قوباد تاڵەبانی چەند بڕیارێک بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی دژی ژنان دەردەکات
"ئەنجومەنی باڵای خانمان ستراتیژێکی تایبەت بە ڕێگری کردن لە توندوتیژی ئامادەبکات و حکومەت بیخاتە بواری جێبەجێکردنەوە"
.jpg)
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتی کۆبونەوەیەکی تایبەت بە توندوتیژی دژی ژنان کرد و چەند بڕیارێکی خستەڕوو کە گرنگترینیان فەرمانی دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی کەیسەکانی توندوتیژی دژی ژنان بوو.
ئەمڕۆ سێشهممه 25ی ئایاری 2021، نوسینگەی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بڵاویکردەوە، بەسەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی لەهەولێر کۆبونەوەیەکی فراوان سەبارەت بەزیادبونی رێژەى حاڵەتەکانی کوشتن و خۆکوشتن و توندوتیژی دژی ژنان لەهەرێمی کوردستان بەڕێوەچو، کۆبونەوەکە بە ئامادەبونی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرێوەچو کەتێیدا تاوتوێی ئەو حاڵەتانەکرا کەلەماوەى رابردودا تۆمارکراون،.
لەوبارەیەوە جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران وتی، "پێویستە هەنگاوی خێرا بگرینەبەر بۆ رێگری لەپەرەسەندنی حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان و خۆکوشتن، و لەڕێى کەناڵە جیاوازەکانەوە هەوڵى بڵاوکردنەوەى رێنمایی و هۆشیاری خێزانی بدەین تا چارەسەرى پێویست بۆ ئەم گرفتە کۆمەڵایەتییە بدۆزینەوە".
لەکۆبونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی بڕیاریدا رێگەچارەى خێرا بگیرێتەبەر، لەجێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی کەیسەکانی توندوتیژی دژی ژنان، لەگەڵ کردنەوەى خولى جۆراوجۆرى راهێنان بۆ ئەفسەران و وتەبێژان لەبارەى هۆشیارى لەبنەماکانی یەکسانی جێندەری.
هەروەها بڕیاردرا رێگری بکرێت لەبردنەدەرەوەی کەیسی نێو شێڵتەرەکان تا کۆتایی هاتنی راوێژ لەگەڵ سەنتەرە تایبەتەکاندا، لەگەڵ جیاکردنەوەى کەیسەکان لەناو شێڵتەر بەپێى جۆر و تایبەتمەندیی کەیسەکان. هەروەها بڕیاردرا بە دابینکردنی بودجەی پێویست و بینای گونجاو بۆ شێڵتەرەکان.
هاوکات قوباد تاڵەبانی بڕیاریشدرا ئەنجومەنی باڵای خانمان ستراتیژێکی تایبەت بە ڕێگری کردن لە توندوتیژی دژی ژنان ئامادەبکات بەوەرگرتنی بۆچونی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەی حکومەت بیخاتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەروەها بۆردێک دروست بکرێت بۆ بەدواداچون و پابەندبون بەمیساقی شەرەف کەلەنێوانی راگەیاندن و رێکخراوەکان هەیە، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر رێگری کردن لە سەرپێچیکردن لە رێنماییەکانی وەزارەت و بنەما پیشەیی یە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان تایبەت بەروماڵى کەیسەکانی ژنان.
هاوکات جەختکرایەوە کە پێویستە مامۆستایانی ئاینی رۆڵى خۆیان ببینن و لەوتارە ئاینییەکاندا پاڵپشتی بەرەنگاربوونەوەى کوشتن و خۆکوشتنی ژنان بکەن.
لەراگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕو، کۆبونەوە بەگرنگی زانی سود لەتواناى توێژەرانی کۆمەڵایەتی و دەرونی و چالاکوانانی بوارى مافى مرۆڤ ببینرێت بۆ هۆشیارکردنەوەى تاکەکانی کۆمەڵ و بەهێزکردن و بڵاوکردنەوەى گیانی باوەڕبەخۆبون و چاندنی تۆوی هیواو ئومێد لەجێى نائومێدی، سەربارى خستنەڕوى ئەوەى کە خۆکوشتن نەحاڵەتێکی ژیرییە و نەچارەسەرێکی دروستە بۆ زاڵبون بەسەر کێشەکاندا.
