ئەنجومەنی وەزیران دەرماڵە و داهاتی ناوخۆ تاوتوێ دەكات

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ کۆدەبێتەوە و ڕێکخستنەوەی دەرماڵەکان و بابەتی داهاتی ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا و زیادکردنی داهاتی ناوخۆیی هەرێم و سەرچاوەکانی تاوتوێ دەكات.
ئەمرۆ چوارشەممە 26 ئایاری 2021 فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویکردەوە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبونەوەی هەفتانەی خۆی بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ئەنجام دەدات، لە کۆبونەوەکەدا میکانیزمی جێبەجێکردنی ماددەی (پێنجەم) لە یاسای چاکسازیی ژمارە (2)ی ساڵی 2020 تایبەت بە ڕێکخستنەوەی دەرماڵەکان لەبەر ڕۆشنایی یاسا بەرکارەکان دەخرێتەڕو.
ئاماژەی بەوەشکردوە، هەروەها بابەتی داهاتی ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا و ڕۆڵی وەزارەتە تایبەتمەندەکان لە برەودان و هەمەچەشنکردن و زیادکردنی داهاتی ناوخۆیی هەرێم و سەرچاوەکانی، و ڕادەی پابەندی وەزارەتەکان لەم بارەیەوە باس دەکرێت لەگەڵ خستنەڕوی بابەتی پێداچونەوەی ڕەسمی خزمەتگوزارییەکان لەلایەن جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کە سەرپەرشتیاری لیژنەی تایبەت بەم بابەتەن.
بەپێی راگەیەندراوەکە، لە تەوەری چوارەمدا دو پڕۆژە یاسا کە لەلایەن وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان ئاراستەی سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران کراوە بۆ دەنگدانی کۆتایی و پێشتر ئەم پرۆژە یاسایانە خراونەتە بەردەم ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران، ئەوانیش ڕەشنوسی پڕۆژە یاسای (هەمواری یاسای وەزارەتی دارایی و ئابوری لە هەرێمی کوردستان - عێراق ژمارە (5)ی ساڵی (2010) و ڕەشنوسی پڕۆژە یاسای (بەرهەمهێنان و هاوردەکردنی بنەتۆ و شەتل و تۆمارکردن و پەسەندکردن و پارێزگاریکردن لە تەرزە کشتوکاڵییەکان لە هەرێمی کوردستان - عێراق).
