایی لەسەر هەڵوێستی بزوتنەوەکە دەبێت جڤاتی نیشتیمانی بیدات».
لە بەشێکی زۆری هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق کە لەدوای روخانی رژێمی سەدام لەساڵی 2003 بەڕێوەچوون، لایەنە کوردییەکان بە پەرتەوازەیی بەشدارییان کردووەو دواتر بەشداریان لە گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتدا کردووە، بەڵام هیچکات بەئەندازەی ئێستا لەیەکتر دورنەکەوتونەتەوە بەهۆی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی 12ی ئایارەوە کە قەیرانێکی گەورەی دروستکرد.
لەگەڵ ئەوەشدا ساڵی 2014 لایەنە کوردییەکان پێکەوە بڕیاریاندا بەشداری پێکهێنانی حکومەتی عێراق بکەن بەسەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی، بەڵام دوای بەشداریکردنیان زۆری نەبرد کە دوبارە ناکۆکی باڵی بەسەر پەیوەندییەکانی نێوان ئەو لایەنانەدا لەبەغدا کێشایەوە.
ناکۆکی و دووری نێوان لایەنەکان لەکاتێکدایە کە بڕیارە لە ٣٠ی ئەیلولی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت کە یەکێتی و پارتی و چوار هێزە ناڕازیەکەی تر بەجیا بەشداری ئەو هەڵبژاردنە دەکەن و هیچ هاوپەیمانێتیەکیان دروستنەکردووە.
مەروان گەڵاڵی ئەندامی مەکتەبی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامی بۆ هاوڵاتی جەختیکردەوە کە ئەوان ناچنە ناو هیچ رێککەوتنێکی حزبییەوە لەو بارەیەوە، بەو پێیەی پێشتر زۆربەی رێککەوتنە حزبییەکان لەو بارەیەوە سەرکەوتوو نەبوون.
وتیشی «پارتی و یەکێتی ئەو رێککەوتنەیان بۆ پۆست و پلەو پایەی خۆیان دەوێت، دەبێت لایەنە کوردییەکان سەرەتا لە کوردستان رێکبکەون، پاشان بیر لە پڕۆژەی هاوبەش بۆ بەغدا بکەنەوە»