ئەردۆغان: تیرۆر بەدەستی تەكنەلۆژیا نوێكانی توركیاوە دەناڵێنێت

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى 

 سەرۆككۆماری توركیا رایگه‌یاند:" 180 فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی جەنگی و چاودێریمان لەلایەن سوپای چوار وڵاتەوە بەکاردەهێندرێن".دەڵێت" تیرۆر بەدەستی ئەم تەكنەلۆژیا نوێیانەی توركیاوە دەناڵێنێت".

ئەمڕۆ پێنج شەممە، 27 ئایاری 2021 رەجەب تەیب ئەردۆغان،  سەرۆككۆماری توركیا  لە كۆبوونەوەی هەفتانەی فراكسیۆنی ئاكپارتی لە پەرلەمانی توركیا، رایگه‌یاند:" 180 فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی جەنگی و چاودێرییان لەلایەن سوپای چوار وڵاتەوە بەکاردەهێندرێن و پۆڵەندا یەكەم وڵاتی ئەندامی ناتۆیە، فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لە توركیا دەكڕێت. رێككەوتننامەی هاوئاهەنگیی سەربازیمان لەگەڵ پۆڵەندا واژۆكردووە بۆ ئەوەی ئەو وڵاتە بتوانێت سوود لە تەكنۆلۆژیای جەنگیی توركیا وەربگرێت و لەو رێگەیەوە بتوانن ئاسمانی وڵاتەكەیان لە هێرشە جۆراوجۆرەكان بپارێزن". 

ئەردۆغان وتی "تیرۆر بەدەستی ئەم تەكنەلۆژیا نوێیانەی توركیاوە دەناڵێنێت و توانیومانە خاكمان بپارێزین ، مەترسییەكانی گرووپە تیرۆریستەكان بەڕێژەیەكی بەرچاو کەم بکەینەوە ، كۆنترۆڵی ئاسمان بكەین و گورز لە حەشارگە و پەناگە و جموجووڵی تیرۆریستان بوەشێنین". 

رۆژی 24ی ئایاری 2021، رەجەب تەیب ئەردۆغان و ئاندرێژ سێباستیان دودا، سەرۆکی پۆڵەندا لە ئەنقەرە واژۆیان لەسەر رێککەوتنی کڕین و فرۆشتنی 24 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە جۆری بایراكتار TB2 کرد. بەگوێرەی رێککەوتنەکە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە ئایاری 2022 رادەستی پۆڵەندا دەکرێن. 

ئەمە یەکەمجارە، وڵاتێکی ئەندام لە ناتۆ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە تورکیا بکڕێت. بەرپرسانی تورکیا دەڵێن، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە جۆری Bayraktar TB2 لە هەرێمی قەرەباخی ئازەربایجان دژی سوپای ئەرمینیا، لە رۆژئاوای کوردستان دژی هەسەدە، لە لیبیا دژی هێزەکانی خەلیفە حەفتەر و لە هەرێمی کوردستان دژی پەکەکە کاریگەر بووە. ئازەربایجان لە ریزبەندی یەکەمی کڕیاری ئەو فرۆکە بێفڕۆکەوانەیە. قەتەر لە ریزبەندی دووەم و، ئۆکراینا لە ریزبەندی سێیەم دێت.  

بەگوێرەی ئاماری فەرمی وەزارەتی بازرگانی تورکیا و ئەنجوومەنی هەناردەکارانی ئەو وڵاتە، لەماوەی چوار مانگی ئەمساڵدا تورکیا بە بەهای 950 ملیۆن دۆلار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی فرۆشتووەتە وڵاتان. بەمەش رێژەی هەناردەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەراورد بە چوار مانگی ساڵی 2020 بەڕێژەی 47.7٪ زیادیکردووە. 

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکە، تورکیا لە کانوونی دووەمی ئەمساڵدا بەبڕی 166.9 ملیۆن دۆلار، لە مانگی شوباتدا بەبڕی 233.2 ملیۆن دۆلار، لە مانگی ئاداردا بە بڕی 246.9 ملیۆن دۆلار و لە مانگی نیساندا بە بڕی 302.5 ملیۆن دۆلار فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و کەرەستەی پیشەسازیی بەرگریی تایبەت بەم درۆنانە فرۆشتووە. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار