رێباز حەملان: دابەشکردنی موچە بەردەوام دەبێت

"لە مانگی شەش یاسای بودجە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە"

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى    

یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: " دابەشکردنی موچە بەردەوام دەبێت و لەبارەی ناردنی بودجە لە عێراقەوە دەشڵێت، " لە مانگی شەش یاسای بودجە دەچێتە بواری جێبەجێکردن".

ئەمرۆ چوارشەممە 26 ئایاری 2021 رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان  لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ روداو رایگەیاند، "دواکەوتنی موچە پەیوەندی بە هاتنەوەی داهاتی نەوت لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان چەند کێشەیەکی تێکەوتبوو، بۆ نمونە لە دەرەوەی عێراق لە رۆژی دووشەممەوە دەوام دەستپێدەکات و ئەوەش هەندێکجار ناردنی پارە دوادەخات، هەروەها گۆڕینی دۆلار بۆ دیناریش کاتی دەوێت".

لەبارەی هۆکارەکانی دیکەی دواکەوتنی موچە رێباز حەملان ئاماژەی بەوە کرد، "سیولەی بانکەکانی هەرێمی کوردستان کەم بوو، دڵنیایی دەدەمە خەڵکی هەرێمی کوردستان دابەشکردنی موچە بەردەوام دەبێت و 30 رۆژ جارێک موچە دەدرێت، لە دوێنێوە سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکوەزیران هاتوونەتە سەر هێڵ و ئەو کێشانەیان چارەسەرکردووە".

لەبارەی لیستی موچەی ئەم مانگە رێباز حەملان دەڵێت، "وەزارەتی دارایی و ئابووری لیستی موچە رادەگەیێنێت".

لەبارەی ئەوەی کە ئەگەری هەیە لە مانگەکانی داهاتووشدا ئەو کێشەیە دووبارەبێتەوە رێباز حەملان دەڵێت، " دەبێت چاکسازییەکی ریشەیی بەپێی ئەوەی لە پەرلەمان دەرچوو بکرێت، چاکسازی لە داهاتی نەوت، خاڵە سنوورییەکان و خەرجییەکان بکرێت، بەو شێوەیە دەتوانین بۆ مانگەکانی داهاتووش موچە لە کاتی خۆی دابەشبکرێت، پێویست ناکات خەڵک تووشی دڵەڕاوکێ بکرێت".

لەبارەی بودجەی هەرێمی کوردستان رێباز حەملان دەڵێت، "بودجەکە تەواو بووە و ئێستا لە ئەنجوومەنی وەزیرانە و دواتر لە پەرلەمان پەسند دەکرێت، ماوەیەکی زۆرە کار لەبارەی دانانی بودجە دەکرێت، بەڵام چاوەڕێی بەغدامان دەکرد کە بزانین بەغدا موچەمان بۆ دەنێرێت، بۆیە دواکەوتووە".

تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق هیچ بودجەیەکی بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە، رێباز حەملان دەڵێت، "مەسرور بارزانی لەبارەی هۆکاری نەناردنی بودجە قسەی لەگەڵ مستەفا کازمی کردووە، پێم وایە بۆ مانگی شەش ئەو بودجە دەچێتە بواری جێبەجێکردن و هەفتەی داهاتووش شاندی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا".

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار