عەلی حەمە ساڵح: بۆ لێبڕینی 21%یش ئەو پارەیە نییە موچە دابەشبکرێت

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
پەرلەمانتارێکی گۆڕان لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا رایگەیاند، "بۆ لێبڕینی 21%یش ئەو پارەیە نییە کە دابەشبکرێت".
ئەمڕۆ سێشەممە 25ی ئایاری 2021 عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری گۆڕان لە دانیشتنی پەرلەماندارایگەیاند، " ئەم بەیانییە بەدواداچوونم کردووە، تەنانەت بۆ لێبڕینی 21%یش ئەو پارەیە نییە کە دابەشبکرێت. ئەمەش ئەنجامی نەبوونی پارە نییە بەڵکو ئەنجامی ئەو فەسادە مونەزەمەیە کە دەمێکە داوا دەکەین و چارەسەر نابێت."
پەرلەمانتاری گۆڕان دەشڵێت "ئەگەر هەرچی زەوی نایابە داگیربکرێت و یاسای چاکسازی جێبەجێنەکرێت و کێشەی خاڵە سنورییەکان چارەسەرنەکرێت، بێگومان پارە بۆ موچە نابێت."
ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان داوای لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کرد کە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان تەرخانبکرێت بۆ مووچە و وتیشی "ئێمە کۆبوونەوە دەکەین، ئینجا حکومەت نایەت با نەیەت، کۆمەڵێک بڕیار دەدەین و ئەوانیش با هەڵوێستی خۆیان بڵێن و دواتر ئێمەش بۆچوونی خۆمان دەبێت."
رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی مشتومڕی پەرلەمانتاران لەبارەی لێبڕینی موچە وتی "تکایە لەنێو پەرلەمان حیزبایەتی مەکەن."
بەرنامەی کاری ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان بەمشێوەیەیە:
یەكەم: خستنەڕووی بیرۆكەی پەرلەمانتار عەبدولستار مەجید لەبارەی (دۆزینەوەی هەلی كار لەڕێگەی بەگەرخستنەوەی كارگەكان)، بەپێی حوكمی خاڵی (2)ی بڕگەی (یەكەم) لە ماددەی (49)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان - عێراق.
دووەم: خستنەڕوو و گفتوگۆكردنی دیاردەی (تاوانەكانی كوشتن بەگشتی و كوشتنی ئافرەت و خۆكوشتن) بەئامادەبوونی لایەنی پەیوەندیدار لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەپێی حوكمی بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (66) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان.
سێیەم: خوێندنهوهی دووهم بۆ پێشنیازەیاسای (هەمواری یەكەمی یاسای ژمارە (3)ی ساڵی 2019 یاسای بەخاوەنكردنی ئەو زەوییانەی كە لە سنووری شارەوانییەكان زێدەڕۆییان لەسەركراوە لەهەرێمی كوردستان - عێراق)، بهپێی حوكمی ماددهكانی (87، 88، 89) له پهیڕهوی ناوخۆی پهرلهمانی كوردستان.
