قوباد تاڵە‌بانی دڵنیایی دەدات وەفدی هەرێم بەم زووانە دەچێتەوە بەغدا

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى    

جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ باڵیۆزی ئەڵمانیا کۆبونەوە و رایگەیاند، نیەتی حکومەتی هەرێم چارەسەرکردنی هەمو کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدایە و لە ماوەیەکی نزیكدا شاندی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدا بکاتەوە بۆ چارەسەرکردنی هەمو ئەو کێشە و گرفتە تەکنیکیانەی لەبەردەم جێبەجێکردنی یاساکەدان.

ئەمرۆ چوارشەممە 26 ئایاری 2021  نوسینگەی جێگری سەرۆکی ئە‌نجومە‌نی وەزیران بڵاویکردەوە،  قوباد تاڵە‌بانی  پێشوازی کرد لە ئۆلە دیل، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق و لە کۆبونەوەی نێوانیاندا چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئەڵمانیا و چەند پرسێکی گرنگی دیکەیان تاوتوێ کرد.

لە کۆبونەوەکەدا کە کلێمنس سێمتنەر، کۆنسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەرێم و دابان شەدەلە جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانیش ئامادەبون، هەردولا جەختیان کردەوە لەسەر گرنگی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان لە هەمو بوارەکاندا و جێگری سەرۆک وەزیرانیش داوایکرد ئەڵمانیا رۆڵی زیاتر ببینێت لە هاوکاریکردنی هەرێم بۆ پێشخستنی کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و چاکسازیکردن لە سیستمی حکومرانی.

لە بەشێکیتری کۆبونەوەکەدا باسی هەڵبژاردنەکانی داهاتوی پەرلەمانی عێراق کرا و هەردو لا هاوڕابون لەسەر ئەوەی پێویستە هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا بە شێوەی پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت و ئەمەشیان بە گرنگ زانی بۆ سەقامگیری سیاسی و پرسی دیموکراسی و بەرەوپێشچوونی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا، لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی داوایکرد ئەڵمانیا و وڵاتانی هاوپەیمان هاوکاری عێراق بکەن بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد.

تەوەرێکتری کۆبونەوەکەدا تایبەت بو بە تاوتوێ کردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ، لەم چوارچێوەیەشدا جێگری سەرۆک وەزیران راشیگەیاند، "نیەتی حکومەتی هەرێم چارەسەرکردنی هەمو کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدایە و لە دوای پەسندکردنی یاسای بودجەشەوە حکومەتی هەرێم ئامادەیی تەواوی خۆی دەربڕیوە بۆ جێبەجێکردنی یاساکە و بڕیاریشە لە ماوەیەکی نزیكدا شاندی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدا بکاتەوە بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەو کێشە و گرفتە تەکنیکیانەی لەبەردەم جێبەجێکردنی یاساکەدان".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار