فەرەنسا بۆ مەسرور بارزانی: خواستێکی بەهێزی چاکسازی لە حکومەتی هەرێمدا دەبینین
.jpg)
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
شاندێکی فەرەنسی لەگەل مەسرور بارزانی، کۆبوونەوەوە رایگهیاند، خواستێکی بەهێزی چاکسازی لە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا دەبینن.
ئەمڕۆ سێشەممە 25ی ئایاری 2021 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی فەرەنسی کرد، کە پێکهاتبوو لە "فرانسواز دوما" سەرۆکی کۆمسیۆنی بەرگری نیشتمانی و سەربازی لە پەرلەمانی فەرەنسا، "فیلیپ مایەر" و "گوێندال رۆیلارد" ئهندامانى پهرلهمانی فەرەنسا، "برۆنۆ ئۆبێرت" باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق و "ئۆلیڤیێ دیکۆتینى"، کونسولی گشتي فەرەنسا لە هەولێر.
لە کۆبوونەوەکەدا دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا تاووتوێ کرا.
شاندی فەرەنسی جەختی لە گرنگی بەهێزکردنی دۆستایەتی و پەیوەندی مێژوویی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا کردەوە و ستایشی هەوڵە چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتیان کرد و ئاماژەیان بەوەدا، کە خواستێکی بەهێزی چاکسازی لە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا دەبینین، بۆیە بە هەموو شێوەیەک ئامادەین بۆ پشتگیریی و درێژەدان بە پشتیوانی حکومەتی هەرێم.
