بۆ دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنوسێك هەواڵگری بیلاڕووس فڕۆکەیەکی رفاند

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
کارمەندانی هەواڵگریی بیلاڕووس بۆ دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنوسێك فڕۆکەیەکی ئەوروپییان رفاند کە بڕیاڕ وابووە لە ئەسیناوە بەرەو ڤیلینیوسی پایتەختی لیتوانیا بچێت، بەڵام ناچارکراوە لە مینسک بنیشێتەوە.
رۆمان پرۆتاسیڤیچ، ئەو رۆژنامەڤانەی دەستگیرکراوە، رەخنەگرێکی سەرسەختی ئەلێکسەندەر لوکاشینکۆی سەرۆکی بیلاڕووسە، پێشتر سەرنووسەری دوو کەناڵی تەلەگرام بووە بەناوی نێکستا و نێکستا لایڤ، هەر کە فڕۆکەکەیان لە مینسک نیشتەوە، پۆلیس هەڵیانکوتایە سەر فڕۆکەخانە و ڕۆژنامەنوسەکەیان دەستگیرکرد.
ئەمریکا هەر زوو هاتووەتە سەر هێڵ و بە تووندی سەرکۆنەی رفاندنی فڕۆکەی Ryanair دەکات، کە بڕیاڕ وابووە لە ئەسیناوە بەرەو ڤیلینیوسی پایتەختی لیتوانیا بچێت، بەڵام ناچارکراوە لە مینسک بنیشێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 24ئایاری 2021 لە راگەیێندراوێکدا ئانتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت ئەمریکا بە تووندی سەرکۆنەی گۆڕینی رێڕوەی فڕۆکەکە دەکات لە نێوان دوو وڵاتی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا و هەروەها دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنوس رامان پراتاسیڤیچ لە شاری مینسک.
بلینکن داوا دەکات ڕۆژنامەنوسەکە دەستبەجێ ئازادبکرێت و ئەو کردەیەی رژێمەکەی لوکاشینکۆش بە "شۆک" وەسفدەکات، چونکە بە گوتەی بلینکن ژیانی زیاتر لە 120 سەرنشینی خستووەتە مەترسییەوە، کە هەندێکیان ئەمریکی بوون.
لوکاشینکۆ پشتڕاستیکردەوە کە خۆی فڕۆکەی جەنگی Mig-29ی فڕاندووە بۆ ئەوەی هاوشانی فڕۆکە مەدەنییەکە بڕوات تاوەکو دەنیشێتەوە.
لوکاشینکۆی تەمەن 66 ساڵ کە لە 1994ەوە لە دەسەڵاتە، دوای بردنەوەی هەڵبژاردنێکی گوماناوی لە ئابی 2020، دەستیکردووە بە کپکردنی دەنگی ئازاد و دەستگیکردنی ڕۆژنامەنوسان، چەندین سەرکردەی ئۆپۆزیسیۆن لە ترسی ئەو لە وڵاتەکە رایانکردووە و پەنایان بۆ وڵاتانی ئەوروپی و جیهان بردووە.
