وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریکا: عێراق و هه‌رێم بازرگانیکردن به‌ مرۆڤه‌وه‌ تیایاندا به‌رده‌وامه‌

عێراق وڵاتى سه‌رچاوه‌ و وڵاتى مه‌به‌سته‌ بۆ ئه‌و ئافره‌ت و منداڵانه‌ى بازرگانى سێکسیان پێوه‌ ده‌کرێت

6 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى
وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریکا به‌شى عێراق له‌ راپۆرتى دووه‌میدا له‌سه‌ر ره‌وشى مافى مرۆڤ و بازرگانیکردن به‌ مرۆڤه‌وه‌ ئاشکراى ده‌کات که‌ حکومه‌تى عێراق و هه‌رێم بازرگانیکردن تیایاندا به‌ مرۆڤه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌و ده‌شڵێت:" عێراق وڵاتى سه‌رچاوه‌و وڵاتى مه‌به‌سته‌ بۆ ئه‌و ئافره‌ت و مناڵانه‌ى بازرگانى سێکسیان پێوه‌ ده‌کرێت.
هه‌روه‌ها، باسى ئه‌وه‌شى کردووه‌ که‌ حکومه‌تى هه‌رێم په‌ناگه‌ى بۆ ئاواره‌ سورییه‌کان و ئێزیدییه‌کان دابین کردووه‌ زیاتر له‌ 300 ژن و مناڵى ئێزیدى له‌ده‌ستى داعش رزگار کردووه‌.
هاوکات، ئه‌وه‌ش ئاشکرا ده‌کات، کچه‌ سورییه‌کان له‌ که‌مپه‌کانى هه‌رێمى کوردستانى عێراق ناچارده‌کرێن به‌ هاوسه‌رگیرى پێشوه‌خت یان "هاوسه‌رگیرى کاتیی" له‌گه‌ڵ پیاوى عێراقى یان په‌نابه‌رانى تر، هه‌ندێک له‌ ده‌سه‌ڵاته‌کانى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان تۆمه‌تبار ده‌کرێن به‌ چاوپۆشیکردن، یان وه‌رگرتنى به‌رتیل بۆ چاوپۆشیکردن، له‌م جۆره‌ که‌یسانه‌
ده‌قى راپۆرتى دووه‌مى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکا به‌وشى عێراق:

حکومه‌تى عێراق به‌ته‌واوى پابه‌ند نییه‌ به‌ که‌مترین ستاندارده‌کان بۆ نه‌هێشتنى بازرگانیکردن به‌ مرۆڤ، به‌ڵام هه‌وڵى به‌رچاو ده‌دات بۆ ئه‌نجامدانى ئه‌مه‌.
له‌ماوه‌ى راپۆرتدان، حکومه‌ت هه‌وڵى گرنگى داوه‌ بۆ دادگاییکردن و سزادانى بازرگانیکارى زیاتر و هه‌ندێک به‌رپرسى تێوه‌گلاو. هه‌روه‌ها راپۆرتیداوه‌ که‌ ده‌ستنیشانى قوربانى زیاترى بازرگانیکردن به‌ مرۆڤى کردوه‌ به‌ به‌راورد به‌ ماوه‌ى راپۆرتدانى پێشوو.
 حکومه‌ت لیژنه‌یه‌کى نێوان-وه‌زاره‌ته‌کانى پێکهێناوه‌ بۆ چاودێریکردن، هه‌ڵسه‌نگاندن و راپۆرتدان له‌سه‌ر منداڵان له‌ پێکدادانه‌ چه‌کدارییه‌کان له‌ عێراق، که‌ به‌سه‌ربازکردنى منداڵیش ده‌گرێته‌وه‌. به‌ڵام، حکومه‌ت هه‌وڵى زیاترى نیشان نه‌داوه‌ به‌ به‌راورد به‌ ماوه‌ى راپۆرتدانى پێشوو، له‌به‌رئه‌وه‌ عێراق هێشتا له‌ ئاستى 2ى لیستى چاودێریدایه‌ بۆ دووه‌م ساڵى له‌سه‌ریه‌ک. ئه‌گه‌رچى حکومه‌ت قوربانییه‌کانى بازرگانیکردن به‌ مرۆڤى ده‌ستنیشانکردوه‌، که‌موکوڕى له‌ رێککاره‌ حکومییه‌کانى ده‌ستنیشانکردن و پشتیوانیکردنرێگربوون له‌وه‌ى چه‌ندین قوربانى خزمه‌تگوزارى پاراستنى گونجاو وه‌ربگرن.
 حکومه‌ت په‌ناگه‌ (شێڵرته‌ر)ى بازرگانیکردن به‌ مرۆڤى هه‌یه‌ له‌ به‌غداد که‌ راپۆرتدراوه‌ به‌ درێژایى 2017 به‌تاڵ بووه‌. حکومه‌ت لێکۆڵینه‌وه‌ى نه‌کردوه‌ له‌و تۆمه‌تانه‌ى که‌ هه‌ندێک له‌ یه‌که‌ میلیشیاییه‌کان به‌ نایاسایى منداڵان به‌سه‌رباز ده‌که‌ن و به‌کارده‌هێنن له‌ ساڵى 2017، له‌ناویاندا یه‌که‌کانى هێزه‌کانى حه‌شدى شه‌عبی، له‌ژێر فه‌رمانى لیژنه‌ى حه‌شدى شه‌عبیدا کارده‌که‌ن، که‌ پێکهاته‌یه‌که‌ له‌ هێزه‌ چه‌کداره‌کانى عێراق. حکومه‌ت هیچ که‌سێکى رووبه‌ڕووى لێپرسینه‌وه‌ى تاوان نه‌کردۆته‌وه‌ سه‌ره‌ڕاى به‌رده‌وامى ئه‌م تۆمه‌تانه‌ بۆ چه‌ندین ساڵ. حکومه‌ت به‌رده‌وام بوو له‌ سزادانى هه‌ندێک له‌ قوربانیه‌کانى بازرگانیکردن به‌ مرۆڤ له‌سه‌ر ئه‌و تاوانانه‌ى ئه‌نجامدراون به‌هۆى بازرگانیکردن پێوه‌یان، وه‌ک به‌سه‌ربازکردنى منداڵ، له‌شفرۆشى و پێشێلکردنى یاساکانى کۆچ.
ریزبه‌ندى ئاستى عێراق به‌پێى ساڵ
 ره‌سممم

راسپارده‌کان بۆ عێراق 
لێپرسینه‌وه‌ له‌ به‌رپرسان له‌سه‌ربه‌سه‌ربازکردن و به‌کارهێنانى منداڵو دابینکردنى خزمه‌تگوزارییه‌کانى پاراستن به‌ منداڵى چه‌کدار و قوربانییه‌کانى ترى بازرگانیکردن به‌ مرۆڤ؛ به‌رده‌وام بوون له‌ هه‌وڵه‌کان بۆ راگرتنى به‌سه‌ربازکردن و به‌کارهێنانى منداڵله‌لایه‌ن هه‌موو گروپه‌ چه‌کداره‌کانه‌وه‌، له‌ناویاندا یه‌که‌کانى هێزه‌کانى حه‌شدى شه‌عبى و میلیشیا سه‌ربه‌خۆکان؛ دڵنیاییکردن له‌وه‌ى که‌ قوربانیه‌کانى بازرگانیکردن به‌ مرۆڤ سزا نادرێن له‌سه‌ر ئه‌و تاوانانه‌ى کردویانن له‌ ئه‌نجامى راسته‌وخۆى بازرگانیکردن پێوه‌یان، وه‌ک له‌شفرۆشى و پێشێلکردنى یاساکانى کۆچ؛ رێگه‌دان به‌ وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى یه‌که‌م بۆ ده‌ستنیشانکردنى قوربانى بازرگانیکردن به‌ مرۆڤ و ره‌وانه‌کردنیان بۆ چاودێرى جا قوربانى سکاڵا تۆمارده‌کات یان نا له‌دژى بارزگانیکاره‌که‌ی؛ ئاماده‌کردن و به‌دامه‌زراوه‌ییکردنى رێنماییه‌کانى ده‌ستنیشانکردنى قوربانى و ره‌وانه‌کردنى بۆ خزمه‌تگوزارییه‌کانى پاراستن بۆ هه‌موو کارمه‌نده‌ په‌یوه‌نداره‌کان، هه‌وه‌ها راهێنانى کارمه‌ندان له‌سه‌ر ئه‌م رێککارانه‌؛ زیادکردنى ده‌ستگه‌یشتنى بێ به‌ربه‌ست بۆ قوربانیانى هه‌موو جۆره‌کانى بازرگانیکردن به‌ مرۆڤ،به‌ راوێژکارى کۆمه‌ڵایه‌تی-ده‌روونی، و چاودێرى ته‌ندروستی، په‌ناگه‌ى دوورمه‌ودا، خزمه‌تگوزارییه‌کانى تێکه‌ڵکردنه‌وه‌، راهێنانى کار، هه‌روه‌ها هاوکارى دارایی؛ هه‌موارکردنه‌وه‌ى یاساى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى بازرگانیکردن به‌ مرۆڤ بۆ قه‌ده‌غه‌کردن و سزادانى هه‌موو جۆره‌کانى بازرگانیکردن ته‌با له‌گه‌ڵ پرۆتۆکۆلى ساڵى 2000ى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان بۆ بازرگانیکردن به‌ مرۆڤ؛ رێگه‌دان به‌ قوربانیان و شاهیده‌کان بۆ به‌شداریکردن له‌ رێککاره‌ یاساییه‌کان له‌دژى بازرگانیکارانیان؛ هه‌وڵدانى به‌رچاو بۆ لێکۆڵینه‌وه‌، دادگاییکردن، حوکمدان و سزادانى تووندى بازرگانیکاران به‌ مرۆڤ، له‌ناویاندا به‌رپرسه‌ تێوه‌گلاوه‌کانى حکومه‌ت، ته‌نانه‌ت کاتێک که‌ قوربانیه‌کان سکاڵا تۆمار ناکه‌ن یان به‌شدارى ناکه‌ن له‌ رێککاره‌ یاساییه‌کان له‌دژى بارزگانیکارانیان؛ ته‌واوکردنى رێنماییه‌کان بۆ توانادارکردنى جێبه‌جێکردنى ته‌واوى یاساى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى بازرگانیکردن به‌ مرۆڤ؛ دانانى چوارچێوه‌ى یاسایى بۆ رێکخراوه‌ ناحکومییه‌کان بۆ به‌ڕێوه‌بردنى په‌ناگه‌کان بۆ قوربانیان و هاوکاریکردنى ئه‌م رێکخراوانه‌؛ هه‌روه‌ها دانان و جێبه‌جێکردنى چوارچێوه‌یه‌کى یاسایى له‌سه‌رانسه‌رى وڵات، به‌ هه‌رێمى کوردستانى عێراقه‌وه‌، که‌ هه‌موو جۆره‌کانى بازرگانیکردن به‌ مرۆڤ وه‌ک تاوان بناسێنێت و سزاى تووند و گونجاویان بۆ دابنێت.

دادگاییکردن 
حکومه‌ت هه‌وڵه‌کانى زیادکردوه‌ بۆ جێبه‌جێکردنى یاسا، به‌ڵام شکستیخواردوه‌ له‌ دادگاییکردن یان حوکمدانى به‌رپرسانى تێوه‌گلاو له‌ بازرگانیکردن به‌ مرۆڤ، وه‌ک بازرگانیکردنى سێکس و به‌سه‌ربازکردنى منداڵ. یاساى عێراق بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى بازرگانیکردن به‌ مرۆڤ ساڵى 2012 هه‌ندێک له‌ جۆره‌کانى بازگانیکردنى سێکس و کارپێکردن وه‌ک تاوان ده‌ناسێنێت. ناته‌با له‌گه‌ڵ پێناسه‌ى بازرگانیکردن به‌پێى یاساى نێوده‌وڵه‌تی، له‌ یاساکه‌ى عێراقدا پێویسته‌ هێز، ساخته‌کاری، یان زۆرکارى هه‌بێت تا به‌ تاوانى بازرگانیکردنى سێکسى به‌ منداڵ هه‌ژماربکرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ هه‌موو جۆره‌کانى بازرگانیکردنى سێکسى به‌ منداڵ وه‌ک تاوان هه‌ژمارنه‌کراون. هه‌روه‌ها یاساکه‌ ده‌ڵێت ده‌بێت که‌سێک فرۆشرابێت تا به‌ قوربانى بازرگانیکردن به‌ مرۆڤ هه‌ژماربکرێت. مادده‌یه‌کى یاساى سزادان "له‌شفرۆشى منداڵان" وه‌ک تاوان هه‌ژمارده‌کات و سزاى تا 10 ساڵ زیندانى بۆ داناوه‌، ئه‌مه‌ش وه‌ک پێویست توونده‌ بۆ رێگرتن له‌م تاوانه‌، ئه‌گه‌رچى هاوتا نییه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و سزایانه‌ى بۆ لاقه‌کردن دیاریکراون. یاساى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى بازرگانیکردن به‌ مرۆڤ سزاى تا 15 ساڵ زیندانیکردن و غه‌رامه‌ى تا 10 ملیۆن دینارى عێراقى (8،580 دۆلارى ئه‌مریکی) داناوه‌ بۆ تاوانه‌کانى بازرگانیکردن ئه‌گه‌ر قوربانى نێرینه‌ى پێگه‌یشتووى بوو، و سزاى زیندانى هه‌تاهه‌تایى و غه‌رامه‌ى 15 تا 25 ملیۆن دینارى عێراقى (12،860 تا 21،440 دۆلارى ئه‌مریکی) داناوه‌ ئه‌گه‌ر قوربانى مێینه‌ى پێگه‌یشتوو یان منداڵ بوو. ئه‌م سزایانه‌ وه‌ک پێویست تووندن، و سه‌باره‌ت به‌ بازرگانیکردنى سێکس، هاوتان له‌گه‌ڵ ئه‌و سزایانه‌ى بۆ تاوانه‌ گه‌وره‌کان دانراون، وه‌ک تاوانى لاقه‌کردن. یاساى کار دژواره‌ له‌گه‌ڵ یاساى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى بازرگانیکردن به‌ مرۆڤ، چونکه‌ سزاکانى بریتین له‌ غه‌رامه‌ و زیندانیکردن که‌ زیاتر نه‌بێت له‌ شه‌ش مانگ، ئه‌مه‌ش وه‌ک پێویست تووند نییه‌. حکومه‌ت هێشتا رێنماییه‌کانى جێبه‌جێکردنى نییه‌ بۆ یاساى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى بازرگانیکردن به‌ مرۆڤ، ئه‌مه‌ش ئاسته‌نگه‌ بۆ تواناى جێبه‌جێکردنى یاساکه‌، دادگاییکردنى بازرگانیکاران و پاراستنى قوربانییه‌کان. حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان یاسایه‌کى نییه‌ که‌ به‌دیاریکراوى هه‌موو جۆره‌کانى بازرگانیکردن به‌ مرۆڤ قه‌ده‌غه‌ بکات و یاساى نیشتیمانیش بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى بازرگانیکردن به‌ مرۆڤ له‌ هه‌رێمى کوردستانى عێراق کارى پێناکرێت.
حکومه‌ت راپۆرتیداوه‌ که‌ له‌ ساڵى 2017 لێکۆڵینه‌وه‌ى له‌ 266 که‌یسى بازرگانیکردن کردوه‌ (314 له‌ 2016)، وه‌زاره‌تى ناوخۆ بڕیاریداوه‌ که‌ 40 که‌یس له‌مانه‌ که‌یسى کارپێکردنى زۆره‌ملێ بوون و 68 گومانى که‌یسى بازرگانیکردنى سێکسیان لێده‌کرێت؛ هه‌روه‌ها بڕیاریداوه‌ که‌ 158 که‌یسه‌که‌ى تر تاوانى بازرگانیکردن به‌ مرۆڤ نه‌بوون. وه‌زاره‌تى ناوخۆ راپۆرتیداوه‌ که‌ له‌ ساڵى 2017، 68 که‌سى داوه‌ به‌ دادگا به‌ تۆمه‌تى بازرگانیکردن و 22 که‌س حکومدراون به‌پێى یاساى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى بازرگانیکردن به‌ مرۆڤ، به‌ڵام ورده‌کارى زیاترى نه‌داوه‌ له‌سه‌ر ئه‌م که‌یسانه‌. هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تى ناوخۆ لێکۆڵینه‌وه‌ى کردوه‌ له‌ 48 تۆمه‌تبار که‌ به‌ هوشیارییه‌وه‌ کاریان به‌ قوربانیانى بازرگانیکردنى سێکسى کردوه‌، له‌وانه‌ 10 که‌س دادگاییکراون و حوکمدراون به‌ تاوانى بازرگانیکردن به‌ مرۆڤ به‌پێى یاساى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى بازرگانیکردن به‌ مرۆڤ. ئه‌م هه‌وڵانه‌ى دادگاییکردن و حوکمدان ئاماژه‌ن بۆ زیادبوونى به‌رچاوى هه‌وڵه‌کان به‌ به‌راورد به‌ 17 دادگاییکردن و حوکمدان له‌ ساڵى 2016. به‌ڵام، به‌پێى رێکخراوه‌ ناحکومییه‌کان، حکومه‌ت به‌بێ سکاڵاى قوربانى ده‌ستینه‌کردوه‌ به‌ دادگاییکردنى بازرگانیکردن، ئه‌گه‌رچى زۆربه‌ى قوربانییه‌کان سکاڵایان تۆمارنه‌کردوه‌ چونکه‌ شوناسى بازرگانیکاریان نه‌زانیوه‌ یان له‌ تۆڵه‌ ترساون. له‌ماوه‌ى راپۆرتداندا، حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان راپۆرتیداوه‌ که‌ 58 لێکۆڵینه‌وه‌ى ئه‌نجامداوه‌ له‌سه‌ر خراپ مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ کرێکارى بیانی، به‌ڵام راپۆرتى نه‌داوه‌ له‌سه‌ر دادگاییکردن یان حکومدانى هیچ تۆمه‌تبارێکى بازرگانیکردن به‌ مرۆڤ. 
هێشتا نیگه‌رانى به‌رچاو هه‌بوو له‌سه‌ر تێوه‌گلانى به‌رپرسان له‌ تاوانه‌کانى بازرگانیکردن به‌ مرۆڤ، له‌وانه‌ به‌سه‌ربازکردن و به‌کارهێنانى منداڵ و بازرگانیکردنى سێکس. حکومه‌ت راپۆرتیداوه‌ له‌سه‌ر هه‌ندێک هه‌وڵ بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ به‌رپرسانى حکومه‌ت که‌ تێوه‌گلاون له‌ تاوانه‌کانى بازرگانیکردن به‌ مرۆڤ، به‌ڵام راپۆرتى نه‌داوه‌ له‌سه‌ر هه‌وڵه‌کان بۆ دادگاییکردن و حوکمدانى به‌رپرسه‌ تێوه‌گلاوه‌کان. حکومه‌ت راپۆرتى نه‌داوه‌ له‌سه‌ر لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ شوێنه‌کانى له‌شفرۆشى له‌سه‌رانسه‌رى وڵات که‌ رێکخراوه‌کانى کۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى له‌و بڕوایه‌دان که‌ قوربانیانیانى بازرگانیکردنى سێکسى تێدا بێت؛ به‌رپرسه‌ خۆجێیه‌کان تۆمه‌ربار ده‌کرێن به‌وه‌ى که‌ ئاگادارن له‌م شوێنانه‌ى له‌شفرۆشى و رێگه‌یان ده‌ده‌ن به‌رده‌وام بن له‌ کارکردن. حکومه‌ت راپۆرتى نه‌داوه‌ له‌سه‌ر هه‌وڵه‌کانى لێکۆڵینه‌وه‌، دادگاییکردن یان حوکمدانى تۆمه‌تبارانى به‌سه‌ربازکردنیمنداڵ له‌ناو یه‌که‌کانى هێزه‌کانى حه‌شدى شه‌عبى وه‌ک له‌ ساڵى 2016دا راپۆرتدراوه‌. هاوکات حکومه‌ت راپۆرتى نه‌داوه‌ له‌سه‌ر هه‌وڵه‌کانى بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ تۆمه‌ته‌کانى ساڵى 2017 که‌ میلیشیاکانى یه‌که‌کانى عه‌سایب ئه‌هل الحق یان که‌تائیب حزب الله‌ – که‌ هه‌ندێکیان به‌شێکن له‌ هێزه‌کانى حه‌شدى شه‌عبى – منداڵیان چه‌کدار کردوه‌ و به‌کارهێناوه‌.  
له‌ سه‌ره‌تاى 2017، ئه‌نجومه‌نى باڵاى دادوه‌رى عێراق رێنماییه‌کى 2016ى هه‌ڵوه‌شاندوه‌ که‌ بڕیارى دامه‌زراندنى دادگاى تایبه‌تى دابوو بۆ به‌ڕێوه‌بردنى که‌یسه‌کانى بازرگانیکردن به‌ مرۆڤ؛ له‌به‌رئه‌وه‌ له‌ماوه‌ى راپۆرتداندا حکومه‌ت دادوه‌ر یان دادگاى تایبه‌تى ئاماده‌ نه‌کرد بۆ به‌ڕێوه‌بردنى که‌یسه‌کانى بازرگانیکردن به‌ مرۆڤ. له‌ماوه‌ى راپۆرتدان، وه‌زاره‌تى ناوخۆ راهێنانى پێشکه‌ش کرد به‌ کارمه‌ندانى له‌سه‌ر یاساى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى بازرگانیکردن به‌ مرۆڤ و ده‌ستنیشانکردنى قوربانی، ئۆفیسى پارێزگارى به‌غداد پاڵپشتى به‌شێکى راهێنانه‌کانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى بازرگانیکردن به‌ مرۆڤى کرد بۆ رێکخراوه‌کانى کۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى و هه‌ندێک له‌ وه‌زاره‌ته‌کانى حکومه‌ت له‌ ئه‌یلولى 2017.  
پاراستن 
حکومه‌ت هه‌وڵه‌کانى زیادکردوه‌ بۆ ده‌ستنیشانکردنى قوربانیانى بازرگانیکردن به‌ مرۆڤ و دابینکردنى سنوردارى خزمه‌تگوزارییه‌کانى پاراستن بۆ هه‌ندێک له‌ قوربانیان. که‌موکوڕییه‌کان له‌ رێککاره‌کانى حکومه‌ت بۆ ده‌ستنیشانکردن و ره‌وانه‌کردنى قوربانیان رێگربوون له‌وه‌ى چه‌ندین قوربانى چاودێرى وه‌ربگرن، له‌به‌رئه‌وه‌ قوربانییه‌کان هێشتا رووبه‌ڕووى سزادان ده‌بنه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و تاوانانه‌ى کردویانه‌ راسته‌وخۆ له‌ ئه‌نجامى بازرگانیکردن پێوه‌یان. حکومه‌تى عێراقى راپۆرتیداوه‌ که‌ له‌ ساڵى 2017، 41 قوربانى ده‌ستنیشانکردوه‌، که‌ له‌ناویاندا حه‌وت قوربانى بازرگانیکردن به‌ منداڵ، 22 قوربانى مێینه‌ى بازرگانیکردنى سێکس و کارپیکردن، هه‌روه‌ها 12 قوربانى نێرینه‌ى به‌زۆر کارپێکردن. ئه‌مه‌ ئاماژه‌یه‌ بۆ زیادبوون به‌ به‌راورد به‌ ماوه‌ى راپۆرتدانى پێشتر، چونکه‌ حکومه‌ت له‌ ساڵى 2016 راپۆرتى نه‌دابوو له‌سه‌ر ده‌ستنیشانکردنى هیچ قوربانیه‌ک. له‌م قوربانیانه‌، وه‌زاره‌تى ناوخۆ راپۆرتیداوه‌ که‌ پێنج له‌ قوربانیه‌ منداڵه‌کان ره‌وانه‌کراون بۆ وه‌زاره‌تى کار و کاروبارى کۆمه‌ڵایه‌تى بۆ چاودێری، به‌ڵام راپۆرتى نه‌داوه‌ له‌سه‌ر ره‌وانه‌کردنى قوربانیه‌کانى تر بۆ وه‌رگرتنى هاوکاری. به‌رپرسانى حکومه‌ت راپۆرتیانداوه‌ که‌ هه‌وڵه‌کانى ده‌ستنیشانکردنى قوربانى هێشتا نزمه‌، چونکه‌ له‌ کرداردا، دادوه‌ران ته‌نها کاربه‌ده‌ستن که‌ ده‌توانن به‌ فه‌رمى ده‌ستنیشانى قوربانى بازرگانیکردن به‌ مرۆڤ بکه‌ن و ره‌وانه‌ى بکه‌ن بۆ خزمه‌تگوزارییه‌کانى پاراستن؛ به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ى دادوه‌ران داوا له‌ قوربانیه‌کان ده‌کات له‌به‌رده‌مى تۆمه‌تبار وته‌ پێشکه‌ش بکه‌ن، زۆربه‌ى قوربانیه‌کان له‌ترسى تۆڵه‌ نایه‌نه‌ پێشه‌وه‌. حکومه‌ت رێنمایى سه‌رانسه‌رى حکومه‌تى ده‌رنه‌کردوه‌ بۆ ده‌ستنیشانکردنى قوربانى بۆ هه‌موو کارمه‌ندانى په‌یوه‌ندار و وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى یه‌که‌م که‌ ده‌که‌ونه‌ په‌یوه‌ندییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ قوربانى بازرگانیکردن له‌ناو گروپه‌ لاوازه‌کاندا، له‌وانه‌ که‌سانى بیانى تۆمارنه‌کراو و ئه‌وانه‌ى کارى له‌شفرۆشى ده‌که‌ن. به‌ڵام وه‌زاره‌تى ناوخۆ راپۆرتیداوه‌ که‌ رێککارى ناوخۆیى داناوه‌ بۆ رێنماییکردنى کارمه‌ندانى جێبه‌جێکردنى یاسا له‌کاتى ده‌ستنیشانکردنى قوربانیانى بازرگانیکردن به‌ مرۆڤ. هاوکات وه‌زاره‌تى ناوخۆ راپۆرتیداوه‌ که‌ راهێنانى کردوه‌ به‌ کارمه‌ندانى بۆ ده‌ستنیشانى که‌یسه‌ شیاوه‌کانى بازرگانیکردن بۆ مه‌به‌ستى کارپێکردن. وه‌زاره‌تى کار و کاروبارى کۆمه‌ڵایه‌تى راپۆرتیداوه‌ که‌ پشکنینى خولیى (دوری) ئه‌نجامداوه‌ بۆ ئه‌و شوێنانه‌ى که‌ کۆچبه‌رى بیانى کارى لێده‌که‌ن بۆ دڵنیابوون له‌وه‌ى یاساکانى کار پێشێل ناکرێن یان تاوانه‌کانى بازرگانیکردن به‌ مرۆڤ ئه‌نجام نادرێن. به‌ڵام راپۆرتى نه‌داوه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى له‌ ئه‌نجامى ئه‌م پشکنینانه‌ هیچ قوربانیه‌کى بازرگانیکردن به‌ مرۆڤ بۆ مه‌به‌ستى کارپێکردن ده‌ستنیشانکراوه‌ له‌ماوه‌ى راپۆرتداندا. 
قوربانیانى بازرگانیکردن به‌ مرۆڤ له‌ هه‌رێمى کوردستانى عێراق  و عێراق به‌رده‌وام لاوازن و رووبه‌ڕووى ده‌ستگیرکردن، زیندانیکردن و سنورداش کردن ده‌بنه‌وه‌ به‌هۆى کردارى نایاساییه‌وه‌ که‌ کردویانن راسته‌وخۆ له‌ ئه‌نجامى بازرگانیکردن پێوه‌یان، وه‌ک له‌شفرۆشی، پێشێلکردنى یاساکانى کۆچ و منداڵى چه‌کدار.
 له‌ مایسى 2017، رێکخراوێکى نێوده‌وڵه‌تى راپۆرتیدا که‌ ئه‌ندامانى میلیشیایه‌کى نه‌ناسراوى هێزه‌کانى حه‌شدى شه‌عبى کوڕێکى 15 ساڵیان ده‌ستبه‌سه‌ر کردوه‌ بۆ ماوه‌ى دوو رۆژ، پاش هه‌ڵهاتنى له‌ ناوچه‌یه‌کى ژێر کۆنترۆڵى داعش له‌ رۆژئاواى موسڵ، پاشان لێکۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا کردوه‌ و ده‌ستدرێژى جه‌سته‌ییان کردۆته‌سه‌ر به‌ تۆمه‌تى هه‌بوونى په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ داعش؛ هیچ ئاماژه‌یه‌ک نه‌بوو که‌ ده‌سه‌ڵاتداران چاوپێکه‌وتنیان له‌گه‌ڵ منداڵه‌که‌ کردبێت وه‌ک قوربانى بازرگانیکردن به‌ مرۆڤ یان ره‌وانه‌کردنى بۆ چاودێرى قوربانی.
 شاره‌زا ناوخۆییه‌کان راپۆرتیانداوه‌ له‌سه‌ر نیگه‌رانییه‌کان له‌وه‌ى ژماره‌یه‌کى به‌رچاو له‌ قوربانیانى بازرگانیکردنى سێکس رووبه‌ڕووى دادگاییکردن بوونه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر تاوانى له‌شفرۆشى له‌ماوه‌ى راپۆرتداندا. سه‌رچاوه‌کان راپۆرتیانداوه‌ له‌سه‌ر هه‌ندێک روداو، که‌ دادوه‌ران به‌هه‌ڵه‌ قوربانیانى بازرگانیکردنى سێکسیان حوکمداوه‌ له‌سه‌ر ئه‌نجامدانى تاوانى له‌شفرۆشى که‌ به‌زۆر پێیان کراوه‌، له‌ناویاندا منداڵانى قوربانى بازرگانیکردنى سێکس.
 سزاکان بۆ تاوانى له‌شفرۆشى له‌ دادگاکانى عێراق له‌نێوان 15 ساڵ بۆ زیندانى هه‌تاهه‌تاییه‌، و که‌سانى پێگه‌یشتوو و منداڵانیش ده‌گرێته‌وه‌. له‌ماوه‌ى راپۆرتداندا، قوربانى بیانى بازرگانیکردن به‌ مرۆڤ بۆ مه‌به‌ستى کارپێکردن رووبه‌ڕووى غه‌رامه‌ى پێشێلکردنى یاساکانى کۆچ ده‌بوونه‌وه‌، هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تى ناوخۆ راپۆرتیداوه‌ که‌ قوربانیانى بازرگانیکردن له‌وانه‌یه‌ سزا بدرێن له‌سه‌ر به‌کارهێنانى به‌ڵگه‌نامه‌ى ساخته‌.
ئه‌گه‌رچى یاساى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى بازرگانیکردن به‌ مرۆڤ داوا له‌ حکومه‌ت ده‌کات پرۆسه‌یه‌کى فه‌رمى ره‌وانه‌کردن دابمه‌زرێنێت بۆ ره‌وانه‌کردنى قوربانیه‌کان بۆ خزمه‌تگوزارییه‌کانى پاراستن، له‌ کرداردا، به‌رپرسانى حکومه‌ت به‌رده‌وام قوربانیان ره‌وانه‌ ناکه‌ن بۆ چاودێری، له‌وانه‌یه‌ به‌هۆى که‌موکوڕى له‌ رێککاره‌کانى ده‌ستنیشانکردنى حکومه‌تدا بێت. حکومه‌تى عێراقى و حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان خزمه‌تگوزارى سنوردارى پاراستنیان دابینکردوه‌ بۆ قوربانیه‌کانى هه‌موو جۆره‌کانى بازرگانیکردن، هه‌روه‌ها چاودێرى قوربانى به‌پێى شوێن جیاوازه‌. له‌ ئابى 2017 حکومه‌تى عێراق دووباره‌ په‌ناگه‌یه‌کى کرده‌وه‌ که‌ وه‌زاره‌تى کار و کاروبارى کۆمه‌ڵایه‌تى به‌ڕێوه‌ى ده‌بات له‌ به‌غداد، که‌ له‌ 2016 داخرابوو به‌هۆى نیگه‌رانییه‌کانى ئاسایش. پانزه‌ کارمه‌ندى راهێنراو له‌ په‌ناگه‌که‌ کارده‌که‌ن و کراوه‌ بوو بۆ قوربانى نێر، مێ و منداڵ. وه‌زاره‌تى ناوخۆ راپۆرتیداوه‌ که‌ پێنج منداڵى قوربانى بازرگانیکردن به‌ منداڵى ره‌وانه‌کردوه‌ بۆ ئه‌م په‌ناگه‌یه‌ له‌ 2017؛ به‌ڵام تا کانونى یه‌که‌مى 2017 رێکخراوه‌ ناحکومییه‌کان راپۆرتیانداوه‌ که‌ په‌ناگه‌که‌ هێشتا به‌کارنه‌هێنراوه‌ له‌ماوه‌ى راپۆرتداندا. وه‌زاره‌تى کار و کاروبارى کۆمه‌ڵایه‌تى راپۆرتیداوه‌ که‌ له‌ماوه‌ى راپۆرتداندا، چاودێرى پێشکه‌ش کردوه‌ به‌ 25 منداڵ که‌ په‌یوه‌ندى خێزانییان له‌گه‌ڵ داعش هه‌بووه‌، به‌ڵام باسى له‌ جۆرى هاوکارییه‌کان نه‌کردوه‌ که‌ پێشکه‌شى کردوون، هه‌روه‌ها باسى ئه‌وه‌ى نه‌کردوه‌ که‌ له‌ڕێگه‌ى چ پرۆگرامێکى دیاریکراوى ئاسایکردنه‌وه‌ى منداڵانى چه‌کدارى ناو داعشه‌وه‌ بووه‌. حکومه‌تى عێراق کۆمه‌ک یان هاوکارى جۆریى دابین نه‌کردوه‌ بۆ رێکخراوه‌ ناحکومییه‌کان بۆ پێشکه‌شکردنى چاودێرى قوربانی. رێکخراوه‌ ناحکومییه‌کان مۆڵه‌تى یاساییان پێنه‌دراوه‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنى په‌ناگه‌، به‌ڵام هه‌ندێک به‌رده‌وامن له‌ به‌ڕێوه‌بردنى په‌ناگه‌ به‌بێ مۆڵه‌ت. حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌رده‌وامه‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردنى سێ په‌ناگه‌ له‌ هه‌رێمى کوردستانى عێراق بۆ قوربانى مێینه‌ى توندوتیژى خێزانى و بازرگانیکردن به‌ مرۆڤ، به‌ڵام شوێن و خزمه‌تگوزارییه‌کان سنوردارن و په‌ناگه‌کان زیاتر خزمه‌تگوزارى پێشکه‌ش ده‌که‌ن به‌ قوربانیانى توندوتیژى خێزانی. قوربانیانى بازرگانیکردن به‌ مرۆڤ پێویسته‌ سه‌ره‌تا راپۆرت بده‌ن به‌ پۆلیس له‌سه‌ر بازرگانیکردن یان تاوانى تر، که‌ ئه‌مه‌ش رێگره‌ له‌ وه‌رگرتنى هاوکارى له‌ په‌ناگه‌کان. حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان راپۆرتى نه‌داوه‌ له‌سه‌ر ژماره‌ى قوربانیه‌کانى بازرگانیکردن به‌ مرۆڤ که‌ خزمه‌تگوزارى وه‌رده‌گرن له‌م په‌ناگانه‌ له‌ماوه‌ى راپۆرتداندا. ئاشنا به‌و که‌لێنانه‌ى که‌ له‌ خزمه‌تگوزارییه‌کانى پاراستندا هه‌یه‌، حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان رێککه‌وتنێکى ئه‌نجامداوه‌ له‌گه‌ڵ رێکخراوێکى کۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى له‌ ئادارى 2017 بۆ کردنه‌وه‌ى په‌ناگه‌ى نوێ که‌ خزمه‌تگوزارییه‌کانى هاوکارى کۆمه‌ڵایه‌تی-ده‌روونى پێشکه‌ش ده‌کات به‌ قوربانییه‌کانى بازرگانیکردن به‌ مرۆڤ و توندتیژى جێنده‌ری؛ ئه‌گه‌رچى په‌ناگه‌که‌ له‌ماوه‌ى راپۆرتداندا نه‌کرایه‌وه‌، به‌پێى رێککه‌وتنه‌که‌ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان شوێن و ئاسایش، خۆراک، چاودێرى ته‌ندروستى و کارمه‌ندى کارگێڕى دابین ده‌کات. 
حکومه‌تى عێراق راپۆرتیداوه‌ که‌ خزمه‌تگوزاریى و قه‌ره‌بوو ده‌دات به‌ قوربانیانى تاوانه‌کانى توندوتیژى سێکسى داعش و پاراستن، راهێنانه‌وه‌، قه‌ره‌بوو و جۆرى ترى پاڵپشتى دابین ده‌کات بۆ رزگاربوان. حکومه‌تى عێراقى راپۆرتیداوه‌ که‌ له‌ ساڵى 2017دا بڕى 1 ملیار دینارى عێراقى (857،630 دۆلارى ئه‌مریکی) ته‌رخان کردوه‌ بۆ قوربانیانى ئێزیدی، به‌ڵام سه‌دان ئێزیدى رزگاربوو ده‌ڵێن قه‌ره‌بوویان وه‌رنه‌گرتوه‌.
حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌رده‌وامه‌ له‌ دابینکردنى خزمه‌تگوزارییه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌کان به‌شێوه‌یه‌کى سنووردار بۆ قوربانیانى داعش، له‌وانه‌ په‌ناگه‌، راهێنانه‌وه‌، چاودێرى ته‌ندروستى و پاڵپشتى ده‌روونی-کۆمه‌ڵایه‌تی. له‌ 2017، حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ئاسانکارى و کۆمه‌کى دابین کرد بۆ ئازادکردنى 356 ئێزیدى ده‌ستبه‌سه‌ر لاى داعش، که‌ زۆربه‌یان قوربانى بازرگانیکردن به‌ مرۆڤ بوون. 
وه‌زاره‌تى ناوخۆ راپۆرتیداوه‌ که‌ هه‌ر قوربانیه‌کى بازرگانیکردنى بیانى یان عێراقى ده‌توانێت داواى یاسایى مه‌ده‌نى پێشکه‌ش بکات له‌دژى بازرگانیکاران، به‌ڵام هیچ قوربانیه‌ک له‌ 2017دا داواى له‌م جۆره‌ى پێشکه‌ش نه‌کردوه‌. نه‌ حکومه‌تى عێراق و نه‌ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان هانى قوربانیان ناده‌ن بۆ هاوکاریکردنى لێکۆڵینه‌وه‌کان و دادگاییکردنه‌کانى تۆمه‌تبارانى بازرگانیکردن به‌ مرۆڤ.
 حکومه‌تى عێراق و حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان لێبوردنیان پێشکه‌ش نه‌کردوه‌ به‌ قوربانیه‌ بیانییه‌کان تا سنورداش نه‌کرێنه‌وه‌ یان به‌دیلى یاساییان پێشکه‌ش نه‌کردوون له‌جیاتى ناردنه‌وه‌یان بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ى له‌وانه‌یه‌ رووبه‌ڕووى سه‌ختى یان تۆڵه‌کردنه‌وه‌ ببنه‌وه‌.
 ئه‌گه‌رچى یاساى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى بازرگانیکردن به‌ مرۆڤ رێگه‌ده‌دات به‌ حکومه‌ت مۆڵه‌تى تایبه‌تى مانه‌وه‌ بدات به‌ قوربانیانى بیانى بازرگانیکردن به‌ مرۆڤ، به‌ڵام راپۆرتى نه‌داوه‌ له‌سه‌ر دابینکردنى ئه‌مه‌ بۆ هیچ قوربانیه‌ک له‌ماوه‌ى راپۆرتداندا. حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان مۆڵه‌تى تایبه‌تى مانه‌وه‌ى نه‌داوه‌ به‌ هیچ قوربانیه‌ک له‌ماوه‌ى راپۆرتداندا، به‌ڵام په‌ناى گرتوه‌ له‌ ناردنه‌وه‌ى قوربانى بیانى مه‌گه‌ر تاوانى ئه‌نجام دابێت.
 حکومه‌تى عێراق راپۆرتیداوه‌ که‌ هاوکارى گه‌ڕانه‌وه‌ى هیچ قوربانیه‌کى بیانى بازرگانیکردن به‌ مرۆڤى نه‌کردوه‌ له‌ماوه‌ى راپۆرتداندا. حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان راپۆرتیداوه‌ که‌ له‌ماوه‌ى راپۆرتداندا، هاوکارى کونسوڵخانه‌کانى میسر، هیند، ئوردون، فلیپین و سودانى کردوه‌ بۆ یارمه‌تیدانى گه‌ڕانه‌وه‌ى ژماره‌یه‌کى نه‌زانراو له‌ قوربانیانى بازرگانیکردن به‌ مرۆڤ که‌ خه‌ڵکى ئه‌م وڵاتانه‌ بوون. 

به‌رپێگرتن
حکومه‌ت هه‌ندێک هه‌وڵى داوه‌ بۆ به‌رگرتن به‌ بازرگانیکردن به‌ مرۆڤ. یاساى عێراق قه‌ده‌غه‌ى به‌کارخستنى خۆبه‌خشانه‌ى که‌سانى خوار ته‌مه‌ن 18 ساڵ ده‌کات له‌ناو هێزه‌ چه‌کداره‌کاندا، له‌ناویاندا هێزه‌ نانیزامییه‌کان، گروپه‌کانى میلیشیا و گروپى ترى چه‌کدار. به‌ڵام، حکومه‌تى فیدراڵ رووبه‌ڕووى ئاسته‌نگ بۆته‌وه‌ له‌ کۆنترۆڵکردنى ته‌واوى هه‌ندێک له‌ یه‌که‌کانى هێزه‌کانى حه‌شدى شه‌عبی، که‌ هه‌ندێک کات ئۆپه‌راسیۆنیان ئه‌نجامداوه‌ به‌شێوه‌ى سه‌ربه‌خۆ له‌ سه‌رکرده‌ سیاسییه‌کان یان فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌کان و ملکه‌چى ده‌سه‌ڵاتى فه‌رمانده‌کان نه‌بوون له‌کاتى ئۆپه‌راسیۆنه‌ رێپێدراوه‌کاندا. حکومه‌تى تواناى سنوردارى هه‌بوو بۆ مامه‌ڵه‌کردن و رێگرتن له‌ چه‌کدارکردن و به‌کارهێنانى منداڵان له‌لایه‌ن ئه‌م گروپانه‌وه‌، له‌ناویاندا هه‌ندێک له‌ یه‌که‌کانى میلیشیاکانى عه‌سائیب ئه‌هل الحق و که‌تائیب حزب الله‌. هاوکات حکومه‌ت رێگر نه‌بووه‌ له‌ یه‌که‌کانى حه‌شدى شه‌عبى له‌ باشورى عێراق بۆ به‌کارخستنى منداڵان و به‌ڕێوه‌بردنى که‌مپى راهێنانى سه‌ربازى بۆ منداڵانى قوتابخانه‌ ئاماده‌ییه‌کان، که‌ هه‌ندێک له‌م مناڵانه‌ له‌ خوار ته‌مه‌نى 18 ساڵه‌وه‌ بوون. به‌ڵام، بۆ هاندانى فه‌رمانده‌کانى هێزه‌کانى حه‌شدى شه‌عبى بۆ قبووڵ نه‌کردنى ئه‌و منداڵانه‌ى خۆبه‌خشانه‌ ده‌چن بۆ شه‌ڕ، حکومه‌ت ره‌تیکرده‌وه‌ منداڵانى خۆبه‌خش تۆماربکات له‌ پرۆگرامى پاره‌دان و موچه‌ى دابین نه‌کرد بۆ ئه‌م منداڵه‌ خۆبه‌خشانه‌. هیچ راپۆرتێک نه‌بوو له‌سه‌ر منداڵى چه‌کدار له‌ناو سوپاى عێراق، له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، هه‌روه‌ها حکومه‌ت به‌رده‌وام بوو له‌ پێشکه‌شکردنى راهێنان به‌ ئه‌فسه‌رانى سوپا له‌سه‌ر پرسه‌کانى منداڵى چه‌کدار. له‌ تشرینى دووه‌مى 2017. حکومه‌ت – به‌ فه‌رمانى سه‌رۆک وه‌زیران – لیژنه‌یه‌کى باڵاى نێوان-وه‌زاره‌ته‌کانى پێکهێنا بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن و پێشکه‌شکردنى راپۆرت له‌سه‌ر پێشێلکارییه‌کانى مافى منداڵ له‌ ناوچه‌کانى پێکدادان له‌ عێراق. به‌پێى ده‌سه‌ڵاتى لیژنه‌که‌، به‌ سه‌رۆکایه‌تى وه‌زاره‌تى کار و کاروبارى کۆمه‌ڵایه‌تی، ئۆفیسى سه‌رۆک وه‌زیران پاڵپشتى پرۆژه‌یه‌کى داهاتوى کرد بۆ کارکردن له‌گه‌ڵ رێکخراوێکى نێوده‌وڵه‌تى بۆ داڕشتنى پلانێکى کارى نیشتیمانى بۆ مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ منداڵان له‌ پێکدادانى چه‌کداریدا. به‌ڵام تا کۆتایى کانونى دووه‌مى 2018، لیژنه‌که‌ هێشتا کۆنه‌بۆته‌وه‌ و پلانه‌که‌ دانه‌ڕێژراوه‌.  
کورتهێنانه‌کانى بودجه‌، ناکۆکى ناوخۆیی، و پێداویستیه‌ زۆره‌کانى بونیاتنانه‌وه‌ بوونه‌ته‌ هۆى سنووردارکردنى تواناى حکومه‌تى عێراق بۆ ته‌رخانکردنى سه‌رچاوه‌کان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى بازرگانیکردن به‌ مرۆڤ، له‌وانه‌ سه‌رچاوه‌کان بۆ هاوکاریکردن و پاراستنى قوربانیانى بازرگانیکردن. هاوشێوه‌، په‌یوه‌ندییه‌کانمان له‌ هه‌رێمى کوردستانى عێراق، راپۆرتیانداوه‌ که‌ کۆمه‌کى دارایى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بۆ هه‌وڵه‌کانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى بازرگانیکردن گونجاو نییه‌. به‌هه‌رحاڵ، لیژنه‌ى نێوان-وه‌زاره‌ته‌کانى حکومه‌تى عێراق بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى بازرگانیکردن، که‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆ سه‌رکردایه‌تى ده‌کرد، راپۆرتیداوه‌ که‌ له‌ 2017 پێنج جار کۆبۆته‌وه‌. هه‌روه‌ها حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان لیژنه‌ى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى بازرگانیکردن به‌ مرۆڤى هه‌یه‌، که‌ له‌ 2016 دامه‌زراوه‌ و پێکدێت له‌ چه‌ندین وه‌زاره‌تی، له‌گه‌ڵ رێکخراوێکى نێوده‌وڵه‌تى که‌ رۆڵى چاودێر ده‌گێڕێت. حکومه‌تى عێراقى راپۆرتیداوه‌ له‌سه‌ر ئه‌نجامدانى هه‌ڵمه‌ته‌کانى هۆشیارى له‌ڕێگه‌ى میدیاى نووسراو، ته‌له‌ڤزیۆن و رادیۆ، هه‌روه‌ها له‌ڕێگه‌ى سیمینار له‌ زانکۆکان. حکومه‌ت به‌رده‌وام بوو له‌ به‌ڕێوه‌بردنى هێڵێکى گه‌رمى 24 کاتژمێرى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى بازرگانیکردن، به‌ڵام راپۆرتى نه‌داوه‌ چه‌ند که‌یسى بازرگانیکردن ده‌ستنیشانکراون له‌ڕێگه‌ى هێڵه‌ گه‌رمه‌که‌وه‌. هاوشێوه‌، حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان هێڵێکى گه‌رمى هه‌یه‌ که‌ له‌ڕێگه‌یه‌وه‌ قوربانیانى بازرگانیکردن به‌ مرۆڤ ده‌توانن داواى هاوکارى بکه‌ن و راپۆرت بده‌ن له‌سه‌ر کارپێکردنى زۆره‌ملێ.
 حکومه‌تى عێراق هه‌وڵى نه‌داوه‌ بۆ که‌مکردنه‌وه‌ى خواست له‌سه‌ر کرده‌ى بازرگانى سێکس یان گه‌شتوگوزارى سێکسى منداڵ. حکومه‌تى عێراق و حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان هاوکارى ده‌که‌ن بۆ دامه‌زراندنى سیستمێکى ڤیزاى ئۆنلاین بۆ دۆزینه‌وه‌ى کرێکارى بیانى و کۆمپانیا سپۆنسه‌ره‌کانیان بۆ رێگرتن له‌ خاوه‌نکاره‌کان له‌ پێشێلکردنى یاساى کار.
 هاوکات هه‌ردوو حکومه‌ت هه‌ماهه‌نگى ده‌که‌ن بۆ به‌ستانداردکردنى گرێبه‌سته‌کانى کار تا زانیارى مافه‌کانى کرێکار له‌خۆبگرێت بۆ کرێکارى بیانى و عێراقی. له‌ماوه‌ى راپۆرتداندا، حکومه‌تى عێراق 15 کۆمپانیاى به‌کارخستنى سڕکرد، پێنج کۆمپانیاى خسته‌ لیستى ڕه‌شه‌وه‌، و غه‌رامه‌ى حه‌وت کۆمپانیاى کرد. حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان راپۆرتیداوه‌ له‌سه‌ر سڕکردنى کاتیى 38 کۆمپانیا و غه‌رامه‌کردنى شه‌ش کۆمپانیا له‌سه‌ر تۆمه‌ته‌کانى بازرگانیکردن. حکومه‌تى عێراق راپۆرتیداوه‌ له‌سه‌ر پێشکه‌شکردنى راهێنان و رێنمایى له‌ بوارى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى بازرگانیکردن به‌ مرۆڤ بۆ کارمه‌ندانی، له‌ناویاندا کارمه‌ندانى دیبلۆماسی. 

پرۆفایلى بازرگانیکردن 
وه‌ک راپۆرتدراوه‌ له‌ماوه‌ى پێنج ساڵى رابوردودا، عێراق وڵاتى سه‌رچاوه‌ و وڵاتى مه‌به‌سته‌ بۆ ئه‌و ئافره‌ت و منداڵانه‌ى بازرگانى سێکسیان پێوه‌ ده‌کرێت، هه‌روه‌ها ئه‌و پیاو، ئافره‌ت و منداڵانه‌ى به‌زۆر کاریان پێده‌کرێت. پێکدادانى توندوتیژ له‌گه‌ڵ داعش دانیشتوانى لاوازتر کرد بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى بازرگانیکردن به‌ مرۆڤ، به‌تایبه‌تى ئافره‌تان و منداڵان، سه‌رکه‌وتنى حکومه‌ت به‌سه‌ر ئه‌م گروپه‌ تیرۆریستیه‌دا له‌زۆربه‌ى شوێنه‌کان، له‌ 9 کانونى یه‌که‌مى 2017 راگه‌یه‌ندرا، بووه‌ هۆى باشتربوونى دۆخى خه‌ڵکى مه‌ده‌نى عێراق. له‌ کانونى دووه‌م 2014ه‌وه‌، زیاتر له‌ پێنج ملیۆن عێراقى ئاواره‌بوون، نزیکه‌ى 2.1 ملیۆن تا نیسانى 2018 هێشتا ئاواره‌ن. هاوکات زیاتر له‌ 248،000 په‌نابه‌رى سوریى هێشتا له‌ عێراقن، که‌ زۆرینه‌ى هه‌ره‌ زۆریان له‌ هه‌رێمى کوردستانى عێراقن. له‌ 2014ه‌وه‌، چه‌کدارانى داعش هه‌زاران ئافره‌ت و منداڵیان رفاندوه‌ و ده‌ستبه‌سه‌ریان کردوون که‌ سه‌ربه‌ گروپه‌ جیاوازه‌ ئیتنى و ئاینییه‌کانن، به‌تایبه‌تى ئێزیدییه‌کان، و هێشتا به‌رده‌وامن له‌ فرۆشتنیان به‌ چه‌کدارانى داعش له‌ عێراق و سوریا، که‌ رووبه‌ڕووى هاوسه‌رگیرى به‌زۆر، کۆیلایه‌تى سێکسی، لاقه‌کردن و خزمه‌تکارى ناوماڵ ده‌بنه‌وه‌. راپۆرت هه‌بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى که‌ داعش دیله‌کانیان ده‌کوشت ئه‌گه‌ر رازى نه‌بوایه‌ هاوسه‌رگیرى له‌گه‌ڵ چه‌کداره‌کان بکه‌ن. راگه‌یاندنه‌کان راپۆرتیانداوه‌ که‌ له‌ چه‌ند ساڵى رابوردودا داعش چه‌ند دیلێکى فرۆشتوه‌ به‌ که‌سانى ده‌وڵه‌مه‌ندى وڵاتانى که‌نداو، هه‌روه‌ها راپۆرتى پشتڕاست نه‌کراوه‌ ده‌ڵێن که‌ هه‌ندێک له‌ دیله‌ ئێزیدییه‌کان گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ سوریا و سعودیه‌. داعش سیستمێکى رێکخراوى هه‌بوو بۆ کڕین و فرۆشتنى ژنان و کچان بۆ کۆیلایه‌تى سێکسی، له‌گه‌ڵ فرۆشتن به‌پێى گرێبه‌ستى پشتڕاستکراوه‌ له‌لایه‌ن دادگاکانى داعشه‌وه‌. له‌ 2015-2017، هه‌زاران ئافره‌ت و منداڵى دیل له‌ ده‌ستى داعش هه‌ڵهاتن – زۆریان دووگیان بوون له‌ ئه‌نجامى لاقه‌کردن و بازرگانیکردنى سێکس. هه‌ندێک له‌مانه‌ بوونه‌ ئاواره‌ چونکه‌ داعش هێشتا کۆنترۆڵى ناوچه‌کانیانى کردبوو. ئه‌وانه‌ى هێشتا ئاواره‌ن زۆر لاوازن بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى چه‌ندین شێوه‌ى ئیستیغلال، له‌گه‌ڵ دووباره‌ بازرگانیکردن به‌ مرۆڤه‌وه‌.  
منداڵان زۆر لاوازن بۆ به‌کارخستنى به‌زۆر و به‌کارهێنانیان له‌لایه‌ن چه‌ندین گروپى چه‌کداره‌وه‌ که‌ له‌ عێراق کارده‌که‌ن، له‌وانه‌ – جگه‌ له‌ هیتر – داعش، هێزه‌کانى حه‌شدى شه‌عبی، پارتى کرێکارانى کوردستان (په‌که‌که‌)، هه‌روه‌ها میلیشاکان که‌ له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ پاڵپشتى ده‌کرێن. هه‌روه‌ها ئه‌م منداڵانه‌ زۆر لاوازن و رووبه‌ڕووى گرتن، زیندانیکردن و دادگاییکردن ده‌بنه‌وه‌؛ له‌ کۆتایى ئادارى 2017، رێکخراوێکى نێوده‌وڵه‌تى راپۆرتیداوه‌ که‌ له‌ سه‌رانسه‌رى وڵات 943 منداڵ، له‌ناویاندا چوار کچ، هێشتا ده‌ستبه‌سه‌رن به‌ تۆمه‌تى تیرۆر. داعش به‌رده‌وامه‌ له‌ رفاندن و به‌زۆر به‌کارخستن و به‌کارهێنانى منداڵان له‌ شه‌ێ‌ و رۆڵى پاڵپشتیدا، له‌وانه‌ وه‌ک قه‌ڵغانى مرۆیی، هه‌واڵده‌ر، دروستکه‌رى ته‌قینه‌وه‌، بکوژ، و خۆکوژ؛ هه‌ندێک له‌م منداڵانه‌ ته‌مه‌نیان 8 ساڵه‌ و هه‌ندێک که‌مئه‌ندامى مێشکیان هه‌یه‌. داعش به‌رده‌وامه‌ له‌ راهێنانى منداڵان له‌ که‌مپه‌کانى راهێنانى سه‌ربازى و ئاینیی؛ چه‌ندین راپۆرتى راگه‌یاندنه‌کان ده‌ڵێن و ڤیدیۆ بڵاوکراوه‌کان نیشانى ده‌ده‌ن که‌ منداڵان ده‌چن بۆ ئه‌م که‌مپانه‌. له‌ کانونى دووه‌مى 2017، راگه‌یاندنه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان و سه‌رچاوه‌کانى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان راپۆرتیاندا که‌ داعش 400 منداڵى ئێزیدى رفاندوه‌ و راهێنانى سه‌ربازى پێکردوون، له‌وانه‌ له‌سه‌ر خۆته‌قاندنه‌وه‌، له‌هه‌مان مانگدا داعش 150 منداڵى رفاند له‌ ته‌له‌عفه‌ر و به‌زۆر بردنى بۆ که‌مپى راهێنان. تا سه‌ره‌تاى 2018، چه‌ندین سه‌رچاوه‌ راپۆرتیانداوه‌ که‌ په‌که‌که‌ و یه‌په‌گه‌ له‌ هه‌رێمى کوردستانى عێراق به‌ردوام بوون له‌ به‌کارخستن و به‌کارهێنانى منداڵان. له‌ ناوه‌ڕاستى 2017، چاودێره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان کوڕانى ته‌مه‌ن شانزه‌ ساڵیان بینیوه‌ له‌ناو په‌که‌که‌دا. وه‌ک راپۆرتدراوه‌ له‌لایه‌ن رێکخراوێکى نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ له‌ کۆتایى 2016، په‌که‌که‌ و یه‌که‌کانى به‌رخۆدانى شه‌نگال – گروپێکى میلیشیاى چه‌کدارى ئێزیدى – به‌زۆر کوڕان و کچانى کورد و ئێزیدیان به‌کارخستوه‌ و به‌کارهێناوه‌، هه‌ندێک ته‌مه‌نیان نزیکه‌ى 12 ساڵ بووه‌، له‌ رۆڵى شه‌ڕکردن و پاڵپشتى له‌ باکورى عێراق.
له‌ 2015ه‌وه‌، سه‌رچاوه‌کان به‌رده‌وام راپۆرت ده‌ده‌ن که‌ یه‌که‌کانى حه‌شدى شه‌عبى منداڵان به‌سه‌ربازده‌که‌ن، به‌کارده‌هێنن و راهێنانى سه‌ربازییان پێده‌که‌ن. شاره‌زایه‌ک له‌ به‌غداد هه‌ڵسه‌نگاندنى کرد که‌ رێژه‌ى ئه‌م به‌سه‌ربازکردن و به‌کارهێنانه‌ى منداڵان له‌ ساڵى 2017دا نه‌گۆڕاوه‌. رێکخراوه‌کانى کۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى و په‌یوه‌ندییه‌ ناوخۆییه‌کانمان راپۆرتیانداوه‌ له‌ 2017 که‌ هه‌ڵواسینى پۆسته‌رى هه‌رزه‌کاران که‌ له‌کاتى شه‌ڕکردن بۆ میلیشیا شیعه‌کان کوژراون به‌ربڵاوه‌ له‌ ناوچه‌ زۆرینه‌ شیعه‌کانى به‌غداد و له‌سه‌رانسه‌رى باشورى عێراق. زۆربه‌ى ئه‌و منداڵانه‌ى یاد ده‌کرێنه‌وه‌ زیاتر سه‌ربه‌ به‌ میلیشیاکانى عه‌سائیب ئه‌هل الحق و که‌تائیبى حیزب الله‌ بوون. هه‌ندێک له‌ ئه‌ندامانى عه‌سائیب ئه‌هل الحق و که‌تائیبى حیزب الله‌ منداڵان به‌سه‌ربازده‌که‌ن، به‌تایبه‌تى ئه‌وانه‌ى ناچن بۆ قوتابخانه‌. سه‌رچاوه‌کان راپۆرتیانداوه‌ که‌ میلیشیاکانى عه‌سائیب ئه‌هل الحق و که‌تائیبى حیزب الله‌، که‌ یه‌که‌یان هه‌یه‌ له‌ناو حه‌شدى شه‌عبى و یه‌که‌ى سه‌ربه‌خۆشیان هه‌یه‌، منداڵیان به‌سه‌ربازکردوه‌ و به‌کارهێناوه‌ له‌ ساڵى 2017. به‌پێى سایتى فه‌رمى تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانى حه‌شدى شه‌عبى و پۆسته‌ره‌کان له‌سه‌ر شه‌قام له‌ ناوه‌ڕاستى 2017، حه‌شدى شه‌عبى کۆرسى راهێنانى سه‌ربازى پێشکه‌ش کردوه‌ به‌ منداڵان و لاوانى نێوان 15-25 ساڵ. له‌ نیسانى 2017، رێکخراوێکى نێوده‌وڵه‌تى راپۆرتى دروستى پێگه‌یشت که‌ میلیشیا خێڵه‌کییه‌کانى سوننه‌ 300 کوڕى ته‌مه‌ن 15-17 ساڵانیان به‌سه‌ربازکردوه‌ له‌ که‌مپى ئاواره‌کانى کیلۆ 18. له‌ 2017، هه‌ندێک ئاواره‌ راپۆرتیانداوه‌ که‌ میلیشیا خێڵه‌کییه‌کانى سوننه‌ منداڵانیان به‌کارخستوه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى که‌مپه‌کان بۆ راهێنانى سه‌ربازی، له‌گه‌ڵ ئه‌گه‌رى په‌یوه‌ندیکردن به‌ گروپه‌ چه‌کداره‌کانه‌وه‌ پاش ته‌واوکردنى راهێنانه‌که‌. له‌ ناوه‌ڕاستى 2017، چاودێره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان شاهیدى پێنج کوێ‌ بوون که‌ خاڵێکى پشکنینیان به‌ڕێوه‌ده‌برد له‌ که‌مپێکى ئاواره‌کان له‌ نه‌ینه‌وا؛ که‌ ئاسایشى خاڵه‌که‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتى به‌رپرسێکى سه‌ربه‌ حه‌شدى شه‌عبى بوو. له‌ ئابى 2017، راپۆرتى پشتڕاست نه‌کراوه‌ هه‌بوون که‌ میلیشیاکانى حه‌شدى شه‌عبى راهێنانى سه‌ربازى سێ مانگیانپێشکه‌ش کردوه‌ به‌ 100 کوڕى هه‌رزه‌کارى تورکمان، له‌ ته‌مه‌نى 13-18 ساڵ، له‌ چه‌ند شارۆچکه‌یه‌کى پارێزگاى که‌رکوک. له‌ 2015 و 2016، چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ک راپۆرتیانداوه‌ که‌ لایه‌نه‌کانى حه‌شدى شه‌عبى منداڵانیان به‌کارهێناوه‌ له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌کانى فه‌لوجه‌ و ناوچه‌کانى ترى وڵات، له‌کاتێکدا که‌ راگه‌یاندنه‌کانى سه‌ربه‌ حه‌شدى شه‌عبى ستایش و یادى قوربانى منداڵانى به‌سه‌ربازکراو ده‌که‌نه‌وه‌. رێکخراوێکى نێوده‌وڵه‌تى راپۆرتیداوه‌ که‌ کۆى 57 منداڵ به‌سه‌ربازکراون و به‌کارهێنراون له‌ 2016 له‌لایه‌ن ئه‌و گروپانه‌ى له‌ژێر سایه‌ى حه‌شدى شه‌عبیدا کارده‌که‌ن، زۆربه‌یان راهێنانى سه‌ربازییان وه‌رگرتوه‌ و له‌ شه‌ڕدا به‌شدارییان پێکراوه‌، هه‌روه‌ها 12 منداڵ له‌لایه‌ن گروپه‌کانى حه‌شدى عه‌شائیره‌وه‌ به‌سه‌ربازکراون، هه‌ندێک له‌ناو که‌مپه‌کانى ئاواره‌کان. وه‌ک راپۆرتدراوه‌ له‌ 2015 و 2016، هه‌ندێک گروپى حه‌شدى شه‌عبى منداڵانى گه‌ڕه‌که‌ هه‌ژاره‌کان وه‌رده‌گرن له‌ناو ریزه‌کانیاندا له‌ به‌سره‌، که‌ قوتابخانه‌یان جێهێشتوه‌ بۆ په‌یوه‌ندیکردن به‌ حه‌شدى شه‌عبى وه‌ک "خۆبه‌خش"؛ زۆربه‌یان ئه‌مه‌ وه‌ک ئه‌نجامدانى ئه‌رکێکى ئاینیى سه‌یرده‌که‌ن، له‌کاتێکدا هه‌ندێکى تر وه‌ک رێگه‌یه‌ک بۆ به‌ده‌ستهێنانى بژێوى ژیان و پێگه‌ى گه‌وره‌ترى کۆمه‌ڵایه‌تى سه‌یرى ده‌که‌ن. به‌پێى رێکخراوه‌ ناحکومیه‌کان و فه‌رمانده‌کانى هێزه‌ خێڵه‌کییه‌کان له‌ 2015، ئه‌و منداڵانه‌ى له‌ناو حه‌شدى شه‌عبى شه‌ڕیان ده‌کرد تۆمارنه‌کرابوون و موچه‌ و ئیمتیازاتى حکومه‌ت وه‌رناگرن. له‌ ئابى 2016، رێکخراوێکى نێوده‌وڵه‌تى راپۆرتیداوه‌ که‌ میلیشیا خێڵه‌کییه‌کانى سوننه‌ى په‌یوه‌ست به‌ حه‌شدى شه‌عبى به‌لاى که‌مه‌وه‌ حه‌وت منداڵیان به‌سه‌ربازکردوه‌ له‌ که‌مپى دیبه‌گه‌ له‌ باکورى عێراق، به‌ وته‌ى شاهیده‌کان ئه‌ندامانى هێزه‌کانى ئاسایشى عێراق رێخۆشکه‌رییان کردوه‌ بۆ به‌سه‌ربازکردنى منداڵانى که‌مپه‌که‌. 
په‌نابه‌ران و ئاواره‌کان رووبه‌ڕووى مه‌ترسى زۆرى بازرگانیکردن ده‌بنه‌وه‌ به‌هۆى لاوازى ئابورى و کۆمه‌ڵایه‌تى و نه‌بوونى ئاسایش و پاراستنه‌وه‌. رێکخراوه‌ ناحکومییه‌کان راپۆرتیانداوه‌ له‌سه‌ر تۆڕه‌کانى بازرگانیکردن له‌ هه‌رێمى کوردستانى عێراق که‌ په‌نابه‌ران و ئاواره‌کان ده‌که‌نه‌ ئامانج، و به‌ هاوکارى به‌رپرسه‌ خۆجێیه‌کان، به‌رپرسانى هێزه‌کانى ئاسایش، و کارمه‌ندانى سنوور کارده‌که‌ن. له‌ 2015، ئه‌ندامانى په‌رله‌مانى هه‌رێمى کوردستانى عێراق و رێکخراوه‌ ناحکومییه‌کان راپۆرتیاندا له‌سه‌ر هه‌ندێک کارمه‌ندى هێزه‌کانى ئاسایش که‌ ئاسانکارییان کردوه‌ بۆ بازرگانیکردن به‌ ژنان و کچانى سورى له‌ که‌مپه‌کانى هه‌رێمى کوردستانى عێراق، به‌تایبه‌تى له‌ که‌مپى په‌نابه‌رانى دۆمێز، هه‌روه‌ها بازرگانیکردنى سێکس به‌ کچان له‌ ده‌ره‌وه‌ى که‌مپه‌کان. له‌ 2016، رێکخراوه‌ ناحکومییه‌کان راپۆرتیاندا که‌ پاسه‌وانانى ئاسایش، جگه‌ له‌ رێگه‌دان به‌ پیاوان بۆ چوونه‌ ناو که‌مپ بۆ مه‌به‌ستى به‌ده‌ستهێنانى سێکس له‌گه‌ڵ کچانى په‌نابه‌ر،خۆشیان هه‌وڵى به‌ده‌ستهێنانى سێکسده‌ده‌ن له‌گه‌ڵ کچه‌ په‌نابه‌ره‌کان، له‌ڕێگه‌ى مۆڵه‌تپێدانیان بۆ ده‌رچوون له‌ که‌مپ به‌رامبه‌ر سێکس. راپۆرته‌کانى 2015 ئاماژه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى که‌ ئافره‌ته‌ ئاواره‌کان و هه‌ندێک په‌نابه‌رى سورى ناچارکراون به‌ له‌شفرۆشى له‌لایه‌ن تۆڕه‌کانى بازرگانیکردن له‌ هۆتێل و شوێنه‌کانى له‌شفرۆشى له‌ به‌غداد، به‌سره‌ و شاره‌کانى ترى باشورى عێراق پاش ئه‌وه‌ى که‌ ئه‌ندامانى تۆڕه‌کان به‌ڵێنیان پێداون له‌ شوێنى ترى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى کوردستانى عێراق نیشته‌جێیان بکه‌ن؛ منداڵه‌کانى ئه‌م ئافره‌تانه‌ش ناچارده‌کرێن به‌ سواڵکردن له‌سه‌ر شه‌قامه‌کان. هه‌ندێک ئافره‌ت له‌ که‌مپه‌کانى ئاواره‌کان، که‌ هه‌ندێک له‌ ئه‌ندامانى خێزانه‌کانیان تۆمه‌تبارن به‌ هه‌بوونى په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ داعش، رووبه‌ڕووى ئیستیغلالى سێکسى و خراپ مامه‌ڵه‌کردن ده‌بنه‌وه‌ له‌لایه‌ن ئه‌کته‌ره‌ چه‌کداره‌کانى ناو که‌مپه‌وه‌. هه‌ندێک پیاوى په‌نابه‌رى سورى به‌بێ گرێبه‌ستى یاسایى کارده‌که‌ن له‌ عێراق، ئه‌مه‌ش رووبه‌ڕووى مه‌ترسى زیاترى بازرگانیکردنیان ده‌کاته‌وه‌. راپۆرت هه‌یه‌ که‌ هه‌ندێک خێزانى ئاواره‌ى عێراق منداڵه‌کانیان ده‌فرۆشن به‌ خێزانى تر بۆ زامنکردنى ئاینده‌یه‌کى باشتر بۆ منداڵه‌کانیان؛ ئه‌م منداڵانه‌ له‌به‌رده‌م مه‌ترسى بازرگانیکردن به‌ مرۆڤدان. 
داب و نه‌ریتییه‌کان، له‌وانه‌ هاوسه‌رگیرى به‌زۆر و "کاتیی" و خۆێنبایى (فصلیه‌) – به‌خشینى ئه‌ندامێکى خێزان به‌رامبه‌ر کۆتاییهێنان به‌ ناکۆکیى –ژنان و کچان ده‌خاته‌ مه‌ترسى زیاترى بازرگانیکردن به‌ مرۆڤه‌وه‌ له‌ناو وڵات. بۆ نموونه‌، له‌ تشرینى یه‌که‌مى 2016، راگه‌یاندنه‌کان راپۆرتیاندا که‌ کچێکى خێڵى نادا له‌ پارێزگاى میسان به‌زۆر دراوه‌ به‌ پیاوێکى خێڵێکى تر وه‌ک سوڵح بۆ کوشتنى پیاوێکى هه‌مان خێڵ له‌لایه‌ن خێڵى نادا. رێکخراوه‌کانى پاراستنى منداڵان به‌رده‌وامن له‌ راپۆرتدان له‌سه‌ر رووداوه‌کانى هاوسه‌رگیرى منداڵ – که‌ ده‌بێته‌ هۆى زیادکردنى مه‌ترسى ئیستیغلال له‌سه‌ر منداڵان – به‌تایبه‌تى له‌ناو ئاواره‌کان و په‌نابه‌ره‌ سورییه‌کاندا له‌ هه‌رێمى کوردستان، چونکه‌ سه‌رۆک خێزانه‌کان هه‌وڵى به‌ده‌ستهێنانى داهات و که‌مکردنه‌وه‌ى بارگرانى ئابورى خێزان ده‌ده‌ن. کچه‌ سورییه‌کان له‌ که‌مپه‌کانى هه‌رێمى کوردستانى عێراق ناچارده‌کرێن به‌ هاوسه‌رگیرى پێشوه‌خت یان "هاوسه‌رگیرى کاتیی" له‌گه‌ڵ پیاوى عێراقى یان په‌نابه‌رانى تر؛ هه‌ندێک له‌ ده‌سه‌ڵاته‌کانى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان تۆمه‌تبار ده‌کرێن به‌ چاوپۆشیکردن، یان وه‌رگرتنى به‌رتیل بۆ چاوپۆشیکردن، له‌م جۆره‌ که‌یسانه‌، له‌ناویاندا ئه‌و که‌یسانه‌ى که‌ کچه‌کان چه‌ندین جار ده‌فرۆشرێن. راپۆرته‌کان به‌رده‌وام پێشنیازى ئه‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ هه‌ندێک به‌رپرسى جێبه‌جێکردنى یاساله‌ عێراق تۆمه‌تبار ده‌کرێن به‌ سه‌ردانى به‌رده‌وامى شوێنه‌کانى له‌شفرۆشى به‌ مه‌به‌ستى بازرگانیکردنى سێکس یان وه‌رگرتنى به‌رتیل بۆ رێگه‌دان به‌ بازرگانیکردنى سێکس. راگه‌یاندنه‌کان و چاودێرانى تر له‌ 2015 راپۆرتیانداوه‌ که‌ تۆڕێکى ئێرانى بۆ بازرگانیکردنى سێکس له‌ شوێنه‌کانى له‌شفرۆشى له‌ هه‌ولێر کارى ده‌کرد و قوربانى ئێرانى بۆ بازرگانى سێکس ئیستیغلال ده‌کران؛ راگه‌یاندنه‌کان راپۆرتیانداوه‌ که‌ ده‌گوترێت به‌رپرسێکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان 3000 دۆلارى ئه‌مریکى داوه‌ به‌رامبه‌ر قوربانیه‌کى بازرگانیکردنى سێکس. راپۆرتى زاره‌کیى هه‌بوون، له‌وانه‌ له‌ حوزه‌یرانى 2016 له‌لایه‌ن که‌ناڵێکى ته‌له‌ڤزیۆنى ناوخۆییه‌وه‌، له‌سه‌ر بازرگانیکردنى سێکسى منداڵ له‌ سلێمانی، به‌تایبه‌تى کچانى خه‌ڵکى ئێران و سوریا، هه‌روه‌ها خه‌ڵکى هه‌رێمى کوردستانى عێراق. هاوکات رێکخراوه‌ ناحکومییه‌کان راپۆرتیانداوه‌ له‌سه‌ر ئه‌و که‌یسانه‌ى که‌ کچان له‌ خێزانه‌کانیان هه‌ڵهاتوون له‌ترسى کوشتن له‌سه‌ر شه‌ره‌ف و ئێستا سواڵ ده‌که‌ن یان مادده‌ هۆشبه‌ره‌کان ده‌فرۆشن له‌ عێراق. ده‌گوترێت که‌ تۆڕه‌کانى بازرگانیکردن به‌ مرۆڤ منداڵانى عێراقى له‌ وڵاتانى دراوسێ و ئه‌وروپا ده‌فرۆشن بۆ مه‌به‌ستى ئیستیغلالى بازرگانى سێکس. ژنان و کچانى عێراق رووبه‌ڕووى بازرگانیکردن بۆ کارپێکردن و سێکس ده‌بنه‌وه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و تورکیا. 
هه‌ندێک پیاو و ئافره‌تى خه‌ڵکى ئاسیا و رۆژهه‌ڵاتى ئه‌فریکا که‌ کۆچیان کردوه‌ بۆ عێراق رووبه‌ڕووى به‌زۆر کارپێکردن ده‌بنه‌وه‌ وه‌ک کرێکارى بیناسازی، پاسه‌وان، به‌رده‌ست، و خزمه‌تکارى ماڵان. هه‌ندێک کۆچبه‌رى بیانى به‌کارخراون بۆ کارکردن له‌ وڵاتانى ترى ناوچه‌که‌ به‌ڵام به‌ هێز، به‌زۆر، یان به‌ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن هێنراون بۆ کارکردن له‌ عێراق و هه‌رێمى کوردستانى عێراق. له‌ کانونى دووه‌مى 2016، وه‌زاره‌تى کار و کاروبارى کۆمه‌ڵایه‌تى راپۆرتیدا که‌ نزیکه‌ى 140،000 کرێکارى بیانى موڵه‌تى گونجاویان نییه‌؛ رێکخراوه‌ ناحکومییه‌کان راپۆرتیانداوه‌ که‌ هه‌ندێک خاوه‌نکار و کۆمپانیاى به‌کارخستن پێگه‌ى نایاسایى کرێکاران ئیستیغلال ده‌که‌ن له‌ڕێگه‌ى نه‌دانى موچه‌ و ناچارکردنى کرێکاران بۆ ژیان له‌ شوێنى نه‌گونجاو. کۆمسیۆنى سه‌ربه‌خۆى مافى مرۆڤى کوردستان له‌ کانونى دووه‌مى 2016 راپۆرتیداوه‌ که‌ 69 له‌سه‌تى 480 کرێکارى بیانى که‌ رووپێو کراون له‌ هه‌رێمى کوردستان موچه‌ى بڕیاردراویان وه‌رنه‌گرتوه‌ و 18 له‌سه‌ت باسیان له‌ کرده‌ى توندوتیژى کردوه‌ که‌ له‌ دژیان ئه‌نجامدراوه‌ له‌لایه‌ن خاوه‌نکاره‌کانیانه‌وه‌. کۆمسیۆن ده‌ڵێت که‌ له‌ ساڵى 2017 راپۆرتى ده‌رنه‌کردوه‌ به‌هۆى قه‌یرانى بودجه‌وه‌.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار