بێگەرد تاڵەبانی باس لە گەشەی كەرتی كشتوكاڵ دەكات

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى    

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، " لە نۆ مانگی کارکردنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاستی وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵ لە 1.5٪ بۆ رێژەی 8٪ بەرزبووەتەوە، ئەمەش مژدەیەکی دڵخۆشکەرە، ئومێد دەکەم تا کۆتایی کابینە رێژەکە ببێتە دوو هێندە".

ئەمڕۆ یەكشەممە، 23 ئایاری 2021 بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لە میانی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جوتیاران لە پارێزگای سلێمانی لە وتارێکدا وتی: "تەنها لە ماوەی ساڵێک و نۆ مانگی کارکردنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاستی وەبەرهێنانی لە کەرتی کشتوکاڵ لە 1.5٪ بۆ رێژەی 8٪ بەرزبووەتەوە، ئەمەش مژدەیەکی دڵخۆشکەرە، ئومێد دەکەم تا کۆتایی کابینە رێژەکە ببێتە دوو هێندە".

وەزیری کشتوکاڵ وتیشی: "لە سەرەتای دەستبەکاربوونمان پڕۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جوتیاران، لە پێشینەی پلانەکانمان دابووە، بە هەوڵی هەموو لایەک توانیمان بگەینە قۆناغی کرداری، لە سێ پارێزگای هەرێم سێ کارگەی گەورەو سایلۆی تایبەت دابمەزرێت، کە ساڵانە 500 هەزار تۆن گەنم لە جوتیاران وەربگیرێتەوە و بە پیشەسازی بکرێت".

وەزیری کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەشدا: "مایەی خۆشحاڵییە یەکەم بەردی بناغەی پڕۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جوتیاران لە هەولێری پایتەخت دانرا، ئێستا 70٪ی کارەکانی تەواو بووە و کۆمپانیای جێبەجێکار لەماوەی شەش مانگدا کارێکی ناوازەی ئەنجامداوە، ئەمڕۆش لە شاری سلێمانی دەستپێدەکەین و لەماوەیەکی کەمدا بەرهەمی پڕۆژەکە دەبینین و لە چەند هەفتەی داهاتووشدا لە پارێزگای دهۆک بەردی بناغەی پڕۆژەکە لە دادەنرێت".

ئەوەشی خستەڕوو: "گرنگی ئەو پڕۆژەیە لەوەدایە ساڵانە جوتیارانمان بە دیار رادەستکردنی گەنم بە سایلۆکان و دواکەوتنی شایستە داراییەکانیان گیرۆدەن، ساڵانە لەلایەن لیژنەیەک لە حکومەتی عێراق رێژەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران دیاریدەکات، بەداخەوە ئەمساڵ تائێستا ئەو لیژنەیە بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان کۆنەبووەتەوە، جێگەی داخە ئەو جیاکارییە لە تەنها لە وەرگرتنی گەنم جوتیارانی هەرێمی کوردستان هەیە، هیچ جۆرە پاساوێکیش بۆ ئەمە نییە، لە کاتێکدا جوتیارانی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەتوانن بە ئازادانە هەموو بەرهەمەکەیان رادەستی سایلۆکان بکەن، بۆیە دروستکردنی ئەم پڕۆژانە هەلێکی باشە بۆ بە بازاڕکردنی گەنمی جوتیاران و وەرگرتنی شایستە داراییەکانیان لەکاتی خۆیدا".

بێگەرد تاڵەبانی، وتی: "لێرەوە مژدە بە جوتیاران دەدەین، وەزارەتی کشتوکاڵ دوو هەنگاوی گەورەی ناوە، یەکەم دامەزراندنی سێ کارگەی بنەتۆ بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەم پڕۆژەیە، ئەمەش رۆڵی گرنگی دەبێ لە رێگری کردنی چوونە دەرەوەی سەرمایەی ناوخۆ بۆ بازاڕی دەرەکی، کە ساڵانە بە 80 هەزار تۆن مەزەندە دەکرێت، بەڵام لە ئەمساڵ بەدواوە بەپێی پێویست و تایبەتیمەندی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بنەتۆ بەرهەم دەهێنین، هەروەها لەژێر چاودێری وەزارەت باشترین جۆری بنەتۆ دەخرێتەوە بازاڕەکان و پێداویستی جوتیارانی پێ پڕدەکرێتەوە. هەنگاوی دووەممان دامەزراندنی لیژنەی نیشمانی تۆمارکردن و پەسندکردنی بنەتۆیە لە هەرێمی کوردستان، کە ئەمەش هەنگاوێکی نوێ و ستراتیژی و گرنگە، بە ئاراستەی توێژینەوە و دیاریکردنی باشترین بنەتۆ کە کارئاسانی زۆر دەکات بۆ جوتیاران و کۆمپانیاکان، بۆ ئەمەش تاقیگەی تایبەتمەند دادەمەزرێت".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار