ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری رێکخستنەوەی داهاتە گشتییەکان و دوو پڕۆژەیاسای پەسەند کرد

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە كۆبونەوەی ئەمڕۆیدا بڕیاری رێکخستنەوەی داهاتە گشتییەکان و دوو پڕۆژەیاسای پەسندکرد.
ئەمرۆ چوارشەممە 26 ئایاری 2021 فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویکردەوە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبونەوەی هەفتانەی خۆی بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ئەنجام دەدات، لە کۆبونەوەکەدا میکانیزمی جێبەجێکردنی ماددەی (پێنجەم) لە یاسای چاکسازیی ژمارە (2)ی ساڵی 2020 تایبەت بە ڕێکخستنەوەی دەرماڵەکان لەبەر ڕۆشنایی یاسا بەرکارەکان دەخرێتەڕو.
بەپێی راگەیاندراوێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیار دراوە "لەبەر رۆشنایی یاسا بەرکارەکان کە پێویستە خەرجکردنی دەڕماڵەی ئەوانەی شایستەن پارێزراو بێت و دادپەروەریی ھەبێت لە خەرجکردنی دەڕماڵەکان و جێگیربکرێت بۆ ئەوانەی کە شایستەن بە پێی یاسا بەرکارەکان".
وەک لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران دوو پڕۆژەیاسا پەسندکراوە کە بریتین لە:
- پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای ( هەمواری یاسای وەزارەتی دارایی و ئابووری لە هەرێمی کوردستان) بە ئاڕاستەی هێنانەکایەی بەڕێوەبەرایەتییەکی گشتی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ رێکخستنی کەرتی دڵنیایی و چاودێریکردنی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت لە بواری چالاکییەکانی دڵنیایی لە هەرێمی کوردستان.
- پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای ( بەرهەمهێنان و هاوردەکردنی بنەتۆ و شەتڵ و تۆمارکردن و پەسەندکردن و پارێزگاریکردن لە تەرزە کشتوکاڵییەکان) کە ئامانجی سەرەکی ئەم پڕۆژەیاسایە رێکخستن و هاندانی کەرتی تایبەتە بۆ بەرهەمهێنانی بنەتۆ و شەتڵ و هاوردەکردنی بنەتۆ لە ژێر سەرپەرشتی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو.
