دابان محەمەد: ھەر کارێکی نایاسایی بە چەند واژۆیەکی تەنسیق! نابێتە یاسایی

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان رایگەیاند ڕێگەپێدان بۆ کردنەوەی بەنزینخانەیەک کراوە، خەزانی بەنزین و غاز و گازەکەی، ٣ مەتر لە ژوری نوستنی ماڵێکەوە دورە و دەڵێت" ھەر کارێکی نایاسایی بە چەند واژۆیەکی تەنسیق! نابێتە یاسایی"
ئەمڕۆ پێنج شەممە، 27 ئایاری 2021 دابان محەمەد، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان، لە لێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت "لەڕیزی مەتاری سلێمانی و بەرامبەر بەنزینخانەی دەروازە، ڕێگەپێدان بۆ کردنەوەی بەنزینخانەیەک کراوە، خەزانی بەنزین و غاز و گازەکەی، ٣ مەتر لە ژوری نوستنی ماڵێکەوە دورە، جگەلەوەی بۆری ئاوی سلێمانی-دوکان بەژێریدا دەڕوات.
ئەم پەرلەمانتارە وتیشی" بیھێنە پێش چاوت، ماڵ و منداڵت ٣ مەتر لە خەزانێکەوە بخەون، کە ھەزاران لیتر بەنزین و غاز و گازی تێدایە واژۆی پارێزگار و چەند فەرمانگەیەک شوێنی یاسا و بڕیار و ڕێنماییەکان ناگرێتەوە ھەر کارێکی نایاسایی بە چەند واژۆیەکی تەنسیق! نابێتە یاسایی".
دابان محەمەد، جەختی لەوەشكردۆتەوە" ئەم دۆسیە و چەند دۆسیەیەکی تری ھاوشێوە، لەگەڵ ئاشکراکردنیان، ڕەوانەی دیوانی چاودێری دارایی و داواکاری گشتی دەکەین، بۆ لێکۆڵینەوە لەو واژۆیانە و موتابەقەی بەیاسا و بڕیار و ڕێنماییەکان".
ئەم پەرلەمانتارە ئاماژەی بە مەرچ و رێنمایی كردنەوەی هەر بەنزینخانەیە داوە كە پێویستە لەكاتی دروستكردنیدا ڕەچاوی ئەو مەرجانە بكرێت.
مۆڵەت و ڕێگەپێدان و کردنەوەی بەنزینخانە، چەندین مەرج و پێوەر و ڕێنمایی ھەیە:-
١- سەنتەری شار قەدەغەیە
٢-لەناو سەنتەرەخزمەتگوزارییەکانی: گەڕەک، کۆمەڵگا نیشتەجێکان قەدەغەیە
٣- لەسەر شەقامە مەحەلیەکانی ناو گەڕەکە نیشتەجێکان قەدەغەیە
٤-وێستگەی سوتەمەنی تر، بەرامبەر ٢٥٠ مەتر کەمتر نەبێت
٥-پێویستە لەکاتی دانانی بەنزینخانە ڕەچاوی محرەماتی بۆری گواستنەوەی ئاو بکرێت
ئەمانە و چەندین مەرجی تر تایبەت بە سەلامەتی و ژینگە و سەوزایی و ھتد.... ھەیە، جگە لەوەی بەشێکی ڕێنماییەکان پەیوەستن بە چەند یاسا و بڕیارێکی ترەوە...
ئێستاش خانوەکە چۆڵکراوە، پەیامی خاوەنەکەی وەک خۆی دادەنێم.
..............
سلاو من خانوەکەم روکن نیە حکومەتی سلیمانی مالی کاول کردوم لەبەر خاتری خاترداران، تکات لێ ئەکەم بچۆ سەیری بکە خانوەکەی من لە ٢٠١٦ دروست کراوە،
بنزین خانەی چۆمان لە ٢٠١٩ دروستیان کردوە ژوری نوستنەکەم وابەپشتیوە لە فێسبوک بۆم شیکردویتەتەوە، لەریزی مطار سلیمانی بەرامبەر بنزینخانەی دەروازە، گوناە باری سەرەکی پارێزگای سلیمانی بەرێزە، قسەم لەگەل کرد ئەلێم بۆ واتان کرد ئەلێ کاکە دائرەکان ئیمزایان کردوە بۆیە منیش ئیمزام کرد بۆ ئاگاداری بۆری ئاوی دوکان سلیمانی بەژێریا ئەروات .
