دادوه‌رێک: ئومێد هه‌یه بڕیاره‌که‌ى دادگا له‌باره‌ى که‌یسى سزادراوانى بادینانه‌وه هه‌ڵبوه‌شێته‌وه

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
ئه‌و دادوه‌ره‌ى له‌سه‌ر لێبڕینى موچه بڕیاریدا ده‌ستله‌کاربکێشێته‌وه رایگه‌یاند:"ئه‌و داهاته‌ى له‌کوردستان هه‌یه، به‌شى ئه‌وه ده‌کات موچه به‌بێ لێبڕین‌و بدرێت‌و کاروباره‌کانى ده‌وڵه‌تیشى پێ به‌ڕێوه‌ببرێت"، راشیگه‌یاند:"ئومێد هه‌یه بڕیاره‌که‌ى دادگا له‌باره‌ى که‌یسى سزادراوانى بادینانه‌وه هه‌ڵبوه‌شێته‌وه".
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 27ى ئایارى 2021، له‌کۆنگره‌یه‌کى ڕۆژنامه‌وانیدا له‌هه‌ولێر دادوه‌ر گۆران به‌رزنجى له‌سه‌ر ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌ى به‌ڕۆژنامه‌نوسانى وت:"پێشتر ڕامگه‌یاندبوو، ئه‌گه‌ر لێبڕینى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران هه‌ر وه‌کو خۆى بمێنێته‌وه ئه‌وا ده‌ستله‌کارده‌کێشمه‌وه، کاتێکیش بینیم بڕیاره‌که‌ى حکومه‌ت نه‌گۆڕاوه، بۆیه ئه‌مڕۆ داواکاریه‌که‌م پێشکه‌ش به‌دادگاى تێهه‌ڵچونه‌وه‌ى ناوچه‌ى هه‌ولێر کرد".
هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند:"ئه‌و داهاته‌ى له‌کوردستان هه‌یه، به‌شى ئه‌وه ده‌کات موچه به‌بێ لێبڕین‌و له‌کاتى خۆى بدرێت‌و کاروباره‌کانیشى پێ به‌ڕێوه‌ببرێت، به‌ڵام که نه‌کراوه ئێمه‌ش نامه‌ى ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌مان پێشکه‌شکردوه‌و چاوه‌ڕوانى قبوڵکردنیشى ده‌که‌م".
هاوکات له‌باره‌ى بڕیارى دادگا له‌باره‌ى که‌یسى ڕۆژنامه‌وانان‌و چالاکوانانى بادینان گۆران به‌رزنجى پێیوایه، "ده‌بێت ئه‌و بڕیاره ڕاستکردنه‌وه‌ى بۆ بکرێت، به‌ڵام ئومێد هه‌یه بڕیاره‌که‌ى دادگا له‌باره‌ى که‌یسى سزادراوانى بادینانه‌وه هه‌ڵبوه‌شێته‌وه".
